چ کارەساتێکە لەسەر کاریکاتێرێک مرۆڤ سەربڕین نووسینی: ڕۆژ عەزیز

0

چ کارەساتێکە لەسەر کاریکاتێرێک مرۆڤ سەربڕین

نووسینی: ڕۆژ عەزیز

 ڕۆژی ١٦ ی  ٢٠٢٠ ئۆکتۆبەر لە فەرەنسا موسڵمانێکی چیچانی ١٨ساڵ مامۆستایەکی فەرەنسی سەربڕی لەسەر ئەوەی کاریکاتێرێکی پێغەمبەری ئیسلامی پیشانی قوتابیەکانیدا کە ساڵی ٢٠١٧ دروستکرا بوو، ئەم ڕوداوەش هەرایەکی گەورەی نایەوە، دەوڵەت بەشەریەت کەوتنە دوو بەرەوە بەرەی حکومەتی فەرەنساو بەرەی ئەردۆغانەوە.

 بەرەی ئەردۆغان ئیسلامییەکانی کوردستانیش تێیدا بەشدار بوون چاویان لەتاوانکاری ئەردۆغان و حکومەتەکەی نییە و بگرە هێشتا پشتیوانی لە ئەردۆغانیش دەکەن. تەنانەت ئەوکاتەی ناسیونالیستەکانی کورد لەدژی حکومەتی تورکیا بایکۆتیان راگەیاند، ئیسلامیەکانی کوردستان لەگەڵ بایکۆت نەبوون، چونکە حکومەتی ئەردۆغان بەموسڵمان دەزانن. گەرچی من لەگەڵ هیچ بایکۆتیک نیم، چونکە بایکۆت هەمان ئەو کارەیە کە پێی دەوترێت ئابڵوقەی ئابوری، بەئابڵوقەی ئابوریش هیچ دەوڵەتێکی ناڕوخێت.

 بینیمان ناسیونالیستەکانی کورد  دژی حکومەتەکەی ئەردۆغان بایکۆتیان راگەیاند، بەڵام ئەردۆغان وحکومەتەکەی هەر وەک خۆیانن  و بگرە تەنها خەڵکی کوردستان و خەڵکی تورکیا لەم نێوەدا باجی بایکۆتیان دا و تێیدا زەرەر مەندی یەکەم بوون. ئێستاش لە کوردستان ئیسلامییەکان بایکۆتی فەرەنسایان راگەیاندوە گەرچی لەکوردستان کاڵای فەرەنسی کەمە ئەوەی هەیە زیاتر هی تورکیاو ئێران و وڵاتانی دیکەیە.

 ئیسلامیەکانی کوردستان و ئیسلامی سیاسی بەتایبەتی باکی بەسەربڕینی مامۆستاکە نەبووە، بگرە دیفاعی لە پەیامبەرێک کردوە کە مردوەو کاریکاتێریان دروستکردوە، بەڵام موسڵمانان خەڵکی لەسەر سەر دەبڕن. ئەمە دەیسەلمێنێت مەزهەب دینی ئاشتی و پێکەوە ژیان نییە لەهەر کوێیەک دەسەڵاتی هەبێ بەشمشێر خەڵک سەردەبڕێت.

 ئەم کاردانەوانە، تەنانەت کاریگەری هەبووە لەسەر پەرلەمانی کوردستانیش، عەلی حەمە ساڵح و بەشێک لەئەندامانی پەرلەمانی گۆڕان و ئیسلامیەکان یاداشتی نارەزایەتیان ئاراستەی قونسوڵی فەرەنسا کردوە لەسەر ئەوەی گوایە بەکاریکاتێرەکە سوکایەتی بە پێغەمبەریان کراوەو سەرۆکی فەرەنساش ماکرۆن لەم بارەیەوە قسەی کردوە لەسەر ڕوداوەکەو بریاری دەرکردوە.

