(توڕەبوون لە شیعری ئیتر بەدوامدا مەگەڕێ) ی حەکیم میرزا…دا
(توڕەبوون لە شیعری ئیتر بەدوامدا مەگەڕێ) ی حەکیم
میرزا…دا
لەم شیعرەی برای شاعیر حەکیم میرزادا، بەناوی ئیتربەدوامدا مەگەڕێ، هەست بە دڵشکان و توڕەیی دەکەین، لێرەدا کاتێک باس لەتوڕەیی دەکەین، بەمانا ئیجابیەکەی دێت، چون هیچ نووسەرێک بەئەزموون بەبێ توڕەبوون ناتوانێ تەوزیفی هەستەکانی بکات لەناو واقیعدا، چون نووسین بۆخۆی پرۆسەیەکە خود تیایدا خۆی دەنوسێتەوە، کە بەڕێگای نووسین دەیەوێ خۆی نوێ بکاتەوە، یاخود بەدیوێکی تردا شارستانیەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وەک( سیغموند فرۆید) لەکتێبی” شارستانیەت و نیگەرانیەکان دا”، نووسیویەتی و دەڵێت شارستانیەت لەوشوێنەوە دەستی پێکرد کە مرۆڤ بۆ یەکەمجار لەجیاتی بەرد وشەی هاویشت، واتە نووسەر پێویستە بنووسێت تاکو بتوانێت توڕەییەکەی بگۆڕێ بەماڵ، ماڵێک تیایدا نیشتەجێ ببێت، نووسەری باش و کتێبی باش ئەوانەن کە لەپاڵ پێداگری توڕەیی نووسەرەکانیاندا، مرۆڤ بتوانێ نیشتەجێ ببێ.
شاعیر لەشیعری ئاهێکی سەردا لەسەر ستێجی ژیان مۆنۆدرامای ژیانێک نمایش دەکات، کەسەراپای لێوان لێو بووە لە چەوشەکاری، میرزا لەم شیعرەدا بەهەناسەیەکی توڕەبوون دەنووسێ و دەڵێت ئیتر بەدوامدا مەگەڕێ، گەڕان بەدوای مرۆڤێکی زویرو توڕەبوودا لەلایەن ئەوانەی درۆیان لەگەڵدا کردوە، تازە داوایان لێ ناکات بۆ گەڕانەوەی و چاکردنەوەو دڵنەوایی کردنی، چون تازە زەمەن بەسەرچوو، میلی کاتژمێرەکانی ڕۆژانی زوو ناگەڕێنە دواوە، میرزا لێرەدا ڕاشکاوانە دەڵێت بەدوای چیمدا دەگەڕێن کە یەکپارچە درۆیەکی گەورەن، و بەردەوام لەژێر پەردەی جۆڕاوجۆردا، هەمیشە خۆتان وەها گۆڕیوە کە هیچ کاتێک نەتانویستوە دەمامکەکاتان ئاشکرا ببێت، لێرەوە شاعیر مێژووی ئەوانە دەنوسێتەوە بە زمانی شیعرو دنیای خەیاڵ و فەنتازیا لە وشە. ئەو حیکایەتەمان بۆ باس دەکات.. پڕاو پڕە لەغەدرو خیانەت، چیرۆکێ،ئەوەی لەکۆتا چیرۆکەکەدا خۆی نەدۆزیبێتەوە… هەمیشەو بەردەوام هەر بەگێلێتی خۆی دەمێنێتەوە، بۆیەشاعیر لێرەدا سەر بەم سنفە نییە. بەپێچەوانەوە، نایەوێ مێشک و هزری بیرکردنەوەی هەردەم لەگەڵ یادەوەریەکدا بێت کە ئێستای بۆ خۆشنەکردوە ئەو نایەوێ بەهۆی ڕابردویەکەوە شەرمەزارببێ، ڕابردوویەک، کەهیچ شتێ نییە، جگە لەگەوجاندنی مرۆڤەکان نەبێ، بۆیە شاعیر پێمان دەڵێ (ئیتر بەدوامدا مەگەڕێ)؟ واتە ئەو ئیدی نایەوێ وەک پێشووتری خۆی بژی، ئەو نایەوێ لەسەر هەمان مێژوو هەمان قاوەخانەی گەورەی شارا.. هەمان یاری دووبارە بکاتەوە، ئەو ئەو چرکە ساتەی لەو حەقیقەتە تاڵە تێگەیشت، ئەوانەی دەیانەوێ وێنای ڕاستەقینەی ژیان بکەن بۆ خۆشبەختی ئینسانەکان، ئەوانە دەرچوون کە دەیانەوێ ڤاڵ بۆ ئێستاو ئایندەی ئەم نەتەوەیە بگرنەوەو، قەناعەت بەبەرامبەرەکانیشیان بهێنن، ئەوە ئەوانن دەتوانن، هەمیشە مۆمێکی داگیرساوبن بۆ کوختە کۆن ڕووخاوەکان. وەلێ شاعیر ئیدی بە ئاگایە، دەزانێ ئەوەی ویستی چراکان ڕۆشن بکا ئەوەی ویستی مۆمەکان بەداگیرساوی بهێڵێتەوە، ئەوە ئەوان نەبوون، بەڵکو ئەوان بەدرێژایی مێژوو مۆمەکانیان لەملەوە سەردەبڕی… چراکانیان …فوو لێدەکرد … تا لەسێبەریی تاریکیدا مناڵەکان هەردەم دیدگایان نەبێ بۆ ڕوانین… ئەو دەمەی شاعیر خۆی دەدۆزێتەوە و بەمێژووی خۆیدا دەچێتەوە. لەهاوێنەی مێژووی خۆیدا، هیچی تیانابینێتەوە جگە لەفریودانی نەوەکانی ئێستاو ئایندەی. بۆیە تاهێزو تونای هەیە .ئەو ئاوێنەیە ووردو خاش دەکا، کەدوورە لەحەقیقەتی ژیانی ئەو و نەتەوەکەی..هەر بۆیە حەقیقەت لای ئەوی شاعیر ئەو ئاوێنەیەی کەخۆی تیا دەبینێتەوە.. ، کە یەکەمجار لەدەستی خوادا بەربویەوەو هەپرون بە هەپروون…بوو.