کوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕە!

0

کوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕە!

سەرەتا وکۆتایی دەورەیەک!

٦.١٢.٢٠٢٠

ابراهیم حسێن

لەسەری بەرز بۆ موچە نەوی ناکەین تا دەسەڵاتی تۆ و قۆندەرەی ئێمە، ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرای سەرەتا و کۆتایی دەسپێکردنی ژیانکردنە لە سایەی دەوڵەت و دەسەڵاتی بۆرژوازی خۆیی و خۆ وڵاتیدا، لە ژێر سایەی کوردایەتیدا.

لەسەرەتای ئەم دەوریەدا، هەمان ڕۆژەکانی سەرەتای بە نان و نەوای بە دەسەڵات گەیشتن و بە کوێخابوونی ئەم بورژوازییە، جەماوەرێکی ئێجگار زۆر لەو خەیاڵەدابوون ڕەنگە ئیتر چاویان بەسەر ژیانێکی ئازادتردا بکرێتەوە، ڕەنگە هەر ئەوەندەی کابوسی ترس و ئیختیناق و دیکتاتۆریەتی بۆرژوایی غەیرە خۆی یەخەیان بەردا، ئیتر ڕەنگە دیکتاتۆریەتی بەشەکەی تری بۆرژوازی خۆیی کەهەمان زمان قسە دەکا، هەمان جلوبەرگی لەبەرە و هەمان ئەفسانە و داستانی هەیە، ئەوەندە نائازاد، دیکتاتۆر و کۆنەپەرەست نەبێ.

ئەوەندە دژی ژن و بێ پڕنسیپ و له پیادەکردنی کۆنەپەرستیدا ئەوەندە بێ دەربەست و بێ هەوسار نەبێ.

ئەم خەیاڵە، ئەفسانە دەرچوو. ئەم کۆنەپەرەستیە بورژوازییە، تەمەنی نەوەیەکی لەگەڵ خۆی برد. هەزاران کەسی لەونەوەیەی بۆ ڕاکردن لەوشێوە ژیانە و بۆ دەستڕاگەیشتن بەژیانێکی باشتر، ناچار بەسەرهەڵگرتن و ژیانکردن لە گۆشەوکەنارەکانی ئەم دنیایە کرد، هەندێکیان گەیشتن و هەندێکیان هەرگیز لەو گەشتە ناچاریەدا نەگەڕانەوە و لە دەریاکان خنکان، سەدانی تریان کرانە قوربانی دەسەڵات و دابەشکردنی پارە و سەروەت. هەزارانی تری گۆڕی بە چەکداری داماوی دەسەڵاتی ئەم کەمایەتیە سەرمایەداره و ئەم کۆنەپەرستیە بۆرژازیە تازە پێگرتوە.

لەهەمان ڕۆژەکانی سەرەتای پێگرتنی ئەم کۆنەپەرستیە بورژوازییە نەوپایەی کوردایەتی، کۆمۆنیزم ئاڵای یەکگرتن و یەکێتیەکی چینایەتی تری هەڵکرد، ئاڵای یەکێتی چینایەتی و ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران و ئۆردوی ئینسانیەتی بێبەش وشورا و جوڵانەوەی شورایی هەڵکرد، تەنها دەنگێک کە ڕایگەیاند یەکێتی نەتەوەیی درۆیە و خورافەیە، ئازادی و ژیانی ئازاد و خۆشبەختی، بە فەڕزی دەسەڵاتی سەرمایە و کۆنەپەرستی بورژوایی، ئەفسانەیە و بۆرژوازی لەهەر بەرگ و لەژێر هەر ئاڵاو پەرچەمێکدا وهەر ئیددیعایەکی هەبێ، دژی ئازادییە، دژی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی و کۆنەپەرستە.

