کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان…هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵات! عەبدوڵا مەحمود

0

کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان…هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵات!

عەبدوڵا مەحمود

ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی تەسەلی بەشدار لەدەسەڵاتی مافیاکان، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی خانەنشین و چەند کەسی تر کە بەداخەوە لەوەدەچیت بە هەڵە کەوتبێتنە ناویان، لە کایەکی خۆسەپێن و لە گەمەیەکی دەست ئاشکرادا، بۆ خۆبەستنەوە بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی حەقخوازنەی جەماوەری، لەدەوری یەک کۆبونەتەوەو قەسەم دەخۆن، کە لەپاڵ جەماوەردان. ئەم قارەمانە گیرفان پڕانەی کوردایەتی، لەکار دابەشکردنێکی نەشازدا، هەندیکیان لە پەرلەمان کەنارەگیریان کردووە، بەستەزمانانە لەدەسەڵات دەپاڕینەوە کە دەستپارێزی بکەن و  لەخەمی خوێنی رژاوی دەستی تاڵانچیەکاندا لەپەرلەمانی کارتۆنیدا خۆیان مات کردووەو دوا دەکەن، دەسەڵات بەبەزەیی دڵ نەرم بێت و توندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران نەکەن. بەشێکی تریشیان عاشقی شەقامن و بانگەوازی خۆپیشاندان دەکەن و بەڵێن بە جەماوەر دەدەن کە پشتیان تێناکەن و لەگەڵیان دەمێنەوە.

ئەم کاراکتەرە سیاسیانە، کە زوربەیان ئەندام پەرلەمانی پێشوو وە ئێستان، هاوکات زوربەیان سەر بە رەوت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانن کە بەشداری دەسەڵات و پێکهێنەری کابینە یەک لەدوای یەکە شکستخواردوەکان بوون. لە ئێستادا و لە غیابی هێز و رەوتی سیاسی رابەر و رێنوینەدەر و سازدەر و هێزێکدا کە ئاڵاهەڵگری بەسەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەی خرۆشاوی جەماوەری بێت تا کۆتایی… دەیانەوێت رۆڵی فریادرەس بگێرن و وەکو پاڵەوانی رزگاری بەخشی جەماوەری ببنە رابەر و قسەکەری ئەم جوڵانەوە سیاسیەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە بۆ راماڵینی دەسەڵاتی دزو مافیا و تاڵانچیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. وە بەڵین دەدەن و داوا لە کۆی هاوڵاتیانی (کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان) دەکەن، کە خۆپیشاندانی( ناتوندوتیژی) ئەنجام بدەن و دوا لە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات “یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی، حزبی شیوعی” دەکەن، کە پشتیوانیان بن
هەروەها داوا لە مامۆستایانی!! ئاینی دەکەن کە وتارەکانیان تەرخان بکەن بۆ نیشاندانی زوڵم و ستەمی دەسەڵات و پشتیوانی لە خەڵکانی مەزڵوم بکەن. هەروەها سەرچاوەی کیشەکان مەبەستیان کیشەی سیاسی یاسایی و ئیداری و داراییەکان بۆ خراپی “خراپی دەسەڵات” دەگێڕنەوە و خوازیاری دەسەڵاتێکن کە لە کەسانی سەربەخۆ و شارەزا، پێک بێت…

ئەم پەیامەی “کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان” بەیانییان کردووە، خستەگەری هونەری رزگارکردنی دەسەڵاتە لە غەزەب و تورەیی جەماوەری و ڕوو سپیکردنەوەی رووی تاوانکارانەی زوربەی ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەشە کە لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا بەشدار و هاوکاری دەسەڵات و پشت و پەنای دەسەڵات و موچەخۆری دەسەڵات بوون… وە بانگەوازی پشت بەستن بە مەلاکان کە رۆڵی خۆیان بگێرن، لە کاتیکدا ریزی وردو درشتی مەلا کاریان رازی بوونی بەندەکانی خوادیە بەو چارەنووسەی لە ئەزەلەوە بۆی دیاریکردون… رۆژانە بۆ حەڵاکردنی باخەڵی گەرمی خۆیان کە دەسەڵات لە پشتیانەو خۆشیان پارێزەری دەسەڵاتن، و بۆ رازیبوونی بێبەشان و بەگیرفانی بەتاڵ و سفرە خاڵیەکانیان، دەفەرموون!! “لان شکرتم لازیدنکم” رازی بن بۆتان زیاد دەکەین…

ئەم ریزە لە بانگەوازچیان بۆ خۆپیشاندانی “ناتوندوتیژی” لە دژی “خراپی دەسەڵات” بە پشتیوانی رەوتە ئیسلامیەکان و مەلاکان… روون و ئاشکرایە، کە هەڵگری چ پەیام و ئەجندایەکی کۆنەپەرستانەن، کە دەیانەوێت خەڵکی کوردستان بکەنە قوربانی ئەو ئامانج و ئەجندا کۆنەپەرستانەیە.

