بەهزاد موحسین: لە هەولێردا بە ڕوکەشیش دەرفەت نادرێت، بۆ کاتژمێرێک بگەینە چەند دروشمێکی ئاسایی نان و ئازادی بڵێینەوە، هەموو جارێک لە دوری سەدان مەترەوە خۆپیشاندەران گەمارۆ دەدرێن و بەوپەڕی لێدان و سوکایەتی و تۆقاندنەوە ڕەوانەی ئاساییش دەکرێن…

0

 بەهزاد موحسین: لە هەولێردا بە ڕوکەشیش دەرفەت نادرێت، بۆ کاتژمێرێک بگەینە چەند دروشمێکی ئاسایی نان و ئازادی بڵێینەوە، هەموو جارێک لە دوری سەدان مەترەوە خۆپیشاندەران گەمارۆ دەدرێن و بەوپەڕی لێدان و سوکایەتی و تۆقاندنەوە ڕەوانەی ئاساییش دەکرێن…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز بەهزاد موحسین؛چالاکوانی مەدەنی لە شاری هەولێر، سەبارەت بە هەلومەرجی کوردستان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و پرسی ڕامالینی دەسەڵات.

بۆپێشەوە: بەڕێزتان وەک یەکێک لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی شاری هەولێر، پێمانباشە کورتەیەک لە شێوەی ڕێکخستنی جەماوەری ناڕازی هەولێر و وەڵامدانەوەی هێزی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆنی زەرد، و ڕەفتاری ئەو هێزانە لەبەرامبەر خەڵكێک کە بۆ داوا و مافی زۆر ڕەوای خۆیان لە خزمەتگوزاری و موچە و ئازادی ڕادەربڕین هاتبوونە سەرشەقام چۆن بوو باس بکەیت.

بەهزاد موحسین: ڕاستی سەبارەت بە ناڕەزایەتی و خەڵکانی خۆپیشاندەری هەولێر، بارودۆخێکی تایبەت و جیاوازی لە دەڤەری سلێمانی هەیە. هەڵبەت ئەمە پاکانەی دەسەڵاتی سەوز نییە و هەموومان باش دەزانین، لە جەوهەردا دەسەڵاتی هەردوو دەڤەر یەک مەعدەنن، بەڵام لە هەولێردا بە ڕوکەشیش نەوەک دەرفەت نادرێت، تا لە شوێنی گردبونەوەکە بۆ کاتژمێرێک بگەینە یەکتر و چەند دروشمێکی ئاسایی نان و ئازادی بڵێینەوە. هەموو جارێک لە دوری سەدان مەترەوە خۆپیشاندەران گەمارۆ دەدرێن و بەوپەڕی لێدان و سوکایەتی و تۆقاندنەوە ڕەوانەی ئاساییش دەکرێن.

لەو گردبونەوە و خۆپیشاندانانەی ئەو دواییە لە ١٢ی ئاب کرا “زیاتر لە ساڵێک” جۆرەها چەکداری دەسەڵاتمان بە بەرگی جیاجیاوە ڕوبەڕو بۆتەوە. باوەڕ بفەرمون لەدوا خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی هەولێر، تەنها پۆلیسی هاتوچۆ لەسەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەشدار نەبوونە! هەر بۆ نمونەش لە خۆپیشاندانەکەی ١٢ی ٨ خۆم و چەند خۆپیشاندەرێک لەلایەن دژەتیرۆر و چەند بەڵتەجییەکی پارتی دەستگیر کراین و بێسنور دەسەڵاتی لێدان و سوکایەتیان پێدرابوو.

