قەیرانی ئیسلامی سیاسی و ڕۆژئاوا! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

قەیرانی ئیسلامی سیاسی و ڕۆژئاوا!

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

ئەو کۆمەڵە هەنگاو و ڕێکارە کە ماکرۆن لەبەرامبەر ئیسلامی ڕادیکاڵ هێناویەتە پێش، بووە هۆی وروژاندنی سەرجەم ئیسلامی سیاسی لەم سەر و ئەو سەری دنیا. ئەم جوڵانەوەیە، لە ئۆردوغانی و ئیخوانیەوە کەلەیانەی دیموکراسی ڕۆژئاوادا لە ڕیزی هاوپەیمانە بوردەبارتر و کارەکتەرە عەقڵانی ترەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەکانی پشت بەستوو بە کاری هەرزان و هەژاری و فەلاکەت و اختیناق و سەرکوت، ئەژمار دەکرێن، تادەگا بە هێزە فالانژ و جیهادیەکان کە بە فەرمی کوشتن و سەربڕین و کۆمەڵکوژی ویژدان هەژێن کارنامەیانە، کەوتونەتە سەرجادەکان و بێ پەردە هەڕەشەی تاوان و ئینسانکوژی لەوەی تا ئێستاش زیاتر دەکەن. لە سەربڕینی مامۆستای قوتابخانە و هێرشی گەلەی کەللەشەق و شەقاوەکانی ئیسلامی سیاسی له شەقامەکانی پاریس و پایتەخت و شارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە مەلاو ئاخوندە جامانە بەسەر وعەمامە بەسەرەکانی سلێمانی وهەولێرەوە تا دەگا بە مەلاو ئاخوندە دەم کەفکردوەکانی سەرمنبەرەکانی تاران و ئەنقەرە، تا هێرش و ڕژەی گەلە ئیسلامیە ئۆردۆغانیەکان، گۆشە جیاوازەکانی نمایشی و خۆ هەڵخستنی ئەم جوڵانەوەیەیە کە لە بن و بێخەوە، دژی ژیانە، دژی خۆشی و شادی و دژی ئازادیە.

جوڵانەوەیەک کە لەمسەر بۆ ئەو سەری دنیا، ژیان و شادی و بەختەوەری وخودی پیرۆزی زاتی مرۆڤ ئەتک دەکا، دەکوژێ و سەردەبڕێ و ئیعدام دەکا و بۆمب دادەنێتەوە و هاوڵاتیانێکی بێ ئاگا لەڕاڕەوەکانی قەرەباڵغترین شارەکانی دنیا، دەکاتە قوربانی، ژن بە ڕەسمی لە خەسڵەتی مرۆڤ دادەماڵێ و پێکەوە ژیان و وخودی ژیان و عەشق و یەکتر خۆشویستن، ئینکاردەکا، مۆسیقا و گۆرانی و هونەر و هەموو جیلوەیەک لەخلوقیەتی مرۆڤانە، وەک گوناهی کەبیرە دەناسێنێ و دەستدرێژی دەکاتە سەر شەرەف و کەرامەتی ئینسانی ژن، منداڵ و گیانەوەر ئازاری پیشە و کارنامەیەتی، دەمی کردۆتەوە و بەوپەڕی حقارەتەوە، خوازیاری بەشێکی زیاترە لە ساختاری دەسەڵات لە دنیای کاپیتاڵیزمی هاوچەرخدا کە بەشێوەیەک گەیشتۆتە دوا ڕێگاکانی خۆی کە نایەوێ و ناتوانێ دەمی جوڵانەوەیەکی تەنانەت بەو ئەندازە فاشیست و دژی ژیان،  دژی جۆردۆستی و هەموو بههایەکی جیهانشمول دابخا.