چەندین ساڵە مامۆستایان و کارمەندان و چین و تویژەکانی کۆمەڵگە، ئیمزا کۆدەکەنەوە، کەمپەین وەرێدەخەن، ماندەگرن، کۆدەبنەوە، بایکۆتی چەند مانگی وەرێدەخەن، خۆپیشاندان دەکەن… بەو پەری ئارامی و بەدەستی بەتاڵەوەو بەو پەرێ هێمنی و ئارامییەوە، بۆ یەکجاریش دەسەڵاتی سیاسی گوێی بۆ داواو خواستی زۆر سادەی رەوایان نەگرتووە. لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەشدا بەهەمان شێوە، مامۆستایان و موچەخۆران و برسیەکان بەدەستی بەتاڵەوە هاتوونەتە سەر شەقام و داوای مافەکانیان دەکەن، بەڵام ئەوە دەسەڵاتە بە نەخشەوە بەتوندوتیژی وەڵامیان داخوازییەکانیان دەداتەوە تا کارادنەوەی جەماوەری بەرووی توندوتیژیدا بکاتە پاساوی هیرشی بەرینترو کوشتاری زۆرتر و ترساندنی کۆمەڵگە. خۆپیشاندانی “نا توندوتیژی” لەلایەن ئەم بەڕیزانەی کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان!!، پاساوێکی ئاشکرایە بۆ پەردەدان بەسەر توندوتیژی وەحشیانەی دەسەڵات و خامۆشکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و لە قاڵبدانی لەچوارچێوەی ” ئارامی” یەکی ساختەدا… ئەگەر تاڵانی و سوتاندنی بارەگاو بینا حکومیەکان کاری نەخوازراو بێت، ئەوا دەست بەسەراگرتنی ئەو بارەگا و بینا حکومیانەو پاککردنەوەیان لە بەرپرسانی دەسەڵات، لەهەر گەرەک و شارو شارۆچکەیەکدا نەریتێکی خەباتکارانە و هەنگاوێکی پیشرەوانەیە، لە راستای راماڵینی دەسەڵاتدا. بەتایبەتیش کە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لەدەستی حزبدا بەرجەستەیە.

برسێتی و بی موچەیی، و سەرکوتی سیاسی، سەرچاوەی نائارامی و پشیوی کۆمەڵایەتییە. و کەس ناتوانێت تاسەر ئەو نائارامی و پشێوییە کۆمەڵایەتیە، کەدەسەڵات بەرپرسیارە لێی، بە خامۆشی بهێڵیتەوەو داوا بکات لە جەماوەر کە توڕە نەبن، دڵفراوان و بێدەنگ و خامۆش بن و کە نارەزایەتیشتان دەربڕی بیرتان نەچیت گوڵ بەدەست بن لەبەرامبەر بەڵەتەجیەکانی دەسەڵات و ئەو هەموو تۆمەت و ناو ناتۆرەو سوکایەتیەی کە بەرامبەریان دەکرێت.

“خراپی دەسەڵات” گوایە هۆکاری کێشە سیاسی و یاسایی و ئیداری و دارایی… خراپی دەسەڵاتە، واتە دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتە لە خراپیەکانی دوربخەنەوە، چاکسازی تیا بکەن، ئەوانە لاببەن و کەسانی شارەزا و سەربەخۆ بیتە جێگەیان، تا سیستەمی سیاسی خراپیەکانی نەمێنێ و کێشەکانیش چارەسەر ببن.

چ حکیمەتێک لە حیکمەتی ئەو دەربرێنانەدا هەیە. لەهەموو دنیای سەرمایەداری ئێستادا دەسەڵاتێک نادۆزیتەوە، کە خراپ نەبێت و جەماوەری بێبەش و لەخوارەوەی کۆمەڵگە ناڕازی بەدەسەڵات و سیستەمی سیاسیەکەی نەبن، ئەوەی لە کوردستان هەیە خراپی دەسەڵات نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی مافیایی و بنەماڵەیی و نۆکەر پیشە هەیە. دەسەڵاتێکە لە بنەرەتدا لەسەر بنەمای تاڵانی، دزی و سەرکوت و بۆشایی و ململانی وڵاتانی ناوچەکە و خۆشخزمەتی بەوان دامەزراوە، کە نەک ئامادە نییە بەشێک، بەشیکی زۆر کەمیش لە داهات و سامانی کۆمەڵگە، بۆ کۆمەڵگە بگێرێتەوە، بەڵکو موچە و حەقدەستی رەوای موچەخۆرانیش نادات. ئەمە دەسەڵات نییە تا خراپ بێت و چاکسازی تیا بکرێت، بەڵکو گروپی مافیایی حزبین کە هەم هەرێمیان شەق کردووە هەم داهاتیان بۆ خۆیان بەش کردووە، هەم هێزی چەکداری خۆیان تەیاری کپکردنەوەی دەنگە نارەزایەکان و پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەکانیان کردووە. بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لەلایەن کەسانی شارەزو سەربەخۆ!! بەبێ راماڵینی ئەم دەسەڵاتە مافیایە لەوەهم وەهمترە…

