ناردنی نەوت و موچە، گەمەی تۆم و جێری..

0

ناردنی نەوت و موچە، گەمەی تۆم و جێری..

جەمال نوری

دوای ئەوەی حوکمەتی هەرێمی کوردستان دەستی بەناردنی نەوت کرد لەڕێگای بۆریەوە بەخاکی تورکیا بۆ بەندەرەکانی جیهان، ئیدی لەوڕۆژەوە سەرانی هەرێم و بەتایبەت خاوەن مەلەفی نەوت، بەبێ گەڕانەوەی بۆ ڕەئی خەڵکی کوردستان و لایەن و کەسایەتی ئەکادیمی و پسپۆڕو شارەزایانی بواری جیۆلۆجی و ئابوری و دارایی کەوتە دوای عەقڵی تاکە شەخسێکی مشەخۆری حازر بەدەستی وەک ئاشتی هەورامی و ئەویش، وەک دەڵاڵی کابرایەکی پاکستانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان هەڕاج فرۆشکرد و عەقدی پەنجا ساڵەی نەوتیان لەگەڵ تورکیادا ئیمزاکرد، دنیا هاتە دەنگ و شارەزایانی ئەو بوارە هات وهاواری ئەوەیان بوو کە هەرێمی کوردستان ئینتحاری هەڵبژاردوە لەم گەمە ئابوریە زەبەلاحەدا، باشتر وایە بگەڕێتەوە بۆ ڕەئی خەڵکی، بەڵام ئەوان هەر نەبایان دیبێ نەبۆران ئەم خەڵکەیان بە نەزان و نەفام دەزانی و بەنێوی ئاسایشی نەتەوەییەوە وەڵامی ئەو خەڵکە شارەزاو نیشتمانپەروەرانەیان دەدایەوە تەنها بەخاتری ئەوەی ڕۆژانە ملێوانان دولار بخەنە سەرحسابی بانکیان لەدەرەوەی وڵات و خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان ژیانێکی شاهەنشایی بژین و خەڵکەکەشی ڕووت و ڕەجاڵ.

وڵاتانی دنیا بەتایبەت ئەو وڵاتانەی داهاتیان لەسەر فرۆشتنی نەوتە پلانی ئابوری وڵات دەگۆڕن و دەیانەوێ وڵاتەکەیان پشت بە نەوت نەبەستێ چون نەوت لەهەڵبەزین ودابەزین دایە و ناتوانرێ بودجەی وڵات لەسەر ئەو یاریکردنە ئابوریە داڕێژرێ، وڵاتێکی وەک نەرویج کە خاوەنی نەوتە بەڵام ڕێگانادەن نەوتی ژێرخاکەکەیان دەربهێنرێ و بفرۆشرێ، بەڵکو دایان ناوە بۆ پێنجسەد ساڵی تر بۆ نەوەکانی داهاتویان، هەرێمی کوردستانیش لەبەرئەوەی ئەو حزبانەی کە تادوێنێ  لەناو ئەسپێ و کڕێشدا قێزیان لێدەکرایەوە ئەمڕۆکە دەستیان لەم سامانە گیربوو ئیتر کەوتنە دەرهێنان و بەتاڵانبردنی و فەرهودیان کرد و هەرچی کۆمپانیا هەیە وەک ئەسپێ کەوتنە هەڵمژینی سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانەو سەرانی ناو هەرێمیش لەبەرئەوەی ژیانێکی وەهایان لەخەونیشدا بەخۆیانەوە نەبینی بوو بێ سڵمینەوە لەمێژوو و فەرهەنک و سەنگی  نەتەوەیی  و بەها پیرۆزیەکانی گەل، هەرچی سامانی ئەم نیشتمانە هەبوو تاڵانیان کرد، عێراقیش لەدوای قوتاربوونی لەدەست شەڕی داعش کەوتەوە وێزەی هەرێم و داوای هەرچی داهات و فرۆشی نەوتەکە هەبوو لێیان، لەم نێوەندەشدا خەڵکی هەرێم و موچەخۆرەکانی  بوونە سووتەمەنی ئەم یاریە ی نێوان هەرێم و بەغداد.

هەرێمی کوردستان کاتێک دێتە سەر ئەوەی فشارەکان زۆری بۆ دێنن هانادەباتەوە بەر ئەوەی لەڕێگەی دانوستاندن لەگەڵ بەغداد بکەونە گفتوگۆ،  لەو دانیشتانەشدا هەموو جارێ ئامادەگی هەیە بەناردنی بڕێک لەفرۆشی نەوتەکەی بە بەغدادو دوای ڕێکەوتنەکەش یەک قەترە چییە لەنەوت و داهات نانێرێ بۆ بەغداد، هەموو جارێک یاری تۆم و جیری لەگەڵ یەکدا دەکەن، ئەمجارەیان پێدەچێ عێراق دوا یاری لەگەڵ هەرێمدا بکات و کۆتایی بەم چاو و ڕاوە بهێنێ، چون ئەزمونێکی هەیە لەگەڵ ناردن و نەناردنی نەوتی هەرێمدا و هەرجارەو ئەنجام دێتە سەر ڕێکەوتن  هەرێم دەلێ ئەوە عێراقە پابەند نابووە بەبەڵێنەکانی و عێراقیش دەڵێ ئەوە هەرێم لەوەتەی نەوت هەناردە دەکات داهاتەکەی نەگەڕادۆتەوە بۆ بەغداد، کاتیێک خەریکە یاریەکەیان لێ تێک بچێ  دەلێن با لەسەری ساڵانەوە دەست پێ بکەنەوه.

ئەمە یادەوەری ساڵانی سەرەتایی خستمەوە یاد  لەپۆلی دووی سەرەتای لەقوتابخانەی خالیدەی سەرەتای سلێمانی مامۆستای بیرکاریمان ناوی مامۆستا تایەر بوو، هەر تەڵەبەیەک  بیرکاری نەزانیایە بەڕاستە دەکەوتە لێدانی تەڵەبەکە لەدەستە  پەنجەی و دەیژمارد دەبوو تا دە ڕاستەی لێ بدایە، ماۆستا تایەر دەیژمارد کەدەگەیشتە حەوت دەیووت ئەوە پێێنج  قوتابیەکەش هاواری لێهەڵ دەستا ئەیووت وەڵا مامۆستا ئەوە حەوت؟ تایەرە فەنیش دەیووت مادام لێمان تێک چوو لەسەری ساڵانەوە دەست پێ ئەکەینەوە، ئەمێستاش دانوستاندنی هەرێم و بەغداد  ڕۆژەکانی کەدەڕوات لەسەر حسابی خەڵکی ڕەش و ڕووت و موچەخۆری گەلەکەمان دەکەوێ و ڕۆژێکی برسێتی و نەبوونی بە ساڵێک لێیان دەڕوا.

                                            جەمال  نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.