ساڵی نوێتان پیرۆز، خۆزگەیەک بۆ ساڵی داهاتوو…

0

ساڵی نوێتان پیرۆز، خۆزگەیەک بۆ ساڵی داهاتوو…

ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی سەر ڕێژ لە خەم و ناسۆر و مەرگی ناوەخت بوو. ساڵێک بوو سەرباری کێوێک لە موسیبەتی سیستەمی نابەرابەر و قازانج پەرستی سەرمایەداری، کۆڕۆنا ڤایرۆس کۆمەڵگەی ڕاگرت. دەربڕینی  سۆز و خۆشەویستی، بێ کۆتا سنوردار کرا. باوەش و ئامێزە گەرمەکان،  دەست لەناو دەست نان، گۆڕینەوەی ماچی خۆشەویستی، ناوازە کران. سەردان و دیدارەکان کەم و کورت و گەشتەکان دەگمەن… ئاهەنگەکان یاساغ و هامۆشی یەکتری مەترسی ئامێز.

نیشاندانی خۆشەویستی و سۆز، بە وێنەی جوانترین دوانەی خۆرسکی نێوان ئینسانەکان، لە هەستیارترین چرکەی ژیانی مرۆییدا، رێگریان بۆ دروستکرا. توشبوانی کۆڕۆنا و ئازیزانیان هەر دوو پەناگیر و دوور لەیەکتری ڕاگیر کران. ئەگەر پێشوو نەخۆشەکان و غەمباربووەکان، ئازار دیدەکان، لە ئامێزی خۆشەویستی و دەستە گەرمە سەرێژ لە سۆزەکان، هیوا و هێزیان وەردەگرت… ئەم هێزو هیوا و وریەیان… لە نەخۆشەکان و غەمباربوەکان و ئازار دراوەکان سەندەوە… دوا نیگای ماڵئاواییان لەمەرگی ناوادەی ئازیزترین کەسەکان بڕی… گیانی زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسان لەم ساڵە نەگریسە درێژەدا، لە لێدان کەوتن و چاوەکانیان بۆ هەمیشە لێک نا.

ئۆردوی برسی و هەژارەکان فراوانتر بوو، ژمارەی بێكاران بەرینتر بوو… کۆمەڵگە داخرا، مەرگی نەخوازراو بووە دێوەزمەی ناوادەو تەکاندەر… کەچی هیواو ئارەزووەکان بۆ دنیا و ژیانێكی باشتر، بەرەو داکشان نەچوو، ژیان دۆستی و هیوا بە ئایندەیەکی باشتر، باڵای بەرزتر بوو… سۆز و خۆشەویستی نەخنکێنرا و بەهای زۆتر بوو.

خۆزگە خوازم ئەگەر ساڵی رابردوو ساڵی شین و غەمی بە کۆمەڵی ملیۆنی بۆ مەرگی ناوادەی زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسانی پر خولیا و ئارەزووی رەنگاو رەنگی ئینسان بوو، ساڵی داهاتوو ساڵی وەدیهاتنی خولیاو ئارەزوە رەنگاڵەیەکانی ئۆردی هەسارەی ئینسانی بێت… ساڵی راچەنینی ئەو داینەمۆیە بێت کە ٩٩% لەسەدی ئینسان لەدەستی ١% لەسەدی مۆرەی مرۆڤایەتی، رزگار بکات و کۆمەڵگەی سەرەوخواری ئێستا بخاتەوە سەر قاچەکانی خۆی… دنیا بە هەوڵ و تیکۆشانی بەنەخشەی ئینسانە، ئینسان دۆست و هەڵگرانی خولیای ئازادی و بەرابەری، ئاراستەی رووی لە رۆشنایی دەبێت.

ساڵی تازە لە هەموو هاوڕێ و ئازیز و دۆست و خۆشەویستان، لە هەموو تاکێکی ئینسان دۆست و رێبوارانی رێگای دنیایەکی جوانترو باشتر پیرۆز بێت…

عەبدوڵا مەحمود

کۆتا ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٠       

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.