چارەسەر تەنها هاوخەباتییە بۆ ئیدارەدانی شورایی نووسینی: عبدالرحمن رسول

0

چارەسەر تەنها هاوخەباتییە بۆ ئیدارەدانی شورایی

نووسینی: عبدالرحمن رسول

لەهەرکۆمەڵگەیەکدا دەسەڵاتێکی ملهوڕی چەوسێنەرو سەرکوتگەر هەبوو جیاوازییە چینایەتی گەشە دەکات ڕێژەی بێکاری و هەژاری و برسێتی وچەوسانەوە زیاد دەکات، بەدرێژیی ٣٠ ساڵە دەسەڵاتێکی چەوسێنەرو کۆنەپارێز کوردستان بەڕێوەدەبات، کەئەمەش یەکێک لەهۆکارەکان و زەمینەکانی سەرهەڵدانی ناڕازەیەتییەکانی خەڵکی کوردستان دژ بەچەوسانەوە و دزی وگەندەڵی هەروەها دژی قۆرخکردنی جومگەکانی ئیدارەدانی کارگێڕی لەبواری ئابوریی و بازرگانی و دیبلۆماسی و ئیدارەدانی حکومەتداری دا، لەدژی مۆنۆپۆڵکردنی ملهوڕانەی داهاتی سامانی گشتییە لەلایەن بەرپرسە باڵاکان وبنەماڵەکان وحیزبەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ویەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهاوکاری و هاوپەیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ویەکگرتوویی ئیسلامی وکۆمەڵی ئیسلامی و دەزگا دروستکراوەکانی زانیاری و پاراستن کە کۆمەڵگای کوردستانیان بەردەوام چەندین ساڵە بەناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە لەناو جەهەنەمی چەوسانەوەو کاول وێران بوون وهەژارو برسی و بێکارو ئاوارەبووندا گیرۆدە کردووە. خۆیان و خانەوادەو بنەماڵەو کەسوکاریان بوونەتە خاوەن کۆمپانیاو ئەپارتمان ومیوانخانەو پارەیەکی خەیاڵی زۆر لەبانکە جۆراوجۆرەکانی وڵاتان، بۆیە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بە حوکمرانی دیکتاتۆربوونی بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی بەدرێژایی ٣٠سی ساڵی دەسەڵاتدارێتیان کێشەی نەبوون و خراپی خزمەتگوزاری، ئیداری و کۆمەڵایەتی درێژەی هەیە لەگەڵ گەشەدان بەبێکاری و هەژاری وبرسێتی ونەدانی موچەو هەقدەستی کارکردنی کارمەندان ومامۆستایان وکرێکاران. هەربۆیە ئەم ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان هەقخوازانەو ڕەوایە کە بۆ هێانەدی نان، کار، ئازادی یە، ئەمەش داواکارێک وخواستێکی ڕەوایی ئینسانی یە کەپێویستە هەمووکەسێکی بەویژدان لەهەرشوێن وڵات وشارێکە بەئەرکی ئینسانی خۆی هەڵبستێت بەهەرجۆرێک بۆی دەکرێت پشتیوان وهاوکاری سەرکەوتنی خواست و داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی کوردستان بێت. ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتی کەلە (٢-١٢-٢٠٢٠) لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە وشارەکانی کفری و کەلارو سەیدسادق و دەربەندیخان و ڕانیە و شاروشارۆچەکەکانی تریش یەک لەدوای یەک لەچەندین شوێن دەستی پێکرد، وەستانەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵكی کوردستان بە دژی دەسەلاتی گەندەڵ وکۆنەخوازو چەوسێنەرو میلیشیای  مافیاگەری دەسەڵاتی کوردایەتی و سەرجەم حیزبەکان، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنی فێڵ بازو ڕێوی ئاسا و درۆزنەوە، بە ناسیونالیست و ئیسلامی یەوە، بە نیوو- لیبرالە مشەخۆر و دزوگەندەڵەکانیەوە. گەنجان ولاوان بارەگاکانی حیزبەکانی پارتی و یەکێتی وگۆڕان وئیسلامییەکان و حیزبی شوعی کوردستان