پێتان وا نەبێ بە کوشتن و زیندانی کردن ئەم ئاگرە ئەکوژێتەوە!!!

0

پێتان وا نەبێ بە کوشتن و زیندانی کردن ئەم ئاگرە ئەکوژێتەوە!!!

سەرانی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی لە ماوەی ٢٩ ساڵی تەمەنیان ساڵ نەبووە ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکان و خۆپيشاندەرانیان نەکوشتبێ یا زیندانیان نەکردبێتن، بەڵام ئایا توانیویانە ئاگری توڕەیی و ناڕەزایتیەکان بە دژی سیستەمە نا عادلەکەیان خامۆش بکەن؟ ئەگەر بۆ ماوەیەکیش ئەو ئاگرەیان کز کردبێ بەڵام دواتر وەک بورکان لەسەرشەقامەکان سەری هەڵداوەتەوە. هیچ ڕژێمێک و دەسەڵاتێکی ستەمگەر نەیتوانیوە بە کوشتن و زیندانیکردن بەر بە بورکانی رق و تووڕەیی خەڵک بگرێ، خەڵک بە شۆڕش و ڕاپەڕینی خۆی لە ناوی بردووە ئەوەشی توانیویەتی تەمەنێکی زیاتر هەبێ پێی وا نەبێ تا ئەزەل بێ هەر لەدەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، خەڵک هەوڵ دەدا باشتر بێتە مەیدان و ڕێگای باشتر پەیدا بکا بۆ ڕاماڵین و ڕووخانی دەسەڵاتی ستەمگەرو سەرکوتگەرەکەیان. ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارو شارۆچکەکانی ناوچەی زۆنی سەوز و نیللی ڕووی دا وئەوەی لە چەند مانگی پێشوو لە ناوچەی زۆنی زەرد ڕووی دا، بێ بەزەیانە خەڵک لەسەر مافی ئینسانی خۆی خەڵتانی خۆێن کراو یا بەرەو زیندانەکان ڕاپێچ کراون. بەدرێژایی تەمەنی ئەم حیزبانەی کوردایەتی ئەمە هەر ڕووی داوە وە پێشتریش لە سەردەمی بەعسی فاشیدا ڕووی داوە، بەڵام نەتوانراوە ئەم بۆرکانی رق قینەی خەڵک بە دژی ناعەدالەتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خامۆش بکا، دووبارە و چەند بارە خەڵک دەستیان بردوەتەوە بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و شۆڕش و ڕاپەڕین. تا ئەم بارودۆخە نالەبارە هەبێ تا ناعەدالاتی هەبێ تا برسی کردن و بێکارکردن و هەژارکردنی خەڵک هەبێ تا سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی ئازادی هەبێ هیچ هێزێ ناتوانێ خەڵک سارد بکاتەوە وخامۆشی بکات. بەڵام بۆچی نەتونراوە ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە کۆتایی بەم دەسەڵاتە دژی ئینسانیە بێنێ؟ ئەوە ئەگەرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بە رێکخراوی و بەسەربەخۆیی نەهاتوەتە مەیدان، خەڵک بۆخۆی هێشتا نەیتوانیوە خۆی جیا بکاتەوە لە حیزبەکانی دەسەڵات و ئەو حیزبانەی کە بە سوار بوونی شەپۆلی نارەزایەتیەکانی خەڵک سەهمیان بۆ خۆیان لە دەسەڵاتی دزو مافیا دا بەدەست هێناوە یاخود هێشتا بەدەستیان نەهێناوە. خەڵک دەبێ لەوانە خۆی جیا بکاتەوە بەڕێکخراوی خۆیەوە بێتە مەیدان بەبێ ئەمە دیسان بەری ڕەنج و خەباتیان بە فیڕۆ دەڕوات، ئەوە دەزانم حیزبەکانی دەسەڵات بە بن دیوارو بڕینەوەی چەند مووچەیەک بۆ دارودەستەکانیان و ماستاوچیەکان بڕیوەتەوە وە ڕێگر بوون لە بەردەم خەڵکدا، بەڵام باشترە ئەوانیش بانگەواز بکرێن بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزی سەربەخۆی خەڵک وە پێیان ڕابگەیەنرێ ئەگەر خەڵک دەسەڵاتی هەبێ سامانی کۆمەڵگە ئەوەندە زۆرە بەیەکسانی دابەشی دەکا ژیانی ئەوانیش باشتر دەکا زۆر زیاتر لەو مووچە بندیواریەیان بە نسیب دەبێ جگە لەوە ژیانێکی شەرافەت مەندانەیان دەست دەکەوێ. کەوایە ئەگەر کلیلی ڕزگار بوون، ڕێکخراوی سەربەخۆی خەڵک بێت با هەر لە ئێستاوە دەست بکەین بە دروستکردنی، زۆر ئاسان دەتوانین لە گەرەک و کارگەو ئیدارەکان کۆبوونەوەی گشتی ڕابگەیەنین بە ناوی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە بەشێوەکی زۆر دیموکراسیانە ڕێگا بدرێ خەڵک قسەی خۆی بکا و ئەنجا نوێنەرانێ هەڵبژێرن بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان و بڕیار دان لەسەر ئەوەی چی دەبێ بکرێ و چی ئیمکانی هەیە بۆ سەندنەوەی مافەکان. دەکرێ بە دەنگدانی کۆبوونەوە گشتیەکانی گەرەک و شوێنی کار رێکخراوی سەربەخۆی خەڵک دامەزرێ و ناوێکیشی لێ بنێن دەکرێ ناوی بنێن شورا یا ئەنجومەن یا کۆمیتە شۆڕشگێرەکان یا کۆمەڵە هەرەوەزیەکان. بەبی ئەم کارە کە دەبێ بیکەین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانمان ئاکامێکی ئەوتۆی نابێ ڕەنج بە فيڕۆ ئەبین هەر قوربانی ئەدەین و ئەمانکوژن و زیندانیمان ئەکەن وبارودۆخی ناعادلاتی و هەژاری و دزی وگەندەڵی دەسەڵاتدارانیش بەردەوام دەبێ. بە ئومێدی دەست بەکاربوونمان بۆ دامەزراندنی رێکخراوی سەربەخۆی خۆمان بەبێ لە بەرچاوگرتنی ئایین و عەقیدەو بیروباوەر بەبێ لەبەرچاو گرتنی ژن بوون پیاوبوون، با تەنها لە دەوری ئامانجی بەدی هێنانی دونیایەکی باشتر و ژیانێکی باشتر نارەزایەتیەکانمان بەرەو سەرکەوتن ببەین.

 سەردار عەبدوڵا حەمە ٧/١٢/٢٠٣٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.