شەڕی قوتی خۆتان دەکەن مەیکەنە منەت بەسەر خەڵکدا! نووسینی: ڕۆژ عەزیز

0

شەڕی قوتی خۆتان دەکەن مەیکەنە منەت بەسەر خەڵکدا!

نووسینی: ڕۆژ عەزیز

حکومەتی مەرکەزی عێراق و حیزبە ناسیونالیستەکانی کورد لە کوردستانی عێراقدا ماوەیەکە بۆتە دەمەقاڵێ و ململانێ لەسەر داهات و بودجەی کوردستان. سەرانی کورد داوای بەش دەکەن لە بەغدادو کەچی خۆشیان داهاتی خاڵە سنوری داهاتی نەوت نادەنە حکومەتی عێراق. ئەم دوو لایەنەی مەرکەزو کوردستان هەردووکیان شەڕی داهات دەکەن کە لایەکیان خۆی بە مەغدور دەزانێ کە کەمی بەرکەوتووە. ناسیونالیستەکانی کورد لە بەغداد حاڵیان باش نییە، خەریکە جێگەیان پێ لێژ دەکەن و خەریکە لەسەر رادەست نەکردنی داهاتی خاڵە سنورییەکان و نەوتی کوردستان پەرلەمانی عێراق لێیان هاتۆتە دەنگ و چیتر رازی نییە بودجەی هەرێم بنێرێت ئەگەر داهاتی کوردستان رادەستی بەغداد نەکرێت.

 حکومەتی بەغدادیش یاسای کورت هێنانی بودجەی هەرێم و یاسای قەرزی خستە کاری پەرلەمانەوە تا دەنگی لەسەر بدەن، ئەم برگانەش پەرلەمانتارانی کوردستانی لە بەغداد هەراسان کردو هەموو شەریکە دزەکان و مشەخۆرەکان هاتنە دەنگ و بەشیر حدادی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەوتە پاڕانەوەو وتی بیکەنە خاتری ئەم ڕیشە سپیەم  با کێشەکان ئاڵۆز نەبێ. ئەم پیاوە فتواچیەکی تیرۆریستە کە فتوای کوشتنی شاپور عەبدولقادرو قابیل عادلی دا بیلال سڵێمانیش جێبەجێی کرد  لە هەولێر کە دوو رابەری  حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق بوون کە بەفیتی فتواکانی مەلا بەشیر تیرۆر کران .

 بەشیر حەدادی تیرۆریست لەبەرامبەر پەرلەمانتارانی عێراق زەلیل و داماو کەوتوو ڕیشە سپیەکەی خستە کارەوە تا خاتری بگرن بەشە دزی هەرێم کەم نەکرێتەوە و خۆشی نان بڕاو نەکرێت. بەشیر حەداد کردیە منەت بەسەر خەڵکی کوردستانەوە کە گوایە داوای قوتی خەڵک دەکەن و ئەو قسانەشی بۆیە کردوە تەنازول نییە بگرە لەپێناو قوتی خەڵکدا ئەو وشانەی وتووە. دەپرسین کام قوتی خەڵک؟ خۆ قوتی خەڵک لە بەغدادەوە دێت ئێوە بۆ خۆتانی دابەش دەکەن بەناوی پاشەکەوت و کەم هێنانی بودجەوە نایدەنە خەڵکی کوردستان.

کامەیە قوتی خەڵک؟ ئەگەر قوتی خەڵکە ئەی بۆ کاتێک لەبەغدادەوە دێت ئێوە دابەشی ناکەن بەسەر موچەخۆرانی کوردستاندا؟. بڕۆن جارێ ئێوە قوتی ٣٠ساڵی کوردستان بدەنەوە ئەوکاتە باسی قوتی خەڵک بکەن لە بەغداد. بڕۆ تۆ ئەرک بکێشە بەحیزبەکەت بڵێ با قوتی خەڵک بدات کە داهاتی نەوت و باج و خاڵە سنورەکان بۆ خۆتان دابەشی دەکەن لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و حیزب و بزوتنەوە مشەخۆرەکانی پاڵ دەستان ئەوسا باسی  قوتی خەڵک لەبەغداد بکەن. ئێوە خۆتان قوتی خەڵکتان بردوە ئیتر بە چ ڕوویەکەوە باسی قوتی خەڵک دەکەن لە بەغداد لەکاتێکدا ئەوە شەڕی قوتی خۆتانە، نەک خەڵک چونکە نایدەنە خەڵکی کوردستان ئەگەر بەغدادیش بینێرێت.

جەنابی بەشیر حەداد لەخۆی ناپرسێت پەرلەمانی کوردستان پارتی و یەکێتی و ئەوانی دیکە بەرپرسی موچەخۆرانن کە موچەکانیان بدەن کەچی خۆشیان بە حکومەت وپەرلەمان دەزانن سەدان وەزیرو گزیریان هەیە کەچی هیچ کارە نین، تەنها خەریکی تاڵانی و موچەی زەبەلاحن کە خۆیان بۆ خۆیانی دابەش دەکەن. بەشیر حەداد باسی ئەوە دەکات کە گوایە پەرلەمان و دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی بەغداد خەریکە هەنگاو دەنێت بەرەو تاک ڕەوی، بەڵام لە  خۆی ناپرسێت حیزبەکەی نەک تاکڕەو نییە بگرە هێزێکی سەرکوتگەرەو خوێن ڕێژە بەدەیان و سەدان کەسی لەزیندانەکان کردوە تەنها تاوانیان ئەوە بووە داوای قوتی دزراویان دەکەن کە حیزبەکەی مەلا بەشیرو هاوپەیمانەکەی خواردویانە.