لەچەند شاروشارۆچکەیەک دەست بەسەرداگرت و سووتاندن، وێنەی مەلا مستەفای بارزانی و جەلال تاڵەبانیان سووتاند کە ئەمەش نیشانەی ڕەدکردنەوەی پیرۆزییەکانی حیزبەکانە. هەروەها نیشانەی ڕیسوابوونی هەموو هێزەکانی بورژوازی قەومی و ئیسلامی، بەرجەسەتەبوونەوەی ڕادیکالیەتی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ناڕازی زەحمەتکێش و کرێکارو چەوساوە وشیاریان بە ڕادەیەک گەیشتووە کە ئەزانن هیچ شتیک دادیان نادا جگە لەتێکۆشانی هاوپشتی و هاوخەباتی و یەکگرتووی خۆیان نەبێت. وە ئەمەش ئاسۆیەکی نوێ وقۆناغێکی تازەی هێناوەتە پێشەوە لەپرۆسەی تێکۆشانی چینایەتی شۆرشگیرانەی خەڵکی تێکۆشەری ناڕازی کوردستاندا. ئەم ناڕەزایی و هاتنە سەرخیابان وشەقامەکان درێژکراوەی بێزاری و ناڕەزایەتییەکانی ٣٠ سی ساڵەیانە لەدژی دەسەڵاتی  چەوسێنەرو کۆنەخوازی کوردایەتی بنەماڵەکانی بارزانی وتاڵەبانییەکان و هاوشێوەکانیان بۆ سی ساڵە کە ئەم فیرعەونانەی کوردایەتی کەپێک هاتوون لە بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانییەکان تەواوی خەڵکی کوردستانی عێراقیان خستووەتە ژێر دەستی خۆیانەوە و بەشێوەی دڵخوازی عەشیرەت ئاسای خۆیان حوکمڕانی دەکەن و گیان وجەستەی مرۆڤە کرێکارو زەحمەتکێش وهەژار ودەستفرۆشەکان دەهاڕن لەکارگەی  بەرهەمهێنانی سیاسەتی حیزبە خێڵایەتی وچەوسێنەرەکانیان، بەناوی حکومەتداری کوردستانەوە بەردەوام خەڵکیان فریوداوە و لەژێر سیستەم ویاساکانی کۆیلایەتی دا ڕاگرتووە. ساڵانە بەردەوام خەڵکی نارازی لەدژی نابەرابەری وچەوسانەوەو بێکاری و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان کەبەردەوام نارەزایەتی وخۆپیشاندنی قوتابیان ومامۆستایان و کرێکاران وبێکاران درێژەی هەبووە، بەڵام لەلایەن پارێزرانی دەسەڵاتی چەوسێنەری کوردایەتییەوە سەرکوت کراوە. بەزیندانیکردن و ئەشکەنجە و ئازاردانی خۆپیشاندەران بەزۆر کۆتاییان بەناڕەزایەتییەکان هێناوە. ئەگەر پێشوتر تورەیی و نەفرەتی جەماوەری شەقام زۆرتر زۆنی سەوز و نیلی گرتبۆوە، زۆر ڕوونە کە لەزوونی زەردیش نارەزایەتی زۆر هەیە. بیندرا کەلە ساڵی رابردووەو زۆنی زەرد بەگشتی و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراقی لە بادیناییشی گرتۆتەوە، بۆیە زوربەی گیراوەکان و ڕفێنراوەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، لەساڵی ڕابردوودا ئەمجارە هەڵسوڕاوان و رابەرانی بزوتنەوەی تورەیی جەماوەری زۆنی زەرد و بادینانن کەماوەی چەندین مانگە لەزیندانەکان بێ سەرو شوێنکروان تەنانەت ڕێگە بەخانەوادەو پارێزەرەکانیشیان نەدراوە سەردانیان بکەن. بەردەوامیش لەلایەن ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و کەسایەتی سیاسییەکانی کوردستان وعێراق و وڵاتانی بەریتانیا وئەوروپا داوایی ئازادکردنی ئەم دەستگیرکراوانە دەکرێت، بەڵام دەسەڵاتداران گوێیان پێ نادەن. هەربۆیە ڕۆژ بەڕۆژ ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەودەسەڵاتە بەهێزتر دەبێت. پێویستە زۆر بە وشیاری لە مێژوویی تێکۆشانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بکۆڵدرێتەوە و هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و گرینگی بە تێکۆشانە