دەمە تەقێ لەگەڵ هونەرمەند ………..عوسمان شارباژێڕی

0

دەمە تەقێ

لەگەڵ هونەرمەند عوسمان شارباژێڕی

کاوان قادر: سڵاو کاک عوسمان، لە ٢٩ نۆڤەمبەردا بنکەی ڕۆشنیری وهونەری ڕانیە دووەمین دیداری شانۆیی ڕانیەی سازکرد کە لەشارەکانی (ڕانیە، قەڵادزێ، کۆیە، دوکان چوارقوڕنە، کفری، کەرکوک، چەمچەماڵ) وە هاتبوون، بەڕێزت وەک شانۆکارێک چۆن ئەم نمایشە شانۆیییە هەڵدەسەنگێنی، ئەگەر شانۆ نمایشێکی ژیان بێت، ئایا بینەر کاتێ شانۆکەیان جێ هێشت چییان لەگەڵ خۆیان بردەوە؟ باشتر بڵێم ئەم ڤیستیڤاڵە شانۆییە چی پێ بەخشین، ئاستی هونەرییەکەی چۆن بوو؟

عوسمان شارباژێڕی: من وەک بینەرێک هەستم نەکرد! لەدیدارێکی شانۆیی دام، ڕاستییەکەی هەستم ئەکرد لەچالاکییەکی قوتابخانەکاندام، بەڵگەشم بۆئەمە زۆربەی زۆری شانۆیییەکان تەنها وەک شیعر لەبەرکرابوو؛ بێ ئەوەی هیچ احساسێک لەنێوان کارەکتەرەکاندا بوونی هەبێت، لەهەمانکاتدا تەرکیز، (بوونی نەبوو) یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ئاستە نزمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئەکتەرەکان جگە لەوەی لەهەر ئاستێکیشدا بوبێتن دەقی شانۆکە پەیوەندییەکی بە ژیانی واقیعی ئەوانەوە نەبوو، چونکە تەبیعەتی ئینسان ئاوایە کاتێ تقموص لەگەڵ هەر بابەتێکی ژیانی واقیعی خۆی بکات دەتوانێ سەرکەوتوو تر نواندن بکات، هەڵبەت ئەم کەم وکوڕییە تەنها تایبەت نییە بەم نواندنەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی لەهەموو بوارێکدا بەو جۆرەیە، ئەمە یەکێک ئەبێت لەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر بینەریش دائەنێت بۆیە هەڵبژاردنی دەقیش گرینگی خۆی هەیە، چونکە تۆ لەسەر شانۆ تەمسیلی ژیان دەکەیت. یەکێک لە پێوانەکانی هەڵسەنگاندنی شانۆ پەیوەندی نێوان شانۆ و جەماوەرە.

شانۆکاری داهێنەر پێویستە ئەوەندە بە ئاگا بێت لە زۆنێکی تەواو کۆنترۆڵەوە نواندن بکات کاتێ کێشەیەک هاتە پێش بزانێ چۆن ئیستیغلالی بکات بێ ئەوەی باڵانسی شانۆکە تێک بدات، لەشانۆیی (نیشتمان) کەبەرهەمی گروپی شانۆیی قەڵادزێ بوو لەکاتی نمایشدا ئەکتەرەکە تەلەفونی بۆئەکەن یەکسەر مۆبایلەکەی داخستەوە؟ لە کاتێکدا  دەیتوانی زۆر بەئاسانی پەیوەستی بکات بەنمایشەکەوە جوڵە ڵەگەڵ دیالۆک زۆر ناهاوتابوو، پێویستە دەرهێنەر زۆر بەوریایی جوڵەکان لەگەڵ دیالۆکەکان لەسەریەک هێڵی هاوسەنگ بکات. لەڕوی تەکنیکی یەوە ئەوەی کەمێک دڵخۆشکەر بوو شانۆیی پەیکەری ئاڵتونی گروپی شانۆیی دوکان بوو کەدەرهێنەر زیرەکانە کاری لەسەر جوڵەو دیالۆک کردبوو.

ئەو هەڵسەنگاندنەی دواجار بۆ ئەم چالاکییە کرا دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی بەدەستی بەتاڵ چووەوە ماڵەوە، هەم لەڕوی هونەرییەوە لاواز بوو هەم دەقی شانۆیی یەکە هیچ پەیوەندی بە کێشەو بەدبەختییەکانی ئەمڕۆی خەڵکی یەوە نەبوو، هێندەی خەونی هونەرمەندی خەڵوەتگیر بوو، نیو ئەوەندە خەون وئاواتی ڕۆژانەی خەڵک نەبوو،

بەداخەوە ئەو دەزگایەی سەرپەرشتی ئەم کارانەی کردو ڕێکیخست پێویست بوو هەڵسەنگاندنێکی پڕۆفیوشیناڵی بۆ کوالێتی کارەکان بکات بەر لە پێشکەشکردنی بەرهەمەکان، بۆی گرینگ بێت کە بە نواندن وبابەتی کرچ وکاڵ مێشکی خەڵکی نەشۆنەوە، ئەوەش بڵێم  بەداخەوەم کە لای ئێمە  تەنانەت هێندەی سانسۆر لەسەر دەقە شانۆییەکە هەیە کە ختوکەی دەسەڵات نەدات، هێندە لەسەر کواڵێتیی نواندن و ئاستی هونەرمەندەکانیش نییە، مەبەستم لە شێوەو ناوەرۆکە کە ئەوە باسێکی قوڵتری ئەوێت، بەڕاستی من چاوەڕوانی لەوە زیاترم هەیە لەوەی بینیم لە هونەری شانۆ؛ لەکاتێکدا هونەر دەبوو بەشێک بێت لەشۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەوینەوەی نەریتە کۆن ونادروستەکان، بەم شێوەیە لە هونەر هەرگیز ناچینە پێشەوە، ئاخر خۆ لەم وڵاتەدا پارەیەکی زۆر سەرف دەکرێت بۆچالاکی هونەری، بەڵام بۆ زۆر بێ ناوەرۆکەکان وبێ کواڵیتییەکان هەر لە هونەری شانۆ وە بگرە تا ئەوسەری شێوەکاری ئەمە ئیتر ئەزمەیەکی کلتوری یە، کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیفلیجی ژێرخان و سیاسەتی ئەم وڵاتە کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە.

ئومێدەوارم ساڵی ئایندە ئەم کەم وکوڕیانە چارەسەربکرێت، هونەرمەندەکان بتوانن داهێنان ئەنجام بدەن، نەک کاری دووبارەو سواو؟

Leave A Reply

Your email address will not be published.