دووڕووی سەرانی یەکیتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! دەشتی جەمال

0

دووڕووی سەرانی یەکیتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا!

دەشتی جەمال

دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە پەیامدان و سەردان و نوسین لەسەرگڵکۆی ئۆردویەکی گەورەی ژنانی بێناونیشان کە لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا بە بەهانەی ناموس و شەرەف شەڵاڵی خۆێنکراون بەبێ ئەوەی بەکردەوە ئەم جەنابانە بچوکترین بەرپرسیارێتیان لەخۆیان نیشان دابێت بەرامبەر بەم بەربەریەت و ئینسانکوژیەی ژنان و هەڵاواردنیان و هەموو ئەو توندوتیژیانەی کەڕۆژانە دەرهەق بەژنانی کوردستان کراوەو دەکرێت؛ جگە لەوەی کەکۆمەڵگە شاهیدی سیاسەتی ڕزگارکردنی بکوژانی ژنانە لەژێر ناوی لێبوردنی گشتیدا، هەروەها شاهیدی سوڵحی عەشایری و مامەڵەی “مەکتەبەکانی کۆمەڵایەتییە” کەدەسەڵاتەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە کەیسەکانی تاوانەوە کە لەسەر مەسەلەکانی ژنان لەدادگاکاندا تۆمارکراون و سەرئەنجام ئەوانەی کەتاوانی توندوتیژیان دەرهەق بەژنان ئەنجام داوە، بەشی زۆریان چەکدارو یەکەکانی بەرپرسانی حزبی و حکومەتن دەرباز دەکرێن.

ئەم جۆرە نمایشە دوڕوویی و ڕیاکاریەی سەرانی یەکێتی لەکاتێکدایە کە هێشتا باسی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بەهەڵواسینی ژنێك لەلایەن سێ برایەوە لەگەرمیانی ژێر دەسەڵاتەکەی یەکێتی نیشتیمانیدا گەرمەو تادێت وێژدانی هەموان دەهەژێنێت؛ تەنانەت هێشتا دوو خوشکە کوژراوەکەی چەمچەماڵ وەك تارماییەکی ڕەش لەبەرچاوی خەڵکی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی لانەچوەو نەرەویوەتەوە، بەڵام سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەیانەوێت وەك خەمخۆری ژنان و بەرگریکار لە مافەکانیان خۆیان پێشان بدەن کەبەڕاستی کارەساتە.

ڕێزلێنانی نۆڤەمبەری ئەمساڵ له‌قوربانیانی توندوتیژی له‌کوردستان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌دژی که‌لتووری پیاوسالاری و تاوانه‌کانی ناموسپه‌رستی  که‌ به‌هه‌زاران ژنی کردۆته‌ قوربانی ژمارەیان کەمتر نەبووە لەتاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەو کارەساتی شەنگاڵ؛ هەمووی لەدەسەڵات و سیستەمێکەوە سەرچاوەی گرتووە کەجەنابی سەرانی یەکێتی نیشتیمانی سێ دەیەیە ژیانی خەڵکی کوردستانیان پێ لەقاڵب داوەو ژنانی کوردستانیان کردۆتە کۆیلەو ژێردەستە بەڕادەیەك کە لەلایەن پیاوانی ئاینیەوە بەئاشکرا سوکایەتیان پێبکرێت و لەپەرلەمانیشدا بەیاسای فرەژنی تەحقیر بکرێن، دۆخێکی ئاوهاش نەك هەر ئەم جۆرە نمایشە سەرتاپا ڕیاکاری و دوڕوویەی دەسەڵاتداران ڕیسوا دەکات بگرە توڕەیی و ناڕەزایەتی ئازادیخوازان و ژنانی خەباتگێڕ بەرەوسەرەوە دەبات.

ئەم جەنابانە ناتوانن بەنمایشی دوڕوویان خۆیان وەك فریادڕەسی ژنانی کوردستان لەقەڵەم بدەن، چونکە خەڵکی کوردستان کارنامەی ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستانیان لەبەرچاوەو ڕۆژانە بەگۆشت و خۆین تەحەمولی کارەساتەکانی دەکەن.

گرانی و بێدەرەتانی، نائارامی و گێژاوی سیاسی، هەژاری و بێکاری، دەردەداری و نەبوونی خزمەتگوزاری تا ئەو جیاوازیە چینایەتیەی کە لەنێوان سەرمایەدارن و خاوەن کۆمپانیاکانداو ژیانی فیرعەونانەی چینی دەسەڵاتدارو زۆرینەی خەڵکی هەژارو برسی ئەم کۆمەڵگەیەدا دروستیان کردووە،  بەڵگەی ڕیسوایی و ستەمگەری ئەو حکومەت و سیستەمەیە کەیەکێتی نیشتیمانی لەسەری ڕاوەستاوە؛ حکومەت و سیستەمێك کە هەڵاواردنی ئینسانی ژن و جیاکاری و توندوتیژی لەدژی ژنان تێیدا کۆڵەکەی یەکێتی و ئەڵقەیەکی تەواوکەری هەژارکردن و بێکارکردنی هاوڵاتیانی کوردستانە.

خەڵکی کوردستان شاهیدی ئەوەن کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە پێشیانەوە پارتی و یەکێتی بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتەکەیان هەر لەسەرەتاو کاتێك لەشاخ دابەزین بە بەهانەی ناموس و جاسوسیکردن بۆ بەعس کەوتنە کوشتنی ژنان و توهمەتی جۆراجۆری پیاوسالاریان بۆ ئەم کارە قێزەونەیان بەخشیەوە؛ کوشتنی ژنان بۆئەوان بەرنامەو سیاسەتێك بوو بۆ چاوترساندن و خۆسەپاندن.