ئیجابی وسوودبەخشەکان بدرێت، بەڵام خۆشباوەڕییەکان بەحیزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ساختەچی و درۆزن هەروەک بزوتنەوەی گۆران ویەکگرتوویی ئیسلامی وکۆمەڵی ئیسلامی دووبارە وچەندبارە نەکرێتەوە. بۆئەوەی ناڕەزایەتی و جووڵانەوە کۆمەڵاتییەکان لەسەرجەم بەشەکاندا لەساڵی ١٩٩١هەتا ڕۆژانی ١٧ی شوباتی ساڵانی ڕابردوو وەک فێرگەیەکی مێژوویی ببینین، بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی بەهەر یەکێک لەخەڵکی ناڕازی، کە زۆر بەسادەیی سەیر بکەین ڕێژەی پارێزەری دەسەڵاتداری ملهوڕ کەمینەن، بەڵام ئێمەی چینی چەوساوەو زەحمەتکێش و کرێکار و بێبەشکراو لەهەق دەست و موچەی ڕۆژانەو مانگانە زۆرینەین، ئەگەر هێزی چینایەتیمان یەک بخەین ئەوە دەسەڵاتی خێڵایەتی وبنەماڵەیی تاڵەبانی وبارزانی، دەسەڵاتێکی بەهێز نییە لە بەردەم تێکۆشان بۆ هێنانەدی ئامانج ومافە ئینسانییەکانمان لەکوردستان. بەڵام ئەوەی ڕێگرە لە تێکۆشانمان خودی خۆمانین و لاوازیی و جۆری تێکۆشانە بۆ هەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز بۆ ڕێکخرابوون لەبزوتنەوەیەکی جەماوەری شوراییدا کە بەکرداری ئامانجی ئیدارەدانی شورایی لەخۆ بگرێت واتە خەڵک بەگشتی و گەنجان و لاوان بەتایبەتی ئیرادەی ئیدارەدانی کۆمەڵگەیان هەبێت. خودی گەنجان ولاوان زۆر بەباشی توانا و بەهرەی کارگێریان هەیە توانایی داهێنان وبەرهەمهێنانیان هەیە، بەڵام ئیرادەی ئیدارەدانی کۆمەڵگایان لەخۆ نیشان نەداوە، کەئەمە پێویستە کاری لەسەربکرێت، چونکە جەوهەرو ناوەڕۆکی هێنانەدی دەسەڵات و کۆمەڵگەیەکی باشترو پێشکەوتووتر لێرەوە دەست پێ دەکات کەخەڵک خۆی ڕاستەوخۆ بەکردار بەشداری ئیدارەدانی کۆمەڵگە بکات. ئەمەش لەکەم تەرخەمی و تەمبەڵی گەنجانەوە نییە، بەڵکو لەهەبوونی سەرکوت و ئیستبدای دەسەڵاتەوە بووە. کە هۆکاری ئەساسیش ئەوە ناڕێکخراوەیی جەماوەری چەوساوە خۆیەتی هەر جار ناجارێک ئۆپۆزیسیۆنێکی فێڵبازو هەڵخەڵەتێنەری دینی وقەومی و لیبراڵەوە، زەفەری بەگەنجان بەتایبەتی و خەڵک بەگشتی دەبات، هەموو جارەکان بەدرۆکانیان خەڵکی دیسان دەبەنەوە ژێرسێبەری  حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی درۆزنی ساختەچی کە بەبانگەشەی هەڵبژاردن وپەرلەمان  دەکەن، کەگوایە چاکسازیی دەکەن بەڵام خەڵک تەنها قوربانی داوە بەبێ ئەوەی سوودمەندبێت لەڕوویی ماددی ومەعنەوەیی یەوە. هەرچی خێر وسامان وپارەی کۆمەڵگەیەش لەڕێگەی دزی وگەندەڵی بۆحیزبەکانی پارێزەرانی دەسەڵات و هاوپەیمانی حیزبەکانی دەسەڵات و بەناوئۆپۆزیسیۆن بووە. خاڵی لاوازی ناڕەزایەتییەکان ئەوە بووە کە پچڕ پچڕوبەش بەش و پەرتەوازە وناڕێکخراوبووە لە بزوتنەوەی جەماوەری ناڕازی دا. ئەم ناڕەزایەتییەی خەڵک کە لە هەنگاوەکانی داهاتوودا ڕووبەروی دەبێتەوە پێویستە باشتر خۆی بۆ ئامادە بکات بەڕێکخراوبوونی خۆی لەبزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆیدا، چونکە نەک هەر دەسەلاتی خستە بەردەم شاڵاوی هێرشی خۆی، کەبارەگا وێنەی سەرۆکە پیرۆزەکانی حیزبەکانی سووتاند بەڵکو  کۆسپیشی بۆ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وەک یەکگرتوویی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان دروستکرد لەبەرئەوەی زۆر وشیارانە نەفرەت وبێزاری لەحیزبە بەناوئۆپۆزیسیۆنەکانیش نیشان دا کەبارەگاکانی سوتاند. گرینگترین هەنگاو ئەوەیە پێویستە لەگەڵ بەردەوامیدان بەناڕەزایەتییەکان کاری جدی و کرداری بکرێت بۆڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییەکان بەستنەوەی بەیەکەوە لەڕێگەی دامەزراندنی ئەنجومەنی شۆڕشگێرییەکانەوە، ئەبێت سوود لە ڕووداو وناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو وەربگرین، ناکرێت بەهەمان شێوەو جۆر لەتاکتیک و بەرخودان وەک رۆژی ١٩ی نیسانی ساڵی ٢٠١١ بوو، کە هێزە ئەمنیەکان بەتەواوی دەست ئاوەڵا کرابوون بۆ پەلاماردانی خۆپیشاندەران، بۆ کۆتاییهێنان بە نارەزایەتیەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی، ئەوان هیوای زۆریان لەسەر ئەوە هەڵچنی بوو بەم پەلامارە سەربازییە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن، هەروەک بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لەهەولێر و سلێمانی و شارەکانی تر بە لیژنەی ئەمنییەکانیان رایانگەیاندووە “بەئاشکرا کە لێرە بەدواوە هێزەکان دەستکراوە دەبن، واتە بەئارەزوویی خۆیان دەتوانن خەڵک سەرکوت بکەن و بکوژن و زیندانی بکەن و ئازارو ئەشکەنجە بدەن. بەردەوامیش لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هەرەشە لەخەڵک دەکەن کەنابێت خۆپیشاندان لەدژی دەسەڵاتیان بکات، بەرپرسەکان دەڵین کە چیتر ڕێگە نادەین خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بەردەوام بێت”. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لەجیاتی وەڵام بەخواستە ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی بدەنەوە دوژمنایەتیان بەرامبەریان ڕاگەیاند، بەزۆر یاساکانی فاشیزم وسەرکوت کردن دەسەپێنن. هەر بۆیە پێویستە خەڵکی تێکۆشەری ناڕازی باشتر دەسەڵاتە چەوسێنەرەکەی بناسێت و تێکۆشانی دڵسۆزانەی هاوپشتی لەناوخۆی کوردستان و لەدەرەوەی کوردستان بکرێت بۆ ڕیسوابوون و ڕاماڵین و ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە ملهوڕە. ئەم دسەڵاتە کوردایەتییەی باشووری کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشە بە ملهوڕی و ئەنجامدانی تاوانی گەورەتر دەدات لەدژی مرۆڤەکان. هەربۆیە ناکرێت لەساڵی کۆتایی ٢٠٢٠ هەروەک ساڵی ٢٠١١ ناڕەزایەتی ئەنجام بدرێت، بەڵکو پێویستە بەهێنانەکایەوەی تاکتیک وشێوازو جۆری جیاوازتر لەڕابردوو بەردەوامی بەناڕەزایەتییەکان بدرێت، بەئەنجامدانی تاکتیکی خۆپارێزی وگرتنی هەر بارەگایەکی حیزبی و فەرمانگەیەکی حکومی ڕاستەوخۆ بکرێتە شوێنی ئیدارەدانی کۆمەڵگە، دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵک بەیان بکرێت لە ڕێگەی شوراکان و ئەنجومەنە شوڕشگێرەکانەوە، بۆئەوەی ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە ببێتە لافاو و زریانی ڕاپەرینی سەراسەری کە کۆشک وبیناکانی زاڵمان و چەوسێنەرانی کوردستان لەبناغەوە دەربهێنێت، ئەم ناڕەزایەتییەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان سەرەتای بزووتنەوەیەکی نوێیە کە رووخانی ئەم دەسەڵاتەی کردۆتە ئامانج و جموجوڵی جۆراوجۆر لەئارادایەو تارمایی شۆڕش بەهێزتر