نەوزاد ساڵح: ئەبێت خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆرشگێڕ بیر لە هەرەوەزییەکان بکاتەوەو شارەوانیەکان لەسەر بناغەی شورای خەڵک دابمەزرێت…
نەوزاد ساڵح: ئەبێت خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆرشگێڕ بیر لە هەرەوەزییەکان بکاتەوەو شارەوانیەکان لەسەر بناغەی شورای خەڵک دابمەزرێت…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز نەوزاد ساڵح هەڵسوڕاوی سیاسی چەپ سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و پرسی ڕاماڵینی دەسەڵات…
بۆپێشەوە: ئەو دەسەڵاتەی پێویستە جێگای دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بگرێتەوە، چ جۆرە دەسەڵاتێکە؟
نەوزاد ساڵح: پێشەکی سوپاس بۆپێشەوە بۆ ئەم دەرفەتە، بە ھیوای ببێتە مایەی کۆکردنەوەی سەرجەم گرووپە چەپەکان.
دەربارەی پرسیارەکەتان جێگرەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی چ دەسەڵاتێکە؟ بێگومان ئەبێت دەسەڵاتێک بێت ھەموو جیاوازییەکی چینایەتی و ڕەگەزی ئیتنی ڕەتبکاتەوە… بۆخۆی بۆرژوازیەت دواین چینی دەسەڵاتداری چینایەتییە، ھەر لەسەرەتای دروستبوونی خێزان لەسەر بناغەی باوک سالاری و موڵکدارێتی تایبەت کە بووە سەرەتایەک بۆ دروست بوونی دەوڵەت و شێوازە جیاجیاکانی حوکمکردن لەلایەن چینە باڵاکان لە قۆناغەکانی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی .. چینی چەوسێنەر و چینی چەوساوە لە ململانێیەکی سەختدا بەردەوام بوو .. ئەبێت خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێر بیر لەھەرەوەزییەکان بکاتەوە و شارەوانییەکان لەسەر بناغەی شورای خەڵک دابمەزرێنن .بۆپێشەوە: لەحاڵەتی گۆڕانی هاوسەنگی هێز و دروستبوونی بۆشایی دەسەڵاتدا، دەبێ چ بکرێت؟ دەسەڵات ئەگەر لە جێگایەک ڕابماڵرێت، بە ئاسانی واز ناهێنن و دەست بۆ چەک و هێزی چەکداریان دەبەن، دەبێ چۆن ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتە ببینەوە؟
نەوزاد ساڵح: ئێستا دەسەڵات لە حاڵەتی گۆڕانی ھاوسەنگی ھێزدایە!! کەوتۆتە دەست وەشاندی پێش وەخت (ضربة استباقية ) بە گرتن و ڕاونانی چالاکەوانان، بە ترساندن و چاو لێ سورکردنەوە لە ھەر دەنگێکی ناڕازی … دەسەڵاتی بۆرژوازی ترسی لەبەکارھێنانی چەک نییە !بەڵام جیاواز لە چینە دەسەڵاتدارەکانی پێش خۆی خوێندنەوەی ورد ئەکات بۆ ھەموو ھەنگاوێک بەو ئاقارەدا بڕوات ..
بۆپێشەوە: ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە هەلومەرجی ئێستادا چییە؟ چۆن دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی بگێرن و ڕێگە نەدەن لە سبەینێی هەر ئاڵوگۆڕێکدا هێزی سیاسی بۆرژوازی تر دەستکەوتی ڕاپەڕینی جەماوەری بە قازانجی خۆیان بدزن؟
نەوزاد ساڵح: من ئەمەوێت لەسەر ئەم خاڵە بوەستم؛ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەبێت ھەموو ڕۆژێک چەپ و کۆمۆنیستەکان لە خۆمانی بکەین!!! بەداخەوە ئەڵێم بەڵێ بەداخەوە ئەمجارەش ئەوەندەی کەسێکی چەپ خۆی بە ھەندێک تێکستی مێژووییەوە پابەند کردووە، ئەوەندە خەریک نییە بە خوێندەوە و شیکاری باری سیاسی ئەمڕۆ لە مێژووی چەپ و سۆشیالیستەکان بە ئاشکرا دیارە ئەوەی ڕۆڵی چەپ پەراوێز ئەکات، زیاتر چەپ خۆیەتی نموونەی سۆشیالیستە ئەڵمانیەکان چۆن بەھێزترین بزووتنەوەی کرێکاری ئەوروپیان کەرت کەرت کرد بەھۆی پیرۆزکردنی چەمکەکان، کە بەزیانی بزووتنەوە شۆڕشگێریەکەی کرێکاران شکایەوە و مرۆڤایەتیش دەریایەک خوێنی لێرژا و کاپیتالیزم پێی نایە قۆناغی ئیمپریالیستیەوە و سنووری نەتەوەی تێپەراند. لەو ڕۆژەوە بۆرژوازیەت ھاوسەنگی خۆی ڕاگرتووە وەک چینێکی باڵا دەست، پاش ئەوەی لە قۆناغی ئیمپریالیزم توانی ڕۆژھەڵاتی جیھان بکاتە کێڵگەیەک بۆ ھاوردەکردنی کەرەستەی خاو و دەستی کارەکەی پێویستی پێبوو !!! ئێمە ئەگەر دانیشین تەنھا دەقەکان پیرۆز بکەین، ھیچ جیاوازیەکمان نابێت لەگەڵ فەقێیەک کە دەقە ئاینیەکان لەبەر ئەکات، و وەک توتی ئەیڵێتەوە!!! کارل مارکس پێی وابوو چوونی ھێزە ئینگلیزیەکان بۆ ھیندستان لە گۆڕنانی ھەمەجیەتی کۆمەڵگە لادێیەکانە و بۆرژوازی کۆمەڵگەیەک دروست ئەکات لەسەر شێوەی خۆی!!! نەخێر بۆچوونەکەی مارکس وادەرنەچوو کۆمەڵگەی ھیندیش ئێستا کە 2020 زۆرینەیان گا پەرستن و پیشەسازیەکی ئەوتۆیان نییە…. لە بازارەکانی جیھان بە مارکەی ھیندی بناسرێتەوە… مەنسوری حیکمەت ئەڵێت :- بە غەربی بوونی کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەکان لە ساڵانی 70 کانەوە وەستێنرا !! ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوو بە گۆڕەپانی کۆنەپەرستان و ئیسلامی سیاسی و گەڕانەوەی خێڵایەتی .. شێواندنی مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە بەتایبەتی کوردستان، کرێکار بوون بە ئەقڵیەتی جوتیار ئەمەش بەرھەمی ڕاگواستنی زۆرەملێی لادێکان بوو بۆ شار. ئەبێت چەپ و کۆمۆنیستەکان خوێندەوەیەکی ورد بکەن بۆ واقیعی دروستبوونی بۆرژوازی کوردی، چونکە دروستبوونی ئەو چینە جیاوازە لە دروست بوونی مێژووی بۆرژوازی فەرەنسی.