لەوانەش بترازێت، ئەم بەڕیزانە دەتانەوێت هەمان سیستەمی سیاسی بە درۆی “دیموکراتی پەرلەمانی!!”یەوە، سازبدەنەوە، و خەڵک ئومیدەواری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن، تا ئابڕو بۆ کایەی هەڵبژاردن لە ژێر سایەی میلیشیادا، بگێرنەوە، لە کاتێکدا بەکردەوە سەلماوە کە لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە هیچ ئاڵوگۆڕیک لە بنەمای سیستەمی سیاسی کوردستاندا لەتوانادا نییە و کەسانی شارەزاو سەربەخۆ، پێویستە بەشیک بن لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ راماڵینی سەرجەم سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی ئیستا، بە حکومەت و پەرلەمانی کارتۆنیشەوە، کە بەشی زۆری ئێوە لە لەوەڕگاکەی ئینتالاتان کردووە. لە داهاتەکەی کەی خەڵکی کوردستانە ژیانی شاهانەتان بۆ خۆتان و خێزانەکانتان فەراهەم کردووە. زیانی ژنی قایماقیمی سەید سادق بەس لە ئاڵتونەکانی، نزیک دە دەفتەر دۆلارە لەخۆپیشاندانەکانی ئەم دوایە… ئەم هەموو دەفتەرە دۆلارەی لەکوێ بووە؟ ئەی زیانی خانووەکەش ٨ دەفتەر دۆلارە؟ لەکوێیان بوو، لە کوێتان بوو؟ … ئێوە کە مانگانە چەندین ملیۆن دیناری ئەندام پەرلەمانی و خانەنشینی وەردەگرن، چۆن دەتوانن ببنە هەڵگری خواستی کریکار و کارمەند و لاوێکی بێکار و کەم ئەندامێک و خانەنشینێکی شارستانی…

سیستەمی سیاسی هەرێم و دەسەڵاتدارێتیەکەی چاکسازی هەڵنەگرە، و خودی سیستەمە سیاسیەکە دەبێ جێگای خۆی بدات بە سیستەمێکی سیاسی تر، کە راستەوخۆ دەسەڵاتی سیاسی جەماوەری و لەڕیگای بەشداری چالاکانەی هاوڵاتیان لە دارشتنی سیاسەت و جیبەجیکردندا فەراهەم بکات، ئەم سیستەمەش سیستەم و دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەرییە، سیستەمی شوراکانە. سیستەمێکە پشت بە کۆبونەوەی گشتی هاوڵاتیان لە کارگەکان، ناوەند خزمەتگوزارییەکان، گەرەکەکان، دەبەستێت و لەو کۆبونەوە گشتیانەدا راستەوخۆ و ئازادانە هاوڵاتیان نوینەرانی خۆیان لەکەسانی خەم خۆر، ناسراو، دلسۆز، جیگا متمانە هەڵدەبژین و دەبنە نوینەری ویست و داخوازییەکانیان و هەرکاتیکیش کەسێکی هەڵبژیردراو لە ئاستی متمانەی و جێ بەجیکردنی داواو ویستی هاوڵاتیانیدا نەبوو، لە کۆبونەوەی گشتی داهاتوودا لادەبرێت و جێگاکەی بە بەکەسی تر پڕ دەکرێتەوە کە راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت…

ئەم بەڕیزانەی” کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان” دوورو نزیک نوینەرایەتی هیچ خواست و بەرژەوەندیەکی جەماوەری بۆ کۆتاییهینان بە سیستەمی سیاسی و ئەلگۆی دەسەڵاتدارێتی کە دیموکراسی پەرلەمانی شکست خواردووە، ناکەن و لەگەڵ دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ نین، کە نوینەرایەتی راستەخۆی جەماوەری بکات و ئیرادەی سیاسی بۆ هاوڵاتیان بگێرێتەوە، بەڵکو بەدوای رتوش کردن و رازاندنەوەی هەمان سیستەمی گەنیوون بە دەم چاوی تازەوە.

خەڵکی کوردستان و بەشی پێشرەوی نەک نابێت فریوی بانگەشەی ئەو ئەندام پەرلەمانانە بخۆن کە خۆیان تەسەل و حزبەکانیان بەشێک لەدەسەڵات و ژیانیان لەسەر قوتی خەڵکی کوردستان شاهانەو لە بەرامبەر بە سیستەمی گەنیوی ئێستاشدا، دەیانەوێ نارەزایەتی و تورەیی خەڵکی کوردستان بکەنە زەخیرەی چاکسازی و رتوشکردنی دەسەڵات، لە راستیدا ببنە رزگارکردنی دەسەڵاتی ئێستا. ئەوەی کە نەخشەی رزگارکردنی دەسەڵات و سیستەمی گەنیوی ئێستا دەخاتە دەستوورە، بەشێکە لە بەرەو هەوڵی دژە جەماوەری و دژە شۆرشی بێبەشان.

 ناوەڕاستی دیسەمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.