هێما نیشتیمانی و نەتەوەییەکان… عەبدوڵا مەحمود

0

هێما نیشتیمانی و نەتەوەییەکان

عەبدوڵا مەحمود

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەکی بەناوی “پێشنیاری یاسای هێما نیشتیمانی و نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق” ئاراستەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان کردووە، کە بەپێی ئەم یاسایە هەر هاوڵاتیەک بە گوتار یان کردار سوکایەتی بە هێما نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بکات، سزا دەدرێت. مەبەست لە هێما نیشتیمانییەکان” ئاڵای کوردستان، سرودی نیشتیمانی، پیشمەرگە، ڕابەرە مێژووییەکان” ن.

دیارە هیچ کەس و لایەن و کۆڕ و کۆمەڵەیەکی سیاسی و پیشەیی و جەماوەری، ئەگەر کەمترین رێز بۆ پرانسیبی ئینسانی دابنێت و بڕوای بە ئازادی و ئازادییەکان بێت، لەگەڵ بێڕیزی، سوکایەتی، کەسایەتی شکاندن، تەوهین، تەشیر، بوختان، جنێو… نییە و ئامانجیش لەو پرۆژە یاساییە هەرگیز لەسەر ئەمانە نییە. خۆ ئەگەر کەس و لایەنێک بڕیار بێت لەسەر ئەمانە توشی سزاو لێپرسینەوەی یاسایی بێت، ئەوا زوربەی هەرەزۆری حزب و ریكخراوە سیاسی و جەماوەری و پیشەیی و کادر و ئەندام و نووسەر و میدیای سەر بەبزوتنەوەی کوردایەتی، دەبێت ڕاپیچی زیندان بکرێن و سزا بدرێن و حزب و رێکخراوەکان و میدیاکانیشیان یاساغ بکرێت.

هەموو گرژییەکی سیاسی نێوان حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، نێوان باڵ و رابەرانیان، لەسەر زۆریەک لە کێشەکانیان، دەکێشرێتە سەر سوکایەتی و بێرێزی و شەخسیەت شکاندن و پەروەندە بۆ سازکردن و جنیو دان و…تاد. خودی بزوتنەوەی کوردایەتی کارگەی ئەفراندنی کەلتورێکی سیخناخە لە جنێو و سوکایەتی و بێ رێزی نواندن و لەوەش زیاتر پیادەکردنی کەلتوری توندوتیژی و سڕینەوەی جەسەدی و تیرۆری فکری و کەسایەتی.

ئاوڕێکی خێرا لەسەردەمی شەرێ دەسەڵاتی نێوان حزبەکان، لێوان لێوە لە داهێنانی جنیو و تیرۆری کەسایەتی و کوشتنی نەیاران. وەگەرخسنی ماشێنێکی جەنگی بۆ قەتڵ و عامی یەکتری و بەدەستەوەگرتنی دزیوترین شێوازی کوشتار و دیلکوژی و بێ سەروشوێن کردن و گیان کێشانی دەیان کەس بی هیچ دادگاییەک. ئەمانە بوختان نین و سەدان و هەزاران دۆسیە لەبەر دەستن کە خودی کاراکتەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نووسەران، گەواهی دەری رووداوەکانن و تۆماریان کردوون.

لە جەنگ و ململانێی داسەپاندی هەیمەنەو دەسەڵاتدا، هیچ پیرۆزییەکان نەهێشتۆتەوەو سنورێک و هێمایەکیش بۆ دەست ڕاگرتنیان نەبووە.

شانازی کردن بە “ئاڵا، سرودی نیشتیمانی، پێشمەرگە، رابەرە میژوویەکان” کەناڵیزەکردنی شێوازی ئابدەیتی خۆیانن بۆ دەسەڵات روو بە جەماوەری نارازی و بۆ سەرکوتی ئازادی و ئازادییەکان. هەموو کەسێکی ویژدان زیندو دەزانێت، لە جەنگی دەسەڵاتی خۆیاندا یان لە کردەوەی نۆکەر پیشەییدا… نە ئاڵا و نە سرودی نیشتیمانی و نە پیشمەرگەو نە رابەرە میژوویەکان، بایی سەرە دەرزییەک ڕیزیان لێ نەگیراوە. هێنانی سوپا بۆ سەر حکومەت و پەرلەمان بە ئاڵای کوردستانەوە، پەلکێشکردنی سوپا بۆ سەر قودسی کوردستان و بە ئاڵاوە، هێنانی پاسدار و میتی تورکی بۆ ناو خاکی عەزیزی وەتەن و ژێر ئاڵای جێگا شانازی، قەتڵ و عامی یەکتری و پیشمەرگە!! بە نەعرەتەی سرودی نیشتیمانی و بە بڕیار و رابەری رابەرە مێژووییەکانەوە، بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەوەن تەنانەت ئاڵاو سرودی نیشتیمانی و پیشمەرگە و رابەرە مێژووییەکان تەنها هێندە پیرۆزن کە دەسەڵات و هەیمەنە و قەڵەمرەوی سیاسییان زامن بکات.