ببورن وەڵامەکەم درێژ بۆوە، گەر ئەنجامی خۆپیشاندان چەند بنەمایەکی وەک (تێگەیشتنی خۆپیشاندەرلە قوڵایی پەیامەکەی، ژمارەی ناڕازیەکان، خاوەندارێتی) هەبێ، ئەوا بۆ جێگرتنی داوای خۆپیشاندەران، هەم خەڵک تەواو دەزانێ چی دەوێ و چۆن و لە کوێ و کێ مافەکانی لێ زەوت کردوە و ئەمە یەکلابۆتەوە. چەندێتیی خەڵکانی ناڕازییش هێندە بێشومارە، کە نەوەک دەستفرۆشێک تەنات بەشێک لە بازرگانانیشی گرتۆتەوە. ڕاستی کێشە لە بنەمای سێیەمدایە کە خاوەندارێتیە. تا ئێستا ناڕەزایەتیەکانی هەولێر و زۆنی زەرد خاوەنێکی شمولی و ستراتیژکار و تەکتیککاریی قوربانیدەری نییە و نەبووە. بە کورتی لە هەولێر بۆ بونیادنانی باڵەخانەیەکی نوێ، تەواوی کەرەستە و کرێکارە لەپزبرەکان هەن، بەڵام وەستا یان ئەندازیارێکی لەخۆبوردوی کارامە نییە.

بۆپێشەوە: ئەو دەسەڵاتەی پێویستە جێگای دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بگرێتەوە، چ جۆرە دەسەڵاتێکە؟

بەهزاد موحسین:  ئازادی و هەر ئازادی.. نان و گیرفانێک بۆ دایک و باوک، کە بۆ کڕینی پایسکلێکی سێتایە چاوشۆڕی منداڵە بچوکەکەی نەبێ.

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا بزووتنەوەی خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات، بەرین بۆتەوە، کەچی بەشێک لە جەماوەری بێبەش و تەنانەت بەشێک لە هەڵسوڕوانی جەماوەریش بێئومێدن و دەڵێن ئەم دەسەڵاتە هیچی لەگەڵ ناکرێت، چۆن دەڕواننە ئەم دیدو ڕوانینە؟ یان سەرچاوەی ئەو بۆچوونانە چییە؟

بەهزاد موحسین: ڕاستی من پێشتر و ئێستاش لەگەڵ ڕاماڵین نیم و هەمیشە دوربین و گەشبین بە گۆڕانکاری ڕیشەیی و چاکسازیی ڕاستەقینە بوویمە. کە ئەو ڕۆژە دێ، داد تێیدا بەرپا بێ و تاوانبارە گەورەکان بە سزای یاسای و ئینسانی خۆیان بگەن.

بۆپێشەوە: بۆچوونێک هەیە بۆ دەربازبوون لە دۆخی نەخوازراوی کوردستان، پرسی لامەرکەزی و گەڕانەوە بۆ بەغدا دەهێننە گۆڕێ، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

بەهزاد موحسین:  ئەمە نەک چارەسەر نییە، بەڵکو قوڕێکی خەستترە. بە درێژایی مێژوو بەغدا چەوسێنەری تاکی کورد بووە، چ لە ڕووی نەتەوەیی و چ لە ڕووی ئینسانیەوە. بەغدای ئێستا بریتیە لە “کازمی” و ئەویش هەرگیز ئایکۆنێک نییە، بۆ خۆشگوزەرانی و دەستەبەری مافی مرۆڤەکانی هەرێم، چونکە ئەو پیاوە یان فکری تائیفی شیعەگەری یان بەرژەوەندیی کاتیی سەرمایەدارانەی خودی ترەمپ و هاوشێوەکانی ئاراستەی دەکەن.

ئەگەر شوێن کات ئێراق و نییەتی ناسیۆنالیستی عروبە نەبا، دەشیا قەبوڵکردنی لامەرکەزی وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئابوری و سیاسی هەرێمێک وەربگرین، بەڵام کە سەیری بەغدا و تیرۆری ئازادیخوازانی ئەم دواییەی ئەوێ دەکەین، وەک ئاوێنە گەمە مێژوییەکەی خۆمان دەبینینەوە. هەمو یارمەتی و دڵسۆزیەکی بەغدا و کازمی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، بریتیە لەو دەنکە گەنمەی بە فاق “تەڵە”ەوە دەکرێ، تا نێچیری زیاتر ڕاو بکا.

لەگەڵ ئەوەش دەبێ دەسەڵاتی کوردی ئەوە باش بزانن، ئەگەر لامەرکەزییەت یان خودی کازمی لە هەرێم کاندید بن، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەنگێکی چاوەڕواننەکراو دێنن. ئیتر دەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان چاک بکەن، تا دوا نەفەسیان ماوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.