بزووتنەوەی نان و مووچە نووسینی: خەسرەو بۆکانی

0

بزووتنەوەی نان و مووچە

 

نووسینی: خەسرەو بۆکانی

دە ڕۆژ بەسەر دەستپێکی دەوری نوێی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان تێپەڕدەبێت. ئەم قۆناغە لە ناڕەزایەتییەکان کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز لە شاری سلێمانییەوە لەژێرناوی “داخوازی بۆ نان و مووچە” دەستی پێکردووە بە خێرای شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. دەستپێکی ئەم ناڕەزایەتییانە لەسەر بانگەوازی کۆمەڵێک لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی مافخوازانە بەتایبەت مووچەخۆرانی سلێمانی بەمەبەستی بەڕێوەچوونی ڕێپێوان و هێنانە گۆڕی داخوازییەکانیان هاتووەتە ئاراوە کە لە یەکەم هەنگاو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرەو توندووتیژی برا و ئەم هێزانە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی سەرکوت لەوانە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ، هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازییان و لەئەنجامیدا برینداربوونی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و هەروەها دەستبەسەر کرانی ژمارەیەکی دیکە لە ناڕازییانی بەدواوە بوو. بەڵام ئەمە کۆتایی کارنەبوو و حەرەکەتی ئێعتڕازی خەڵکی سلێمانی دەستبەجێ لەلایەن خەڵکی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لێکرا و خەڵک لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەوانە، قەڵادزێ، ڕانییە، دوکان، پیرەمەگرون، عەربەت، سەیدسادق، پێنجوێن، هەڵەبجەی کۆن، وارما، کەلار، دەربەندیخان، کفری، شیلادزێ و قەسری هاتنە سەر شەقامەکان و لەم حەرەکەتە ناڕەزایەتییە پشتیوانیان کرد و ڕۆژی هەینیش ئەم ناڕەزایەتییانە لە شەنگال بەڕێوەچوو کە خەڵک زیاتر لەدژی حکوومەتی ناوەندی عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی. سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی لەم ناوچانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ڕادەیەک بووە کە بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان تا ئەمڕۆکە ١٠ کەس لە خۆپیشاندەران بەهۆی دەستڕێژی ئەم هێزانە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٠٠ کەس برینداربوون و ژمارەیەکی زۆر لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراون. ڕێکاری سەرکوتگەرانەی هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک، لە هەندێ لە شوێنەکان کردەوەی توندووتیژانەی ئەم هێزانە  کاردانەوەی خەڵکی بەدواوە بووە. بە جۆرێک کە لە هەندێ لە شارەکان، بارەگا و نووسینگەی پارتەکانی دەسەڵاتدار لەوانە پارتی دێمۆکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆران و هەروەها دوو پارتی ئیسلامی، لە لایەن خەڵکی ناڕازییەوە ئاگر تێبەردراوە کە ئەمە خۆی هێمای بێ باوەڕی و بێ هیوایی خەڵکە بە حیزبەکان و هەروەها لایەنە ئیسلامییەکان. هەر چەند دانی موچە حەقدەستەکان، مووچە و پێکهێنانی هەلی کار لە لایەن دەسەڵات لە بارودۆخی ئێستا لە زومرەی گرینگترین خواستەکانی خەڵکی ناڕازیی بەتایبەت لاوان دێتە ئەژمارو ئەم تەوەرە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشداربووان لە توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە وەک پۆلیسی ڕێگاوبان، هێزەکانی ئاسایش، پێشمەرگە، کارمەندان، کرێکاران، خانەنشین کراوان و کەمئەندامان پێک بێن، بەڵام ئەمە لە حاڵێکدایە کە داخوازی و خواستەکان کە ئەم خەڵکەی هێناوەتە سەر شەقام، گرینگتر لەوانەیە. لە ڕاستی دا بەدوای ڕووخانی ڕژیم “سەدام حسێن” لە ساڵی ٢٠٠٣، لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە ساڵانە بودجەیەکی گونجاو بە ڕێژەی ١٣ میلیارد دۆلار بە ئیزافەی داهاتی خاله سنووریەکان و داهاتی هەناردەی نەوت، دەدرێ بە هەرێمی کوردستان.