هەر حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی، ئینسان لای پیرۆز و میحوەری نەبێت، بەناوی پاراستنی پیرۆزییەکانەوە ئینسان و هەرچی بەهای ئینسانی هەیە، ژێر پێ دەخەن. پیرۆزییەکان کە سەرەکیترینیان ئینسان و ئازادی و ئازادییەکان و مافی ژیانێکی شکۆدارە، هەمیشە بوونەتە قوربانی بانگەشەی پیرۆزییە نیشتیمانی و نەتەوەیی و تایفی و دینی و سمبولە سازکراوەکانیان.

بەناوی مقەدەساتە ساختەو دروستکراوەکانەوە، مقەدەساتە واقعیییە حاشالێنەکراوەکان ژێر پێخراون و دەخرێن. لای حزب و لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئاڵا پیرۆزە و ئینسانی ژێر ئاڵاکە نا. سرودی نیشتیمانی پیرۆزەو ئینسانی گوێ کراوە، نا. رابەرە میژوویەکان پیرۆزن و ئینسانەکانی ناو کۆمەڵگە نا. پێشمەرگە پیرۆزە و هاوڵاتی نا. نەتەوە پیرۆزەو تاکەکانی کۆمەڵگە نا. سات و سەودا و نۆکەرایەتی پیرۆزەو ژیان و  ئازادی و ئازادییەکان ئینسان نا…. چ بێ شەرمیەکە؟

ئەوە بەجیا لەوەی چ ئاڵا و چ سرودی نیشتیمانی و چ پیشمەرگە و چ رابەرە میژووییەکان، لەهیچ جێگاو شوێنێکی فەرمی و بەئیرادەی خەڵکی بڕیاریان لێنەدراوە و وەکو فیگەری گشتی بەرەسمی نەناسراون. ئاڵای ئێستای کوردستان، ئاڵای کەلتورێکی دیاریکراوە، ئاڵای بزوتنەوەی کوردایەتییەو لە هیچ ریفراندۆمێکی گشتی و جەماوەریدا بریاری لێنەدراوەو نوێنەرەوەی تەواوی دانیشتوان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و کەلتورەکانیان و پێکهاتەکانی ناکات.

سرودی ئەی رەقیب، بەهیچ جۆرێک سرودی نیشتیمانی نییەو سرودی هەمان بزوتنەوەی کوردایەتی و لەناو ئەو بزوتنەوەیەشدا هی حزبی زاڵ و بەپێی سلسیلەی میژوویش کۆن و عەنتیکەیە، تەنانەت بەشێک لە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نووسەر و کاراکتەرەکانی رەتی دەکەنەوە خوازیاری گوڕینین، ئەوە بەجیا لەوەی ئەویش وەکو ئاڵاکە، لەهیچ شوێنک و ناوەندێکی فەرمیدا، رەسمیەتی وەرنەگرتووە.

پێشمەرگە ناوێکە بۆ چەکداری حزبە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عیراق و ئیراندا، کە ئەویش ناوێک نییە بۆ نەتەوەو قەوارەیەکی دەوڵەتی رێکخراو دامەزراوەیی… بەڵکو هێزی حزبین و بەشێکن لە ماشینی پاراستنی قەڵەمرەوی حزبی یان کەرەستەی گەیشتی حزبەکان بەبەشێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتە مەرکەزییەکان، وە پیشمەرگە بەناوی رزگاری و سەربەخۆیی ئازادیییەوە لەلایەن هەمان ئەو جەنابانەی بزوتنەوەی کوردایەی کراونەتە زەخیرە گەیشتین بەدەسەڵات و بوون بەبەشیک لەدەسەڵاتی جەلادەکان و هەر ئیستاش بە هەزاران پیشمەرگە، لە خراپترین ژیان و گوزەراندان.

