شەجەریان سمبولی هونەری موسیقای سوننەتی رژێمی ئیسلامی

0

شەجەریان سمبولی هونەری موسیقای سوننەتی رژێمی ئیسلامی

سالار حمە سەعید

شەجەریان گیانی لەدەستدا پاش ئەوەی خزمەتێکی گەورەی بە سیستەمی جمهوری ئیسلامی کرد. شەجەریان رۆڵی گەورەی هەبوو لەبەهێزکردنی فەرهەنگی ئیسلامیدا هەر لەسەرەتای دروستبوونی رژێمی ئیسلامی تا خۆگرتن و بەهێزبوون و گەشەکردنی ئەو سیستەمە دڕندە نامرۆییە. شەجەریان بە مۆسیقا و گۆرانییە سوننەتیەکانی پاڵپشتێکی گەورەی ئەو ڕژێمە بوو هەر لە سەرەتای پێکهاتنیەوە تا شەڕی عێراق و ئیران و دواتر پاش ئەوەی ئەو رژێمە دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەسەر هەموو خەڵکی ئیراندا. دەشێ بوترێ شەجەریان هیچ گۆرانیەکی نییە لە مەدح و ستایشی جمهوری ئیسلامی و لە پیاهەڵدان بە ڕژیم و ڕابەرانیدا، بەڵام ئەو کارە موسیقیانەی کە لەسەردەمی رژێمی جمهوری ئیسلامیدا ئەنجامی دەدان دەکەوتە گیرفانی ئەو سیستەمە زاڵم و دڕندەیەوە ئیتر بەمەبەستەوە بووبێ یا بێ مەبەست، ئەو هونەرە سوننەتیەی پێشکەشی دەکرد لە قازانجی ئەو ئایدولۆژیە بوو کە ئەو سیستەمە لەسەری دەرۆیشت و کاری دەکرد. بەبێ شەجەریان و مۆسیقای سوننەتی بۆشاییەکی گەورە دروست دەبوو لە سیستەمی ئایدیۆلۆژی جمهوری ئیسلامی دا.

هەر گۆرانی و مۆسیقای سوننەتی شەجەریان بوو کە ساڵەهای ساڵە جێگرەوەی تەواوی جۆرەکانی تری مۆسیقای مۆدێرن و پێشکەوتووی ئێران بووە ئەگەرچی مۆسیقاکەی مۆسیقایەکی خۆشەویست نەبووە لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە، بەڵام پایەیەکی گرنگ و بەهێزی هونەری ئیسلامی بووە. بەبێ شەجەریان و مۆسیقا سوننەتیەکەی سیستەمی جمهوری ئیسلامی دووچاری کێشەی گەورە دەبۆوە لەڕووی هونەری و فەرهەنگی یەوە و نەیدەتوانی شتێک دەرخواردی سوپا و بەسیج و ئەرتەشەکەی و تەنانەت خەڵک بدات.

بێگومان شەجەریان بەتەنیا نەبوو لەم مەیدانەدا، بەڵکو چەندەها گۆرانی بێژو مۆسیقاژەنی لەگەڵدا بوو کە هەموو پێکەوە خزمەتیان بەم کاروانی مۆسیقا سوننەتیە دواکەوتووە دەکرد کە پاشماوەی چەندەها سەدەیە. کێشەکە ئەوەنییە کە ئەومۆسیقایە دڵگیرە یان نا، دەشێت کەسانێکی زۆر چێژ و لەزەتی لێوەەرگرن، بەڵام ئەمە تەنها مۆسیقای ڕێگە پێدراوە لەئیراندا، ڕێگە بەهیچ جۆرە مۆسیقایەکی تر نەدراوە، مۆسیقایەک کە دەڕبرین بێت لە هەست و نەستی چین و توێژی جیاوازی تری ناو کۆمەڵگە، نەک تەنها مۆسیقایەک کە تەنها جێگەی سەرنجی مەلا و موریدو زاهید و خوێندکارانی مەزهەبی بێت. ئەی کوا مۆسیقای نوێ و مۆدێرن بۆ گەنجان و لاوان و ژنان، مۆسیقایەک کە ئەوان جۆش بکات لەگەڵ ئەم سەردەم و رۆژگارەدا؟ ئایا دەکرێ تەنها شیعرەکانی مەولانا و فیردەوسی و سەعدی و خەییام وێردی زمانی گەنجان و لاوان بێت؟ شیعرێک کە زۆرینەی خەڵک لەماناکانیشی تێناگەن ببێتە گۆرانی ئەم چەرخ وسەردەمە؟ شیعرێک هیچ پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە نییە، شیعرێکی حافظی شیرازی کە لەسەدەی چواردە دا نووسرابێت یا شیعرێکی فیردەوسی کە لەسەدەی ١٠ و ١١ دا نووسیبێتی ئایا دەتوانێ دەربڕین بێت لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای سەدەی ٢١؟ ئایا زمانی فیردەوسی زمانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئیرانە؟ یا هی لاوان و خوێنکارانی زانکۆکانە؟