سەرەڕای پێکهاتەی گەندڵ و ناکارامە لە ئیدارەی دەسەڵات لەم ناوچەیە، ئەم داهاتانە لە ڕاستای پڕۆژە ستڕاتێژی و ژێرخانە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان بەکار نەهێنراون، بەڵام بەشێک لەم داهاتە بە شێوەی جۆراوجۆر لەناو خەڵکدا دابەش کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەجۆرێک خۆش بژێوی لە ناو توێژی مامناوەندی کۆمەڵگە پێک بێت. لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندان دەبینرێت، بنەماڵەکان و یان کەسانی تایبەت مانگانە ٣ تا ٤ مووچە لە ژێرناوی جۆراوجۆر وەردەگرن و هەر ئەمەش دواتر بوو به یەکێک لە کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان. بەهۆی سیاسەتی پارتەکانی دەسەڵاتدار لەم ناوچەیە، هیچ جۆرە گرینگییەک بە پێگەی واقێعی هێزی کار و پێکهێنانی ناوەندی بەرهەمهێنان نادرێت و ئەم کۆمەڵگەیە وەک زۆرێک لە وڵاتانی کەنداوی فارس هەڵبەت لە بواری داهات و خزمەتگوزاری لە ئاستێکی خوارتر، بووەتە کۆمەڵگایەکی بەکارهینەرو مەسرەف گەرا. بە جۆرێک کە زۆربەی پێداویستییەکانی هەرێم لە لایەن وڵاتانی وەک ئێران، تورکییە و هەندێکی دیکە لە وڵاتانی دەورووبەر دابین دەکرێ. پێویستە بوترێ کە لەوەها بارودۆخێکی ناتەندرووست، بوار بۆ گەشەی کەسانی تایبەت و کۆمپانیاکان کە یەکشەوە گەیشتوونەتە لووتکە، هەموار بووە و ئێستا ژمارەیەک لەم کەسانە لە زومرەی دەوڵەمەندانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنە ئەژمار. مەودای چینایەتی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی گەندەڵی ئیداری و سیستمی تایەفەیی حکومەت کە لە نێوان دوو بنەماڵە دابەش کراوە، گەیشتووەتە لووتکە و سەرهەڵدانی توێژێکی دەوڵەمەندی تازە پێگەیشتوو کە زۆربەیان بە پشت بەستن بە هێز و ئیمکاناتی دەوڵەتی بەم ئاستە گەیشتوون و زۆربەیان لە نزیکانی پارت و لایەنەکانی دەسەڵاتن، بە قیمەتی هەژارترکردنی توێژی مامناوەند و خوارەوەی کۆمەڵگە بۆ ئاستێکی خراپتر و سەپاندنی هەژارییەکی زیاتر بەسەر چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگە، دابین بووە و ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستانی عێراقە کە کاریگەری قووڵی لەسەر لایەنەکانی کار و ژیانی خەڵک داناوە.

بەدوای دابەزینی نرخی نەوت کە بووە هۆی پێکهاتنی قەیران لە ساڵی ٢٠١٤ و هەروەها بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتی دراو لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بارودۆخی خەڵک بەرەوە داڕمان چوو و سەرهەڵدانی دیاردەیەکی وەک “داعش” و قەیرانە یەک لەدوایەکەکانی وەک ١٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٧ و شەڕی کەرکوک، پێوەندی دەوڵەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی!! هەرێمی کوردستانی ئاڵۆزتر کرد و لەو ڕێکەوتە هەتا ئێستا، پارتە بورژوا ناسیۆناڵیستەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ڕابردوو تیشکیان خستە سەر بە تاڵانبردنی سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم ناوچەیە و بە بیانووی پاشەکەوتی مووچە، سیستمی دانی مووچەیان بە جۆرێک بەرنامەڕێژی کرد کە نیوەی مووچەکان و دواتر یەک لەسەر چوار حقووقەکانیان بە دواکەوتنەوە دەدا. دزی گەورە و ڕوونی نزیکانی پارتەکانی دەسەڵاتدار و گەندەڵی ماڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بووە هۆی هەژارتربوونی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی خەڵک و بێکاری لەم ناوچەیە، بە جۆرێک کە دەنگی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە خاوەن ڕاگەیەندنەکان و تەنانەت کارگێڕانی حکومەتی و پارلەمانتارانیشی لێکەوتەوە. خراپ بەکارهێنانی ئیمکاناتی سەر سنوور لە لایەن ناوەندەکانی سەر بە پارتەکانی دەسەڵاتدار لە سنووری “پەرویزخان”، “باشماخ” و “ئیبراهیم خەلیل” تەنیا بەشێکی چکۆلە لە دزی و گەندەڵی کاربەدەستانی هەرێمە کە لە لایەن ڕاگەیاندنەکانەوە باسی لێ دەکرێ.

