بەشێكی تر لەدەقی من لەتەرەفی ئاوم

0

بەشێكی تر لەدەقی من لەتەرەفی ئاوم

 

ماڵی مردنم  ئاوا كرد  ئیسراحەتی

لەجەستەم  بڕیوەو  

بۆهەرشوێنێك دەڕۆم  لەدوامەوە دەڕوات

كەپێی دەڵێم ئەرێ بۆچی دوام كەوتویت

ئەڵێت چمكێكی سێبەرەكەتم بۆهەڵگرتویت

بۆئەوەی  

تەپوتۆزی ژیان پیسی نەكات

من لەتەرفی ئاوم

دایكم دوعا نەما بەسەر تەنیایما نەیخوێنێت و

 شێخ و مشایەخان نەما لێیان نەپاڕێتەوەو

مەرقەد نەما پەڕۆی سەوزی پیا هەڵنەواسێت و پێیان نەڵێت توخوا ئاگاتان

لەكوڕەكەم بێت كاتێك لە تەرمیناڵێكی  بێ ئابڕودا چاوەڕوانی هاتنی شەمەندەفەرێكی

لوت بەرزدەكات

 

هەزارجار ماڵی مردنم وێران كرد

ئەڵێی هیچ  كەسێكی لەبیر نییە لەمن زیاتر

هەزار جار یەخەم  دەگرێت و ئەڵێی دەی  جلەكانت  داكەنە

 ئەمەوێت بەدوای خۆمدا ڕاتكێشم و

بەمەلایكەتەكانی  ڕەحمەتیش  بڵێم

ئێوە عیلاقەتان نەبێت من ئەم پیاوە دەناسم

دەمێكە درۆم لەگەڵ دەكات و خۆیم لێ ئەشارێتەوە

 

من لەتەرفی ئاوم

كانی نەما لێی نەپاڕێمەوەو پێی نەڵێم

توزاتی خوا ئەگەر بارانت خۆشدەوێت

ئەم جەستە وشكەم  تۆزێك ئاو پرژێنكەو

دەستێك بەسەری غەریبیمدا بێنە

من ئەوەندە شەكەتم خەریكە ناوی خۆشم لەبیردەچێتەوە

ئەو شوێنانەی جاران عیبادەتم  تیادەكرد

ئێستاكە بۆم نادۆزرێتەوە

 

ماڵی مردنم ئاوا كرد

لەخەویشا سەری دەخاتە سەرباڵی چەپم و

بۆن بەهەناسەمەوە دەكات

نازانم بۆئەوەندە سەرسامە بەتەنیاییم و

هەموو بەیانیانێك غەریبیم لەخەوهەڵدەسێنێت و پێی ئەڵێت گیانەكەم  

دوو دەقەت ماوە بۆژیان

هەستەو با دوا قاوە پێكەوە بخوینەوەو

دوایش خۆم جلەكانت بۆ ئوتوو دەكەم و

جانتاكەت بۆحازر دەكەم

نەبامردن سترێسمان  كات و چاوێكمان لەدەست بەین

 

هەزارجار ماڵی مردنم ئاواكرد

ئەڵێی ئەم شارە هیچ ماڵێكی  تیا نییە لەماڵی

ئێمە زیاتر بەبیانوی سواڵەوە لەدەرگاكەمان نەدات

من لەتەرفی ئاوم

كەبەدوای خۆمدا دەگەڕێم تۆئەدۆزمەوە

هەڕەشەی كوشتنم لێدەكات و

پێمدەڵێیت تۆكەڵكی ژیانت پێوە نەماوە

بۆهیچ  شتێك باشنیت بۆمردن نەبێت

بچۆرە بەر ئەو ئاوێنەیەی

كەهەموو بەیانیەك پێت دەڵێت

تەماشای یەخەی كراسەكەت كردوە بۆنی

چڵكی  لێدێت

 

دەك ماڵی  مردنم  وێران كرد

ئەوەندە منی خۆشەوێت

پێم ئەڵێت هیچ  خەمت نەبێت تابوتەكەت

بۆپڕدەكەم لەبۆنی باران

تەزبیحەكەی دایكت دەكەمە ملت

وەسێتنامەی مناڵەكانت لەژێر سەرتەوە دادەنێم

دڵڕەقی ژنەكەت لەپەڕۆیەكی سەوزە وە

دەپێچم و دەیخەمە گیرفانی كفنەكەتەوە

 

دەك ماڵی مردنم  ئاوا كرد

تەنانەت بۆ پیاسەش لەگەڵمایە

لەهەرشوێنێك لادەدەم

پێش لەمن ئەو جێگا بۆخۆی خۆش دەكات

من لەتەرفی ئاوم

دڵنیاشم تینوێتی دەمخنكێنێت

…………………

میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.