ئەمە ئیتر جوڵانەوەی دینی کەسانێکی باوەڕداری سادە نییە کە بیەوێ زوهد و خواپەرستی و ڕیتواڵەکانی خۆی، لە خەڵوەتی خۆیدا بۆخۆی پیادە بکات، ئەمە  تئۆکراتیسم نییە، دینێک نییە کە بیەوێ وەک ئەفیون ئینسانی شەکەت و چەوساوە، دڵنەوایی بکات، ئاه و نزولەی نزولەی مرۆڤی داماو و دڵی دنیای بێدڵ نییە چیتر، بەڵکو جوڵانەوەیەکی سیاسی و هاوچەرخ و یەکێکە لە کارەکتەرە کەللەشەقە سیاسیەکان کە وەک فاشیزم، وەک شۆڤێنیزم لەداوێنی سەرمایە کەوتۆتەخوارەوە. چاوی لە دەسەڵاتە و خوازیاری بەشی خۆیەتی لەساختاری سیاسی سەرمایەداری هاوچەرخ. لە بابەتی ڕۆڵێک کە لەبێدەنگکردنی کۆمەڵگە و چینی کرێکار وسەرکوت و لەخوێن هەڵکێشانی  کۆمۆنیزم وچەپ و ناڕەزایەتی و شۆڕشەکان و لە یەک وشەدا لە ڕێکخستنەوەی کۆنەپەرەستانە و ڕاستڕاوانەی کۆمەڵگەو دەسەڵاتدا هەیەتی، داوای بەشی خۆی دەکا و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی بازاڕی کاری هەرزان و هەژاری و فەلاکەت و اختناقی سەرتاپاگیر، کە لەبەشی هەرەزۆری خۆیدا هەمان ئیسلامی سیاسی پارێزەر وپاسەوانیەتی، بەهی خۆی دەزانێ.

ئەگەرچی کۆمەڵە ڕێکارو هەنگاوێک کە فەرانسە و ماکرۆن گرتویەتیە بەر، بەراورد بە سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای پۆستمۆدرنیستی و مۆڵتی کاڵچەریزم و ڕێژەیی فەرهەنگی کلتوریی بورژوازی لە ڕۆژئاوا کە بێجگە لە هەڵبەستنی پاساوی ئایدیۆلۆژی و سیاسی بۆ ئینکارکردنی پڕەنسیپەکانی  ماف و بەها ئینسانیە جیهانشمولەکان و دروستکردنی دیوار و گیتۆی فەرهەنگی دواکەوتوانە و تێکشکاندنی شوناسی جیهانشمولی ئینسانی و چینایەتی مرۆڤ لە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوادا نییه، چەند هەنگاوێک لە پیشترە، بەڵام هێشتا هەنگا و پڕۆژەیەکە بۆ بەرتەسککردنەوە و ناچارکردنی ئیسلامی ڕادیکاڵ بە مەرجەکانی ڕۆژئاواو بورژازی، بە تایبەتی کە پێی ئەو ڕەوتە ئیتر کێشراوەتە ڕۆژئاوا و لە شەڕی سوریاو عێراق و ناوچەکەدا فەوج و ڕەوەکانی ئیسلامیە جیهایەکانی لەوەڕاو لەسەر پارەی سوسیال و پەناگرتو لە پشتی تێزی ڕاسیستانەی ڕێژەیی کلتوری و مۆڵتی کڵچەریزم، لە خودی ڕۆژئاواوە وە بە پەساپۆرتی ئەو وڵاتانە ڕژانە ناو ڕژەکانی جیهادی نیکاح و سەربڕین وبە کەنیزەککردن و وێرانکردنی ژیان و مەدەنیەت لە ڕۆژهەڵات دا.

بێگومان ئەگەر زەلکاوی  ئەفغانستان وعێراق و سوریا یان نەخوڵقاندبا، ئەگەر بە موشەک ومیلیتاریزم و گەمارۆی ئابوری ئەو کۆمەڵگەیانەیان نە گۆڕیبا بە وێرانە، ئەوهەمەجیتەی ئیسلامی سیاسی بەو شێوەیە ولەوئاستەدا هەرگیز نەیدەتوانی هێز و نفوز بگرێ و بەو ئاستە بتوانێ ببێتە هەڕەشە بۆسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

