دەمە تەقێ لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار هیوا ساڵح، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گۆشەی ئەدەب و هونەری بۆپێشەوە…

0

دەمە تەقێ

لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار هیوا ساڵح، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گۆشەی ئەدەب و هونەری بۆپێشەوە…

 کاوان قادر: کاک هیوا تۆ وەک هونەرمەندێکی شێوەکار دەمەوێ سەرنج و بۆچونی تۆ بزانم لەسەر هونەر لە کوردستان، هونەر لە کوێی گیروگرفتەکانی کۆمەلگەدا وەستاوە؟ هونەر چی ڕۆڵێکی هەیە لەبەرامبەر ئەو هەموو کارەساتەی یەخەی بەو وڵاتە گرتووە بەتایبەتی چینە هەژارو زەحمەتکێشەکەی.

هیوا ساڵح: خۆت ئەزانی من ٤٠ ساڵە کوردستانم جێ هێشتووە، بەڵام بەحوکمی ئەوەی هەمیشە لەڕەوتی هونەری دانەبڕاوم و تا ڕادەیەک ئاگادارم کە هونەر لە کوردستان لە کوێی کۆمەڵگەدا وەستاوە، هەروەها  پێشم وایە کە هونەرمەندی باشی تیا هەڵکەوتووە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگە نەبووە. دیارە هۆکار زۆرن بۆ ئەوە، بەدبەختی ئێمەی کورد لەوەدایە هونەرمەندەکانیشمان هەمان سوننەتی سیاسییەکانی وەرگرتووە لەگەندەڵیدا، هەریەکەی چونەتە باوەشی حیزبێکەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەم حیزبانە قوتی خەڵکیان بەدەستەوەیە چۆنیان بوێت ئاوا یاری بەو کۆمەڵگەیە دەکەن، تاکی کوردیان بەجۆرێک بچوک کردۆتەوە و هەچی قەڵەم فرۆش و هونەرمەندی بودەڵە هەیە لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە، ئەوەتا یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی بێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەڵێت (هونەرمەندی چی هەموو بەیانییەک بەردەرگەمان پێ دەگرن بۆ پارە) لە کاتێکدا عادل ئیمام کە سەرۆک جمهوری زۆربەی وڵاتەکان سەرەیان گرتوە تا سێڵفی یەکی لەگەڵ بگرن، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە پێچەوانەیە، تەنانەت گەیشتۆتە ئەو ئاستەی لەپێناو پۆستی گەندەڵیدا ملی هاوڕێکەی خۆی بشکێنێ، خۆ ئەگەر میللەتێک خاوەنی ئەو لەشکرە ماستاوچی!! یە بێت، چی چاوەڕوانییەکی جوان لە گەشەو بوژاننەوەی هونەری لێ دەکرێت، هەر لە دەوروبەری خۆماندا تەنانەت لەو میللەتانەی وەک ئەرمینیا و جولەکەوە فێری ئەوە نەبووین کە ئەوان چۆن لەڕێی هونەرەکەیانەوە توانیویانە جینۆساید و ئازار و ئەشکەنجەی میللەتەکەی خۆیان بناسێنن وکاری زۆر بە توانایان لەسەر کردووە، خۆ ئێمە لە کوردستاندا کەمتر زەرەرمەندی دەستی فاشیزم نەبووین، بەڵام نەمانتوانیوە بە هونەر هیچ لەو بارەیەوە بکەین ئەگەر کرابێتیش زۆر کاڵ وکرچە، هێندەی دەستکەوتە مادییەکەی تیا گرینگ بووە قەبارەی مەئساتەکەو هونەرەکەی تیا گرینگ نەبووە، لە یادمە بۆ یادی هەڵەبجە ٥ هەزار سێویان کڕی بوو هەر سێوێک ٥ هەزاریان حساب کردبوو، ئاخر ئەمە یادە یان تیجارەتە؟ ئەسەفەکەش لەوەدایە کورد لە هەموو میلەتێکی تر هونەرمەندی زیاترە، لەوە مەهزەلەتر ئەبێ چی بێت لە ساڵێکدا ٧٠٠ هونەرمەندی داهێنەر خەڵات دەکرێ بێ هیچ داهێنانێک، هەموو شاهیدی ئەوەین ئەو وڵاتە لێوان لێوە لە مەئسات و کوێرەوەری و برسێتی و دزی و تەحەڕوش بەژنان وکوشتنیان لەپێناوی شەرەفدا تەنانەت کوشتنی ژنان بۆتە کاڵچەر، ئەگەر ئەم هەموو کارەساتانە مەتریاڵێک و هەوێنێک نەبێت بۆ کاری هونەری ئیتر لەو وڵاتەدا دڵ بە کوێی هونەر خۆش بکەم، زۆر دوور مەڕۆ (هادی زیائەدین) هونەرمەندی پەیکەرساز کە کوردی ئێرانە لەبەرئەوەی دوورە لە بۆنی دۆلارو نەوتەوە ئەتوانی بەهرەیەکی بەرز لە هونەرەکەیدا ببینی، بەڵام ئەوانەی لای خۆمان بە تەواوی بە بۆن کەوتوون. لە کاتێکدا ئەو کارەساتانەی لەو وڵاتەدا ڕویانداوە هەزاران مەلحەمەی هونەری تیا لەدایک دەبێت، ئەی مەگەر هونەرمەند واجیبەکەی چییە، ماستاوکردن بۆ حیزبەکان یاخود هەڵوێست وەرگرتن، لەوسەری دونیاوە گۆرانی بێژێکی وەک شەکیرا بێ موقابیل گۆرانی بەسەر ئالاندا دەخوێنی کە لە ئاوی دیجەدا خنکاوە کەچی لای ئێمە هونەرمەندی وامان هەیە لە دڵی مەئساتەکاندا دەژی کەچی گۆرانی بەسەر توێکڵە تەماتە وتوێکڵە پیازدا دەچڕێ و ٥ ملیۆن بینەریشی هەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.