داڕمانی سەرمایە بەردەوامە؛ مایەپووچ بوونی دەستباڵای ملیاردێرەکانی جیهان…! نووسینی: کەریم کەریم

0
داڕمانی سەرمایە بەردەوامە؛ مایەپووچ بوونی دەستباڵای ملیاردێرەکانی جیهان…!
 
نووسینی: کەریم کەریم
دوا بەدوای دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەڕێکەوتی (٢٠١٩/١٢/٠٩)دا کە بۆ یەکەمجار لەشاری (یوهان)ی دەوڵەتی چیندا سەری هەڵدا، کەئەمەش خۆی لەخۆیدا زەنگێکی پڕ لەمەترسی و زۆر خەتەرناک بوو کەکۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و جیهان روبەڕووی گەورەترین کارەساتی مرۆیی و لەناوچوون و کۆتاییهێنان لەڕووی ماددی و مەعنەوی کردۆتەوە. ئەم ڤایرۆسی کۆڕۆنایە هەموو شوێنێێک و کون و کەلەبەرێکی ئەم جیهانە پان و بەرینەی داگرتووە. واتە لەشوێنی کار و ژیانی مرۆڤەکان لە ماڵەکان، کۆڵانەکان، کارگەکان، فڕۆکەخانەکان، وێستگەی پاس و شەمەندەفەرەکان، چێشتخانەکان، دائیرەکان، شارەکان، وڵاتەکان و تا دەگاتە گشت کیشوەرەکانی جیهان کەبەردەوام کەوتۆتە بەر مەترسی توشبوون بەکۆڕۆنا ڤایرۆسەوە.
کۆڕۆنا ڤایرۆس لەئێستادا و لەداهاتوودا شەڕێکی دەست و یەخەی لەبەرامبەر تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و جیهانی بەرپا کردووە لەهەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتیش لەبواری ئابووریدا کە تاچەند کاریگەری نەگەتیڤ و دەرئەنجامەکانی لەهەموو شێوازەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا کردووە.
ئەو شەڕە وێرانکەرەی کەئێستا ڤایرۆسی کۆڕۆنا دژی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بەرپایکردووە، دەبووایە لەسەرەتای سەدەی(٢١) بیست و یەکەمدا لەلایەن لە (٩٩%)ی خەڵکی جیهانەوە دژی دەسەڵاتی سەپێنراو لە (١%)ی دانیشتوانی گۆی زەوی، واتە ملیاردێرەکانی دونیا بەرپا بکرایە. بۆیە وتم لە (٩٩%) ی خەڵکی جیهان، چونکە پەتای جیهانی کۆڕۆنا ڤایرۆس سەڵماندی کەهەموو هێزی ملیارەها مرۆڤ لەگیرفانی (٢) تا (٨) هەزار کەسێکی گۆی زەوی دایە.
جێگای سەر سووڕمان نییە و سەرت لەمە سووڕ نەمێنێت کەسیستەمی سەرمایەداری، واتە سیستەمی بانکەکان، کۆمپانیاکان، کۆپەرەیشنەکان و دەوڵەتەکانیان، لەپرۆفیسۆرێکی زانکۆکانەوە بگرە تا دەگاتە دادوەرێک، پزیشکێک، قەشەیەک، مەلایەک، خاوەن خانوویەک، دوکاندارێکی بچووک، خاوەن تەکسیەک، قوتابییەک، ژنێکی ناوماڵ، جوتیارێکی بچووک، بێکارێک، سۆشیال خۆرێک، خانەنشینێک، چەکدارێک، سەرباز و ئەفسەرێک و تاد…، هەموویانی وەک کرێکارێکی پشتی ئامێرێکی بەرهەمهێنان کردووەتە کۆیلەیەکی کرێگرتەی خۆیی و هەموویان لەڕۆژانی داخستەنە گشتییەکانی کۆڕۆنا ڤایرۆسدا هەست بەوە دەکەن کەجێگا و ڕێگایەکی ئابووریی – چینایەتی وەک یەکیان لەکار دابەشکردنی کۆمەڵایەتی سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە و تەنها ناو و سلکەکانیان لەیەکتریان جودا دەکاتەوە، نەک بەشی وەک یەکی و یەکسانی ئەوان لەداهاتی گشتی و کۆمەڵایەتیدا. 
