کارتی بە هەرێمکردنی زۆنی سەوز!! عەبدوڵا مەحمود

0

کارتی بە هەرێمکردنی زۆنی سەوز!!

عەبدوڵا مەحمود

جارێکی تر یەکێتی نیشتیمانی پرسی بەهەرێمکردنی سلێمانی، یان بەهەرێمکردنی زۆنی سەوزی هێنانەوەتە گۆڕ. هێنانە گۆڕی ئەم پرسە وەکو هەموو جارەکانی تر ئاکامی بێ پڕۆژەیی و ئەجندای رۆشنی سیاسییە.

یەکێتی نیشتیمانی لەدوای کۆنگرەو تەنانەت بەر لەکۆنگرەش بەڵێنی نوێبوونەوە، سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی، کردبووە دروشمێك لەپێناو گێرانەوەی هەیبەت و ئیرادەی سیاسی بۆ یەکێتی، تا ئەو ڕادەیەی بتوانێت کێبەرکێێ سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا لانی کەم لەگەڵ پارتیدا بکات. جەماوەری تۆراو توڕەی لەخۆی ئاشت بکاتەوە، و کۆتایی بە ململانێی ناوخۆیی یەکێتیش بهێنێت، کە جەستەی داغان کردبوو.

ئێستا دوای ساڵێک بەسەر کۆنگرەی یەکێتیدا بەڕوونی دەرکەوت کە بانگەشەکانی یەکێتی، نەک تەنها روو بەجەماوەری کوردستان، بەڵکو لە ئاستی تەلاری رێکخراوەیشیدا، بەشوێنێک نەگەیشتووە، بەڵکو لەبەردەم داڕمان و پاشەکشەدایە. هەموو ئەو گۆڕانەی بەسەر یەکێتیدا هاتووە، کەنارخستنی بەشێکی زۆر لە کاراکتەرو بکەرە سیاسیەکانی پێشوو، وە هێنانە پێشەوەی ژمارەیەک کاراکتەری سیاسی نوێیە بۆ ناو چەقی دەسەڵات و بریاری سیاسی.

ئەم تیپە کە هاتوونەتە ناو چەقی دەسەڵات و بەکردەوە یەکێتیان بەدەستەوەیە، خاوەنی هیچ نەخشەیەکی سیاسی و پرۆژەیەک لەسەر ئاستی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان و تەنانەت زۆنی سەوزیش نین. ئەوەی کە یەکێتی لەم زۆنە هێشتۆتەوەو هێشتا بەشێکە لە دەسەڵاتی سیاسی لە ئاستی هەرێمدا و بەشدارە لە پەرلەمان و حکومەتی!! دیکۆردا، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە یەکێتی لە رێگای هیزی چەکدار و دەزگای ئەمنی و سەربازی و دەست بەسەراگرتنی داهات و خۆبەستنەوەی بە ئیران و رەوتەکانیدا، توانیویەتی بمێنێتەوە.

لەناو ئەو هەموو کێشمەکێش و… ئاڵوگۆرە سیاسیانەی لە ئاستی ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا، روودەدەن، یەکێتی هێزیكی دەست و پێ سپی، چاولێکەرە کە روداوەکانی رایدەکێشن و بۆتە هێزیكی کاردانەوە نیشاندانی لاواز…

لە ئێستادا، کە پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر بەغدا لاواز بووە، لە ئاستی ناوچەکەدا مەوقعیەتی پێشووی داکشاوەو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەیشدا، بەغدا بۆتەوە بە سەنتەری مامەڵەی سیاسی و کۆردستان  لە پەراوێز و کەناردا جێگەی گرتووە… یەکێتی وەکو بەشێک لەدەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەجیاتی ئەوەی لەناو ئەو واقعیەتە سیاسیانەدا، بەدوای سیاسەت و پرۆژە بۆ ئێستا و داهاتووەوە بێت… دەست بۆ پرۆژەی بەهەرێم کردنی سلێمانی یان زۆنی سەوز دەبات. کە ئەمەش زۆتر کارتی گوشارە بۆ سەر پارتی و بەغدا، تا ئەوەی پرۆژەیەکی جدی بێت.

یەکێتی دەزانێت، بڕیاری سیاسی لەئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا بە پلەی یەکەم لەدەستی پارتیدایە… وە ئاگادارە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا بەڕێوەیە و دەشێت ئاڵوگۆڕ بەدوای خۆیدا بهێنێت و جێگای و ڕێگای هێزو بزوتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان جێ گۆڕکی پێبکات.