ئەم پەرلەمانتارە فکر داعشانە هیچ باکیان بەسەربڕینی مامۆستاکە نەبووە، نیگەرانی کاریکاتێرەکە بوون کە لەسەر پێغەمبەر دروستکراوە. ئەمانە هیچ شەرمیان نەکردوە کە هاوخەمیان بۆ خانەوادەو ماکرۆن و حکومەتەکەی دەرنەبڕیوە، بگرە ئەم یاداشتە نیشانی دەدات کە بەرەی سەربڕەکەو ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم بەهێزتر دەکات. دوابەدوای یاداشتەکەی جەماعەتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکی پشتیوانیان بۆ حکومەتی فەرەنسا دەربڕی و سەردانی قونسوڵخانەی فەرەنساشیان کرد.

ئاینێک لەسەر کاریکاتێرێک مرۆڤ سەرببڕێت دەبێت لەهیچ جێگەی دنیا جێگەی بێتەوە؟ ئاینێک  ١٤٣٩ ساڵ بێت بەردەوام بێت لەبانگەشەکردن وهێشتا وەک سەردەمی پەیامبەری ئیسلام لە مەدینە هیچ دەسەڵاتێکی نییە دەبێت ئەمە چ ئاینێک بێت ناتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست؟ ئاینێک رۆژی پێنج جار هاوار بکات و بڵێت وەرن بۆ مزگەوت و نوێژەکانتان کە هێشتا دەسەڵاتی لاواز بێت و رۆژ بەرۆژ لە پاشەکشەدا بێت دەبێت ئەمە چ ئاینێک بێت؟.

 ئاینێک پیاوان لە چوار ژن زیاتریان بۆ هەبێت بیهێنن دەبێت ئەمە چ خزمەتێک بەژن بکات و چ ئاینێکە؟. ئاینێک لەسەر بەناو زیناکردن ژن زیندە بەچاڵ و رەجم بکات ئەمە چ ئاینێکە بۆ مرۆڤ هاتۆتە خوار؟ حکومی کافر بوون سەربڕین وکوشتن بێت دەبێت ئەو ئاینە لەکوێی دنیادا جێگەی بێتەوە؟ ئاینێک پەیامبەرەکەی کچی ٩ ساڵانی لەخۆی مارە کردبێت تۆ بڵێی لەکوێی دنیادا ئەم عەقڵیەتە بوونی هەبێ بتوانێ درێژە بەئاینەکەی خۆی بدات؟  ئاینێک کەسێک دزی بکات دەستی ببڕنەوە، ئەمە دەبێت لەچ کونجێکی ئەم دنیادا بتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست؟

ئاینێک قورئانەکەی هانی سەربڕین و کوشت و کوشتار بدات زۆربەی ئایەتەکانی باس لەکوشتن دەکات دەبێ لەکوێی دنیادا بتوانێ سوچێکی بچوکی دەسەڵات بگرێتە دەست ئەگەر بە زەبری شمشێر و خوێن رشتن نەبێ؟ ئاینێک زۆربەی کاروکردەوەکەی و قورئانەکەی پڕ بێت لە کوشتن، بۆشت نەبێ رەخنەی لێ بگریت ئەمە چ جۆرە ئاینێکە؟. ئاینێک لەهەموو پەرتوکەکەیدا وشەیەکی تێدا نییە ناوی ئازادی بێت ئەمە لەکوێی ئەم دنیادا جێگەی دەبێتەوە، مەگەر بەسەربڕین ترس وتۆقاندن بتوانێ خەڵک پەروەردەی ئاینەکەی بکات؟.

 ئاینێک رەخنەی پێ قبوڵ نەبێت وێنەو کاریکاتێری لا کوفر بێت دەبێت چەند سەدەی دیکە بتوانێ وەک سەردەمی خەلافەتی ئیسلام دەسەڵات بگرێتەوە دەست؟ ئاینێک مرۆڤ فێری ڕق بکات‌ و کینەو سەربڕین کات، ئێوە بڵێن قەت شانسی دەسەڵاتی هەبێ؟ ئاینێک دژی هەموو بەها مرۆیەکانی ئینسان و ئازادی مرۆڤەکان بێت دەبێت کەی دەسەڵات بگرێتە دەست؟. ئاینێک دوژمنی مۆسیقاو رەقس و سەماکردن و گۆرانی وخۆشەویستی کچ و کوڕان بێت دەبێت بۆ یەک لەحزە بێ سەرکوتکردن و تۆقاندن شانسێکی کەمی هەبێ دەسەڵات بگرێتە دەست؟ ئاینێک ١٤٣٩ ساڵە ناتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست هەرگیز شانسی دەسەڵاتی نابێ لەهیچ کوێی دنیادا، چونکە بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت.