کامە دکتۆر، کامە پرۆفیسۆر، کامە مامۆستا، کامە مەلا و قەشە و تاد… هەیە وەکو ئەو کرێکارەی کە کارەکەی لەدەستداوە، لەترس و دڵەڕاوکێدا ناژی بەرامبەر وەستانی چەرخەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایە و لەخەمی داهاتووی نادیاری موچەکەی، کرێ خانووەکەی و دوکانەکەی، یان سوی سەر خانووەکەیی و کرێدت کارتەکەی و گشت خەرجییە لاوەکییەکانی دیکەی ڕۆژانەی ژیانی نییە کەسیستەمی سەرمایەداری بۆی دروستکردووە؟ ئەگەر مرۆڤ خۆی لەڕاستی و حەقیقەتدا لانەدات و خۆی بەزۆر گەمژە نەکات، وەڵامی ڕاستی پرسیارەکەی لەبەردەستدایە؛ هەمووان، بەهەموو ناو و جێگا و شوێنە جیاوازەکانەوە لەکار دابەشکردنی کۆمەڵایەتی سەرمایەداریدا کەهەیانە، کرێکار و کۆیلەی کرێگرتەی بانکەکان، کۆمپانیاکان و دەوڵەتەکانیانین و لەڕێگای فرۆشتنی هێزی کار و بازوو یان هێزی مێشک و فیکرەوە ژیانی مەمرە و مەژی دەگوزەرێنین. ئەمە ڕاستی دونیای ئەمڕۆیە و کۆڕۆنا ڤایرۆس تەنها پەردەکەی لەسەر هەڵداوەتەوە. دوای کۆڕۆنا هیچ مرۆڤێکی کۆیڵەی سەرمایە ناتوانێت بیر لەمە نەکاتەوە کەبۆچی کۆمەڵگەی جیهانی مرۆڤایەتی بەم شکڵ و شێوە ئابوورییە ناعەداڵەتییە دابەشبووە.! 
 دیوێکی جوانی دیکەی سونامی کۆڕۆنا ڤایرۆس ئەمەیە کەملیاردێرەکان، سیاسەتمەدارەکان و دەوڵەتەکانیانی بەبێ ڕەحمانەترین شێوە خستە بەر شەپۆلی ڕوخێنەری خۆیەوە.
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا لەگفتوگۆیەکیدا بۆ فاینانشاڵ تایمز بەڕاشکاوانە دەلێت:[نازانین لە کوێداین… من خۆم داوەتە دەست قەدر و چارەنووس… دوای کۆڕۆنا دەبێت سەرمایەداری پێکهاتەی خۆی بگۆڕێت. لەو چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لەپێویست کارمان لەبواری ماڵیدا کردووە- بڕوانە فاینانشاڵ تایمز گفتوگۆ لەگەڵ ماکرۆن].
https://m.youtube.com/watch?t=0h7m34s&v=DPGfKhCICC0 ).
بەڕاستی وایە کەکۆڕۆنا ڤایرۆس سەری لەبلیمەترین ئەقڵەکانی سەرمایە شێواندووە و نازانن ئێستا لەکوێدان و سبەینێش لەکوێدا دەبن و چارەنووسی ڕژێمە ڕێگر و چەتەکەیان بەکوێ دەگات…!!!
