پیرۆزییە نیشتیمانی و ئایینیەکان وەسیلەیەک بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک  نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی 

0

 پیرۆزییە نیشتیمانی و ئایینیەکان وەسیلەیەک بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک

 نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی 

ئازادی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خەبات و فیداکاری و گیانبازیی خەڵکی شۆڕشگێڕی باشوری کوردستان بەدەست هاتووە و تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگەیە بە ژن و پیاوەوە شان بە شانی یەک لە ریزی پێشەوەی خەبات بە دژی دیکتاتۆری و دەسەڵاتی سەدامی خوێنڕێژدا بوون و لەو پێناوەدا قوربانی زۆریان داوە، بەڵام قەت ملکەچی زوڵم و زۆر نەبوون. خەڵکی وەزاڵەهاتوی ئەو ناوچەیە دوای ساڵەها خەبات و قوربانیدان هەموو هەولەکانی خۆیان خستە گەڕ تا بەڵکو بتوانن بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن و هێمنی و ئارامی بە ژیانیان ببەخشن. دوای ڕوخانی دەسەڵاتی سەدام و ئالوگۆڕ بەسەر ڕەوتی ڕوداوەکانی ئەو ناوچە دەسەڵاتێکی ناسیونال-دینی هاتە سەرکار و خۆی بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەدا سەپاند و دەسەڵاتی خێڵەکی و عەشیرەیی بە کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخی عەشیرەیی و ئایینی ناوچەکە هاتەسەرکار. دوای بە دەسەڵات گەیشتنی دەسەلاتی ناسیۆنال دینی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دوو حیزبی سەرەکی کە هەر ئاکامی ئەو بارودۆخە بوو، خەڵک نە تەنیا بە مافەکانی خۆیان نەگەیشتن، بەڵکوو لەسایە سەری ناکارامەیی و خیانەتی سەرانی دەسەلات ماڵوێرانی زیاتر ڕووی لە خەڵک کرد و تا بە هەنووکە ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێ. دەسەلاتی هەرێم هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە هەوڵی زەقکردنەوەی بیروباوەڕی ئایینی لە ناو خەڵک دا و هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ هێنانە مەیدانی حیزبە ئیسلامیەکان و دەسەڵاتی ڕەهای پێدان تا لە ڕێگای ڕاگەیاندەوە کە ڕۆڵی سەرەکی لە پەروەردەی  تاک دەگێڕێ پڕوپاگەندە بۆ دواکەوتوویی و بیڕوباوەری خوڕافە بکەن و کۆمەڵگە بەرەو دواوە بەرن. هەر وەک ئاماژەمان پێکرد کوردستان بەداخەوە تا بە ئێستاکەش بەهۆی هەڵکەوتەیی جوگرافیایی و ئەو بارودۆخەی بەسەریدا زاڵە هێشتا کە سیستمێکی عەشیرەیی و خێڵەکی هەیە، بۆیە ئەوە بارودۆخێکی لەباری بۆ ئەحزابی ئیسلامی رەخساند تا هەلەکە بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوەو لە ناکارامەیی و بێ کیفایەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان کەڵک وەرگرن و کۆمەڵگە بەرەو ئەو ئاقارەی هەنووکە  بەرن. لەو نێوەدا ژنان کە هەمیشە بۆ دەسەڵاتی ناسیۆنال دینی بڤەبوون زۆرترین قوربانیان داوە. ژنانی هەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای شٶڕشەوە خەباتیان کردووە و قوربانی