“ژنان لە زۆر بواردا لە لایەن پیاوانی ڕووناكبیرەوە غەدریان لێ كراوە “

0

 “ژنان لە زۆر بواردا لە لایەن پیاوانی ڕووناكبیرەوە غەدریان لێ كراوە “

محمد زاهیر

بە بەردەوامی دروشمی سەرەكی هەموو رێكخراو و حیزبە سیاسییەكان ‌و چالاكانی بواری كۆمەڵایەتی بووە، بەڵام دەبینین ئەم دروشمانە ناگەنە قۆناغی جێبەجێ‌ كردن، هۆكارەكەی تەنیا بۆ بارودۆخ‌و كەشی بەرتەسكی سیاسی ناگەڕێتەوە. ئەو دروشمانە بە هیچ چەشنێك بۆ ئەو گرووپانەی كە دەیانهێنێتە گۆڕێ‌‌و تاوتۆیان دەكەن مەترسی دارنین. بەڵام بواری ژنان و باسی ژنان بەو هۆیە كە لە كۆنەوە سنووردار كراوە، هێرشێكە بۆ سەر یاسا كۆمەڵایەتییەكان و هزرو ئەندێشەی تاكەكان. بۆ وێنە ئەگەر باسی لابردنی توندوتیژی لە نێو كۆمەڵگەدا دێتە گۆڕێ، باسێكی گرینگەو یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی كۆمەڵگایەكی مرۆییە، بەڵام چۆن دەكرێ‌ ئەو باسە تاوتوێ‌ بكرێ‌ رێگاچارەی بۆ بدۆزرێتەوە تا ئەو كاتەی كە ئەم گرفتە لە كۆمەڵی بچووكتردا واتە بنەماڵە چارەسەر نەکرێت.

ئەگەر بە قووڵی چاو بەر سەر روانگەی پیاوانی رووناكبیری كۆمەڵگەدا بخشێنین، تووشی ئەو راستییە تاڵە دەبین كە ئەم پیاوانەش چ ئەوانەی كە بیروباوەڕی كۆنیان هەیەو چ ئەوانەی كە خۆیان نەخستۆتە چوارچێوەو بازنەی هیچ چەشنە ئایدۆلۆژیایەك‌و بیرو باوەڕێكەوەو بە جۆرێك لائیكن، هیچ كات بە شێوەیەكی شێلگیرانە وەشوێن پرس و كێشەكانی تایبەت بە ژنان نەكەتوون‌و كێشەكانی ژنانیان نەكردۆتە هەوێنی باسی ئەندێشەكانی خۆیان.

هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەر بیروباوەڕو نەریتە دواكەتووەكانی كلتووری ئەمڕۆی كۆمەڵگەكەمان. ئەو نەریتە كۆنە سواوانەی كە ساڵەهای ساڵە لە بیروباوەڕی هزری تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە جێگای خۆش كردوەو پەنگ دەخواتەوە، ئاشكرایە كە هۆكاری خۆلقاندنی توندوتیژی بە رێژەیەكی زۆر لە لایەن پیاوانەوە روودەدا.

ئەگەر هێندێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە دەبینین كە ژنان لە زۆر بواردا لە لایەن پیاوانی رووناكبیرەوە غەدریان لێ‌ كراوە. كە سەیری ئەدەبیات دەكەین، دەبینین كە ژنان تەنیا لە فۆڕمی دایك ‌و خوشكی باشدا بایەخیان پێ‌ دراوەو تەنیا لە سێبەری پیاودا ناسنامەیان بۆ دانراوە. لە بواری كۆمەڵایەتی دا بوونی ژن‌و چالاكی نواندنی ژن كردەوەیەكی زۆر جوان‌و شیاو دەژمێردرا، بەڵام تا ئەو كاتەی كە ئەو ژنانەی كە لە دەوری ماڵدا كاریان دەكرد هاوسەر یان خوشك‌و دایكی پیاوانی رووناكبیر نەبوایەن، لەوەها بارودۆخێكدا پێكهاتەی بنەماڵە دەترازاو ئەركی بنەماڵە، كە لەباركردنی بوار بۆ گەشەی پیاوان لە بوارە كلتووری‌و ئەدەبییەكان دا بوو دەكەوتە مەترسییەوەو ژنانیش دەكەوتنە ململانێ لەگەڵ پیاوان‌و كاتی زیاتریان بۆ خۆیان تەرخان دەكرد.

ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانینە ژیانی زۆربەی پیاوانی هەڵكەوتووی كۆمەڵگاكەمان دەبینین كە زۆربەیان خاوەنی بنەماڵەیەكی سوننەتی بوون‌و ئەركی هاوسەرەكانیان تەنیا خزمەتكردن بە ئەوان‌و منداڵەكانیان بووە، وەها پیاوانێكیش لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی ژنان بەردەوام بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەبەرچاو گرتووە

چالاكانی سیاسیش خاوەنی هزرێكی باشتر لە پیاوانی هۆگری ئەدەبیاتی كلتوور نەبوون. ئەوانیش هەوڵیانداوە  بۆ دەستەبەركردنی ئامانجەكانیان مرۆڤ گەلێكی ساردو سڕ لە ژیان پێكبێنن‌و بەردەوام وەبیریان دەهێنانەوە كە چالاكی چریكی پێویستی بە هێزو وزەی پیاوانە هەیە.

ئەگەرچی ژنانێكی زۆر لە ریزەكانی حزبەکان و ڕاپەریندا گیانیان بەخت كرد، بەڵام هیچ كات نەگەیشتنە پۆستەكانی بەڕێوەبەری رێكخراوو حیزبەكان، ئاكامی تەواوی ئەم باسانە ئەوەیە كە لەبەرچاو نەگرتنی مافی ژنان لە لایەن پیاوانی رووناكبیرەوە مێژوویەكی كۆنی هەیە. نەبوونی دیموكراتیش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە ئەو هەلەی بۆ ژنان‌و پیاوان نەخولقاندووە، كە هەمەلایەنە پرسەكانی ژنان تاوتوێ‌ بكەن. گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی مرۆیی رەوشتی مرۆیی دەخوازێ،‌ ناكرێ‌ باس لە یەكسانی لە نێو كۆمەڵگەدا بكەین بەڵام لە بنەماڵەكەی خۆماندا لەبەرچاوی نەگرین‌و پەیڕەوی نەكەین. بوونی دیموكراتی لە كۆمەڵگەدا ئەو دەرفەتە دەخولقێنێ‌ كە ژنان بتوانن رادەی زانیاریان بەرز بكەنەوەو هەلەكان بقۆزنەوەو داكۆكی لە مافەكانی خۆیان بكەن‌و لە كەش‌و هەوایەكی ئازاددا لە پێناو لەناو بردنی دەمارگرژییە نەریتییەكان لە هزرو ئەندێشەی تاكەكانی كۆمەڵدا، خەبات بكەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.