سیاسەتی چەوت و سەرکوت گەرانەی پارتەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هیتد… کە لەسەر بنەمای پاراستنی مۆناسباتی سەرمایەداری و مۆڵکایەتی و پەیرەو کردنی سیاسەتی نێئۆلیبرالیستی بووە و بە پشت بەستن بە سیستمی دەسەڵاتداریەتی فێدرالیسم و پارلێمانتاریسم بەڕێوەچووە، دواهاتێکی وەحشەتناکی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زوڵم لێکراو بووە.

پەرەسەندنی کۆچ کردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لاوان بۆ وڵاتانی دیکە، پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکان، چوونەسەرەوەی ڕێژەی بێکاری، بێ توانایی خەڵک بە تایبەت کرێکاران و مووچەخۆارن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی سەرەتای ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، قووڵ بوونەوەی مەودای چینایەتی و هیتد… نە تەنیا بێ هیوایی بە سەرجەم پارەتەکانی بەشدار لە دەسەڵات پێکهێناوە، بەڵکوو ئەم بێ هیواییە داوێنی پارتە ئیسلامییەکانیشی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا.

هەرچەند ڕاپەڕینی ناڕەزایەتیی مافخوازانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تایبەت کرێکاران و مامۆستایان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە توندی سەرکوت کراوە، بەڵام هاوکات بووەتە هۆی گەشەی وشیاری سیاسی و چینایەتی خەڵک و ئەو ڕوانگەیەی کە خەڵک بە نیسبەت پارتەکانی دەسەڵاتدار بوویان بە تەواوی لەناو چووە و جەماوەری زوڵم لێکراو و بێبەشی کوردستان لە درووشمەکانیاندا ئەمەیان سەلماندووە کە هاوڕا نین لەگەڵ ئەم سیستمە سەرکوتگەر و چەوسێنەرە و خوازیاری نەمانی ئەم سیستمە بە سەرجەم پارت و لایەن ناسیۆناڵ ئیسلامییەکانی هاوپەیمانیانن. خەڵکی هەرێمی کوردستان لە خەباتی ١٠ڕۆژی ڕابردووی خۆیان و بە هێنانەی گۆڕی درووشم و داخوازییەکانیان، نیشانیان دا کە دژی سیستمی سیاسی ناکارامە و گەندەڵی فێدێرالیزمن کە پارت و لایەنە ناسیۆناڵیستەکانی کوردستانی ئێرانیش ئەم نوسخەیەیان بۆ خەڵکی ئێران پێچاوەتەوە. هەروەها لە کردەوەی ڕۆژانەی خۆیان سەلماندیان کە ئەم سیستمە که بە پشت بەستن بە دێمۆکراسی بۆرژوایی و پارلمانتاریسم ئیدارە دەکرێ، نە تەنیا ناتوانێ ژیان و گوزەران و ئازادی کۆمەڵایەتی خەڵک دابین کات، بەڵکوو لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایەکانی ژیانی خەڵکیش ناکارامەیە و تەنیا ئاڵترناتیوڤێکی کە بتوانرێ لەم بارودۆخە نالەبارە پشتی پێ ببەستی، پێکهێنانی شوڕاکانی خەڵکە و بوار ڕەخساندن بۆ دەسەڵاتی شوڕاییە.

سەرنج دان بە خواستەکان، مۆتاڵبات و درووشمەکانی بزووتنەوەی ئێستای خەڵکی ستەم لێکراوی هەرێمی کوردستان، نیشانی دا کە بزووتنەوەی ئەوان بزووتنەوەی نانە، بزووتنەوەی نەدرانی مووچەیە، بزووتنەوەی کار و ئازادییە، بزووتنەوەی دژبە ستەم و هەڵاواردن و نایەکسانییە و هەر ئەو جۆرەی کە خۆیان دەڵێن: بزووتنەوەی دژبە گەندەڵی و دەسەڵاتی مافیاییە. هەر بۆیە لە ڕوانگەی بیروڕای وشیاری کۆمەڵانی پێشڕەو و سەرجەم ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان، ئەم بزووتنەوەیە جێگای پشتیوانییە و هەر جۆرە سیاسەتێکی سەرکوت گەرانە لەدژی ئەم بزووتنەوە مافخوازانە و دادپەروەرانەی خەڵک مەحکوومە. ناساندن وسزادانی دەستوپێوەندەکانی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ بەرەوە خەڵکی ناڕازیی، ئازادکردنی خێرا و بێشەرتومەرجی سەرجەم دەستبەسەر کراوان و ڕاگیرانی هەر جۆرە سەرکوتێک لە لایەن دەسەڵاتەوە، لە ئەولەوییەتەکانی تایبەتی هەلومەرجی ئیستا به ئەژمار دێ…

Leave A Reply

Your email address will not be published.