فتواچیەکی تیرۆریست نوێنەری خەڵک بێت داخۆ دەبێت چۆن ماف وئازادییەکانی خەڵک وەربگرێتەوە، لەکاتێکدا دەبوایە ئەم کابرایە دادگای بکرایە لەسەر فتواکانی کەچی پارتی دیموکراتی کوردستان نەک لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرد، بگرە پلەو پایەی پێداو ئێستا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە و زەلیلانە داوای قوتی خۆیان دەکەن تا بەشە داهاتی خۆیان کەم نەکرێتەوە، کەچی لە کوردستانیش سەردەمانێک بوو فتواچی بوو بەڵام ئەمرۆ ریشی کردۆتە قەڵغان و خەریکە سوڵحی پێ دەکات تا لە پەرلەمانی بەغداد شاربەدەریان نەکەن .

ناسیونالیستەکانی کوردو حیزبەکەی بەشیر حەداد بەتایبەتی باس لەوە دەکەن کە گوایە بەغداد بەکام پرەنسیب موچەی خەڵکی کوردستان کەم دەکاتەوە، بەس لەخۆیان ناپرسن بەپێی کام ویژدان وپرەنسیب ئێوە داهاتی کوردستان موچەی موچەخۆران نادەن؟ بەپێی کام پرەنسیب موچە لە بغدادەوە دێت ئێوە نایدەنە موچەخۆرانی کوردستان؟ باس لەوە دەکەن کە گوایە بەزۆرینە قسەیان لەسەر یاسای بودجەی کوردستان و بەشە داهاتی کردوە کە گوایە بەدڵی ئێوە نییە.

 ئێ جەنابان خۆ لە پەرلەمانە کارتۆنیەکەی ئێوەش هەمان بریارە کە زۆرینە بریار بەسەر کەمینەدا دەدات کە ئەمەش پرۆسەی پەرلەمانی بورجوازیە لەدنیادا وایە ئیتر بۆ سەغلەت بوون. ئێوەی فاشیست بەنیازن بەنداوەکانی دوکان سیروان بکەنە چەکی دەستان کە لێرەو لەوێ باس لەوە دەکەن کە بەنیازن کارتی فشار بەکار بهێنن کە ئەویش گرتنەوەی بەنداوەکانی ئاوە بەڕووی ناوەڕاست و خواروی عێراقدا کە لەئەسڵدا ئەم کارو کردەوانە فاشتانەیەو بەعس ئەم کردەوانەی دەکرد، کە دڵنیام دەست بۆ ئەم کارە بەرن بەر نەفرەتی حکومەتی مەرکەزو ناڕەزایەتی بەرینی جیهانیش دەبنەوە بۆیە باشتر وایە بەعەقڵی دانیشن چاکی مەکەن با خراپتر نەبێ.

ململانێکانی ئێوەو حکومەتی مەرکەز چارەسەر نابن لەسەر دەستی ئێوەی تاڵانچی، حکومەتەکەی بەغداد کە لە هی ئێوە باشتر نییە. رێگەچارەی واقعی وکارساز پێچانەوەی بنکەو بارگەی دەسەڵاتی ئێوەیە چ لە ناوەراست وخواروی عێراق و لەکوردستانیش تەنها ئەمە رێگەیەکە کە خەڵک دەتوانێ ئیرادە بکات خۆی رێکخراو بکات تا  دەسەڵاتی ناسیونالیستی عەرەبی و کوردی میلیشیاو تائیفەگەری ئێوە لە دەسەڵات دوور بخاتەوە . دانیشتن بەدیار چاوەڕوانی ئێوەو مەرکەزەوە تەنها کات کوشتنە و هیچی تر نییە.

 شەڕی ئێوە شەڕی دەسەڵات و بەشە داهاتە کە ئەم شەرە دوورو نزیک پەیوەندی بەژیانی خەڵکی ناوەراست و خواروی عێراق و کوردستانەوە نییە. ئێوە خۆتان موچەی خەڵکی کوردستان نادەن دەیخۆن کەچی ڕیاکارانە باس لەوە دەکەن کە گوایە بەغداد موچەی کوردستانی کەم کردۆتەوە، ئەی پێمان ناڵێن دەسەڵاتی ئێوەو حکومەت و پەرلەمانەکەتان چ کارەن؟.

بەشیر حەدادو حیزبەکەی بەتایبەتی ناتوانن بەم جۆرە هاتوهاوارە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکیەوە و ئەو پەرلەمانتارانەی حیزبەکانی دیکە کە دەنگیان لەگەڵ دەنگی بەشیر حەداد بوو خۆشیان لە بردنی تاڵانی کوردستان و بگرە موچەی بەغدادیش کە دێتە کوردستان شەریکە بەشن. هەموویان بۆ یەک ئامانج کار دەکەن ئەویش شەریک بوونە لە بەشە داهاتێک کە وەک برا بەیەکەوە قوتی خەڵکەکە دەدزن بۆ خۆیان. پەرلەمانتارانی گۆران و  یەکگرتو و  کۆمەڵ  و نەوەی نوێ و یەکێتی و ئەوانی دیکە باش ئەو راستیە دەزانن بەشیر حەداد تیرۆریستە و مشەخۆرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە شەوو رۆژ بزوتنەوەکەیان دژی پارتی قسە دەکەن کەچی ئەمرۆ هەموویان چوونە پاڵ بەشیر حەدادو پشتیوانی لە سوێند خواردنی ڕیشەکەی دەکەن، چونکە هەموویان یەک بابەتن بۆ گیرفان پڕ کردن ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.