ڕابەرە میژووییەکان… ئەمەیان زۆر موسیبەتە، کام رابەر؟  کام رابەری میژوویی بزوتنەوەی کوردایەتی هەیە، سەرجەم خەڵکی کوردستان بەرابەری خۆی بزانیت؟ کامیان هەیە دەستی لەگەڵ لەگەڵ یەکێک لە رژێمە دیکتاتۆرەکان و و جەلادانی خەڵکی کوردستان تیکەڵ نەکردبێت؟ کامیان هەیە دەستبردنی بۆ وەریخستنی بزوتنەوەو یاخی بوون، بە پشتیوانی جەلادێک و رژێمێکی خوێن رێژی ناوچەکەوە نەبووبێ؟ کامیان هەیە وەڵامی بە پرسێکی گرنگی سیاسی دابێتەوە و گرێیەکی بنچینەکی کردبێتەوە؟ گرفتیکی چارەسەرکردبێت؟ ئاخر ئەگەر مانیلا بوو بەرەمزی خەبات لەدژی ئاپارتایدی رەگەزی، ئەی کام رابەری بزوتنەوەی کوردایەتی هەیە بووبێتە رەمزی هیچ بزوتنەوەیەکی دیاریکراو لە کوردستان بۆ وەڵامدانەوە بە ئاریشەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و میژوویی؟ مستەفا بارزانی، کاتێک ئیران پشتی تێکرد، بە دەیان هەزار پیشمەرگەو جبەخانەی جەنگییەوە فەرمیاشی” کار من تمام شد” رادەگەیەنێت و کارەسات دەخاتە سەر کارەساتەکانی تری، کە بە “ئاش بەتاڵ” بەناوبانگە؟ کام رابەری بزوتنەوەی کوردایەتی بە پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و بۆ چارەسەری پرسی ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستان، تێکۆشاوە؟ لەوانەش واوەتر کەسێک لەناو بزوتنەوەی  کوردایەتیەتیدا  نادۆزینەوە، کە لە زمانی خودی رابەران و کاراکتەرەکانی ئەم بزوتنەوەیەوە، کارنامەیەکی لیخنی لەسەرکوت، نۆکەر پیشەیی، تەسفیەی جەسەدی، تیرۆری کەسایەتی… نەبێت. بۆ ناسینی رابەرانی میژووی بزوتنەوەی کوردایەتی بڕوانە میژووی لانی کەم بە بێلایەن نووسراوی کاراکتەر و نووسەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و یان گەواهی دەرەکانیان.

حزب و بنەماڵەکان، خاوەنی رابەری خۆیانن و دەتوانن و چۆنیان دەوێت، دەتوانن بە پیرۆزیان بزانن و کە مردیشن گڵکۆکانیان بکەنە مەعبەد و پەرستگا، بەڵام مافی ئەوەیان نییە، ئەوانە وەکو رابەری خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی نارەزایەتی لە دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی رژێمە دیکاتۆرەکان بناسێنن و بەسەر خەڵکی کوردستاندا وەکو رابەر بیانقەبڵێنن.

باسی پیرۆزییە نیشتیمانی نەتەوەیەکان و هێنانی یاسا بۆی، لە بنەرەتدا، بۆ پیرۆزکردنی نا پیرۆزییەکان و داسەپاندنیەتی بەسەر خەڵکی کوردستان و پیرۆزییەکانی کۆمەڵگەدا، کە یاخی بوون و نارەزایەتی بە دژی ناعەدالەتی، قبوڵ نەکردنی ئەو بەناو پیرۆزییانە، لایەنێکی سەرەکیەتی.

ئینسان و بەهای ئینسانی، ئیرادەی سیاسی ئینسان، ژیان و پاریزراوبوونی شکۆی تاکەکان، رەخنەو رەتکرنەوەی نابەرابەری و بێمافی، تیکۆشان و خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی، دەروازە کردنەوە بۆ توێژینەوە و لیکۆڵینەوەی بی لایەنانە لەهەموو بوارێکدا،… لە ریزی پیرۆزییەکاندان.

هێنانی ئەو پرۆژە یاسایە، بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی دەنگی بوێر و جوڵانەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بۆ رێگەگرتنە لە پەردە هەڵماڵین لە میژووی لیخن و لێڵی بزوتنەوەی کوردایەتی و تاوانکارییەکانیان. بەکورتیەکەی هێنانی پرۆژە یاسا لە ژیر ناوی پاراستنی هیما نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، بۆ کوشتنی پیرۆزییە ئینسانیەکان و ئیرادەو ویستە ئازادیخوازە ئینسانیەکانە.

 کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.