زۆریان داوە، ساڵەهای ساڵە لە ژێر ناوی شەرەف  و ناموس و دەستەواژەی جۆراوجۆر دەکوژرێن و مافیان زەوت دەکرێ. سیستمی هەرێم بە پەروەردەی خوڕافە و نامرۆڤانە کۆمەڵگەی بەرەوداڕمان بردووە و تاک بە تاکی ئەو ولاتە بوونە قوربانی بیروباوەڕی دواکەوتوانە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دوای ئەوەی خەڵک هەستیان بەو زوڵم و زۆر و بێمافیە کرد کە بەسەریاندا سەپاوە، بەردەوام لە هەر بیانوویەک بۆیان لوابێ کەڵکیان وەرگرتووە  ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، بەڵام لەلایەن دەسەڵات و هێزی ئاسایشی نیشتمانی بە لێدان و ئەشکەنجە و گوللە وەڵامیان دراوەتەوە. هەژاری، توندوتیژی، بێمافی، نەبوونی هەلی کار، نەبوونی ئەمنیەتی گیانی و ماڵی، خەمۆکی،  دیاریی دەسەلاتی هەرێمە بۆ خەڵکێک کە بۆ نەمانی زوڵم و دیکتاتۆری خەباتیان کردووە و بێگومان مافی خۆیان بوو بە ئازادی و ئەمنیەتی  کۆمەلایەتی بگەن و ژیانێکی مرۆڤیان بۆ دەستەبەر بکرێ. ڕاگەیاندن چوونکە لە قۆڕخی دەسەڵاتی خۆسەپێن دایە بەردەوام هەوڵ بۆ دواکەوتوویی و داڕمانی شیرازەی کۆمەڵگە دەدات و بارودۆخەکە نالەبارتر دەکا. ساڵەهایە پارەی هەرێم سەرفی دروستکردنی مزگەوت دەکرێ تا مەلاکان لە مینبەری خوڕافەوە مێشکی خەڵک بشۆنەوە و ئاستی وشیاری تاکەکان بە تایبەت نەوەی نوێی بێننە خوارێ بۆ ئەوەی هەموو بێ مافیەکانیان کە ئاکامی ناکارامەیی و گەندەڵی دەسەلاتدارانە  لە خوای دروستکراوی خۆیان  ببینن و ئەو ژیانە بە چارەنوسی خۆیان بزانن. دەسەڵات لەژێر ناوی ئاڵا و ئەی ڕەقیب و پیرۆزییە نیشتمانییەکان هەموو پیرۆزییە مرۆڤیەکانی پێخوست کردووە و هەر دەنگێکی ناڕازی لە گەروودا کپ دەکات و بە توندی وەلامی دەداتەوە. لەژێر سێبەری ڕەشی ئەو دەسەڵاتە هەژاری، نەبوونی ئارامی و ئەمنیەتی گیانی و ماڵی پیرۆز و مافی خەڵک نییە، بەڵام سەرانی گەندەڵی دەسەلات کە ئەو بارودۆخەیان خوڵقاندووە پیرۆزن و رەخنەگرتن لێیان بڤەیە و بە زیندان وەلامی دەدرێتەوە. ئازادی و خودی مرۆڤایەتی لە لایەن دەسەڵاتەوە بە پیرۆز نازانرێ بەلام سەرکردە گەندەڵەکان و حیزبە ناسیۆنال دینیەکان کە سەربە بزوتنەوەیەکی دیاریکراون بوونە تابۆ و رەخنەگرتن لێیان بە توندترین شێواز وەلامی دەدرێتەوە. ئەگەرچی ساڵەهایە بزوتنەوە مەدەنی و کۆمەلایەتییەکان ملکەچی ئەو دەسەلاتە نەبوون و هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی خەبات دا بوون و هەڵگری ویست و داوای ڕەوای خەڵک بوون، بەڵام خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێ بەو ئاکامە بگەن تا ئەو کاتەی ئەو دەسەلاتە لەسەر کار بێ چارەنوسیان لەوە باشتر نابێ، چونکە تاکە ڕیگا و ئاڵتەرناتیڤی بارودۆخێکی مرۆڤی بە نەمانی ئەو دەسەلاتە گەندەڵە و هاتنە ئارای سیستمێکی سۆسیالیستی و مرۆڤتەوەر کە تێیدا هەموو تاکەکان مافی وەک یەکدیان هەیە و پەروەردەی خورافە و نامرۆڤانە جێگای خۆی دەدا بە پەروەردەیەکی جوان و مرۆڤی مسۆگەر دەبێ…

Leave A Reply

Your email address will not be published.