وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیارێکی بەعسیانەی دەکرد!
وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیارێکی بەعسیانەی دەکرد!
عەبدوڵا مەحمود
بەرواری٢٤/٩/٢٠٢٠ وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم!! بریارێکی دەرکرد، بەپێی ئەو بڕیارە لەمەودا لیژنەیەکی چاودێری پێکدەهێنن بۆ چاودێری ئەو کتێبانەی دەنووسرێن، بەمەبەستی پێدانی ژمارەی سپاردنیان. بە گوێرەی ئەم بڕیارەی وەزارەتی ڕۆشنبیری… کتێبێک بۆئەوەی ژمارەی سپاردن و ڕیگەی چاپکردنی پێبدرێت، پێویستە ڕەچاوی “بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەها پیرۆزییەکان بکرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەها و هێما پیرۆزەکان تێک نەدات”
ئەم تێکستەی وەزارەتی رۆشنبیری ڕیک و راست، قفڵدانە لەهەر دەنگ و قەڵەمێکی نەیار بەدەسەڵات، نەیار بە بزوتنەوەی کۆنەپەرستانەی قەومی و دینی خێڵ و سەرانی بە پیرۆزکراویان، مێژووی بەدرۆ نوووسراویان، کارگەی دروستکردنی کاریزمای چنگ بەخوێنیان. وە ڕێگرە لەهەر رەخنەیەکی مۆدێرن و ئینسانی لەهەر نەریت و فکر و سیاسەت و کەلتورێک کە گۆمی لیخنی تاوانکاری بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە بۆگەن و لیخنەکان، دەشڵەقێنی. وە دەرگا دادەخات لەبەردەم هەر لێکدانەوە توێژینەوەیەکی زانستی و رەخنەگرانە لە ژێر ناوی پاراستنی بەها و پیرۆزییەکاندا.
ئەم بڕیارە، بڕیاری چاوەڕوانکراوی دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتییە و هاتاو تەریبە بە برسیکردن و موچە لێبرین و نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتی و هەراجکردنی هەموو پیرۆزییەکانی ئینسان و بەهاو باڵا شکۆدارەکانی ناو کۆمەڵگە، لە راستگۆیی و یاخی و بوون و مل نەدان و تێکۆشان و رەخنەکردنی پۆخڵەواتە بێ کۆتاو تاوانە زنجیرەیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی.
ئەم بڕیارە بەمانای وشە، بەعسیانە و داعشیانەیە و پاساوەکانیشی بۆ ڕیگەگرتن لە رەخنە و نووسین و ئازادی چاپەمەنی و بیرواڕو بەیان، هەمان پاساوەکانی بەعس و داعشە.
بەعس بەپاساوی پاراستنی سەروەری نیشتیمانی و شکۆی نەتەوەیی و بەها پیرۆزەکانی… کەشی ئازادی و بەیان و چاپەمەنی و نووسینی کڵۆم دابوو، وە هەر بەو پاساوەش بەدەیان هەزار ئینسان لەکونجی زیندانەکاندا راگیران و بەدەیان و سەدانیان بەهەمان پاساوی ڕیزگرتن لە پیرۆزییەکان لەدار دران.
داعش بەهەمان پاساوی بەرگری لە پیرۆزییەکانی ئیسلام و رەمزەکانی، بەسەدان و هەزاران ئینسانی سەربڕی و ژنانی لە بازاڕ و کڕینی ئیسلامی و بەها” پیرۆزەکانی ئیسلامدا” خستە مامەڵەی ئیسلامی محەمەدییەوە… مێژووی رژێمە فاشیستەکانی دنیا سەر رێژە لەم بریارەی وەزارەتی رۆشنبیری!!
ئەم بریارە لە کاتێکدا دەردەچێت، کە وەزارەتی رۆشنبیری و راوێژکارە گەمژەکانی باش دەزانن، دنیای ئەمڕۆ، دنیای سەردەمی بەعس و رژێمە فاشیستە قەڵەم کوژە ئازادەکان نییە، دنیای کڵۆم دراوی رابردوو نییە…سەردەمی میدیاو چاپەمەنی کۆنترۆڵکراو نییە… ئەمرۆ سۆشیال میدیاو کەناڵەکانی راگەیاندن و گەیاندنی نووسین و پەیام و بۆچوون و لێکدانەوەو رەخنەکان، بە کۆمەڵگە لە ئیرادەی هەموو دەسەڵاتەکان باڵاتر و گەورەترە و هەوڵدان بۆ چوارچێوەدان و کڵۆمکردنی بە یاسای بەعس ئاساو داعش ئاسا، بەشوێنێک ناگات.
ئەم پەلەقاژەیەی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ ڕیگەگرتن لە خستنە ڕووی تاوانکارییەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کاراکتەرەکانی، بۆ بێدەنگکردنی ئاه و ناڵەی ئینسانی برسیکرا و موچە لێبڕاو، بۆ بێدەنگ کردنی و بیئیرادەکردنی ئینسانی ناڕازی و رەخنەگر لەو بەهایانەی بەناوی پیرۆزییە نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەها پیرۆزە کۆمەڵایەتییەکان، دەیانەوێت پیرۆزییەکانی ئینسانی ئازاد و دیدی ئازاد و رەخنەگرانە، قفڵ بدەن، بەشوێنێك ناگات.
هەروەکو چۆن پرۆژە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی، لەناو بێشکەدا، خنکێنرا، ئەم بریارەش پێویستە ئاوا توڕبدریتە ناو زبڵدانی بریارە بێ هەژمارە دژە ئینسانیەکانی تر… وە ناوی خاوەنان و ئەندازیارانی ئەم بریارانەش لە دیوار و ئەرشیفی سەرکوتگەری قەڵەم و رەخنە بنووسرێن، تا نەوە دوای نەوە ئەم قارەمانانەی جەنگیو لەدژی ئازادی بناسن.
جێگای ئاماژەپێدانە، ژمارەیەک نووسەر و رۆژنامەنووس بەدژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی رۆشنبیریدا وەستانەتەوە، کە ئەمە کارێکی باشە، بەڵام بەشی هەرەزۆری هەر ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانە، لەبەرامبەر داخستنی نووسینگەکانی ئین ئارتی، دەستگیرکردنی دەیان لە هەڵسوڕاوان و بەشداری خۆپیشاندانەکانی بادینان و هەولێردا بێدەنگن. ئەمەش ناکۆکییەک لە هەڵوێستی ئەو نووسەرو رۆژنامەنووسانە لە مامەڵە لە پرسی ئازادی و ئازادییەکان و ئازادی بەیان و چاپەمەنیدا دەخاتە ڕوو، کە پێویستە ئەم ناکۆکییە وەڵام بدەنەوە.
٢٨/٩/٢٠٢٠