کاکە لاو تەحسین: ڕیفراندۆم لە بنەمادا بۆ فشار بوو نەوەك بۆ دەوڵەت و دروستکردنی قەوارەی دەوڵەتی کوردستان!

0

کاکە لاو تەحسین: ڕیفراندۆم لە بنەمادا بۆ فشار بوو نەوەك بۆ دەوڵەت و دروستکردنی قەوارەی دەوڵەتی کوردستان!

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز کاکە لاو تەحسین چاودێری سیاسی، سەبارەت بە ١٦ ئۆکتۆبەر و کارنامەی تاوانکارانەی بزوتنەوەی کوردایەتی…

بۆپێشەوە: لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا باڵێکی ناو یەکێتی کرێگرتەیی بۆ ئێران و بەغدا ئەنجامدا، لەبەرامبەر بە ڕیفراندۆمدا، بۆچی ئەوەیان کرد؟

کاکە لاو تەحسین: ١٦ی ئۆکتۆبەر کاتێك ئەنجامدرا ڕیفراندۆم کۆتایی هاتبوو و ئەنجامەکانی ڕاگەیەندرابوون، هەروەها سەرۆکی هەرێمی ئەو کات (مەسعود بارزانی) پەیامی کارنەکردن بە ڕیفراندۆمی ڕاگەیاندبوو.  ئەوەی ڕوویدا؛ دەتوانم بڵێم بڕیاری یەک لایەنە و چەند مانگ پێش ڕیفراندۆم بوو لە لایەن حکومەتی عێراق و بە پاڵپشتی ئێران.

ئەوەی باڵێکی ناو یەکێتی کردی و هاوکاربوو لەگەڵ حکومەتی ناوەند؛ بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:

یەکەم/ بۆ پاراستنی چەند دەستکەوت و پلە و پۆست دەگەڕێتەوە لە کەرکوك بۆ یەکێتی. لە کاتێکدا عێراق هەر دەگەڕێتەوە!

دووەم/ بۆ لێدان بوو لە پارتی و تۆڵەکردنەوە لە مەسعود بارزانی!

لەهەردوو هۆکارەکەشدا یەکێتی بەتایبەت و پرسی کورد بەگشتی زیانیان لێکەوت و عێراقیش قازانجی کرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بۆپێشەوە: لەبەرامبەر تاوانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەشێک لە حزبەکان، بێدەنگیان هەڵبژارد، هۆکاری بێدەنگی ئەو حزب و لایەنانە چی بوو؟

کاکەلاو تەحسین: بێدەنگی حزبەکان ئەوەبوو کە نەیاندەویست بەشداری بەرەی لایەنگری هیچ کام لە یەکێتی و پارتیدا بکەن، چونکە ئەگەر لە دژی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوونایە؟ بەمانای لایەنگری لە پارتی و ڕیفراندۆم دەکەن…

ئەگەر لەگەڵ ١٦ی ئۆکتۆبەر بوونایە؟ مانای وایە پشتیوانی یەکێتی دەکەن لە دژی ڕیفراندۆم! ئەم جۆرە لە هەڵوێستی دابەشکاریەی حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی دەمێکە بوونەتە گرفتی بەر پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان، و نەتوانن بەڕاشکاوی سیاسەت بکەن لە هەرێمی کودستان.

بۆپێشەوە: کاریگەری ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەر دۆخی کوردستان چی بوو؟

کاکە لاو تەحسین: ناوچەکوردستانی و کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە کەرکوکیشەوە لەدەستدران. کورد لەو ناوچانە و لە کەرکوک بەتایبەت دابەش بوون، پارێزگاری کەرکوك درایەوە پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکوك، لە کاتێکدا لە دوای ٢٠٠٣ ەوە ئەو پۆستە بەدەست پێکهاتەی کوردەوە بووە! کارتی دانووساندنی کوردی لەسەر ماددەی ١٤٠ و  ناوچە کوردستانیەکان لاواز بوو. بەگشتی دەتوانم بڵێم ئەوانە گرنگترین ئەو کاریگەریانە بوون کە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەدوای خۆیدا هێنای.