کۆڕۆنا ڤایرۆس مۆری تەئیدی خۆی لەڕاستی ئەم بۆچوونەی بیرمەند و فەیلەسوف (کارڵ مارکس)دا کە (١٦٠) ساڵ لەمەو پێش وتی:[شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری زیاتر لەهەر شێوەیەکی تری بەرهەمهێنان، نەک تەنها مرۆڤ و کاری زیندوو، نەک تەنها  گۆشت و خوێن بەهەدەر دەدات، بەڵکو  لەبەهەدەردانی مێشکیش دەست ناپارێزێت- مارکس کتێبی سەرمایە/ بەرگی سێیەم]. ئێمە بینیمان کەچۆن لەئەنجامی داڕمانی سیستەمی تەندروستی جیهانی سەرمایەوە [تەنانەت لە بەناو پێشکەوتوترین وڵاتانی جیهاندا]،  کەڤایرۆسێک گیانی دەیان و سەدان هەزار مرۆڤی کۆتایی پێهێنا و چۆن ملیارەها مرۆڤیشی لەدڵە ڕاوکێی ژیان و مەرگدا ڕاگرتووە و مێشکیانی وێرانکردووە.!
کۆڕۆنا ڤایرۆس بەهەموو زیانە گیانی و مرۆییەکانیانەوە، بەڵام ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ و گەورەی بینی لە لەرزۆک کردنی پایە ئابووریی، سیاسی، کەلتوری و ئایدیۆڵۆجییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەڕۆژگاری ئێمەدا. سەرمایەی ماڵی، گورگەکانی بانکەکان و بۆرسەکان لەحاڵی حازردا لەبەردەمی داڕمانێکی مێژوویی گەورەدان.
 بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فۆربز (forbes) 
 ( https://www.forbes.com/billionaires )  
لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا ڤایرۆسەوە (٢٥٨) ملیاردێر لەلیستی میلیاردێرەکانی جیهان سڕاونەتەوە…!!! بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ژمارەی میلیاردێرەکانی جیهان لەساڵی ٢٠١٩دا لە (٢٣٥٣) کەسەوە کەمبوونەتەوە بۆ (٢٠٩٥) کەس و ئەم ملیاردێرە تەبەخور کردووانە، [هاوکات لەگەڵ گشت ژمارەی میلیاردێرە ماوەکان لەلیستەکەی ئێستادا]، بەزەرەرێکی (٧٠٠) میلیار دۆلارییەوە لەبازاڕی سەرمایەی جیهاندا بوون بەهەڵم…!!! هەڵبەت داتاکانی سەرمایەداری، هەر وەک میدیاکانی خۆیان پڕن لە درۆ، چەواشەکاری و ساختەکاری و بەم هۆیەشەوە ناکرێت باوەڕیان پێ بکەین، بەڵام بەپێی یاساکانی کێبڕکێ و یاساکانی قەیرانی سەرمایەداری مایەپووچ بوونی دەستباڵایی ملیاردێرەکان و چوونە دەرەوەیان لەبازاڕی سەرمایەدا ناچاری یە. بۆیە پێشبینی دەکرێت کە لەدرێژەی گورزە گورچک و کوشندە بڕەکانی کۆڕۆنا لەئابووریی سەرمایەداریدا، هەم ژمارەی مایەپووچەکان زیاد بکات و ئەو (٨) تریلیۆن دۆلارەی تریش کە تائێستا لەژێر دەستی (٢٠٩٥) ملیاردێرەكەدا ماوەتەوە زیاتر دابڕوخێت و ژمارەی میلیاردێرەکانیش زیاتر کەم بێتەوە لەو ژمارەیەی ئێستاکە گۆڤاری فۆربز (Forbes) ئاماژەی پێداوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێبینی کردنە تەنها لەدەوڵەتی کۆمۆنیستی بۆرژوازی چیندا (٣٧٣) ملیاردێری بەئاشکرا و ڕەسمی تێدایە کەکۆی سەروەت و سامانی ملیاردێرەکانی دەگاتە (١٫١٢٠٫٠٠٠٠٠٠٠٠) تریلیۆنێک و سەد و بیست ملیار دۆڵاری ئەمریکی لەناو خاک و دەوڵەتی چیندا تەواجودی هەیە کەئەمەش خۆی لەخۆیدا کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردۆتە سەر ئابووری ئەمریکا، چونکە ئەو ڕێژە پارە و سەرمایە لەدەرەوەی بازاڕی ئەمریکا دایە بۆ مامەڵەکردن و بازرگانی کردن و لەچەندەها بوارەکانی تری بازاڕی ئازادی ئەمریکادا.
