هاوسەرگیری و خۆشەویستی مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە

0

هاوسەرگیری و خۆشەویستی مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

لە بارودۆخی هەنووکەییدا کە سەردەمی سەرمایەدارییە ژیان و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی مادی بە یەکتر دامەزراوە و پێناسەی تاک و خۆشەویستی و بنەماڵە شێواوە. سەرمایەداری هەموو هەوڵی ئەوەیە پەیوەندی نیوان تاکەکان لەسەر بنەمای مادیات بێ بۆ قازانجی زیاتری خۆی. بنەماڵە بۆتە گەندەڵترین ئۆرگانێک کە خزمەت بە کۆمەڵگە و سیستمە گەندەڵەکان دەکات. ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسێک هەرای ناوەتەوە و هەر کەسە و بە شێوازی خۆی شرۆڤەی لەسەر دەکا. پرسێک کە ئەگەر شیکردنەوەی بۆ بکرێ  قووڵی کارەسات و پەروەردەی کۆمەڵگەی کوردستان دەردەخات. پرسێکی تاکەکەسی کە تەنیا پەیوەندی بە تاکەوە هەیە و هیچ دەسەلات و سیستم و دەوڵەت و کۆمەڵگەیەک بۆی نییە دەستێوەردانی تێدا بکات. ژیانی هاوبەش و عەشق و خۆشەویستی پرسێکی تاکەکەسی و مرۆڤی و بێ سنورە و پەیوەندی بە هیچ کەلتور و ئایین و رەگەز و رەنگێکەوە نییە. لەو دواییانەدا لە تٶرە کۆمەلایەتییەکان لەسەر هاوسەرگیری کچانی کورد و پیاوانی ئافریقایی و ولاتانی تر پۆستی زۆر دەبیندرێ و هەر کەسە و بە پێی ئەو ڕوانگەی کە بە سەری دا سەپاوە  تێڕوانینی خۆی دەنوسێ. راگەیاندنە کوردییەکان کە دەستخۆشی ڕوداوەکانی هەرێمن و لەبەر دەستی دەسەڵاتێکی ناسیونال دینی و گەندەڵن لەو بارودۆخە کەڵک وەردەگرن، بۆ بەلارێدا بردنی خۆپێشاندنەکانی ئەم دواییانە بۆ ئەوەی خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە پەرە بە هەواڵەکان دەدەن و خەریکن قازانجی لێ دەکەن. لە لایەکی دیکەوە چەندین کەسی مەنفەعەت چی بە ڕوانگەیەکی ڕەگەزپەرەستانە بۆ وەرگرتنی ڕای خەڵکی و چەند لایک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوک و ئینستاگرام و هتد.. بە شێوازێکی گاڵتەجاڕیانە هەواڵەکە بە لارێدا دەبەن. ئەوەی کە قوڵی کارەساتەکە دەردەخات ڕوانگەی ناسیونال دینیەکانە کە باس لەوە دەکەن کچان و ژنانی کورد نابێ شو بە پیاوانی بیانی بکەن وئەوە مەترسی دەخاتە سەر نەتەوەکەیانەوە. واتە ناوگەڵی ژنانی کورد بە ناموس و شەرەفی خۆیان دەزانن و پێیان وایە دەبێ بەس بۆ پیاوی کورد بێ. ساڵەهای ساڵە بە دەیان پیاوی کورد لەگەڵ ژنانی بیانی هاوسەرگیریان کردووە نە تەنیا هیچ کێشەیەک نەبووە، بەڵکو وەک  شانازیش ناوی لێ براوە. لە کوردستان پیاوانی کورد و ئیسلام لەڕیگای ئایینەوە بۆیان هەیە چوار ژنیان هەبێ و ئەو پەیوەندیە دژە مرۆڤانەیە بە سانایی لە لایەن بلۆکی کۆنەپەرستی کۆمەڵگاوە قبوڵ کراوە و ئاساییە، بەڵام کاتێک ژنی کورد هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی بیانی دەکا ئەوە بە بڤە دادەندرێ. ئەم روانگەیە سەرچاوەگرتوو لە