ئیعدام و ڕەشەکوژی دیاری کۆماری سێدارەیە بۆ خەڵکی ئێران

0

ئیعدام و ڕەشەکوژی دیاری کۆماری

سێدارەیە بۆ خەڵکی ئێران

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و بە تاڵان بردنی دەسکەوتی شۆڕش لە لایەن دەسەلاتی خۆسەپینی ئیسلامی ئێرانەوە، هەڵبەت بە پیلانی لە پێشدا داڕێژڕاوی ولاتانی زلهێزی جیهان لەسەروی هەموویانەوە ئامریکا بۆ دەست راگەیشتن بە کانگا ژێرزەوینیەکانی ئەو ولاتە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی خومەینی جەنایەتکار و دیکتاتۆر و خوێنڕێژ هاتە سەر کارو حکومەتی فەرمی خۆی راگەیاند. یەکەم قۆناغی چارەسەری خەڵک دانان و پەسندکردنی یاسای بنەرەتی ئیران بوو، یاساگەلێکی سەدەناوەڕاستی کە لەسەر بنەمای ئیسلام و شەرع ڕۆنراوە و دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی خەڵک ئاوەڵاتر کرد. خومەینی جینایەتکار زۆر زوو ڕوالەتی دزێوی خۆی نیشاندا و هەر دەنگێکی نارازی کە داوای مافی شارۆمەندانی کردبا لە گەروودا کپ دەکرد. کۆماری ئیسلامی و دەسەلاتدارانی زۆر ڕوهەڵمالڕاوانە دەستیان کرد بە ڕەشبگیری و ئێعدامی بە کۆمەڵی نەیارانی دسەلات. خومەینی خوێنڕێژ لە سەرەتای شۆڕشەوە بۆ دروستکردنی فەزای ترس و دڵەڕاوکێ لە کوردستان شەڕی سێ مانگەی بە دژی خەڵکی بێ تاوانی کورد ڕاگەیاند و بە هەموو هێز و تانک و تۆپ و ئەرتشی زۆردارەوە فەرمانی شەڕی راگەیاند و دەستی  پاسدارانی حکومەتی بۆ هەر جۆرە تاوانێک بە دژی خەڵکی کوردستان ئاوەڵا هێشتەوە. خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان زۆر بوێرانە لە بەرامبەر حکومەتی ئێران دا ڕاوەستان و سێ مانگ بە ژن و پیاو  و مناڵەوە لە سەنگەرەکانی خەبات بە دژی زوڵم و زۆر بەرەنگاری ئەو هێزە زۆرە  بوونەوە و شکستیان بە رژیم هێنا. کۆماری ئیسلامی لە ساڵەکانی سەرەتای دامەزرانیەوە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی لە نەیارانی دەسەلاتەکەی دەست پێکرد و بە سەدان و هەزاران مرۆڤی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی لە سیاچاڵەکان و بێ دادگاکانی بە ئیعدام مەحکوم کرد و ڕۆژ بە ڕۆژ هارتر دەبوو. بە دەیان زیندانی سیاسی لە بێ دەنگیدا ئیعدام کردن و تەنانەت تەرمەکەشیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە. سیاچاڵەکانی کۆماری سیدارە و تاوان تەژی بوو لە زیندانیانی بوێری سیاسی بە ژن و پیاوەوە  ئەو کەسانەی تەنانەت لە زیندانیش بەرپرسانی دەسەڵاتیان بە چۆک داهێنا. بەرپرسانی رژیم لە زیندانەکان لە هیچ تاوانێک وەکوو ئەشکەنجە و دەستدرێژی وتوندوتیژی سڵیان نەکرد و ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە تا بە هەنووکەش بەردەوامە. ئەگەر بمانەوێ باس لە کارنامەی رەشی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی خۆسەپاندنی بەسەر ئێران دا بکەین لەوانەیە نەک لە بابەتێکی ئاوا، بەڵکوو لە دەیان کتێبیش دا نەگونجێ و کۆتایی نەیە. سەرەرای گوشارە نیونەتەوەییەکان و ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت لە دەرەوەی ولات و سەرەرای واژۆکردنی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان لە لایەن ڕژیمەوە کۆماری ئیسلامی گویی بە هیچ کام لەو کۆنوانسیۆنانە تەنانەت ئەوانەش وا خۆی واژۆی کردون نادا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زاڵمتر و خوێن ڕیژتر دەبێ. لە ماوەی دەسەلاتداری حکومەتی ئیسلامی خەڵک توشی دەیان دیاردەی کۆمەلایەتی بوون لەوانە، خۆکوژی، مادەی سڕکەر، فەحشا و لەشفرۆشی، کوشتن و توند وتیژی، بێکاری، خەمۆکی و بێ هیوایی بەرۆکی خەڵکی گرتووە. بەهۆی سەرەڕۆییەکانی دەسەڵاتداران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی گەمارۆ یەک  لە دوای یەکەکان بەسەر ئێران دا سەپا و باجی ملهوڕیەکانی ڕژیم خەڵکی بێ تاوان دەیدەنەوە و هەژاری و بێ دەرەتانی بەرۆکی خەڵکی گرتووە. لەگەڵ بەرز بوونەوەی دۆلار و بێ بایەخ بوونی پارەی ئێران نرخی شت و مەکیش ڕۆژ بە ڕۆژ دەچیتە سەرێ و خەڵک بۆ دابین بوونی ژەمە نانێک