دەبێت بۆئەوەی وەکو هەور بیکاتە بارانی شۆڕش و ڕاپەڕینی سەراسەری، بۆیە پێویستە ئەم ئیرادە شۆڕشگێرییە گەشەی پێبدرێت و هانبدرێت بۆئەوەی لەداهاتوو لەکارگە وگەرەکەکانەوە و لەناو فەرمانگە حکومییەکانەوە خەڵک خۆی کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت. بۆیە دەبێت کۆی ناڕەزایەتییەکان لە بزوتنەوەیەکی شۆرایی جەماوەریدا ڕێکبخرێت لە ئۆرگانێکی شۆڕشگێردا یەکبخرێت، ئۆرگانێک کە برەو بە جووڵانەوەکە دەدات و گیانی شۆڕشگێڕی و بەرهەڵستی تێدا بەهێز دەکات و گەشە بەهیواکان وئامانج وئومێدە ئینسانییەکان وئاراستەی ئاسۆیەکی نوێی درەوشاوە نیشان بدات. بەرەو هەنگاونان تێکۆشانی هاوبەش و هاوخەباتی یەکگرتوانە بۆهێنانەدی ئامانجە ئینسانییەکانمان هەمیشە لەمەیدان بین. هیچ شارو ناوچەیەک و هیچ کۆمەڵەیەک یاخود بەشێک ناتوانێت خۆی بەتەنها ڕزگاربکات لەدەست ئەم جۆرە دەسەڵاتە چەوسێنەرە. ژنان بەتەنها ناتوانن خۆیان ڕزگاربکەن لەدەست کوشتن وبێ مافی ونایەکسانی، قوتابیانیش ناتوانن بەتەنها، مامۆستایان وکرێکاران وجوتیارانیش بەتەنها ناتوانن خۆیان ڕزگاربکەن. هەروەها بۆشارەکانی هەر ڕاستە واتە خەڵکی شاری هەڵەبجەو سەید سادق، نە دەربەندیخان و کەلار و کفری، نەخەڵکی شاری سلێمانی و چەمچەماڵ و ڕانیە، هەروەها نەخەڵکی شاری هەولێر وسۆران و ئاکرێ نەخەڵکی شیلادزێ وکانی ماسی وزاخۆ ودهۆک ناتوانن بەتەنها هیچ بەدەستبهێنن. کەوایە ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەگەر شێوازو جۆری تێکۆشانی ناڕەزایەتییەکان نەگۆڕدرێت تەنها باجی زۆرو قوربانی زۆر زیاتر دەرێت، پارێزەرانی دەسەڵاتیش یاساکانی چەوسانەوە و نابەرابەری و سەرکوت وئیستبداد گەشە پێدەدەن. ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە کە دەسەلاتی میلیشیای و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی تا هەناسەیان تیا بێت درێغی ناکەن لە کوشتن و برین و گرتنی خەڵکی ڕاپەریو و ئەشکەنجەدانیان لەزیدانەکان دا، دەبێت تێکۆشانمان یەک بخەین کەئەم دەسەڵاتە فاشییە لەدەسەڵات نەمێنێت و ڕابماڵدرێت. بۆیە گرینگ و پێویستە هەموومان دڵسۆزانە بەرگری لەسەرکەوتنی ئەم تێکۆشانە جەماوەری یە بکەین، هاتنەناوەوەی هەرچی زیاتری جەماوەر بۆ ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازی و بەدەستەوەگرتنی هەرچی زیاتری ئامرازەکانی دەسەڵاتدارەیەتیانە. هەربۆیە پێویستە گۆڕانکاری بکرێت لەشێوازو جۆری بەرخودان و ناڕەزایەتی کە دەبێت ئەم هێزە گەورەی ناڕازی خەڵک لەبزوتنەوەیەکی جەماوەریدا ڕێکخراو بکرێت. ئەم جووڵانەوەیە لەم پرشوبڵاوی و پارچە پارچە دەرباز بکرێت. بەدڵنیایی یەوە هێزلەهاوپشتی و ڕێکخراوبووندا کە بەرەو سەرکەوتن دەچێت. پێویست دەکات کەلەهەموو شارێک، لەهەمووشارۆچکەیەک لە هەموو گوندێک (شورا یان ئەنجوومەنە شۆڕشگێرەکانی) خۆی دیاری بکات و هەمووشیان ببنە ئەڵقەی یەک زنجیرەی پێکەوە بەستراو، دواتر لەتێکۆشانی هاوخەباتی شۆڕشگێری دا  بەجێبەجێکردنی نەخشەڕێگای ئینسانی بەرەوسەرکەوتن هەنگاو دەندرێت، هەرشارێک یان شارۆچکەیەک کە کەوتە دەست خەڵک ڕاستەوخۆ دەسەڵات وئیدارەی شورایی خۆیان ڕابگەیەنن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.