 مەزهەب لەبێ ئیرادەکردن و سەرمەستکردنی بە ئاینەوە بێجگە لە فریودانی خەڵک ناتوانێ ئازادی رەفاهیەت و یەکسانی لەبەینی ئینسانەکاندا بەرپا بکات. مەزهەب ١٤٣٩ ساڵە جوابدەرەوەی ژیانی ئینسانە هەژارو بەشمەینەتەکان نەبووە، هەرگیز شانسێکی دیکەی نابێتەوە دەسەڵات بگرێتەوە دەست مەگەر بە توندوتیژی و خوێن ڕشتن نەبێ. موسڵمانان خۆیان لە وڵاتی ئیسلامی لەدەست شەڕو کوشتارو هەژاری دەسەڵاتی ئیسلامی و تیرۆریزمی ئیسلامی دەچنە ئەوروپاو وڵاتانی دیکە کەچی، لەوێ بەنیازن ئاینەکەی خۆیان بەسەر وڵاتێک و خەڵکەکەیدا بسەپێنن کە ئیقامەی پێداون و بەئازادی لەو وڵاتە  دەسوڕێنەوە، کەچی لە وڵاتی خۆیان لەسەر ئەوەی بەئازادی کاریکاتێر دروست دەکەن خاوەنی کاریکاتێرەکە سەردەبڕن .

 ئیسلامی سیاسی و موسڵمانە توندڕەوەکان، نازانم کاریان چییە بە وڵاتی عەلمانی؟ لەکاتێکدا خودی ئەم موسڵمانانە لەدەست خودی شەر و سەرکوتی ئیسلامی سیاسی هەڵاتوون. وڵاتانی ئازاد و عەلمانی شوێنی توندرەوی ئیسلامی و تیرۆریزم نابێتەوە، خەڵکی ئەو کۆمەڵگەیانە دەیانەوێت بەئازادی بژین و دوور لەترس و تۆقاندن .

 ئەگەر ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی غەیرە ئیسلامی سنورێک بۆ ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم دانەنێت ئەوە کارەساتی لەم جۆرە بەردەوام دەبێت. ئەگەر خەڵکی ئازادیخوازی جیهان سنورێک بۆ تیرۆریزم وئیسلامی سیاسی دانەنێن ئەوە ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم  یەخەی هەموان دەگرێت .

 ئەگەر خەڵکی کوردستان سنورێک بۆ ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم لەکوردستانیش دانەنێت و پاشەکشە بەکۆنەپەرستی نەکات ئەوە کوردستان دەبێتە ئێران و ئەفغانستان و سەردەمی داعش لەموصڵ و سوریا. نمایش کردنی ئیسلامی سیاسی لەلایەن بزوتنەوەی گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو نیشانی دەدات ئەمانە دوژمنی ئازادین و هەرکەسیش لەکوردستان کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام دروست بکات وەک مامۆستاکەی فەرەنسا سەری دەبڕن.

لەچەند رۆژی رابردوشدا بەروونی ئەوە بەرچاو کەوتن لە چەند مەلاو ئیسلامی لەکوردستان بەدیار کەوتن کە  هەرکەس کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام دروست بکات یان وەک ماکرۆن دژی ئیسلام بێت سەری دەبڕین. ئەم پەیامە پەیامی خوێنڕشتن ترس وتۆقاندنە دەبێت سنوری بۆ دابنرێت ئەگینا کارەسات دەخوڵقێت کە هەرچۆن بەهۆی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام لە فەرەنسا چ کارەساتێک ڕوویدا لەسەر بچوکترین شت کە کاریکاتێر بوو بەڵام موسڵمانەکان ئەمەیان پێ قبوڵ نەبوو …

Leave A Reply

Your email address will not be published.