لێدوانی مەلا بەختیار بە سڕ کراوی!

0

لێدوانی مەلا بەختیار بە سڕ کراوی!

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵاو بەرژەوەندی یەكێتی، لە لێدوانێکیدا دەڵێت “یەکێتی نە تەقەی لەخەڵک کردووە نە کەسی دەستگیر کردووە”

مەلا بەختیار بەڕاستی سڕکراوە، بەڵام سڕکردنی ریکخراوەیی چەند مانگەی دەستی کوڕانی بنەماڵە نا، بەڵکو خۆی و زوربەی کارەکتەرە سیاسییەکانی رابردوی یەکێتی، لە پرۆسیسیکی مەودا درێژدا کە بەنەخۆش کەوتنی تاڵەبانی دەست پێدەکات، تا کۆنگرەی سێ، بەکردەوە سڕکران و لە ناوەندی بڕیارەوە کران بە راوێژکاری ریش سپی!!.

هەر ئەو سڕ بوونەیە کە ڕیگە بە مەلا بەختیار نادات، راستی توندوتیژی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ببینێت، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەرهەق بە خەڵکی برسیکراو موچە بڕدارو لاوانی بێکار، موچەخۆران و ڕۆژنامەنووسان، دەکرێت…

مەلا بەختیار بەو لێدوانەی دەیەوێت بڵێت، ئەوە هێزەکانی حکومەتن کە تەقە دەکەن، و ئین ئارتی دادەخەن و هێرش دەکەنە سەر رابەرانی خۆپیشاندەرەکان و رۆژنامەنووسان، نەک یەکێتی. دەیەوێت بڵێت ئەوە هێزەکانی پارێزگاری بارەگاکانی پارتین تەقە دەکەن، نەک یەکێتی… دیارە وەکو دەڵێن عوزر لە قەباعەت خراپترە، خۆ ئەگەر بەراستی ئەو قسەی مەلا بەختیار وابێت، ئەو کاتە دەبێ بپرسین یەکێتی چ کارەیە؟ ئەوە لە کاتێکدایە مەلا بەختیار باش دەزانێت، هەرچی رووبدات لە سنوری زۆنی سەوزدا و هەر کەس و لایەنێکیش ئەنجامی بدات یەکێتی وەکو دەسەڵاتی یەکەمی ئەو زۆنە لێی بەرپرسە، هەر وەکو چۆن هەرچی لە زۆنی زەردی ژێر سایەی پارتی رووبدات، پارتی لێی بەرپرسیارە.

بەجیا لەوانە مەلا بەختیار دەتوانێت پێمان بڵێت، ئەگەر ئەوانەی تەقەیان کردووە، کە لە ئەنجامدا تا ئێستا هەشت کەس کوژراون و بەسەدان کەس بریندار و دەستگیر کراون، کێ پێی هەڵساوە، ئاسایش و هیزەکانی یەکیتی یان لایەنی تر؟ ئەگەر ئاسایش و هێزی دەرەوەی قەڵەمرەوی یەکیتی تۆمەتبارن بە میلیتاریزەکردن، ڕشتنی گازی فرمیسک رێژ، دەستگیرکردن، لێدان و تەقەکردن و کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتیانی دەست بەتاڵی برسیکرا و بی موچە، ئەو کاتە رۆڵی یەکێتی لەو زۆنەدا چییە و بۆچی بێدەسەڵاتی خۆی راناگەیەنێت؟ دیارە هەموو کەس دەزانێت، لەوانەش مەلا بەختیار ئەوەی لە زۆنی سەوزدا ئاسایش و سەر بەدەزگای دژە تیرۆر و هەواڵگری و تەنانەت پۆلیسیشە، سەر بە یەکێتی نیشتیمانین و بەرپرسیاریەتی سەرەکی هەموو قوربانیەکانی خۆپیشاندانەکان، تا دەگات دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییەکان لە سنوری زۆنی سەوزدا یەکێتی بە پلەی یەکەم پاشان حزبی گۆران لێی بەرپرسە…

ئەو لێدوانانەی مەلا بەختیار، بەهیچ جۆریک ئەو و هاوڕێکانی ناگێرێتەوە بۆ بەر لە سڕکردنی سیاسی کە کوڕانی بنەماڵەی تاڵەبانی و ئامۆزاکان، بە نەخشەوە بۆ دەست بەسەراگرتنی یەکێتی ئەنجامیان داوە، هاوکاتیش ئەو لێدوانەی مەلا بەختیار پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە لەچەندین دیداردا پێداگری لەسەر مافی خۆپێشاندان و ئازادییەکان دەکات و فرمیسک بۆ داخوازی هاوڵاتیان هەڵدەوەرێنێت.

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.