رەنج نەوزاد:ڕێژەی دووبارەبوونەوەی خيانەتی نيشتيمانی و کرێگرتەیی لە مێژووی ئێمەدا بەرزە و زۆر کات دووبارە دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.

0

رەنج نەوزاد:ڕێژەی دووبارەبوونەوەی خيانەتی نيشتيمانی و کرێگرتەیی لە مێژووی ئێمەدا بەرزە و زۆر کات دووبارە دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەری بەڕێز ڕەنج نەوزاد،

سەبارەت بە ١٦ ئۆکتۆبەر و کارنامەی تاوانکارانەی بزوتنەوەی کوردایەتی…

 بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆکتۆبەر، گۆشەیەکی تر لە کرێگرتەیی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەخاتە ڕوو، هۆکار چییە دەست لە گرێگرتەیی هەڵناگرن؟

ڕەنج نەوزاد: کرێگرتەیی دياردەیەکی مرۆييە و لە زۆر وڵات وکۆمەڵگەدا وبەدرێژایی مێژوو هەبووە وهەیە. بەڵام ئەم دياردەیە یاخود ئەم ڕەفتارە بۆ ئێمەی کورد تا ڕادەیەک جياوازترە بە بەراورد بە زۆر نەتەوەی دیکە. جياوازييەکەش لەوەدایە کە ڕێژەی دووبارەبوونەوەی خيانەتی نيشتيمانی و کرێگرتەیی لە مێژووی ئێمەدا بەرزە و زۆر کات دووبارە دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.

کورد ناوەندێکی بەهێز ویاسایی و سەربەخۆی نييە تاوەکو هەموو هێز وگرووپە سياسی وکۆمەڵایەتيەکان کۆبکاتەوە و ببێتە چوارچێوەیەکی سياسی ونيشتيمانی بۆ هەموویان. لە ڕووی یاسایيەوە بۆ کورد، ئەنقەرە و تاران وبەغداد وديمەشق ناوەندن، نەک کوردستان. زۆربەی کات، لەڕووی سەربازی و ئابووری و سياسیەوە ئەو ناوەندانە بەهێزترن لە کوردستان، هەروەها پشتگيری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيش زۆربەی کات بۆ ئەوان بووە، ئەمەش وا دەکات زۆر جار، ئەو ناوەندانە بتوانن گروپێکی کورد بکەن بە بەکرێگيراوی خۆیان ودژ بە کورد وکوردستان بەکاريان بهێنن.

لە لایەکی ترەوە، تاکی کورد بە درێژایی ئەم سەد ساڵە، لە لایەن داگيرکەرانيەوە پەروەردە کراوە، سيستەمی خوێندنی منداڵ و گەنجی کورد تا ئەمرۆش لە باکور و ڕۆژهەڵات لەلایەن تورکيا و ئێرانەوە دادەنرێت، دۆخەکە چەند ساڵێکە لە ڕۆژئاوا گۆڕاوە، لە باشور وا ٣٠سی ساڵە دۆخەکە گۆڕاوە، بە تايبەت لە دوای ٢٠٠٣، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نە باشور و نە ڕۆژئاوای کوردستان تەواو ئازاد نين لە پەروەردەکردنی تاکی کورد، چونکە تا ئێستا هەر بەشێکن لە عيراق وسوريا. بە کورتی، کاتێک پەروەردەی تاکی کورد لە لایەن داگيرکەرانی کوردستانەوە یان لەژێر چاودێری ئەوان ئەنجامدەدرێت، ئەوا ئەم تاکە هەميشە مەترسی ئەوەی لەسەرە بەکاربهێنرێت دژ بە نەتەوە ونيشتيمانەکەی خۆی. دواجار حيزبە کوردييەکانيش هەر لەم تاکە پێکدێن.

بێگومان هۆکار زۆرە بۆ کرێگرتەیی لە ناو کورد، بەڵام بە بۆچوونی من هۆکاری سەرەکی بريتييە لە نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ.

بۆپێشەوە: هەندێک دەڵێن ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئاکامی شکستی ڕیفراندۆم بوو، هەندێکیش دەڵێن ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ شکستدانی ڕیفراندۆم بوو ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

ڕەنج نەوزاد: ڕیفراندۆم واتە پرسيارکردن لە خەڵک، ئەمەش مافێکی سەرەتایی مرۆڤە. ئيتر لە هەر کاتێک بکرێت، هەر کێ بيکات. لەبەرامبەردا هەر لایەنێک یا هەر هێز و دەوڵەتێک بيەوێت ڕێ لەو پرۆسەیە بگرێت یا پەلاماری بدات ئەوا پێشێلکردنی سەرەتاييترين مافی مرۆڤە. سەرکەوتنی ڕیفراندۆم لەوەدا خۆی دەبينيەوە کە پرۆسەکە ئەنجامبدرێت ودەنگی (بەڵێ) زۆرينە بێنێت، هەر ئەوەش ڕوويدا. بۆیە ڕیفراندۆم وەک پرۆسە، سەرکەوتوو بوو. بەڵام نەتوانرا ئەو سەرکەوتنە بەردەوامی پێبدرێت وبگەيەنرێتە قۆناغەکانی کۆتایی.