یەکێتی بە خوێندنەوەی بۆ ئەم واقعیەتە لە هەلومەرجی ئێستادا، دەیەوێت مامەڵەیەکی زۆرتری لەگەڵ بکرێت و وەکو هێزێکی خاوەن دەسەڵاتی زۆنی سەوز و بەشێک لە قەڵەمرەویی سیاسی هەرێم، گرنگی زیاتری پێبدرێت، بۆ ئەم مەبەستە کارتی بەهەرێمکردنی زۆنی سەوز یان پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانی بەدەستەوە دەگرێت. لە بەدەستەوەگرتنی ئەم پرسەشدا، ئامانج لە گۆڕینی زۆنی سەوز بە زۆنی خزمەتگوزاریی و زامنکردنی مافە فەردی و مەدەنییەکان و بەرینکردنەوەی ئازادییەکان، نییە. بۆ دەست کورتکردنەوەی دەسەلاتی حزبی نییە لەهەموو ئاست و لایەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و ئەخلاقیدا. بەدوای ئەوەوە نییە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، خۆش بکات. ئامانج لێی کۆتاییهێنان و تەنانەت کەم کردنەوەی ئەم هەموو دزی و تاڵانییە نییە کە بەرپرسانی حزبی لەم زۆنە دەیکەن، وە بۆئەوە نییە تا کەرتە داروخاوەکانی وەکو خویندن و پەروەردە، تەندروستی، ڕیگاوبان… بینابکرێنەوە، بەڵکو بەدوای ئەوەوەیە بەشێوەیەکی سەربەخۆتر و دەستکراوەتر، ئابوری و داهاتی ئەم زۆنە لەدەستی خۆیدا قۆرغ بکات و رەسمیەتی دەستوریشی پێ ببەخشێت.

ئەم پرۆژەیە، کە من لام وایە کارتی گوشارە تا پرۆژەیەکی جدی… ڕووبەڕووە لەگەڵ کاردانەوەی ناوچەیی، دەسەلاتی بەغدا، باڵادەستی پارتی لە هەرێمدا، تەنانەت لەگەڵ رای گشتی شەقامی کوردستانیشدا، ناتەبا و ناکۆکە. لەگەڵ ئەوەدا دەسەلاتی سیاسی لەبەغدا، لەگەڵ پارچە پارچەکردنی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنیەتی، بەڵام بەو هۆیەوە پرسی بەهەرێم کردن، دەتوانێت لەداهاتوودا ببێتە پرسی زۆر شار و ناوچەی ئابوری و خاوەن نەوت لە ناوەراست و خواروی عیراقدا، لەدژیەتی. پارتیش کەخۆی بە میراتگری هەموو هەرێمی کوردستان و تەنانەت کوردستانی گەورەش دەزانیت، لەگەڵ ئەوە نییە دابرانی زیاتر لە نێوان زۆنی سەوزو زەردا رووبدات، و حالەتی دیفاکتۆی” واقع” ی ئێستای لا باشترە لە بوون بەدوو دەسەڵاتی پشت بەستووی دەستوری و فەرمی. ئەوە بەجیا لەوەی پارتی دروشمی کوردستانی بە‌هێزی بەدەستەوە گرتوو، کە یەكیک لە ئامانجەکانی یەکپارچەیی هەریم و هاوکات زاڵکردنی دەسەڵاتی خۆیەتی بەسەریدا. وڵاتانی ناوچەکەش لە ئێستادا ناتوانن پشتیوانی لە پرۆژەیەکی ئاوا بکەن، چونکە وەکو سەرەتایەک بۆ لێکترازانی یەکپارچەیی عێراقی دەزانن.

بەکورتی ئەم پرۆژەی بەهەرێم کردنە، کارتی گوشاری باڵی دەستڕۆشتووی یەکێتییە، وەکو کاردانەوەیەک لە پەراوێزخرانی دەسەڵاتیان لەسەر ئاستی هەرێم و کوردستاندا، کە ئەگەر زۆر پێداگری لەسەر بکەن، لەوانەیە دەستیان لەچەند ئیمتیازاتێک لەلایەن پارتی و بەغداشەوە دەستگیر ببێت و ببێتە سەرەتایەکیش بۆ خاوکردنەوەی کاتی ناکۆکیەکانی ئێستایان.

تا ئەو جێگایەی بەخەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، زوربەی هەرەزۆری دانیشتوانی هەرێم، بەو بەشە لە موچەخۆرانیشەوە کە خوازیاری گواستنەوەی موچەکانیانن بۆسەر بەغدا، لەگەڵ بەهەرێم کردن و جیاکردنەوەی سلێمانی و دابڕ دابڕکردنی نین و ماهیەتی هەردوو دەسەڵاتی زۆنی سەوزو زەردیش دەناسن. ئەوان خوازیاری کۆتاییهینان بەو دەسەڵاتەن، کە بۆیان بۆتە سەرچاوەی دەیان و سەدان موسیبەت و کوێرەوەری و بۆ ڕامالینیشی بەکردەوە هاتونەتە مەیدان.

ناوەڕاستی جەنیوەری ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.