لەگۆڕنانی دەسەڵاتی پیاوسالاری  ڕۆشناییەک بۆ ئازادیی ژنان!

0

لەگۆڕنانی دەسەڵاتی پیاوسالاری  ڕۆشناییەک بۆ ئازادیی ژنان!

گە شاو ڕەحیم

لە گۆڕنانی دەسەڵاتی کوردیی بنەماڵەیی و خاوەن ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ژەنگگرتووی دین و کۆنەپەرستی لە کوردستان زۆر دەمێکە کاتی تەواو بووە و پێویستە دەسەڵاتی سەربەخۆی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و ئازادیخواز جێگای بگرێتەوە. لەم نێوەدا ژنان لەسایەی ئەو دەسەڵاتە مافیایی و ژن کوژەدا بونەتە قوربانی و بە بەهانەی نامووسپەرستی پاراستنی ” شەرەفی پیاوان” ەوە گیانی سەدان و هەزاران ژن خەڵتانی خوێنکراوەو سەدان کیژۆڵەی تەمەن خوار هەژدە و شانزە ساڵانیش بەناوی زەواجی شەرعییەوە ئیغتیساب دەکرێن و لەکاتی ڕازی نەبونیشیاندا لێدان و سوکایەتی و تا دەگاتە کوشتن و سەربڕین چاوەڕێیانە. بۆیە ئێمەی ژنان ئەبێت دەنگی خۆمان بخەینە ڕیزی هاوخەبات و هاوچارەنوسەکانمانەوە.

ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم چەند ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان بەشداری زۆر کەمی ژنانی پێوەدیارە و ئەگەر ژنان کە نیوەی کۆمەڵگە و نیوەی گشت هێزێکن لەپێناو هاوسەنگ ڕاگرتنی کۆمەڵگە و یەکسان هێشتنەوەو یەکسان بەڕێوەبردن، بۆیە هاتنەمەیدانمان لەگەڵ هاوشانی پیاوان گەرەنتیی سەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکانمانە لە پێناو ئازادی و یەکسانیی ڕاستەقینەدا. هەر لەسەر ئەم بنەمایەوە ئێمەی ژنان دەنگی خۆمان و ناڕەزایەتییەکانمان دەخەینە ڕیزی هاوخەبات و هاوچارەنووسەکانمانەوە، تا دامودەزگای دەسەڵاتدارانیک لە ناوبەرین کە لەسایەیدا نزیک بە سێ دەهەیە بێکاری، بێخانەو لانەیی، گرانی لەڕادەبەدەری خۆراک و نەدانی کرێی کرێکاران و فەرمانبەران، ڕفاندنی ڕۆنامەنووسان و ئازادیخوازان و تیرۆر کردنیان سیمای قێزەونی ئەم دەسەڵاتەیە، کە بەڕاستی ڕووی گشت شەرمەزارییەکیان شکاندووە..!!

لەکۆتاییدا ماوە بڵێم، لەپێناو ئەوەدا کە ئێمەی ژنانیش لەگەڵ پیاوانی هاوچارەنووسماندا لەم هەرێمەدا هەناسەیەکی قووڵی ئازادی هەڵمژن و وەک مرۆڤ ژیان بکەین و یەکسانیی تەواومان لە کۆمەڵگەدا هەبێت، بەشداریی جیدیمان لە ناڕەزایەتییەکاندا و خۆڕێکخستنمان بە وشیارییەکی چینایەتی و یەکسانیخوازییەوە گەرەنتیی کردنەدەرەوەی ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرست و دڕندەو پیاوسالارەی حزب و بنەماڵەی کوردایەتییە..

بژی هاوئاهە نگی ژنان و پیاوان بۆ چارە نووسێکی پڕئینسانی

                                  ئە ڵمانیا

                      09 ی دیسەمبەری 2020

Leave A Reply

Your email address will not be published.