بە بۆچوونی من دوو لایەن بەرپرسن لە ڕوودانی کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر؛ ئەو لایەنەی کە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، دەبوو هەر ئەو لایەنە پڕۆسەکە بپارێزێت و ڕێ لە خيانەت و هێرشکردنە سەر کوردستان بگرێت، بەڵام ئەو لایەنە شکستی هێنا لەو ئەرکەييدا. لایەنەکەی تر ئەو گرووپەن کە هەستان بە ئەنجامدانی کارەسات یا خيانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر. ئەو گرووپە نە پلە وپۆستی حکوميان نە هی حيزبيان ئەو مافەی پێنەئەدان کە ئەو کارە بکەن. ئەو گرووپە لە ڕووی یاسایيەوە بە هيچ شێوەیەک بۆیان نەبوو هيچ جۆرە ڕێکەوتنێک بکەن لەگەڵ بەغداد بۆ پرسی هێنانی سوپای عيراق بۆ کەرکوک و ناوچە داگيرکراوەکانی تر. بۆیە بە بۆچوونی من، لایەنی یەکەم (ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم) شکستيان هێنا لە پاراستنی کوردستان، لایەنی دووەم (بکەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر) خيانەتيان کرد.

بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆکتۆبەر پێگەی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو لاوازی زۆر برد و کەرکوکیشی لەدەستیان دەرهێنا، ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر خەڵکی کوردستان هەبوو؟

ڕەنج نەوزاد: بێگومان کاريگەرييەکانی گەورەن. کورد بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی وديموکراسی بە جيهانی گووت سەربەخۆييم دەوێت. سەرەڕای دژایەتيیە ئيقليمی وناڕەزایەتی زلهێزەکان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کورد بە ئيرادەیەکی بەرزەوە تەحدایەکی گەورەی کرد وسەرکەوتوو بوو لە دەربڕينی ويست وئيرادەی خۆی. ئەوەش متمانەیەکی گەورەی بەخشی بە تاکی کورد. بەڵام کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ديسانەوە کوردی بێهيوا کرد وگەڕانديەوە بۆ سەردەمی شکستەکان ونەهامەتيەکان. ١٦ی ئۆکتۆبەر جگە لەوەی کە لە ڕووی  سياسی و ئابووری وجوگرافیيەوە… زیانێکی گەورەی بە کورد گەياند، لە ڕووی دەروونيشەوە کاريگەری زۆر خراپی کردە سەر خەڵکی کوردستان. پەيامێک بوو بۆ تاکی کورد کە ئەم تاکە ناتوانێت ئازاد بێت لە بڕياردان بەسەر ژیان وچارەنووسی خۆی. ئەمەش ئەو پەيامەیە کە داگيرکەرانی کوردستان دەيخوازن.

بۆپێشەوە: لێکەوتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر چین؟

ڕەنج نەوزاد: جگە لەو زیان ولێکەوتانەی کە لە پرسياری پێشووتر ئاماژەی پێدرا، یەکێ لە لێکەوتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بريتييە لە دروستکردنی بۆشاییەکی گەورە لەنێوان حيزبەکانی باشوری کوردستان بە تايبەت لە نێوان پارتی ویەکێتی (باڵێکی ناو یەکێتی) ئەم بۆشاییە تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی. لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەسەر ئاستی سياسی وکۆمەڵایەتی، کوردستان کرا بە دوو بەش، پشتيوانانی ڕیفراندۆم ونەيارانی ڕیفراندۆم، ئەم دوو بەرەیە زۆر کات وەک دووژمنی یەکتر تۆمەت دەبەخشنەوە بە یەکتر وبە توندی دژی یەکترن. هەر چەند بە پێی ئەنجامی ڕیفراندۆم، زۆرينەی خەڵک لەگەڵ ڕیفراندۆم بوون، بەڵام نەيارانی ڕیفراندۆم لەبەر ئەوەی گوتارەکەيان لەگەڵ خواستی دەوڵەتە داگيرکەرەکانی کوردستان یەکدەگرێتەوە، توانراوە لە ڕاگەياندن وتۆڕە کۆمەڵایەتيەکان وەک بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی کوردی دەربکەون. ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە کە لە ناو کورد خۆيدا گوتاری دژایەتی ڕیفراندۆم بەهێز بێت. ئەمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیانی گەورەی دەبێت بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان.

بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆکتۆبەر وەکو ٣١ ئاب، پەڵەیەکی ڕەشە بە تەوێڵی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیەوە، بۆچی هەمیشە ئەو کرێگرتەییە دووبارە دەبێتەوە؟

 

ڕەنج نەوزاد: وەک لە پرسياری یەکەم ئاماژەم پێدا، تا کورد نەبێتە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەهێزی خۆی، دەبێت چاوەڕوان بين ئەو کرێگرتەیيە هەر دووبارە ببێتەوە. دوای سەربەخۆيش هەنگاوی ترمان پێويستە بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارە یان سنورداکردنی. بەڵام بە بۆچوونی من، سەربەخۆیی هەنگاوی یەکەمە. کرێگرتیەیی ودووبەرەکی وخيانەت لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە پەيوەندييەکی ديالێکتيکیدایە و کار لەیەکتر دەکەن. دەتوانم بڵێم هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە بۆچی کورد تا ئێستا سەربەخۆیی بەدەست نەهێناوە؟ بريتييە لەوەی کە دياردەی کرێگرتەیی وخيانەتی نيشتيمانی زۆر بووە لە مێژووی کورد، هەروەها هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی بۆچی ئەو دياردانە لە ناو کوردا زۆرن؟ چونکە کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆی نييە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.