خەڵکی کوردستان هێشتا ئەو ڕاستیەیان لەبەرچاوە کە ئەم جەنابانەی وا فرمێسك بۆ ژنان هەڵدەڕێژن، هەر هەمان دەستورو یاساکانی رژێمی بەعسیان بە میرات وەرگرت و یاسای زیناو شەریعەتی ئیسلامیان کردە پێوانەی مافەکانی ژنان!

ئەوان هاتن  نەك دۆخی ژیانی ژنان و کۆمەڵگەی کوردستان باش بکەن، بەڵکو جیاوازی ڕەگەزی و هەڵاواردنی ژنانیان قوڵکردەوەو دەستی پیاوسالاری و مەلاو شێخیان لەسەر ژنان درێژکردو فەرهەنگی عەشیرەتی و دژە ژنیان پەرەپێدا تا ڕادەی ئەوەی براو باوك و مێرد بتوانێت بەئاشکراو لەنێو شەقامەکاندا جەستەی ژنان لەسەر ئازادیەکانیان خەڵتانی خوین بکرێن.

لەڕاستیدا ئەوە کەسایەتی ئینسانی ژن و وجودی  فیزیکی ژنانی کوردستانە کە لەلایەن دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرجوازی کوردەوە کەوتۆتە بەردەم کارەساتەوە، هەواڵەکانی کوشتن، ئەتکردن و ئیغتیساب، سوتاندن و خنکاندن، زیندەبەچاڵکردن و لەحەمامدا زیندانیکردن.. تا دەست درێژی سێکسی و سوکایەتیکردن بەژنان و ناچارکردنیان بە لەشفرۆشی؛ هەموو ئەمانە شەپۆلێك لەتاوانی نامرۆڤانەی لەدژی ژنان بەرهەمهیناوە کە لەسایەی دەسەڵاتێکدا بووە کە ئەمڕۆ هاوسەرۆکانی یەکێتی دەیانەوێت بەنمایشێکی دوڕوویی لەزهنی خەڵکی کوردستاندا بیسڕنەوە.

لەڕاستیدا ئەوە ئێوەی بە ناو “سوشیال دیموکرات “کە  پاسەوانی هێشتنەوەی دابونەریتی دواکەوتوانەن سیستەمی پیاوسالاری بەرهەم دەهێنن، ئێوەن کە ڕێگەگرن لەبەردەم یاساو قانوونێکی پێشڕەو و ئینسانی و یەکسانیخوازی، ئێوەن کە ئەمنیەت و سەلامەتی بۆ ژنان بۆ چوونە سەرکار لەدەزگا ئیداریەکانتاندا تەنگەبەر کردوە، مۆرکێکی دینیتان ناوە بەهاوسەرگیری و ژیانی هاوسەری و تەڵاق و وەرەسە لە لەبەڵگەنامەو دامەزراوەکاندا، چ فێرکاریەکتان بۆ پەیوەندی جنسی و ئازادانەی ژنان و پیاوان بنیاد ناوە، چ یاسایەکتان هێناوە لەبواری پەروەردەی کۆمەڵایەتی بۆ رووبەڕووبوونەوە بە کەڵك وەرگرتنی جنسی لەمناڵان، چ لەباری قەدەغەکردنی جیاکاری لەنێوان ژنانو پیاوان لەسەر بنەمای رەگەزی، چی لە ئابووری و کاری پیشەیدا وەچی و چی، لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاساو رێسایانەی کە رێگرن لەبەردەم ئیرادەی سەربەخۆی ژنان لەسەفەرو هاتووچۆو جلوبەگ پۆشیندا…. لەوەش زیاتر کێ دەستی ئێوەی گرتووە یاسایەك بهێنن لەسەرمافی هاوڵاتیان بێت و هیچ ئایدیۆلۆجیەك و ئایین و مەزهەب و نەتەوەیەك بیروڕایەك بەتەنیا سێبەری گەورە نەکێشێ بەسەردا و وەیاسایەکی سکۆلار و شارستانی بهێنن کە بەندەکانی جاڕنامەی جیهانی تێدا بێتە بنەما… یاسایەك کە یەکسانی سەرجەم دانیشتوانی کوردستان لەبەرچاو بگرێت سەربەخۆ لە رەگەز کە مافە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان و پیاوان دەستەبەر بکات.

 هەربۆیە هەتاكو هەڵاواردنی ئابوری بەسەر ژنانەوە هەبێت هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیش درێژەی دەبێت، خەبات بۆ گێڕانەوەی ماف و حورمەتی ئینسانی ژنان و جێگیرکردنی ماف و ئازادیەکانی لەکوردستاندا لەگرەوی چەسپاندنی یاسایەکە کە جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز قەدەغە بکات وە  هەموو ئەو یاساو رێسایانەی لە رابردودا بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حزبەکەی یەکێتی و هاوسەرۆکەکانی کە  وەك مژدەدەری داکۆکیکار  لە ساڵڕۆژی رووبەڕووبوونەوەی توتیژی دژ بەژنان خۆیان نمایشکرد بەقەد تاڵە موویەك بایەخی  نییە بۆ ئێمەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز. کۆتایهێنان بە کوشتنی ژنان و بێمافی و جیاکاری و هەڵاواردن و گێڕانەوەی حورمەتی ئینسانی ژنان لەگرەوی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئێستای حکومڕانی کوردستان و دامەزراندنی سیستەم و دەسەڵاتێکە کە خەڵکی کوردستان لە سایەدا ئازادی، یەکسانی هەمەلایەنەو خۆشگوزەرانی تیا بەدەست بهێنێت.

٢٦/١١/٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.