مێژوویەک لەخوێن
مێژوویەک لەخوێن
سەرەنجام مەلا بەختیار لەسەر مێژوو هاتە قسە، مێژووی جوڵانەوەیەکی دیاریکراو کە لە بەشی زۆری دا بە خوێن و جەنگ و دیل کوشتن و سەرکوت، نوسراوەتەوە. ڕاستیەکەی ئەگەر قەراربێ تاوانی تەواوی جەنگەکان لە قڕناقە و و پشتاشانەوە تا جەنگی یەکێتی و پارتی کە دیل کوشتن تیایدا وەک ئاوخواردنەوە بوو تاحەمەی حەلاق و ڕەوف ئاکرەیی و نەزیر عمرو شاپور عبدلقادر و قابیل عادل و کوشتاری ڕۆژی ڕووناکی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان و سەردەشت و بەکر علی و هەموو ئەوانەی تر، بۆ دادگایەکی فەڕزی ڕیز بکەین، توشی تەنگانەی جێگا و دادگای پێویست دەبین بۆ ڕاگەیشتن بەدادڕەسی لەهەموو ئەوتاوانانەو ئەگەر لە مەشهەدێکی بەوجۆرەدا خەڵکی کوردستان، فرسەتی ئەوە پەیدا بکەن کە لەپای دادخوازیەکی بەوجۆرە دابنیشن، شەرافەت و ویژدانی ئینسانی هەر تەماشەکەرێکی ئەو دادگایە بریندار و شەرمەزار دەبێ و تێدەگەن جوڵانەوەیەک کە ساڵانێکە بەناوی نوێنەرایەتیکردنی ئەمانەوە قسەی کردوە، سیاسەتی کردوە، ناوچە و شار و وڵاتی کۆنترۆڵ کردوە و دەسەڵات بووە، چەندە کۆنەپەرست و ملهوڕ و دژی ئازادییه.
ڕاستیەکەی لایەنەکانی ئەم دەعوایە لەسەر مێژوو، کوڕ و قارمانی هەمان خانەوادەی سیاسی کوردایەتی و بۆرژوازی کوردن کەتیایدا ڕاستەکانی هەمان خێزان چەپەکانی خۆی ئەتک و سەرکوتکردوە و یەکەمین و دوا سریاڵی کوشتن و ئەشکەنجە و پاکسازی لەسەر باوەڕی سیاسی و فکری لەوجۆرە نییە و نەبووە.
کوڕو قارەمانی جوڵانەوەیەکی سیاسین کە چەندین و چەندەها کەتیبەی ئەو ئینسانە دڵساف و بێگوناهانەی کە بوونە قوربانی لەخۆی بەجێهێشتوە کە پێیان وابوو بە بەشداریکردن تێیدا و چەک هەڵگرتن و شەڕکردن لە ڕیزەکانیدا، ڕەنگە ڕۆژێک لەدیکتاتۆریەت ڕزگاریان بێ و ژیانێکی ئازاد تر لە کوردستانێکی ئینسانی ترو ئازاد تردا بەچاوی خۆیان ببینن، ئەو مرۆڤانەی ئەگەر ئێستا لەژیاندا بوونایە، وەکو ئێمە زیندوەکان، وەکو کرێکاران و برسیەکان و نەوەی تازە پێگەیشتوو، بەچاوی خۆیان، دەیانبینی ئەم بورژوازیە، ئەم خێزانە سیاسیەی کوردایەتی، چ جۆرە ژیانێکی ناقابیل و پەستیان داسەپاندوە، بەچاوی خۆیان دەیانبینی چ جۆرە کۆمەڵگەیەکی خۆڵەمێشیان دروستکردوە، کۆمەڵگەیەکی بەتاڵ لەشادی و خۆشبەختی، ئومێد بڕاو و بێهیوا لەهەر پێشکەوتن وبەرەو پێشەوەچوونێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری و مەعنەوی و موحتاجی ئاو و کارەباو نان و ژیانێکی ئاسایی و موحتاجی هەموو شتێک و لەیەک وشەدا کۆنەپەرستییەکی بورژوایی لەوپەڕی شێوەی مومکینی خۆیدا.
لەم سەردەمە کە بورژوازی و سەرمایە لە لانکەی خۆیدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی داماوی وەکو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی بازاڕی کاری هەرزان و کرێکاری خامۆش، گۆشەیەکی تاریکی دنیا، کە تیایدا کرێکار لە ڕێکخراوی گەورەی خۆی بێبەریە و دەستی بە حزب و کۆمۆنیزم و پەرچەمی سیاسی خۆی ڕاناگا تا بتوانێ کۆنەپەرستی بورژوازی جڵەو بکاو، لەبەرامبەر دەستدرێژی و قەهر و کۆنەپەرستی بوژوازی و سەرمایە سەنگەرێک بۆ بەرگری ڕادیکاڵ لەخۆی و کۆمەڵگەو ئینسانیەت لێ بدا، شتێکی چاوەڕوانکراوە کە ئەو بورژوازیە، ئەو خانەوادە سیاسیەی کوردایەتی، بتوانێ هەر بەڵاو کۆنەپەرستییەک، هەر سیناریۆ و ڕەزالەتێک بەسەر کرێکار و کۆمەڵگە و ئینسانیەتدا بهێنێ.
بێگوومان ئەگەر لە لەم سەردەمەی ئێمەدا و ئەو گۆشە میناتۆریە لەتاریکی بە جێهێڵراوەدا، جیهان بلاجکتۆرێک، ڕووناکیەک و پەنجەرەیەکی له ئازادیخوازی و ئینسانیەت بەسەردا بکرێتەوە و ئەگەر بڕیاری ژیان و چارەنوسی خۆ، بەهەر ئەندازەیەک بگەڕێتەوە بۆ دەستی کرێکاران و خەڵکی برسی و ئەوەندە ئازادی و ئینسانییەت لە ئارادابێ، ئەم جوڵانەوەیە، ئەم خانەوادەیەی کوردایەتی بە تەواوی دژایەتیەکەیەوە بۆ ئازادی، بە تەواوی کۆنەپەرستی و تاوانەکانیەوە، دادگایی دەکرێ و لانیکەم ئێمە، کۆمۆنیزمی کرێکاریی ئەم دەورەیەی کۆمەڵگە، لە زمانی هەموو ئینسانیەتەوە، لە زمانی هەر دایک و باوکێکی جەرگ سوتاو پشت شکاوی وڵات، داواکار ڕادەوەستین و دادخوازیان لێ دەکەین.
مەلا بەختیار کۆمەڵە شتێکی لەو مێژووە باسکرد کە زۆربەی خەڵک پێشتر دەیزانی، بەڵام کۆمەڵە ڕاستیەکی لە و گەڕانەوەیە بۆ مێژوو بێدەنگە لێکرد و لەو گەڕانەوەیەی بۆ مێژوو، وەک هەمیشە بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتی زاڵ بوو بەسەر ویژدان و حەقیقەت گۆییدا، چونکە ڕاستی بەش بەش ناکرێ و ڕاستی بەنیوە ناچڵی ناوترێ. مێژوو هەندێکجار، فرسەت و شانسی ئەوە بە مرۆڤەکان دەدا، بەڵام ئەوەی کە ئەوان ئەو هەلانە دەقۆزنەوە یان نا، ئیتر ئەوە هەڵبژاردەی کەسەکانە.
21.9.2020
ابراهیم حسێن