کۆڕۆنا ڤایرۆس نەک بەتەنها دەبێتە هۆی مایەپووج بوونی هەر ڕۆژەی ملیاردێرەکانی جیهان، بەڵکو کاریگەری و کوشندەیی بۆ گشت سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەگەڵ تاریکترین چرکەساتەکانی تەمەنی خۆیدا بەرەو ڕوو دەکاتەوە. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، خەڵکی جیهان (٢٥٥) تریلیۆن دۆلار قەرزاری هەموو بانکەکانی جیهانن. لەوانە دانیشتوانێکی (٣٦) ملیۆنی کەسی وەک کەنەدا،  بەپێی ڕاپۆرتێکی بلوومبێرگ     (https://www.bloomberg.com/news)
 ( ٢,٣) تریلیۆن دۆلار خەڵکەکەی قەرزاری بانکەکانن. بەگشتی ئابووریی جیهانی سەرمایەداری بەشێوەیەکی خێرا ڕووی لەداڕمان کردووە و لەگەڵ سەختترین و قوڵترین قەیرانەکان لەمێژووی (٣٠٠) ساڵەی خۆیدا بەرەو ڕوو بووەتەوە. بەپێچەوانەی لێدوانە چەواشەکارەکانی ئیکۆنۆمیستەکان و ڕاوێژکەرەکانی سەرمایە، بەوەی کەگوایە لەساڵی (٢٠٢٢) بەدواوە ئابووریی جیهانی سەرمایەداری دەکەوێتەوە سەر ڕەوتی ئاسایی پێشتری خۆیی، بەڵام ئەم پرۆسەی داڕمانە بۆ ساڵانێکی زۆرتر بەری پێناگیرێت و هەموو سێکتەرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری جیهانی دەگرێتەوە، قەبارەی سەرمایەی جیهانی ئەمڕۆ تا ئەو ئاستە بچووک دەبێتەوە کەچەندین ساڵ و بگرە دەیان ساڵی دەوێت تا بگاتەوە قەبارەی ئێستای. هەر ئەوەی کە لەچەند مانگی رابردوودا کەبینیمان نرخی یەک بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت بە (سفر) دۆلار کەئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوە کە ئەم داڕمانەی سەرمایە لە چ ئاستێکی فراوان و مەزندایە و تا ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتەوە بە (١٠٠) دۆلار چەندە کاتی پێویستە. هەر ئەوەی کەخەڵک نەتوانن قەرزی (٢٥٥) تریلۆنی بانکەکان بدەنەوە و مایەپووچی بەسەر بانکەکاندا بسەپێنن، بانکەکان چەندە کاتیان پێویستە تا ئەو زیانانەی کۆڕۆنا ڤایرۆس پڕ بكەنەوە؟ بەڵام ئەمە هەموو داستانی پاڵەوانێتی کۆڕۆنا ڤایرۆس نییە، بەڵکو داستانەکە تا ئاستی وێرانکردنی سیاسەت و ئایدیۆڵۆجییەکانی سەرمایەی جیهانی درێژ تر دەبێتەوە. ڕەنگە ئەم باسە دوور درێژ و تاقەت پڕوکێن بێت. بەڵام لەهەمان کاتدا ئاشکرا و دیار نییە و نازانین چەند کات و ماوە دەخایەنێت سەبارەت بە بەردەوامی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەئاکام و دەرئەنجامەکانی و تاچەند دەتوانن ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەری پێ بگیرێت لەگورزی کوشندەیی و زەبر لێدان لەتەوقی سەری سیستەمی سەرمایەداری و ملیاردێرەکانی جیهان لەداهاتوودا…!  
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.