بۆپێشەوە: کوردستان بە فەرمی بەشێکە لە هەرێمێکی فیدرالی عێراق، هێرشی چەکداری لەلایەن بەغداوە بۆسەر هەرێمێکی خۆی، هەڵگری چ واتایەکە؟

کاکە لاو تەحسین: ئەگەر بەمانای یەك دەوڵەت ڕاڤە و شیکاری بکەین؟ ئەوا بەشەڕی ناوخۆی عێڕاق و کێشەی ناوخۆ دادەندرێت. لە ڕوانگەی دەستووریش قسەی لەسەر بکەین، ئەوا بەگوێرەی ماددەی ١٤٠ ناوچەی جێ ناکۆکن. واتە نەبۆ کوردە و نە بۆ عەرەب و تورکمان یەکلانەبۆتەوە. بۆیە بەزۆر و بەزەبی هێز و سوپا و پەلاماردانی سەربازی، بە مانای پێشێلکردنی دەستوور و داگیرکاری لێك دەدرێتەوە…

بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەکەوە بۆ لێدان بوو لە پێگەی پارتی و لەلایەکی تریشەوە جەنگی ناو باڵەکانی یەکێتی بوو، تا چەندە باڵی کرێگرتەیی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئامانجەکانیان پێکا؟

کاکەلاو تەحسین: ڕاستیەکەی وەڵامی ئەو پرسیارەم لە پێشدا خستۆتە ڕوو.

بۆپێشەوە: چۆن دەکرێت ڕێگە لە دوبارەو چەند بارەبوونەوەی ٣١ ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرەکان بگیرێت؟

کاکەلاو تەحسین: ئاشکرایە کە حکومەتی عێڕاق پێش شەڕی داعش لیوایەکی تایبەتی سەربازی لە سەربازگەی کەیوان جێگیرکرد، و هەموو دەسەڵاتێکی پیدرابوو، لەبەرامبەردا دەسەڵاتی کوردی دژی ئەو هەنگاوەی عێراق وەستانەوە و دژایەتیانکرد.

بەڵام دوای هاتنی داعش بەشێک لە سوپای عێراق هەڵوەشایەوە، و پەنابردن بۆ هاوکاری پێشمەرگە بووە پێویستی پاراستنی کەرکوك، ئەوەی جێی ئاماژەیە کە ئەم هەنگاوە نەبوو باوەڕ و قەناعەت لای حکومەتی ناوەندی لە بەغدا! بۆیە لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی شەڕی موسڵ لە ٢٠١٧ و لە مانگی ئازار لە دیداری زانکۆی سلێمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆکی حەشدی شەعبی لە قسەوباسێکیاندا گووتیان” دوای تەواوبوونی شەڕی موسڵ دێینەوە کەرکوك، و هیوادارین دەسەڵاتدارانی کورد هاوکارمان بن! ” بەڵام سەرانی سیاسی کوردی لەبری دانانی پلانێک بۆ ئەم هەنگاوەی عێراق، بڕیاریاندا ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن وەك کارتێکی فشار لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندی لە عێراق! واتە ڕیفراندۆم لە بنەمادا بۆ فشار بوو نەوەك بۆ دەوڵەت و دروستکردنی قەوارەی دەوڵەتی کوردستان! بەداخەوە؛ ئەوەش لەدەستدانی کەرکوك و سوتاندنی کارتی ڕیفراندۆمی بەدواوە بوو.

بۆپێشەوە: هەموو جارێک دەسەڵاتدارانی کورد و سەرانی  ئەحزابی کوردی ئۆبالی شکستەکە دەخەنە سەر وڵاتە زلهێزەکان و بەخائینیان ناودەبەن. ئایا وایە خیانەتیان لێکراوە یان کێشەکە لە ئاستی هۆشیاری سیاسی سەرکردەکان و حزبەکانی کوردایەتیدایە؟

کاکەلاو تەحسین: بەرلەهەرشتێك دەمەوێت ئەوە بڵێم؛ بەڕای من پێموانیە کورد سەرکردەی سیاسی هەبێت! سەرکردە دەبێت دونیا بینی هەبێت، و خاوەن پڕۆژە بێت، بۆئەوانەش هەنگاوی پراکتیک و کارسازی بەرنامە داڕێژراوی بۆ بنێت. ئەوانە هیچی لە سەرکردەکانی کورد نابینم. سەرکردەی کورد تا ئێستا بە سایکۆلۆژیا سیاسەت دەکات، نەوەك  بە بیروهۆش، هەربۆیە بەردەوام سەرانی کورد گلەییان هەیە نەك بڕیار! لەبەر ئەوە تاکی کورد کێشەی هەیە لە بوونی شوناسی کورد، واتە کورد بوون چییە؟ بەداخەوە لە دوای ڕزگاربوونی باشوور دەسەڵاتداران دەبوایە بەدوای ئەم پرسیارەدا چووبان.

بەناو سەرکردەکانی کورد ئەگەر حەزیان بەدەوڵەتی هەیە؟ ئەوا لە ساڵی ١٩٩٢ ەوەوە  بنەما و پەروەردە و پڕۆژە و دامەزراوە و ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی ئەو بوارانە کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستن دروست بکرانایە، نەوەک ئەوەشی هەبوو وێرانی بکەن، کە کردیان و بەردەوامیشن لە خاپوورکردنی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.