لە پەڕاوێزی ڕووداوی تەقەکردنی پۆلیسی ئەمریکی لە جاکۆب بلێیک
لە پەڕاوێزی ڕووداوی تەقەکردنی پۆلیسی ئەمریکی لە جاکۆب بلێیک
نووسینی/ محمد مستەفا
Black lives Matter!
یەكشەممەیە ڕابردوو ٢٣ /٨ لە شاری (كینۆشای) سەربە ویلاتی
(ویسكۆنسان) لە ئەمەریكا، لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێست بەناوی (ڕەستن شێسکی)ەوە لەدواوەوە ٧ گوولە ئاراستەی (جاكۆب بلێك) ی ڕەش پێست دەکرێت، لە کاتی سواربوونی ئۆتۆمبیلەکەی کە هەرسێ منداڵەکانی لە دواوە دانیشتوون. بەم هۆیەوە ( جاكۆب) تووشی ئیفلیجی و كەم ئەندامی كردوە. ڕووداوەکە دوای خۆپیشاندان و پەشێویەکی ناڕەزایەتی لەم شارەدا ڕوویداوە و شوێن و بازاڕیش زەرەرمەند بوون و تێکهەڵچوون لەگەڵ پۆلیس ڕوویدا. هەروەها ٢ کەسی کەس لەو ناڕەزایەتیانەدا گیانیان لەدەستداوە. جاکۆبیش یەکێک بووە لەو کەسانەی داواکراوبووە لە بەشداریکردن لەو ناڕەزایەتیانە لە شارەکانی دیکەی ئەمەریکا، دوای ئەوەی ئەمەریکا ناڕەزایەتی زۆری بەخۆوە بینی لەسەر کوشتنی (جۆرج فلۆید). ئێستاش ناوبراو لە نەخۆشخانەیەو لەژێر چاودێری ورد دایە وژیانی لە مەترسیدایە، و شایانی باسە كەلەبچەكانیشی هەر لەدەست دایە!!
ئەم كارەی پۆلیس، لەم هەلومەرجە قەیراناوییەی ئەمریكا، دووئەوەندەی تر، ڕق و توڕەیی ڕەشپێستەكانی زیاد كرد و خۆپیشاندەران زۆربەی بنكەكانی پۆلیسیان لەو شارە ئاگر تێبەرداوە.
هەر ئەمڕۆ ٢٦ئ ئاب گەورەترین تیپی یاری هۆكی ناسراو بە(ئێن ئێچ ئێلNHL) یاریەكانی خۆیان وەستاند، ئەوەش وەكو پشتیوانییەك بۆ بارو دۆخی ڕەگەزپەرستی و زوڵم لێكراوی ڕەش پێستەكان .
ئەمساڵ بۆ جاری دووەمە دوای كوشتنی (جۆرج فلۆید) پۆلیس بەئاشكراو بێ ڕەحمانە ڕەش پێستەكان دەكوژن.
دوابەدوای ئەم دەستدرێژی و ملهوڕیانەیەی پۆلیس، خۆپیشاندان لەشارەكانی ئەمریكا و كەنەدای گەرمتر كردوە و شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان دژی ڕەگەزپەرستی هەربەردەوامەو درێژەی هەیە. بەپێی شیکارە سیاسیەكان بێت، هەڵبژاردنی ئەم جارەی سەرۆكایەتی ئەمریكا بە قازانجی دیموكراتەكان دەشكێتەوە، لەبەرئەوەی (دۆناڵد ترەمپ) بە ڕابەری ئەم ڕاسیزمە دادەنرێت كە لەماوەی حوكمڕانی تڕەمپدا پێشێلکارییەكان زۆرتر بوون، بۆیە ئەگەری دوبارە هەڵبژاردنەوەی زۆر كەمە.
ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە تائێستا بەكردەوە كێشەی ڕەگەزپەرستی لە ئەمریكا بەتایبەتی لە نێوان پۆلیس و ڕەش پێستەكان چارەسەر نەبووە، و ڕەنگ و پێست حسابی لەسەر دەكرێت. هەرچەندە لە ئەمریكا زۆر دەمێكە (مافی ڕەش پێستەكان و دانیشتوانە ڕەسەنەکان -نێیتیڤەكان) بەڕەسمی لەدەستووری ئەو وڵاتە و بەپێی یاسا جێگیر كراوە و هەموو مافێکی یەكسانیان هەیە. بەڵام ماوە ماوە ئەم ڕاسیزمە لەناو بیری بەشێک لە خەڵکی سپی پێستدا خۆی نمایش دەكات و بەكوشتن و توندوتیژی كۆتایی دێت، و خۆپیشاندانی گەورەو پشێوی و ناڕەحەتی زۆر لە شارەكانی ئەمەریكا بەشوێن خۆیدا دێنێ.
