لوتتفییە نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
لوتتفییە
نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
لوتفییە، ئێستاش لە یادمە کە بەردەرگای ماڵت گسک دەدا و دوایش سۆندەت لە بۆڕییەکە دەخست و ئەو بەردەمەت ئاوڕشێن دەکرد، دڵی من فێنک دەبۆوە. ئەو کاتەی کە نیوەڕوانان دەهاتیە دەرەوە و بە بیانووی فڕێدانی زبڵ سەرەتاتکێیەکت لەگەڵ دەکردم و بە پێکەنینێکەوە وەک ئاماژەی خۆشەویستی ئاوڕێکت لێم دەدایەوە و ئینجا تووند دەرگاکەت لەدوای خۆتەوە دادەخست و منیش تەواوی پەنجەرەکانم لەسەر ئەو ساتە عەشقەت کڵۆم دەدا. لوتفییە تۆ نەتدەزانی من چۆن ئۆقرەم لێبرابوو و بێپەروا بە من بووایە چاوم لەسەر دەرگای ماڵەکەتان بوایە. ئەزانی لوتفییە چەندینجار ئیرەییم بردووە بە عامودی بەردەرگای ماڵتان، ئەی ئەزانی چەنجار خۆزگەم خواستووە ببمە باڵندەیەک و لەسەر تەلی عاموودەکەوە و لەو بەرزییەوە تەماشات بکەم کە چۆن لەناو حەوشە و بەرهەیوانەکەتان دێیت و دەچیت. لوتفییە من سات لەدوای سات نزیکتر دەبوومەوە لێت و هەستم ئەکرد تۆش وەک مەلەوانبازێکی شارەزا خۆت ڕووت دەکەیتەوە و ئینجا خۆت فڕێ دەدەیتە نێو دەریاچەی ئەوینم. بەڵام وەکچۆن خەون بێت، دابونەریت و کلتووری کۆنی ژیان دەبوونە زنجیری دەست و پێی حەز و ئارەزووەکانمان. لوتفییە ئەمڕۆ کە چل ساڵی ڕەبەق بەسەر لەدایکبوونی خۆشەویستیماندا تێدەپەڕێت، من هەر بە لوتفی تۆوەم و چاوم هەر لە لوتفی تۆیە. ئەزانم ئەگەر ئەم قسانەم ببیستیت، یان منداڵی کوڕەکەت بۆت بخوێنێتەوە، سەرەتا بەعەقڵم بێدەکەنی وەک ئەوەی هەر هەرزەکارەکەی جاران بم، بەڵام دوایی دەچیتە ژوورێک و تێر تیر دەگریت و وێنەیەکی من لە ئەلبومی دڵتدا دەردەهێنیت و قسەی لەگەڵ دەکەیت و سەرزەنشتی دەکەیت بەوەی کە بۆ نەهات بۆ خوازبێنیت و بۆچی لە پڕێکدا و بۆ یەکجاری ون بووم. لوتفییە ئێستا سپیایی کەوتۆتە نێو مووەکانی برۆ و قۆڵ و مەچەکم. ئێستا نەک وەک جاران ناتوانم بەسەر عاموودی خەیاڵا سەربکەوم و لێت بڕوانم، بەڵکو بەدەم ئیشکردنەوە سووکە پشت ئێشەیەکیش ئازارم دەدات. داخم ناچێت لوتفییە کە پێکەنینەکانتم ون کرد، سەرەتاتکێکانتم لەدەست چوو، ئاماژەکانی عەشقی تۆم وەک ئاوێنەیەک لەدەستم بەربۆوە و ورد و خاش بوو. لوتفییە خەتای من نەبوو، دۆخێک زروفێک، ناچارییەک بەم چارەنووسییەی گەیاندم. لوتفییە ئەزانی ئێستاش کە لەبەردەم ئاوێنەدا ڕیش دەتاشم، تۆ لە ئاوێنەکەوە دەمدوێنی. تازە لوتفییە من و تۆ ڕۆیشتین و هەرگیز بە خەونیش ناگەین بە یەک. (گەرچی لە ڕابردوودا دەیانجار لە خەونمدا ئاوێزانی یەکتر بووینە)، تازە ئیتر لوتفییە بووی بەسەراب، بەڵام عەشقەکەت خوێنە لە دڵمدا و بە بزە و خەندەکانی جارانت دەژێم. دواجار لوتفییە من خۆم بەبەختیار ئەزانم کە ئێستاش تۆم لە دڵدا هەڵگرتووە و کاتێکیش ئەمرم عەشقی تۆم لە دڵدا فیچقە دەکات. ئای لوتفییە خۆزگە ئەمزانی تۆش منت لەبیر ماوە یان مەینەتییەکانی ژیان هەموو شتێکی لە یادەوەریتدا سڕیوەتەوە؟….
ئەیلوولی ٢٠٢٠