گۆرانیەکانی شەجەریان و شەهرام ناظری بوو کەلە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا بەسەر بڵندگۆی ئوتومبیلەکانی سوپای پاسداران و بەسیجەوە لێدەدران و بەسیجیەکان و سوپاییەکان بەدەنگی بەرز دەیانگوتنەوە. تاماوەیەکی زۆریش هەر کە گۆرانی “ما درس سحر در رە میخانە نهادیم” کە شیعری ”حافظ”ە و شەهرام ناظری دەیگووت، بەبیستنی ئەم گۆرانیە خەڵک  شەڕ و کوشتاری دەهاتە پێش چاو، لەبەرئەوەی لەکاتی شەڕ و پەلاماردانەکانیاندا ئەم گۆرانیەیان دەخستە سەر ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و لەناو بازارەکانیشدا بەچاو دەبینران کە لەسەر ئۆتۆمبیلی بەسیج و سوپاوە لێدەدران بەدەنگی بەرز.

ئیتر پێیان خۆش بێت یان نا ئەوان یارمەتی و کۆمەکی گەورەیان بەو ڕژێمە شەرەنگیزە کردووە. خەڵکیش هوشیارە دەزانێ ئەم گۆرانیە سوننەتیانە چەند خزمەتیان کردووە بە سیستەمی سەرمایەداری جمهوری ئیسلامی هەر لەبەرئەوەیە کە خەڵک ئارەزووی بیستنی موسیقای سوننەتیان نییە، نەک لەبەر خۆشی یا ناخۆشی ئەو موسیقایە. ڕاستە شەجەریان لەم سالانەی دواییدا نێوانی زۆر باش نەبوو لەگەل رژێمی ئیسلامیدا و پشتیوانی دەکرد لە بزوتنەوەی سەوز و نارەزایەتیەکانی خەلکی ئیران، بەلام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە شەجەریان خزمەتی بەو رژێمە نەکردوە و نایکات، بەلکو گۆرانی و مۆسیقای شەجەریان خۆی لەخۆیدا خزمەتە بەو سیستەم و نیزامە. ئیتر کە ئێستا دەبینین خەلکی نارازی مەشهەد بەگۆرسپاردنی شەجەریان دەکەنە بیانوو بۆ کۆبوونەوەو ئامادەبوونی بەکۆمەڵیان تا نارەزایەتیەکانیان پیشانبدەن و دووبارە بەگوێی ئەو سیستەمەدا بدەن کە چیدی ئێوەمان ناوێ و دەبێ بچنە لاوە وە ئیتر مەراسیمی خاکسپاردنی شەجەریان نابێ ببێتە پاککردنەوەی دامێنی ئەو سیستەمە لەو تاوانانەی کە ئەنجامی داون.

لەبەرئەوە ئێستا پایەیەکی ئەو مۆسیقا سوننەتیە بەمردنی شەجەریان ڕووخاوە و بەمەش ئەو رژێمە دڕندەیە زیانێکی گەورەی پێدەکەوێ…

Leave A Reply

Your email address will not be published.