مێژوویەکی کورت:
گەورەترین داخوازی ڕەشپێستە ئەفریقایی-ئەمریكیەكان ئەوەیە:
Stop killing us- کوشتنی ڕەشپێستەکان بووەستێنن؛
لەساڵانی ١٨٦٧ وە تا ساڵی ١٩٦٥ لە زۆربەی ویلایەتەکانی باشووری ئەمریكا یاسایەك جێ بەجێ دەكرا لە ژێر ناونیشانی separate but equal- جودایی بەڵام یەکسانی؛
كە لە زۆربەی شوێنە گشتیەكان، خوێندنگەکان و دام و دەزگا دەوڵەتییەكان، پاس، شەمەندەفەر ..تاد، ڕەش پێستەكان و سپی پێستەكان دەبوو بەجیا و لەیەكتر دوور بن لەم شوێنانەدا! لەساڵەكانی ١٨٦١-١٨٦٥ ئەمەریكا مێژوویەكی گرنگ و پڕ كێشمەكێش و خوێناوی بەسەر برد، لە خەباتی ڕەش پێستەكان تاكو وەك هاونیشتیمانی ئەمەریكایی لە مافەكانیان بەهرەمەند بن و بگەن بە مافەكانی هاوڵاتی بوون. ئەوە بوو لە ژێر باری چەوساندنەوەو كۆیلایەتی دەژیان، دوابە دوای تەواو بوونی شەڕی ناوخۆیی ویلایەتەكانی باكوور و خوارووی ئەمەریكا (لەسەردەمی سەرۆک ئەبرەهەم لینکۆڵن) یەكیان گرت و شەڕ كۆتایی هات. گیروگرفتی گەیشتن بە برایەتی كۆتایی هات. بەڵام پاش یەك سەدە بەهەمان شێوە مافی ڕەش پێستەكان و سپی پێستەكان دوبارە جیاوازی ڕەگەزپەرستی سەری هەڵدایەوە و بەكردەوە لەدەستكەوتە یەكسانیخوازەكان لەئەمەریكا، ڕەش پێستەكان بێبەش بوون و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خوێناوی بەرۆكی هاونیشتیمانیانی ڕەش پێستی بەرنەدا. بەتایبەت دوابەدوای كوشتنی (جۆرج فلۆید) لە ٢٥ /٥ /٢٠٢٠بەدەستی پۆلیسێكی سپی پێست، دیسانەوە شەپۆلی خۆپیشاندانەكان ئاستێكی جیهانی بەخۆوە گرت، و ئەمجارەیان هاودەنگی دنیا بە هەموو ڕەگەز و نەتەوە و ڕەنگی پێست هاتنە دەنگ و پێشتیوانی لێکرا. ئەوە بوو پاش چەند ڕۆژێك هەموو ویلایەتەكانی ئەمەریكاو دنیای گرتەوە.كە بێ گومان جیاوازی ڕەنگەكان لەكەیەكی نەنگە بە مێژووی بەناو شارستانی ئەمەریكا وە!
لەماوەی دوو سەدەدا سپی پێستەكان ئەولەویەت بوون و ڕەش پێستەكان بە ناوونیشانی هاونیشتیمانیانی پلە دوو ئێستا حساب دەكرێن.
بەپێی هەواڵەكانی كەناڵی (سی ئێن ئێنCNN)ی ئەمەریكی بێت ڕێگری كردن لە ئۆتۆمبیلی ڕەش پێستەكان و پشكنینیان لە شەقامەكانی ئەمریكا چەندین بەرامبەری سپی پێستەكانە.
ئەمە لە حاڵێكدایە سپی پێستەكان بەپێی ئامارەكانی خۆیان بێت، زۆر زیاتر لە ڕەش پێستەكان تاوان و پێشێلکردنی یاسا ئەنجام دەدەن.
ئەمانە هەمووی ئەو چیرۆكە هەڵاواردنانەن كە بەدرێژایی مێژوو ناوەندەكانی پۆلیس لە وڵاتێكی دیمۆرۆكراسی وەكو ئەمەریكا ڕۆژانە ئەنجامی دەدەن.