لە پەیوەند بە زیندانییە سیاسیەکانی هەولێر و بادینان دا  عەبدوڵا مەحمود

0

 لە پەیوەند بە زیندانییە سیاسیەکانی هەولێر و بادینان دا

 

 عەبدوڵا مەحمود

چەندین مانگە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەتایبەتیش پارتی، دەیان هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری، رۆژنامەنووس، مامۆستا، وە کەسانی بەشدار لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی، دەستگیر کردووە و بەشێکیشیان بەشێوەی مافیایی رفێنراون. تاوانی هەموو ئەو دەستگیرکراوانە بەشداری و رۆڵ بینینان بووە لە نارەزایەتی دەربرین بەدژی بێ موچەیی و گرانی و بێکاری و نۆکەر پیشەیی دەسەڵات بۆ هێزە داگیرکەرو فاشیستەکانی ناوچەکە.

لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەدژی ئەو هێرشە سەرکوتگەرانەیەی پارتی چەندین کەمپەینی نارەزایەتی لەلایەن نووسەران و هەڵسوڕاوانی سیاسی چەپ و پێشکەوتنخواز، رۆژنامەنووسان و کەسایەتی دیار وەرێخراون. چەندین کەسایەتی و رێكخراوە و نەقابەی کرێکاری و جەماوەری و پیشەیی لە دنیای دەرەوە، نامەی نارەزایەتیان ئاراستەی دەسەڵات کردووە، چەندین کۆبونەوەو خۆپیشاندانی نارەزایەتی لە بەشێک لە وڵاتەکانی ئەوروپا و ئوسترالیا سازکراوە، بەشیکیان لەبەردەم نوینەرایەتی حکومەتی هەرێم!! بووە، کەچی پارتی سەرەرای ئینکاری کردن لەزیندانی کردن، هەوڵی داوە سیناریۆی ساختە و لە پێشدا ئامادەکراو بۆ ئەو زیندانیانە دروست بکات و دۆسیەکانیان بگۆڕێت، لەوەش واوەتر تا ئێستا بەشی هەرەزۆری زیندانی کراوەکان لە زیندانەکاندا ڕاگیراون، ئەوە لە کاتێکدایە سەرانی ئەم حزبانەو رۆژانە ئەوە ڕادەگەیەنن کە زیندانی سیاسی لە هەرێمدا نییە.

هۆکاری دەستبردنی دەسەڵاتی سیاسی و پارتی بۆ نەهیشتنی ئەو پەراوێزە سیاسیەی کە بەرهەمی خرۆشانی جەماوەری ساڵی ١٩٩١ و قوتبی نەبوونەوەی دەسەڵات و لەمەیداندابوونی بزوتنەوە نارەزایەتی جەماوەری و ئازادیخوازی کورستانە، پەرەسەندنی تورەیی و نەفرەتی جەماوەرییە لە دەسەڵات و ئەو نابەرابەرییە چینایەتیە قوڵە بێوێنەیەی کوردستان.

نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار لە کوردستان و بنەماڵەکانیان و کۆمپانیا هەمەچەشنە بازرگانی و قاچاغچیەکانیان، دەستیان بەسەر هەموو سەرچاوەکانی داهات و سامان و کار و کاسبی و تەنانەت موچەش کە دەسترەنجی ماندوبوون و خزمەتی کۆمەڵگەیە، گرتووە. لەو رێگایەشەوە سەروەت و سامانێکی خەیاڵیان بۆ خۆیان و کەس و کارو خاوەن کۆمپانیاکان، کەڵەکەکردووە، لەبەرامبەریشدا ژیان و گوزەرانی چینی کریکارو کارمەند و توێژە بێبەشەکانی کوردستانیان بەرەو داڕمان و نابودکردن بردووە. لەوەها هەلومەرجێکدایە کە دەیانەوێت ئەو هەلومەرجە سەختە لەرێگای سەرکوت و ترس و تۆقاندنەوە، بۆ هەمیشە درێژە پێبدەن و کۆمەڵگە بێدەنگ و خامۆش رابگرن.

لەبەرامبەر بەم هەلومەرجە سەختەدا کە دەسەڵات بەشێوەی مافیایی لەڕیگای هێزی میلیشایی و زەبروزەنگ و دەست بەسەراگرتنی داهاتەوە، دای سەپاندووە، دەرەتانێک نەماوە بۆ جەماوەری کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە جگە لە نارەزایەتی و وەستانەوە بەرووی ئەم زوڵم و نابەرابەرییە ئابوریە. بۆیە تا دێت بزوتنەوە نارەزایەتی جەماوەری فراوانتر و بەرینتر و سەراسەری تر دەبیتەوە، تادێت ویستی نارەزایەتی جەماوەریش بەرەو سەر دەچێت و خواستی چاکسازی و داواکارییەکان، جێگای خۆیان دەدەن بەخواستی راماڵینی دەسەڵات. بەتایبەتیش کە بۆ جەماوەری بێبەشی کوردستان رۆشن بۆتەوە کە ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت و تاڵانی و دزی و مامەڵەی مافیایی لەگەڵ داهات و سامانی کوردستان و خواستەکانی خەلکی کوردستان، ستراکتۆری ئەم دەسەڵاتەیە و دەستبردن بۆیان بەمانای کۆتایی دەسەڵاتیان دیت. بۆیە خواستی چاکسازی تەنها و تەنها خواستی بەشێکی ناچیز لە بەشداربوونی دەسەڵاتن کە ناڕازین لە بەشی خۆیان، نەک خواستی جەماوەری بێبەشی کوردستان. خواستی جەماوەری لەسەراسەری کوردستان کۆتاییهێنان بەدەسەڵات و ڕاماڵینیەتی.