لەدڵی چەکەرەکردنی ئەم کۆنەپەرەستیە بورژوازیە  ئەم کۆمۆنیزمە تەنها هێزێک بوو قسەی دڵی ئینسانیەتی کرێکار و بێبەش بکا، تەنها هێزێکی سیاسی کە بوو کە لە(نا)ی خۆی بەو هەلومەرجە نەهاتەخوار، سەرباری هەموو درۆهەڵبەستن و بایکۆتێک  کە بورژوازی بۆی هەڵبەست و بەسەریدا سەپاند، لەسەر قسەی خۆی مایەوە و قسەی دڵی کرێکار و ئۆردوی  ئینسانیەتی بێبەشی کرد. جوڵانەوەی شورایی و بێکاران وجوڵانەوەی یەکسانیخوازی ژنانی بەڕێخست و خستە سەرپێ. ڕابەرانێکی ڕادیکاڵی دایە کۆمەڵگە کە لە دڵی خۆشباوەڕیە جەماوەریی فراوان، لەو پەڕی مڵهوڕی و هەڕەتی گەنجێتی ئەم کۆنەپەرەستیە بورژوازیەدا، قسەی دڵی ئینسانیەتی کرێکار و بێبەشیان، نوێنەرایەتی کرد. شتێک کە بۆ ئەو بۆرژوازیە نەوپایە قابیلی قوتدان نەبوو، درۆ هەڵبەستن و بایکۆتی هەمەلایەنە سەپاندن بەسەر ئەو کۆمۆنیزمە کە تەنها هێزێکی واقیعی بوو کە قسەی دڵی ئینسانیەتی کرێکار و بێبەش بکا بەس نەبوو بۆ دابڕینی ئەو کۆمۆنیزمە لە کۆمەڵگە، بەس نەبوو بۆ بێبەشکردنی بەشی موحتاجی کۆمۆنیزمی کۆمەڵگە لە کۆمۆنیزم، بەڵکو بەشێوەی هەر کۆنەپەرستیەکی بورژوایی تر، بۆ ئەوەی چینی کرێکار و کۆمەڵگە بێدەنگ بکا، دەبوایە، لەم کۆمۆنیزمە بدا و هەمان کاریان کردو کۆمۆنیزمیان پەلاماردا. لە دڵی هەلومەرجی کۆمەڵگەیەکدا کە کۆمۆنیزمەکەی لێدراو سەرکوتکرا، کۆنەپەرستیەکی بۆرژوایی لەوپەڕیخۆیدا کەوتەسەرپێ، ئەم خەفەتخانە و ژیانەپەست وناقابیلە داسەپێنرا.

ئەگەر سەپاندن و سەرپێخستنی ئەم کۆنەپەرستیە بورژواییەی کوردایەتی سەرپێدانەواندنی چینی کرێکار و ئینسانیەتی بێبەش، لەگرەوی لەمەیدان بەدەرکردن و سەرکوتی چەپ و کۆمۆنیزمدا بوو، ئەوا لە کۆتایی ئەم دەورەیە ئەمڕۆ، دڵی ئەو کومۆنیزمە لە ئاڵۆگۆڕخوازیە کۆمەڵایەتییە، لەم نەفەسە قوڵەی داواکردنی ژیانێکی ئازاد و یەکسان، لە م نایە کۆمەڵایەتییە و لەو خواستە ڕەوایەی تێپەڕاندنی ئەم کۆنەپەرەستیە بۆرژوازیە، لە شەقامەکان، لە کارگەو فەرمانگەو قوتابخانەو هەر کۆڕوکۆمەڵێکی خێزانی و لەهەر ناڕەزایەتیەکی گەورە وبچوک دا دەجۆشێ ولێدەدا. ئەمە ڕاستیەکی کۆمەڵایەتی پڕ بایەخە، ئەگەر چەپ ئەو ڕاستیە نابینێ و دانی پێدانانێ، بەهۆی ئەوەیە کە سەرکزی و ژیانی لاوەکی وقبوڵ کردوە، بەڵام کۆمۆنیزم خۆی، دەبێ ئەم هێزه و ئەم توانا کۆمەڵایەتییە بەڕەسمی بناسێ. ئەمە سەرەتای کاری سیاسی گەورەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە.