ماونەتەوە. خەڵکی ناوچەکانی کوردستان بە هۆی نا وتنیان بە کۆماری ئیسلامی و لە پەڕاویز خستنی ناوچەکە لە لایەن حکومەتەوە مژوڵی کۆڵبەری و کاری تاقەت پڕوکێنن و ڕۆژانە بۆ پەیدا کردنی ژەمە نانێک لە گیانیان مایە دادەنێن. ناکارامەیی و مڵهوڕی کۆماری ئیسلامی وای کردووە خەڵکی وەزالە هاتوو لە هەر بیانوویەک بۆ ڕژانە سەر شەقام و دەربڕینی ناڕەزایەتی کەڵک وەردەگرن. لە مانگی خەزەڵوەڕی ساڵی رابردوو خەڵک بۆ دژایەتی لەگەڵ گرانی لە ڕادەبەدەر و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ڕژانە سەر شەقامەکان و جارێکی تر دژایەتی خۆیان لەگەڵ دەسەلات راگەیاند. خۆپیشاندانەکان زۆر بە بەربڵاوی بەرێوە چوو و خەلکی ناڕازی دروشمی نا بۆ دیکتاتۆر و نەمانی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامیان  دەوتەوە و نایان بە هەموو حاکمیەتی کۆماری سێدارە وت. کۆماری ئیسلامی و هەموو دام و دەزگا داپلۆسینەرەکانی وەک هەمیشە بە توندوتیژی وەلامی داخوازیی رەوای خەڵکیان داوە و دەستیان کرد بە گرتن  وکوشتن و ڕەشبگیری. بە دەیان ڕیبەری کرێکاری بە ژن  وپیاوەوە لەو خۆپێشاندانانە دەست بە سەر کران کە تا بە هەنووکەش هەر لە سیاچاڵەکانی رژیم دان  و حوکمی نارەوای سەدە ناوەراستیان بە سەر دا سەپاوە. کۆماری ئیسلامی سەرەرای ترسی لە ڕادەبەدەری لە خرۆشانی خەڵک بەردەوامە لە گرتن و سێدارەی لاوانی ئەو ولاتە و هەر ڕۆژە ئیعدامە بە کۆمەلەکان بەرێوە دەبا و کارەسات و جینایەت دەخوڵقێنێ. تازەترین ئیعدامیشی چەند رۆژ لەمەر بەر کەسێک  بوو بە ناوی نەوید ئەفکاری کە  یەکێک  لە زۆرانبازە بە هێزەکانی ئێران بوو. نەوید ئەفکاری لە دادگایەکی ناعادلانە تەنیا بە تاوانی دەنگ هەلبڕین و هاوتەریب بوون لە گەڵ خەڵکی نارازی لە خۆپێشاندانەکانی سالێ ڕابردوو وێرای براکانی دەست بە سەرکراو حوکمی ناڕەوای سێدارەی بە سەردا سەپا. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوەی ولات و هەروەها وەرزشوانان و کەسایەتییە ناسراوە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر بە حوکمی ناڕەوای نەوید ئەفکاری نارەزایەتی زۆریان دەربڕی، بەلام کۆماری ئیسلامی جارێکی تر بێگوێدان بە بەها مرۆڤیەکان نەوید ئەفکاری لە سیدارەدا تا ماهیەتی دزێوی خۆی باشتر نیشان بدات. هەر ئیستا کە نەوید ئەفکاری لە سێدارە دراوە چەندین زیندانی سیاسی کورد لەوانە حەیدەر قوربانی، هوشەنگ عەلیپور، محەیدین ئیبراهیمی، شاکر بێهروزی وهتد…..  بە تاوانی داتاشراو و بێ بەڵگە لە لایەن رژیمەوە حوکمی ناڕەوای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و ئەگەری لە سیدارەدانیان لە ئارا دایە. بێگومان ئامانجی کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامی لەبەڕێوەبردنی حوکمی ناڕەوای ئێعدام و کوشتنی ڕۆلەئازادیخوازەکانی ئەو وڵاتە دروستکردنی فەزای ترس و تۆقاندن و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکە. کۆماری سێدارە دەمێکە بەوە گەیشتووە کە لە کۆتایی دەسەڵاتەکەی نزیک بوەتەوە و کۆتا پەلەقاژەکانی دەدا. ئیعدامی رامین حسین پەناهی و زانیار و لوقمان و نەویدەکان دوایین  ئیعدام و تاوانی کۆماری سێدارە نابێ بەڵام خەڵکی ئێران دەبێ بە بوێری زیاترەوە بێنە مەیدانی خەبات و داوای روخانی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامی بکەن. چالاکانی ئازادیخواز لە وڵاتانی دەرەوە دەبێ بە دوور لە ڕەنگ و حیزب  یەکدەنگ بڕژێنە بەر سەفارەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ناڕەزایەتی دەرببڕن. هەنووکە کە سەرەرای ئەو هەموو زوڵم و زۆرە خۆپێشاندانەکان لە ئێران هەر بەردەوامە  چالاکانی بەرابەری تەلەب  ویەکسانیخواز دەبێ یەکگرتوو تر بە یارمەتی خەڵکەوە بچن و دەنگی ناڕەزایەتیەکان بە گوێی دنیا بگەیەنن. گەیشتنی خەڵک بە ئازادی و مافی یەکسان و نەمانی هەموو توندوتیژی و هەژاری و بێ مافیەک تەنیا بە نەمانی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامی مسۆگەر دەبێ.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.