ڕێکخراوبوونی هێزی چەکدار لەبزوتنەوەی شورایی دا عبدالرحمن رسول

0

ڕێکخراوبوونی هێزی چەکدار لەبزوتنەوەی شورایی دا

عبدالرحمن رسول

دیارە خودی مەسەلەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە زۆر جارباس کراوە, بەڵام باسکردنی ئەم جارە زۆر جیاوازە و تێکۆشانی جیاوازی دەوێت، چونکە ڕێکخراوبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەناوبزوتنەوەی شورایی دا پێشتیوانێک و هاوکارێکی بەهێزی سەرکەوتنی ناڕەزایەتی و تێکۆشانی جەماوەری خەڵکە بۆهێنانەدی نان، کار، ئازادی, ئیدارەدانی شورایی. ئەم هەنگاوەش بەبێ تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوانە بەئەنجام ناگات. بۆیە پێویستە پێشمەرگە و پلە دارو بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە و زێرەڤانی و بەشەکانی تری چەکدار و سەربازو پۆلیس بەئیرادەیەکی بەهێزەوە دڵسۆزانە ئەگەر ناڕازین بە چەوسانەوەو دزی و گەندەڵی و سەرکوتی خەڵک ببنە بەشێک لەهێزی ناڕەزایەتی خەڵک و پارێزگاری لەخەڵکی ناڕازی  بکەن. ئایا ڕاستگۆیانە پارێزەری خەڵکی کوردستانن یان پارێزەری گەندەڵکاران و دزو چەوسێنەران؟

هەرچەندە هەموو لایەک دەزانێت پێشمەرگە شەڕی لەدژی تیرۆریستانی داعشی ئیسلامی کردووە و قوربانی زۆری داوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەم هێزو سوپا گەورەیە کە ناسراوە بە پێشمەرگە ماوەی چەندین ساڵە بەشێکی کاریگەرە لە سوپای دەسەڵاتداران دژی خەڵکی ناڕازی چەوساوە، هاوشان لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش، خەڵکی خۆپیشاندەرو ناڕازی لەسەر خیابان و شەقامەکان بە زەبری دارو فیشەک سەرکوت کردووە. ئەم هێزە چەکدارانە دیوارێکی بەرزیان بە دەوری ستەم و دەسەڵاتی دزو گەندەڵکاریدا هەڵچنیوە بۆپارێزگاری کردنی ئەوجۆرە سیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەرە دڵسۆزانە لەبەرامبەر هێزی ناڕازی خەڵک بەسەرکوتکردن وەستاونەتەوە. پێویستە لەپێناو گۆڕانکاری و هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر پێشمەرگە لەداهاتوو ئەمە پێچەوانە بکاتەوە، چیتر لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی وخۆپیشاندەرو چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز نەوەستێتەوە، باشترین هەنگاو ئەوەیە بچیتە پاڵ هێزی خەڵکی ناڕازی کۆمەڵگەکەی. ئەوەی لەبیربێت کە هاوسێ یەکەی یان خزمەکەی یاخود هاوشاری یەکەی لەناچاریدا دەست بۆ ناڕەزایەتی وخۆپیشاندان دەبات، بەهۆی هەبوونی سفرەی خاڵی و برسێتی و بێکاری و بێمافییەوە، چ جۆرە ویژدانێکە سەرکوت بکرێت و تەقەی لێ بکرێت و بکوژرێت و بریندارو کەم ئەندام بکرێت بەفیشەک و تفەنگی ئێوەی چەکداری پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و زێرەڤانی، تاکەی ویژدانی مرۆڤایەتیتان ناجوڵێت بۆ بەرگری لەماف و ئازادی مرۆڤایەتی ئەو خەڵکە هەژارو چەوساوەی کوردستان؟! ئێوەش مرۆڤن پێویستە مرۆڤایەتی بوونی خۆتان بەکردار نیشان بدەن کەبەرگری لەتێکۆشانی هێنانەدی ژیانێکی باشترو نوێتر دوور لەچەوسانەوەو سەرکوت بکەن شان بەشانی خەڵکی ناڕازی. ئێوەش چەوساوەی دەستی ژێر دەسەڵاتی ئەو جۆرە ڕژێمە کۆنەخوازو چەوسێنەرن لەکوردستان، ئێوەش گیرتان خواردووە لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخوازو دزو گەندەڵی عێراق و کوردستان. هەرچەند ساڵ جارێک یان هەموو ساڵێک شەڕێکتان بەسەردا دەسەپێنن و دەتان کەن بەقوربانی، بەچەندین پێشمەرگە بەهۆی بێ پارەیی و هەژاری کە نەی توانیوە کرێی خانوویی بدات یان قەرزەکەی بداتەوە یان ماڵ ومنداڵ وخێزانی بەخێو بکات بەداخەوە خۆی کوشتووە، یان خۆی خنکاندووە بەچەندین چیرۆکی ڕاستەقینە ڕووی داوە لەسەر ژیانی پێشمەرگەو زێرەڤانی و پۆلیس کەبەهۆی بێ پارەیی لەخێزانی جیابۆتەوە. یاخود لەکاتی گەڕانەوەی بۆ دەوامی فەرمی پارەی کرێی سەیارەکەی پێ نەبووە و قەرزی کردووە. لەکاتێکدا خاوەن خێزان و مناڵیش بووە. ئەم ڕووداو چیرۆکانە لەڕاگەیاندنەکانەوە باس کراوە و بڵاوکراوەتەوە. دەتوانین بڵێن پێشمەرگەو زێرەڤانی و پۆلیس چەوساوەی دەستی هەمان ڕژێمن کەخەڵکی کوردستان لێی ناڕازی یە. پێویستە ئەوە بزانن لەئێستادا دەتوانن ئێوەی هێزی چەکدار بۆ هێنانەدی ئاسۆیەکی نوێ کە کۆمەڵگەی کوردستان لەم سەرگەردانی وقەیراناوی یە ڕزگاری بێت هاوکاربن و هاوپشت بن. بەهاوپشتی ئێوەی پێشمەرگە و زێرەڤانی وگەریلا و چەکدارو پۆلیس شانبەشانی هێزی ناڕازی  و کرێکارو چەوساوە هەرچی زووترو خێراتر بگەین بەهێنانەدی نان، کار، ئازادی، ئیدارەدانی شورایی. ئەگەرئێوە لەگەڵ نەبن وێژدانتان نەجوڵێ و زیندوو نەبێت، هەر بەردەوام بەرگری بکەن لەسیستەم و دەسەڵاتی دزو گەندەڵکاران و کۆنەخوازو چەوسێنەران، ئەوا کاروانی تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی کرێکارو چەوساوە بۆهێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر و هێنانەدی نان، کار، ئازادی ئیدارەدانی شورایی دا، دوا دەکەوێت لەگەڵ دواکەوتنی ئەم تێکۆشانەدا ئێوەش باجی قوربانی و چەوسانەوە دەدەن و کەسوکارو خزمەکانتان لەهەژاری و بێکاری و برسێتی و ئاوارەیی دا دەگوزەرێن. هەروەها ئەم تێکۆشانە ئینسانی یەش سات دوای سات بەهێزتر دەبێت و ناوەستێت هەتا هێنانەدی دەسەڵات و حکومەتی شورایی کەتێدا بەبێ جیاوازی هەمووان دەستیان دەگات بە نان، کار، ئازادی. بۆیە پێویستە لەقۆناغی ئێستادا پێشمەرگە و زێرەڤانی و گەریلا و پۆلیس و ئاسایش ئەم هەلەی ئێستا لەدەست نەدەن، چونکە زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگە ناڕازی یە لەوجۆرە سیستەم و دەسەڵاتەی کوردستان و عێراق، ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئەم ناڕەزایەتییەی خەڵک بەهێزترو گەشە دەکات هەتا ڕۆژێک لەتێکڕا لەداهاتوو دەبێتە بورکان و تۆفانی شۆڕش و ڕاپەرین، ئەوکات ئەگەر لەگەڵ خەڵکی ناڕازی ئێستا نەبن ئەوکات شەرمەزاری خەڵک زۆر زیاتردەبن. هەرچەندە ئەم هێزە چەکدارانە سەرجەمیان لە منداڵدانی حیزبەکانەوە دروست بوون کە حیزبەکانیش لەقۆناغی دەرەبەگایەتی و عەشیرەتی یەوە دامەزراون کەئێستاش بەهەمان نەفەسی خێڵایەتی حیزبایەتی دەکەن، بۆیە هێزی پێشمەرگەش زۆر جار بۆتە قوربانی ململانێی نێوان حیزبەکان. ئەگەر هێزی پێشمەرگە و هێزی سەربازی هێزی چەکداری ڕاستەقینە و دڵسۆزی خەڵکی کوردستانن دەبێت بەکردار خزمەت بەکۆمەڵگە بکەن، لەبەرژەوەندی خەڵکی کۆمەڵگەکەی چەک بکەنە شانیان. ئەم هێزە چەکدارانەی ئێستا هەن نەیان توانیوە بە کردار ئەوە بسەلمێنن کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان چەکیان کردۆتە شان. لەگەڵ ئەوەی خوێنی زۆریان ڕشتووە و قوربانی زۆریان داوە و زۆریش ماندوون، بەڵام هەموو تێکۆشان و ماندووبوونیان خراوەتە خزمەتی حیزب و بەرپرسە باڵاکانیان ئەمەش لەبەرئەوەی زیاتر بەردەوام بەرژەوەندی بەرپرسەکانی حیزبەکانیان پاراستووە و فەرمان وبڕیاری سەربازیان بەپێی بەرژەوەدی و سوودی حیزب جێبەجێ کردووە، هەربۆیەش زۆر جار بەرگرییان لەپاراستنی بەرپرسێکی دزو گەندەڵ کردووە. هەرگیز حیزبەکان لەخەمی ئەوەدا نەبوون کە ئەم هێزەی زۆرەی پێشمەرگەی حیزبەکان بکەن بەیەک هێزی سەبازی حکومی، ئەو مۆدێلەی لەکوردستانەدا هەیە کەلەلایەک پڕوپاگەندەی حکومەتداری بکرێت لەلایەکیش مانۆڕو نمایشی چەکداری حیزبەکان بکرێت و بەهێزی چەکدار سەرکوتی ئازادییەکان بکرێت و بەنادیاری و بەبێ ئاگاداری دادگاکان ڕۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی بەشەو و بەڕۆژ بێ سەروشوێن بکرێت لەلایەن هێزی چەکداری دەمامکدارەوە کەلەلایەن بەرپرسێکەوە ڕاسپێردراوە بۆهێرشکردن و شوێن بزرکردن یان کوشتن. لەهیچ وڵاتێکی نیچمە پێشکەوتووشدا نییە بەناوی هێزی حکومەتەوە، بەڵام دابەشکراوە بەسەر هێزەکانی حیزب و خێڵ دا. هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و حیزبەکانی تر هەر هێزێک ناوچەیەکی دیاریکراویان پاوان کردووە بۆخۆیان. هەرکاتێک بەرپرسی باڵای حیزب بڕیاریاندا ئەو هێزە دەجوڵێنن  مانۆڕی چەکداری پێدەکەن یان هێرش دەکەن سەر حیزب و کەسانی مخالیفی سیاسی حیزبەکەی یان ئەمەش نەک بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵکو بە بڕیاری بەرپرسی باڵای حیزبەکەیە. بەدرێژایی ئەم چەندەها ساڵەی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی بەناو ئیدارەدان وبەڕێوەبردنێکی حکومی هەبووە، بەڵکو لەناوەڕۆکدا بەپێی هەبوونی هێزەکانی حیزبەکان دابەشکراوە بەسەر چەند ناوچەی جیاواز. لەساڵانی نەوەتەکانی ڕابردوو ئیسلامییەکان و یەکێتی و پارتی و سۆشیالیست و شیوعی و حیزبەکانی تر هەریەکەیان ناوچەیەکی مۆنۆپۆل وپاوان کردبوو. لەئێستاشدا بەهەمان شێوە، کوردستان کراوە بەسێ ناوچەی جیاواز بەپێی هێزی چەکداری حیزبەکان دابەشکراوە. ئەوانیش پارتی و یەکێتی و پەکەکەیە. ئەم دابەش کاری یە هەرگیز خواستی خەڵکی کوردستانی لەسەر نییە، بەڵکو ئەمە زیان بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەگەیەنێت، کەزۆرجار بەهۆی ململانێی سیاسیان شەڕیان لەگەڵ یەکتری ئەنجامداوە دیلەکانی یەکتریان کوشتووە و هەوادارو کادری یەکتریان بێ سەروشوێن و تیرۆرکردووە خەڵک و هاوڵاتی بۆتە قوربانی شەڕەکانیان. لەقۆناغی ئێستاشدا کەسوکارو خانەوادەی بێ سەروشوێنکراوان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسییان سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەوحیزبانە دەکەن سکاڵاو داواکارییان پێشکەش دەکەن کە کوڕ و براو هاوسەریان لەشەڕی نێوان حیزبەکاندا بێ سەروشوێن کراوە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵی نییە، بەڵام هەروەک ساڵانی ڕابردوویان هیچ وەڵامێکیان دەست ناکەوێت، تەنانەت جەنازەو تەرمەکانیشیان نادەنەوە، ئەمەش زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە کەلەکاتی شەڕدا لەشاخ و دۆڵەکان بەدیلی کوشتوویان و شوێن بزریان کردوون، ئەمەش دەری دەخات کەئەم حیزبانە ئەوەندە فاشیانە حیزبایەتی و سیاسەتیان کردووە کە بەهیچ جۆرێک ڕەچاوەی یاساکانی مافی مرۆڤ لەجەنگ و شەڕەکانیاندا نەکراوە. هاوشیوەی ساڵانی ڕابردووی شاخیان هێزی پێشمەرگە لەژێر بڕیارو ڕاسپاردەی حیزبەکاندایە، هەرکات حیزب تووشی ململانێی سیاسی بوو لەگەڵ حیزبێک بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیارەکانی حکومەت هێزی ئامادەی شەڕ دەکات لەگەڵ حیزبی مخالیفی خۆی. کەواتە ناکرێت هیچ چاوەڕوانێکی باشبوون لەم حیزبانەی دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزیسیۆن بکرێت. ڕۆژ دوای ڕۆژیش کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو دواوە دەگێڕنەوە بەسەرکوت و چەوسانەوە و دزی و گەندەڵییەکانیان، باشترین نەخشە ڕێگاش ئەوەیە لەخوارەوە، لەناو ناڕەزایەتی خەڵکەوە دەست بەچاندنی هیوا و ئومێدی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر بکرێت لەلایەن خودی خەڵک خۆیەوە. هەربۆیە پێویستە ئەگەر کە پێشمەرگە دڵسۆزی خەڵک و کۆمەڵگەیە هاوکارو پشتیوانی سەرکەوتنی ئەونەخشە ڕێگایە ئینسانییە بێت. کەپێویسته‌ پڕۆسه‌ی نوێ کردنەوەو گۆڕانکاری و داڕشتنه‌وه‌كه‌ له‌خواره‌وه‌، له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌ستپێبكات، نه‌ك له‌حیزبه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی  ئەم حیزبانە توانای چاكبوونه‌وه‌و گۆڕانكاریان نه‌ماوه‌و قۆناغیان به‌سه‌رچووه‌، بەهیچ جۆرێک ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە وبەرەو قبوڵکردنی لایەنی کەمی دیموکراسی سەرمایەداریش هەنگاوبنێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌لی تێکۆشانی مێژووی خۆیان وه‌رگرت، نه‌ك نه‌یانتوانی كۆمه‌ڵگەی کوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن، به‌ڵكو زۆر بەخراپی دووچاری زۆرترین نه‌هامه‌تیان كردو له‌هه‌موو ڕوویەكه‌وه‌ وێرانیان كرد، بەمرۆڤەکان و ژینگەوە بەتەواوی تێکیان شکاندن و لەناویان برد، ئیرادەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ومرۆڤایەتی یان بەردەوام ویستوویانە بەکرداریان لەناوی بەرن و لاوازی بکەن. له‌لایه‌كی تر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و حیزبانە وا تێكه‌ڵ به‌به‌رژه‌وه‌ندی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و فاشیزم بووه کەهەرگیز ناتوانن دەستی لێ هەڵبگرن. بۆیە بەناچاری پێویست دەکات تێکۆشان بۆڕوخانی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەریان گەشەی پێ بدرێت و ئامادەباشی زیاتری دڵسۆزانەی بۆبکرێت. لەڕێگەی گەشەدان و بەهێزبوونی بزوتنەوەی شورایی کەبزوتنەوەیەکی خەڵکی ناڕازی لەدەوری خۆی کۆبکاتەوەو بیکات بەیەک بزوتنەوەی بەهێزی خەڵکی ناڕازی کوردستان کەئامانجی ڕوخان و هەڵپێچانی ئەم نیزام و سیستەم و دەسەڵاتە بۆگەن و کۆنەخوازو چەوسێنەرو دزو گەندەڵە بێت، لەدواییدا دەسەڵاتی خەڵک کە بەئیدارەدانی شورایی لەکۆمەڵگە جێگربکرێت. خودی خەڵک خۆی بتوانێت زۆر بەباشی چاودێرێش بێت بەسەر هەنگاوەکانی حکومەتی شوراییدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.