لەوەش گرنگتر ڕۆژئاوا بە خوڵقاندنی دەوڵەتی مەزهەبی و قەومی ئیسرائیل و کێشەی عەرەب و ئیسرائیل، ئەو بەشەی دنیای بە کردەوە لە ئیمکانی تێکەڵبوون و ئەنتەگرەبوون لە پەیکەرەیەکی کەم تازۆر هاوشێوەی ئابوری وسیاسی و پیشەسازی و فەرهەنگێکی پیشەسازی  ومۆدێرن بێبەش کرد و هەر ئەم چاڵە ڕەشە، ئەم دابڕانە قوڵە، هەر ئەم وشکبوونەی سەرچاوەکانی گەشەکردن لەو بەشەی دنیا، لە ئامادە نەبوونی چینی کرێکار وکۆمۆنیزم، لە حاڵەتی لاوازی کۆمۆنیزمێکی ئاوانگاردی کرێکاری و کۆمەڵایەتی، لەلایەک بووە هۆی کوێربوونەوەی پڕۆژەی مدێرنیزاسیۆنی بورژوازی عەرەب و لەلایەکی تر گیانی کردە بەر ئەو بێدار بوون و ڕابونە سیاسیە فاشیستیەی ئیسلامی سیاسی.

ئیسلامی سیاسی لەو چاڵە ڕەشەوە، لە دڵی دواکەوتویی و دواکەوتنێکی پیشەسازی و تەکنۆلۆژی و فەرهەنگی سەری دەرهێنا و دەستیکرد بە باجگیری و بەشخوازی لە ساختاری سیاسی کاپیتاڵیزمی ئەمڕۆ و هۆکارێکی تر کە پەڕوباڵی  بەم ئیسلامە سیاسیە، بەم دێوەزمە سیاسیە فاشیستیە ترسناکەدا بێگومان ڕۆڵی ئەو جوڵانەوە فاشیستیەیه لە سەرکوتی‌ کۆمەڵگەو شۆڕش و چینی کرێکار و چەپی کۆمەڵگە و داسەپاندنی هەژاری و ئیسیبدادی سیاسی لەو کاتانەی کە بۆرژوازی لە نێو خۆیدا پێویستی بە کاندیدێک هەبوو کە بتوانێ زۆر و قەهر لەوپەڕی خۆیدا بەکاربهێنێ و مەسەلەی مانەوە و ئارامی بۆسەرمایە لەسەردەمەکانی شۆڕش و هەڵچونی کۆمەڵایەتی دابین بکا. شۆڕشی ئێران بێگومان یەکێکە لەو وێستگانە. بەبێ سەرکوت و لە خوێن هەڵکێشانی شۆڕشی ئێران و چەپ و چینی کرێکار لە ئێران ، چاوەڕوانی ئەوەی کە ئەم ڕەوتە هەمەجیە بتوانێ ڕۆڵێکی بەو جۆرە بە دەست بهێنێ زۆر زەحمەت بوو.

