دەسەلاتی کوردایەتی بەرپرسی یەکەمە لە کوشتاری ژنان
دەسەلاتی کوردایەتی بەرپرسی یەکەمە لە کوشتاری ژنان!
سەبارەت بە کوشتنی دوو خوشك لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ
دیسانەوە دووکچی گەنج بەناوەکانی ( ئاوارە فەقێ حەسیب تەمەن ١٩ ساڵ و هێڵین فەقێ حەسیب تەمەن ١٧ ساڵ) بوونە قوربانی کەلتورو بیروبۆچوونی کۆنەپەرستی نێرسالاری کوردایەتی و یاساو رێسا داڕزیوە ئیسلامیەکانی بۆرژوازی کورد. ئەم دوو قوربانیەی دەسەڵاتی کوردایەتی متوربەکراو بە شەریعەتی ئیسلام پێشتر لە شەڵتەری پارێزگاری ژنان بوون و ڕادەستی باوکیان کراونەتەوە! هەردوو خوشکەکە لە رۆژی ٥-٩-٢٠٢٠ ەوە دیار نەماون و رۆژی ٩-٩-٢٠٢٠؛ واتە دوای (٤) رۆژ تەرمەکانیان لە گۆڕستانێکی کۆنی نزیک گوندی برایم ئاغا لە ناوچەی شوان دۆزراوەتەوە!
کوشتنی ژنان و کچان بەبیانووی کڕینەوەی ناموسی خێزان و عەشیرەت، سوتاندن و ناچارکردنی ژنان و کچان بە خۆسوتاندن لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ساڵی ١٩٩١ەوە بووەتە دیاردەیەکی ترسناك و ئەنفالێکی شێنەیی دژی بەژنان و کچان بەرێخستوە.
کوشتنی ئەم دوو خوشکە لەلایەن کەسوکاریەوە بەشێكە لەو زنجیرە کوشتنەی لەدژی ژنان بەڕێوەدەچێت و هێشتاش بەردەوامە. ئەوەی وایکردوە کە باوك و براو و کەسوکاری ژنان و کچان بیسڵەمینەوە و بە خوێنساردیەوە خوشك و دایک وکچ و هاوسەری خۆیان بکوژن، سەرچاوەکەی لە دەسەڵاتی کوردایەتی و بۆرژوازی کۆنەپارێزی کوردە کە بێجگە لە پاراستن و هێشتنەوەو ڕەواجدان بە یاساو فەرهەنگ و کەلتوری دژە ژن و ناموسپەرستی، هاوکات تاوانباران و بکوژانی ژنان یان لە ناو ریزەکانی حزب و هێزە چەکدارەکانی ئەواندان یان داڵدەیان دەدەن و دەیانپارێزن. بۆیە کۆتایی هێنان بە زنجیری کوشتنی ژنان و کچان لە کوردستان و لەگۆڕنانی کەلتورو فەرهەنگ و یاسای دژە ژنی ئیسلامی- کوردایەتی بەندە بە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی- حزبی بزوتنەوەی کوردایەتی و بۆرژوازی کوردەوە. دەسەڵاتی میلیشایی بۆرژوازی کورد نەك هەر مووچەو خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتیەکان و مافی دابینبوونی ژیان و ئازادی لە خەڵکی کوردستان زەوت کردوە، بەڵکو ژیانی ژنان و کچانیشی لەڕووی فیزیکیەوە ڕووبەڕووی مەترسی و تیاچوون کردۆتەوە.
ئێمە لەکاتێکدا ڕادەگەیەنین کە دەبێ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قێزەونە سزای شایستەی خۆیان وەربگرن و دەبێ فشارەکان بەو ئاقارەدا چڕبکرێنەوە، بەڵام هاوکات ئەوەش ڕادەگەیەنین کە پاراستنی ژیان و سەلامەتی جەستەیی ژنان و کچانی کوردستان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کوردایەتی-ئیسلامیدا مەیسەرنابێ. دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی کە ڕاستەوخۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەرجەستەو جێبەجێ بکات، دەتوانێ ژیان و سەلامەتی و ماف و کەرامەتی ژنانیش بسەلمێنێ و بپارێزێ. دەبێ خۆمان بۆ ئەم ئەرکە سازو ئامادە بکەین.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٠-٩-٢٠٢٠