بەشێكی تر لەدەقی (( بەسەرهاتی ئاهێكی  سەرد))

0

بەشێكی تر لەدەقی

(( بەسەرهاتی ئاهێكی  سەرد))

 

 

ئێوە لە ئەزەلەوە

ئولفەتتان بەخوێنەوە گرتبوو

دژی یاسای

كچی عازەب و

گۆزە و كانی بوون

فڕینی ئاوتان بەئاسمانەوە بەر فیشەك دەدا

بارانتان زیندەبەچاڵ دەكرد

تەڵەو داوتان بۆ كچە چاوشینەكانی

ئاسمان دەنایەوە

 

ئێوە لە ئەزەلەوە

ئولفەتان بەخوێنەوە گرتبوو

یاسای مرۆڤایەتیتان

نەخستە ڕستەوە

تا یەكسانبێت

بە زیكری دەروێشێكی

عاشق بە بینینی

خودا

 

داتنەكرد

چاوێكت بەبادا نەنارد

هەناسەی بارانێكت بۆ نەخستمە نامەیەكەوە و

بۆت پۆست نەكردم

ئاوڕێكی ماشوو برنجیت بەژورەكەمدا

شۆڕ نەكردەوە

سێبەرێكی خۆت لە وەسێتنامەكەتدا نەنوسیەوە

 

تۆ درۆیەكی سەیر بویت

ئێواران

ئەهاتی و

بەیانیان  وندەبویت

شەوانە دەبویتە چراو

بەیانیانیش

قۆڵت دەكرد بەقۆڵی ڕەشەبادا و

بە كۆڵانی كوكوختیەكاندا

پیاسەت دەكرد

 

تۆ درۆیەكی

دوو ڕوو بویت

بەلای هەر دار مێوێكدا ڕۆشتبێتی

گەڵایەكت كوشتوەو

بەرسیلەیەكت وەراندوە

 

من زۆرجار نەفرەت لەخۆم دەكەم

بەدەستی خۆم

چەمۆڵە لەخۆم دەنێم

بەردە نوێژەكانی. ژێر ناوچەوانی

سوژدەی خۆم دەشكێنم

بەسەر ئەم هەموو نەفامیەی خۆمدا

شۆڕ دەبمەوە

حەکیم میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.