هەرچۆنێک بێ لێرەدا ڕاستیەک کە لەو جەدەلەی ئێستادا دەکەوێتە ژێر پڕوپاگەندەوە، دەربکێشین کە ئەویش ئەوەیە، کە لە کەناری ئەم جیدالە فەرعیانەی نێوان ئیسلامی سیاسی لەسەر بەشی خۆی لە ساختاری سیاسی سەرمایەداریدا، ئەم جوڵانەوەیەی ئیسلامی سیاسی لە هەمان ئەو ڕۆژهەڵاتەی کە بەناویەوە زمان درێژی دەکا، لەگەڵ هەر جیلوەیەکی ئینسانی ژیان، لەگەڵ شێوە سادەکانی دەرکەوتنی ئازادانەی مرۆڤ، لەگەڵ عەشق و خەلاقیەت، لەگەڵ گۆرانی و شادی و هونەر و هەموو گوزارشتێکی ڕەسەنی هاوڵاتیان و لەوێشەوە و هەربەهۆی ئەم بەرکەوتنە ڕاستەوخۆیەی لەکەڵ ئەم لایەنە سادانەی ژیان و مانەوەی مرۆڤ بە قوڵی لەناکۆکی و لە جەنگێکی هەموو ڕۆژەدایە. ئەو جوڵانەوە هەموو ڕۆژێک و بگرە هەر چرکەیەک ناچارە بجەنگێ بۆ مانەوە، ناچارە بجەنگێ بۆ دەرنەکەوتنی قژی ژن، بۆ دەرنەکەوتنی جوانی، بۆ بەرزنەبوونەوەی دەنگی مۆسیقا و گۆرانی، بۆ ڕێگە گرتن لەوەی نەسڵی لاو نەتوانێ جیلوەکانی عەشق بە ژیان وداهێنان و ژیان دۆستی، لەخۆی نیشان بدا. هەر ڕۆژ و چرکەیەک ئەو ڕژێمە دەبێ ئیعدام بکا، بکوژێ و داپڵۆسێ تابتوانێ ڕێگە بگرێ لەوەی چینی کرێکار لە  ئێران پێ بنێتە مەیدان، دەستی ڕابگا بەڕێکحراوە جەماوەریەکانی خۆی، بە شورا و سەندیکا، چونکە بەپێی ئەوسروشتە تایبەتە ئەو ئیسلامە سیاسیە، کەناتوانێ سازش لەگەڵ سەرەتاکانی ژیانێکی ئاساییدا بکات، هەر جوڵەو هەڵچونێک تەنانەت بۆ هەر شتێک بە ناچار کۆی ئەودەسەڵاتە دەتوانێ بخاتە ناو جەنگی مانەوە. ئەمە ناوەڕۆکی واقیعی قەیران و بێ ئایندەیی ئیسلام و ئیسلامی سیاسیە. ئەمە بەریەکەوتن و قەیرانێکی واقعیە، ئەو ئیسلامە بەپێی سروشتە سیاسیەکەی کە وای لێ دەکا ڕاستەوخۆ توشی بەرکەوتنێکی ڕیشەیی  بێت لەگەڵ کۆی سەرەتاکانی ژیانێکی سادە ناتوانێ هەرگیز بێتە سەرخانێکی سیاسی نۆرماڵ تەنانەت بۆ گەشە سەرمایەداری، هەرگیز ناتوانێ هەلومەرجێکی تەنانەت تاڕاددەیەک ئارام بۆ سەرمایە و کارکردەکانی فەراهەم بکاو هەرگیز ئەو وڵاتانە ناتوانن ببن بە حەوزەی درێژخانی سەرمایەگوزاری و ڕاکێشانی تەکنیک و سەرچاوەکانی گەشە لە هیچ ئاستێکدا و بەو پێیەش هەمیشە لەگەڵ کێشەی مانەوەدا دەمێننەوە.

ئەوەی کە بۆرژوازی ڕۆژئاوا لە سەدەی 21 ئەوەندە ئاوانگارد و پێشڕەو بێت کە بیەوێ بە شێوەیەکی هەمەلایەنە دەستوپێی ئەو ئیسلامە سیاسیە کۆبکاتەوەو بەرگریەکی لێبڕاو لە بەهاو ئەرزشە جیهانشمولەکان، بکاتە ئەجێندای خۆی و دەست لە تێزی مۆڵتی کاڵچەریزم و ڕێژەگەری کولتوری و هتد هەڵبگرێ،  ئامادە بێ مافی منداڵانی کچی لە  مەلەکردن و سەما و گۆرانی و مندڵانە ژیان وەک هەر هاوڵاتی و مرۆڤێکی تر بسەپێنێ و دابینی بکا، ئەگەر ڕێگە لەوە بگرێ دەست بۆ لەش و گیانی منداڵان ببرێ و دەستبردن بۆ ئەوکارە هەڵوەشێنیتەوە، ئەگەر بیەوێ بانگەشەی کەراهیەت و توندوتیژی و هۆش و هزری منداڵ لە داشۆرین و سڕینەوەی مەزهەبی، بپارێزێ، ئەگەر ڕێگا نەدا کچانی منداڵ لە عەبا و مەقنعەی مەزهەبیەوە بپێچرێن و لە تێکەڵی و ژیانی هاوبەش بێبەش بکرێن، ئەگەر ڕێگا لە پدۆفیلی شەرعیی ئیسلامی بگرێ، ئەگەر ئەو بنکە و بنیادانەی ئیسلامی سیاسی کە کاریان هاندانی توندوتیژی و پەروەردەکردنی گەلەی ئیسلامیە کەللە شەقە دژی ژیان و مەدەنیەتە، ئامادەبێ بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و خودی دین و دەزگای دینی و پیشەسازی دین وە ک توتن و ئەفیون و بازرگانانی ئەو بوارە ومەلاو ئاخوند و تۆڕۆ باندەکانی بکاتە پێڕەوی یاسا وڕێساکانی پاراستنی گیان و ڕۆحی هاوڵاتیانێک، کە بەدەر لە ئیرادەی خۆیان و هەر بەوەی بە ڕێکەوت لە شوێنێکی دنیا له دایک بوون، مۆر و مارکەی دینیان لە نێو چاودەدرێ، ئەگەر ئامادەبێ لە خەباتێکدا کە چینی کرێکار و بێبەشان و ژنان و نەسڵێکی لاو لە ڕۆژهەڵات لە پێناو ڕزگاری فەرهەنگی، لە پێناو دەستڕاگەیشتن، بەژیان و بەهاو ئەرزشگەلێکی ئەمڕۆیی و بۆ بەژێر کێشای ئەو دێوەزمەیە، هەرنەبێ نەچنە پشتی ئەو فاشیزمە، خزمەتێکی گەورە بە، چینی کرێکار و بەشەرییەت بۆڕزگار بوون دەکا، بەڵام ئەوە تا چاوەڕوانیەکی واقیعی زیاتر لە ئەفسانە نزیکە.