ڕوانگەیەکی ئایینی و پیاوسالارە کە هەموو شتێک بۆ پیاو بە ڕەوا دەزانێ و هەموو ئازادی و مافێک تەنانەت مافی هاوسەرگیری ژنانی کوردستانیش بە بڤە دادەنێی و دەلێن مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەکەیان. ژنانی کورد هەردەم لە ژێر ناوی دەستەواژەی وەک ناموس  و شەرەف کوژراون و زوڵمیان لێ کراوە. لە هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال ژنانی کوردی ئیزیدی وەک کۆیلەی جنسی فرۆشران و دەستدرێژیان کرا سەر. بە دەیان ژنی ئیزیدی لەبەر ئەوەی لە کەسانی سەر بە گروپی داعش دووگیان بوون یان مناڵیان بوو لەلایەن بنەماڵە و کۆمەڵگاوە قبوڵ نەکرانەوە و کەوتنە پەڕاوێزەوە. ڕۆژانە لە کوردستان ژنانی کورد بە تاوانی خۆشەویستی دەکوژرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. بە دەیانی وەک سێوە قادرەکان لە لایەن پیاوانی کوردەوە کە ئەوانیش قوربانی ئەو سیستمە گەندەڵەن بە زیندوویی دەسوتێندرێن و دەکوژرێن و پاساوی بێ بنەمای بۆ دەهێننەوە. بەڵام کاتێک ژنێکی کورد هەوڵ دەدا تەنانەت لە وڵاتێکی ڕۆژئاواییش بەپێی خواستی مرۆڤی خۆی ژیانی هاوبەش پێک بێنێ هەموو دەستێوەردانی پرسەکە دەکەن و خۆیان بە خاوەنی ئەو ژنانە دەزانن، چوونکە لە ئایینی ئیسلام و کۆمەڵگەی نێرسالاردا ژن موڵکی پیاوە و هەموو پیاوانی بنەماڵە لە باوک و برا و هاوسەر و مام و خاڵ و تەنانەت دراوسێش دەتوانن بڕیاری بۆ بدەن. ئەوەی کە دەبینین بە داخەوە ڕوانگەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ڕەگەزپەرەستانە و چەقبەستووە کیشەکە بۆ تاکەکان ناگەڕێتەوە، بەڵکوو پەیوندی ڕاستەوخۆی بە شێوازی کلتور و پەروەردەی تاك لە سیستم و کۆمەڵگەدا هەیە.  بەداخەوە سیستمی کوردستانیش هەڵقولاوی بیرو بۆچوونی خوڕافە و دواکەوتوو و پیاوسالارە کە لە لایەن دەسەلاتەوە بەرهەم دەهێنرێ و بۆ قازانجی دەسەلات تاکەکانی پێ ڕادێنن. لەهەر کۆمەڵگایەک  کە تاکەکانی بە بیر و بۆچوونی خورافەوە پەروەردە بکرێن بە قازانجی دەسەلاتە، چوونکە بێگومان تاکی وشیار داوای مافی خۆی هەردەم لە دەسەڵات دەکات، بەلام کەسێک کە بە بیر و بۆچوونی خورافەوە پەروەردە کرابێ هەموو زوڵم و زۆر و بێمافییەک بە چارەنوسی  خۆی دەزانێ. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین بێ گومان تا دەسەلاتی گەندەڵ و دژە مرۆڤی سەرمایەداری لەسەر کار بێ، پەیوەندی مرۆڤەکانیش لەسەر ئەساسی پێویستی مادی بە یەکتر دەبێ و تا کاتێک دنیا نەگاتە یەکسانی مرۆڤی، ڕوانگەی ڕەگەزپەرستانە و دژە مرۆڤ هەربەردەوامە. تاکە ڕێگەی ئازادی وگەیشتنی مرۆڤەکان بە مافی خۆیان دامەزراندنی سیستمێکی سۆسیالیستی و یەکسانە کە پەیوەندی مرۆڤایەتی لەسەر ئەسانی خۆشەویستی دابمەزرێ و هەموو تاکێک بە هەر ڕەنگ و ڕەگەز و نەژادێکەوە بتوانێ بە خۆشەویستی ژیانی هاوبەش پێک بێنێ…

Leave A Reply

Your email address will not be published.