بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد

0

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد

بەشێک زۆر لە قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەوە، تا ئێستا داخراوان و نەکراونەتەوە… هۆکاری ئەم بایکۆت و داخراومانەوەی تائێستای قوتابخانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بێ موچەیی و بێدەربەستی دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتە فاشیل و بێ ڕۆڵەکەی.

دەسەڵاتی سیاسی لە ساڵی تازەی خوێندندا، لە جیاتی دانانی پلان و نەخشەی ورد و بردنە سەری ئامادەیی  مامۆستایان و سازکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ خویندکاران و قوتابیان و وەڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی خوێندن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پلان بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی مەترسی تەشەنەکردنی کۆڕۆنا ڤایرۆس، کەچی بە داسەپاندنی دۆخێکی نامۆ و نەخوازراو سەرجەم پرۆسەی خوێندنی توشی وێرانەیی و داڕمان کردووە.

نەبوونی موچە، بێدەربەستی لەبەرامبەر بۆ کۆرۆنا ڤایرۆس… وەکو دوو فایرۆسی دەستی دەسەڵاتی سیاسی بەربوونەتە گیانی کۆمەڵگە و خوێندن و پەروەردە.

سەرەتاییترین شتێک بۆ خوێندن و پەروەردەیەکی تەندروست بەجیا لە ناوەرۆکی سیستەمی خوێندن و پەروەردەو شێوازەکانی، دابین بوونی موچە و زامن بوونی لانی کەمی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و قوتابیان و خێزان و کەس و کاری خوێندکارانە.

لە ژێر سایەی دەسەڵاتی رەشی هەرێمدا، لە ژیر دەواری دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی و چەند حزبی گوێ لەمستی موچەخۆردا، سەرەتاییترین ماف، کە دابینکردنی موچەیە و دەبی لە کاتی خۆیدا فەراهەم بکرێت، کەچی ئەم مافە زۆر سادەیە کە ژیان و گوزەرانی پێوە بەندە، لە مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و تەنانەت لە فەرمانبەران سەندراوەتەوە، ئەمەش زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەی توشی وەستان و برسێتی کردووە.

لەبەرامبەر بەو مامەڵەو بێدەربەستیەی دەسەڵاتدا، بەڕیوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان دەستپێکردووە.

مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە بۆ بەرگری لە ژیانیان و بۆئەوەی بتوانن رۆڵی خۆیان لە خوێندن و پەروەردەدا بگێرن، ناچار بەوە کراون دەست بدەنە بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان… بەمەش دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە لە چارەنووسی خوێندن و پەروەردەو لێکەوتەکانی. کەس و کاری قوتابیان و خوێندکاران، پێوسیتە ببنە پاڵپشتی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە تا دەسەڵات بە هێزی فراوانی خۆیان و بە یەکگرتوویان ناچار بکەن، موچە لەکاتی خۆیدا بدات و دەست لە لێبرینی هەڵبگرن… بێگومان دەسەڵاتی سیاسی باکی بە خوێندن و پەروەردە نییە، بۆیە دەبێ ناچار بکرێت مل بدات. ئەمەش بە خۆشی خۆی ناکات، بۆیە خەبات و تێکۆشانی ئامانجدارانەو ڕێکخراو و فراوانی پێویستە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.