بۆپێشەوە: ڕاماڵینی دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی، بەتەنها لە ڕێگەی مانگرتن، بایکۆت، خۆپیشاندان، دەکرێت بەسەرکەوتن بگات، یان هاوکات پێویستی بە هێزی چەکدار و ڕێکخراو… هەیە؟
نەوزاد ساڵح: ڕاماڵینی دەسەڵات نە بایکۆت و نە مانگرتن کاریگەری نابێت بە بڕوای من، کوردستان کێڵگەیەکی کەرەستەی خاوە کە نەوتە !!! ئەویش کرێکاری بیانی کاری لەسەر ئەکات !!! لەھەموو حاڵەتەکان دا بەرھەم ھێنانی نەوت بەردەوام ئەبێت. ڕاپەڕینی چەکداریش دوا بژاردەیە خەڵک بەدوای ئەڵتەرناتیڤی ئاسانترەوەیە .
بۆپێشەوە: لایەنێکی هەرە بەهێزی هەر بزووتنەوەیەکی شۆرشگێڕانە، یەکگرتوو بوون و رێکخراوبوونی جەماوەری کرێکارو خەڵکی بێبەشە، هۆکاری نارێکخراوبوونی چینی کرێکار و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی خۆیاندا، بۆچی دەگەرێتەوە؟
نەوزاد ساڵح: لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوو ئاماژەم بە ھەندێ ھۆکار کرد، بەڵام ھۆکار زۆرن کە بۆ جەماوەری زەحمەتکێش و کرێکاران یەکگرتوو ڕێکخراونین لەوانە: شێواندنی فیکری خەڵکی زەحمەتکێش بە ھێشتنەوەیان لەکەسایەتیەکی نە لادێی و نە شاری، نە جوتیار بوون و نە کرێکار بوون، ئەمانە زۆرینەیەک پێک ئەھێنن لە کوردستانی ئێمە … پابەندبوون بە ئاین و خێڵ، دروستکردنی ڕێکخراوەکان لەلایەن حیزبە بۆرژوازیەکانی کوردستان کە بۆتە ریکلامێکی دژ بە ڕێکخراوبوون و ڕوخاندنی مەعنەوی خەڵکی زەحمەتکێش .. پابەندبوونی ئێمەی کۆمۆنیست بە تێکست و ناوە کلاسیکیەکان وەک ترۆسکی بوون و ڕۆزایی و لینینی ..ھتد.
بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا بزووتنەوەی خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات، بەرین بۆتەوە، کەچی بەشێک لە جەماوەری بێبەش و تەنانەت بەشێک لە هەڵسوڕوانی جەماوەریش بێئومێدن و دەڵێن ئەم دەسەڵاتە هیچی لەگەڵ ناکرێت، چۆن دەڕواننە ئەم دیدو ڕوانینە؟ یان سەرچاوەی ئەو بۆچوونانە چییە؟
نەوزاد ساڵح: بێ ئومێدی خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش سەرچاوەی لە شکستەوە وەرگرتووە. ئەو شکستەش بۆرژوازیەت بە ھەوڵ و تەقەلای سەدان ساڵەی دروستی کردووە لەو کەسانەی بیر لەگۆڕینی ئەم سیستمە ئەکەنەوە … چاوم کەوت بە کەسی یەکەمی پارتی کۆمۆنیستی سوید پێی وتم: بۆرژوازیەت بە مەکینەی ڕاگەیاندنەکەی کارێکی کردووە وشەی کۆمۆنیستی یەکسان کردووە بە شکست!!!. ئەمە لە سویدێک کە نزمترین ئاستی خوێندن بۆ کرێکار ئامادەییە!!! ئێستا وڵاتێکی وەک کوردستان کە زۆرینەی خەڵکە زەحمەتکێشەکە نەخوێنەواریشن .لە کۆتایدا ئەڵێم کاپیتالیزم شەو ڕۆژی خستۆتە سەر یەک دژە شۆڕش، و لەھەموو سوچێکی ئەم دنیایە ھەڵگیرساندووە!!! ئەمە کاری چەپ و کۆمۆنیستەکانی چەندجارە قورس کردووە و حەتمیەتی سۆشیالیستیەکەی لە تافی لاویەوە ئەیڵێن و باوەڕمان پێیەتی دوور خستۆتەوە ….