ئەگەر پێشوتر تورەیی و نەفرەتی جەماوەری شەقام زۆتر زۆنی سەوز و نیلی گرتبۆوە، ئەوە لە ساڵی رابردووەو زۆنی زەرد بەگشتی و پێگەی پارتی لە بادیناییشی گرتۆتەوە، بۆیە زوربەی گیراوەکان و ڕفێنراوەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، ئەمجارە هەڵسوڕاوان و رابەرانی بزوتنەوەی تورەیی جەماوەری زۆنی زەرد و بادینانن. ئەم ئاڵوگۆرەو پەڕینەوەی نارەزایەتی شەقام بۆ سنوری پارتی و ناو دڵی پیگەی دەسەڵاتدارێتەکەی، زەنگێکی مەترسیدار بۆ سەر دەسەڵاتی و سیاسی پارتییە. هەوسار پچرانی پارتیش هەر ریشەی لەم واقعیەتە تازەیەدایە کە لەبادینان دەسەڵاتەکەی کەوتۆتە بەردەم نارەزایەتی جەماوەری.

پارتی وەکو هێزی سیاسی باڵادەست و قۆرغکاری هەرێم، لەهەلومەرجێکدا دەرگیرە لەگەڵ بزوتنەوەو نەفرەتی جەماوەری، کە لە ئاستی عێراقدا توشی پاشەکشەو لەسەر گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا تاک باڵ و لەسەر ئاستی ناوچەکە لاوازتر و لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی تەریکترە… ئەمەش هێندەی تر پارتی و دەسەلاتەکەی تەنگە نەفەس کردووەو دەیەوێت هەرچۆنێک بووە ناوخۆی کوردستان و بەتایبەتی ژیر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی خۆی ئارام رابگرێت، ئەم هەموو سەرکوت و داپلۆسین و ڕفاندنەش هەر بۆ ئەم ئامانجەیەتی.

هێزە سیاسیەکانی تری سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان لەخانەوادەی بۆرژوازی کورد، بەدیاریکراوی یەکێتی و گۆڕان کە خاوەنی دەسەڵاتی زۆنی سەوزن و بەرپرسی راستەوخۆی ئەو جغرافیایەن، بەو هۆیەوە لەلایەکەوە بەدەست کێشەی ناوخۆیی و لەلایەکی ترەوە بەهۆی بی پڕۆژەیی و بی نەخشەیەوە، کیرڤیان روو لە دابەزینە، لەگەڵ ئەوەدا لە حکومەت و پەرلەمانی دیکۆردا، هاوبەشی پارتین، بەڵام لە دنیای دەرەوەو پراکتیکیدا وەکو هیزی ئۆپۆزیسیۆن مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکەن و کروزانەوەیان بۆ بەشی زیاتر لە پارتی جەرگی هیڵی سیاسیانی هێندەی تر کونکردووە. یەکێتی و گۆڕان کە وەکو دەسەڵاتی پارتی لەبەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدان لە ژیڕ قەڵەمرەوی دەسەڵاتیاندا، لەبەرامبەر سەرکوت و داپلۆسینی پارتیدا بێدەنگن و بەمەش دەبنە هاوکار و پشتیوانی سەرکوتگەرییەکانی پارتی.

سەرکوتکەری دەسەلات بەگشتی و پارتی بەتایبەتی، بەو گوشارانەی تا ئێستا لەسەری بووە، نەبۆتە هۆکارێک بۆ پاشەکشەپیکردنی پارتی و ئازادکردنی گیراوەکان و دەست کورتکردنەوەی پارتی لە زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن. بۆیە پێویستە ئەو گوشارانە بۆسەر دەسەڵاتی سیاسی و پارتی توند بکرێتەوە، یەکەمین هەنگاویش لەو راستایەدا، تێپەڕینە لە نارەزایەتی کەمپەینی و ئاکسیۆنی و گۆرینیەتی بە کارێکی هەمیشەیی و بەنەخشەی فراوانتر و رێکخراوترەوە بۆ زامنکردنی ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان. هەروەها گرێدانەوەی خەبات بۆ ئازادی و ئازادییە سیاسیەکانە، لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ خواستەکانی لە موچەو خزمەتگوزارییەکانەوە تا دەگاتە خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات.

کۆتایی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.