هەر بۆیە ئەگەر یەک ڕۆژ دەنگی مزگەوتەکان کپ بکەن، ئەگەر یەک ڕۆژ لەئێران نێزە وتێزاب و پاسدار و بەسیج و دادگایی و ئیعدامی هەمەجیانە لە ڕۆژهەڵاتی بەڵای ئیسلام گرتو، بەتایبەتی لە ئێران لەسەر کۆمەڵگە لابەرن، دنیا و مرۆڤایەتی ئاوانگارد شاڵاوێکی سکولار و ئازادیخواز بەچاوی خۆیان دەبینن کە ساڵانێکە لە دیوەکەی تری ژیان، لە ماڵەکان و لە وشوێنەی عەبای ڕەشی هەمەجیەتی ئیسلامی ناتوانێ دایپۆشێ درێژەی بە خۆیداوە. لێشاوی تەقینەوەی ئەو ژیانخوازی و ئازادیخوازیە دەبینن کە  هەر دەرفەت و دەریچەیەکی پەیدا کردبێ، ئەم کۆنەپەرستیەی لە بنەوە خستۆتە لەرزە. شاڵاوێکی ئاوانگاردی دژی مەزهەبی لەهەمان ڕۆژهەڵاتێکدا، لە هەمان ئێرانێکدا کە بورژوازی جیهانی وشیارانە لە ترسی شۆڕش، لە ترسی بەرەو چەپ و کۆمۆنیزم وەرخانی ڕۆژهەڵات، ڕادەستی ئیسلامی سیاسی کرد، کە دەکرێ بۆ یەکەمجار، ئەو فاشیزمە دینیە بکاتەوە کونەوە و دەستی لەسەر ژیانی مرۆڤ ببڕێ. شاڵاوێکی ئاوانگارد و ڕادیکاڵ کە کۆڵەکە و پایە کۆمەڵایەتی وسیاسیەکەی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمێکی ئاوانگارد کرێکاریە کە ئازادی تا ئەوپەڕی خۆی، خۆشبەختی تا ئەوپەڕی خۆی، دەوێ. ئەمه تاقەشانسی مرۆڤایەتی کرێکار و بێبەشە کە بتوانێ بۆ یەکجار له مێژوودا لە ڕیشەبدا و مرۆڤایەتی بە کردەوە ڕێنسانێکی تری گەورەی فەرهەنگی و ڕزگاربوونێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی لە ژیانی خۆیدا تاقی بکاتەوە.

بەو پێیە چارەنوسی ئەودێوەزمە فاشیستیەی ئیسلامی سیاسی لە خودی هەمان ڕۆژهەڵات و لەسەردەستی چینی کرێکارێکی میلیۆنی، کە بازاڕی کاری هەرزانی ڕۆژهەڵات لەسەر کار و هەڵسوڕانی ئەو ڕاوەستاوە و تەواوی ئیختیناق و سەرکوت، قەهری دەوڵەت و سەنعەتی هەزار سەرەی مەزهەب لەو پێناوەدایە و لەڕێگەو بەهۆی کۆمۆنیزمێکی ئاوانگاردی کرێکاری  کە ژیان و مەدەنیەت و بەشەرییەت له خەباتیدا بۆ تەواوی  ئازادی بۆ تەواوی خۆشبەختی و بۆ دەستبردن بۆ ڕیشەی نەبوونی ئازادی و خۆشبەخت نەژیانی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی دەکا، یەکلا دەبێتەوە.

١٠١١٠٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.