بەڵام ئەمە هێشتا لایەکی واقیعیەتەکەیە، نیوەی دیمەنی پڕ لە شکۆی ئاڵوگۆڕخوازیە. ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕخوازیە، ئەم داوایە بۆ ئازادی و ژیانی ئازاد، بیەوێ سەربکەوێ، بیەوێ و ئارەزو ئیرادەی ئەوەی هەبێ ئەم کۆنەپەرستیە بورژوازیە، شکست پێ بهێنێ، دەبێ ئەم کۆمۆنیزمە بەدەست بهێنێتەوە و بیکا بەهی خۆی، دەبێ پەیوەندیەکەی بەم کۆمۆنیزمە لەهەر کات زیاتر، بەهێزتر و قوڵتر بکاتەوە. بەهۆ و لە ڕێگای ئەم کۆمۆنیزمە، خۆی ڕێکخراو بکاو یەکگرتویی چینایەتی خۆی بەرێتەسەر، لە ڕێگەی ئەم کۆمۆنیزمە بۆ بە دەستەوەگرتنی کۆمەڵگە، بۆ گێڕانەوەی ئیرادەی بە دەستەوەگرتنی چارەنوسی خۆ، بچنە جەنگی ئەم بورژوازیە و بەهۆی ئەم کۆمۆنیزمە، بۆ یەکگرتویی هێزەکانی ئەم بەرە ئینسانی و چینایەتیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەیەکی سیاسی جیددی، پێ بنێتە مەیدان.

بێ هۆ نییە لەهەر جێگایەک و لەهەر سەردەمێکی مێژووییدا کۆمۆنیزم هێز بووە لەکۆمەڵگەو لە نێوچینەکەی و لەسیاسەتدا، لە هەر جێگایەک چەپی کۆمەڵگە سەرزیندو و خاوەن ئیرادە دەرکەوتوە و پێی ناوەتە مەیدانی سیاسەت،  یەکگرتویی و ڕێکخراوبوون هەبووە، شوراو سەندیکا و کۆمیتەی کارخانە و کۆبوونەوەی گشتی هەبووە، قسەی ئاڵۆگۆڕ و شۆڕش و ئومێد و ئیرادە قسه و سیاسەتی باوبووە.

ئەم کۆمۆنیزمە، بۆ سەرکەوتن، بۆ یەکگرتنێکی چینایەتی جیددی، بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی جیددی لە جیدال لەگەڵ ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارە لەسەر ئازادی، لەسەر خۆشبەختی و تێپەڕاندنی ئەم فەلاکەت وبەربەریەتە، پێویستیەکی حەیاتی و یەکلاکەرەوەیە.

دیمەنی سەرنج ڕاکێش لە مێژووی کوردستانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە لە کۆتایی ئەم دەورەیەی تەمەنی ئەم کۆنەپەرستی بورژواییەی کوردایەتی، ئێستا ئەم کۆمەڵگایە لەهەر سوچێکیدا، ئەم قسەیە دوبارە دەکاتەوە کە ئەم کۆمۆنیزمە و جوڵانەوەی شورایی و بێکاران و ژنانی دەوری ئەم کۆمۆنیزمە هێنایە سەرزمان.

هەمان ئەو قسەو هاوارە بە گەرمی و لەدڵەوە دەڵێتەوە کە کۆمۆنیزم، لەپێناوی خوێنیدا، فیداکاری کرد و حیزب و ڕێکخراوی جەماوەریی پێکهێنا، بەڵام ئێستا لە ڕاددەیەکی میلیۆنیدا. ئیتر سەری بەرز بۆ موچە نەوی ناکەین، بووە بە دەسەڵاتی تۆ و قۆندەری من!

Leave A Reply

Your email address will not be published.