چەند ڕۆژێک لەگەڵ بەکر عەلی شاعیردا جمال نوری

0

بەکر عەلی، لە کۆتایی هەشتاکانی دەیەی سەدەی ڕابردوو دروست لەساڵی ١٩٨٩ دا، دوای ئازادکردنم لە ئەمنی سلێمانی لە چایخانەی شەعب ناسیم. بەکر عەلی کەسێکی هێمن،  کەسێکی  کەم دوو  شەرمن، بۆ هاوڕێیەتی کەسێکی بەوەفا بوو، زۆر بەزوویی دەچوە دڵەوە و ئاشنات دەبوو.

بۆیەکەمجار لەدوای ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١، بەکر عەلی بۆ بژێوی ژیانی دایک و خوشک و براکانی  لەساڵانی ١٩٩٢ -١٩٣ سەرقاڵی کڕینی فەرشی کۆنی نەخشداری ئێرانی بوو.

لەدڵەوە حەزم دەکرد شتێک شک بەرم تاوەکو بەکر ئیستیفادەیەک بکات و دڵی خوشک و دایک و براکانی خۆش بکات، پێم وت بەکر فەرشێک شک دەبەم کۆنە هی باوکی خاڵۆژنم بووە، ئەویش لەخۆشیاندا ناوچەوانی ماچکردم و وتی دەم و چاوی تۆ سەر بەڕزقە لەکوێیە بابڕۆین. گەیشتینە ماڵی خاڵم، بەکرم پێناساندن، سەرەتا خاڵۆژنم  لەماڵ بوو، دواتر  خاڵیشم هاتەوەو تەماشای فەرشێ کرد، پشت نەخشی فەرشەکەی تەماشا دەکرد، بەدڵی بوو، ڕێکەوتن  ئەوکات  پارەیەکی زیاتری دەکرد، بەخاڵ و خاڵۆژنم وت بەبێ ئەوەی بەکر هەست بە شەرم و کەم بوونی خۆی بکات لەژورەکەی ئەودیو، پێم وتن ئەم کوڕە دوو برای شەهیدەو باوکی نییە و خوشک و دایک و براکانی بەخێو دەکات بۆیە ئەم ئیشە دەکات، بەکر پارەیەکی وەهای پێ نەبوو بتوانێ فەرش بکڕێ و بیبات بۆ ئەودیووی سنور، بەڵکو هەر لەسلێمانی دەیدا بەکەسێکی تر ئەویش  بەسەد تا دووسەد دینارێ لێی وەردەگرت.

بەکر علی لەبەرامبەر ئەو کارەی مندا کە ماڵی خاڵم بەپارە پێیان نەفرۆشت  وتی شەو دەچینەوە ماڵی خۆمان  .ئەوکات کۆمەڵە ماڵێکی هەژاری شار لەبەر بێدەرامەتی و نەبوونی نەیاندەتوانی کرێی خانوو بدەن چووبوونە ناو حامیەی کۆنی سلێمانی کاتی بەعس مەعسکەری حامیەی پێ دەوترا، بە تەنەکە و  و قوڕ و وردە بەردو پارچە بلۆکی شکاوی کۆن و چینک نایلۆنی ئەستوری شین دوو ژوورو هەیوانێکیان دروست کردبوو، کاتێک چومە ژوورەوە دایکی بەکر عەلی ڕێزێکی زۆری لێگرتم بەکر بەدایک و خوشکە گەورەکەی وت ئەزانی بەهۆی هاوڕێی قەڵەممەوە پارەیەکی باشم دەست کەوت ماڵی خاڵی فەرشێکی کۆنی نەخشداری قەدیمیان دامێ،  دایکی دەستە و نزا لەپەروەردگار پاڕایەوە  دەیووت خوایە سفرەی خاڵی نەبینی و قەت بێ مەئوا نەبینی بەخۆتەوە، مەبەستی ئەوە بوو ماڵی خۆمم هەبێ و کرێچێتی نەبینم .

بەکر بەدایکی گووت دایە گیان ئەوەی لەم دۆخەدا بێ و ناوچەکەو شارەکەمان بۆنی خوێن و بارووتی لێ بێ  و ئێمەو مانانیش هەر قەڵەمەکەی دەستمان شک بەرین  ئیتر پێم ناڵێی چۆن چۆنی ماڵ و حاڵی خۆمان دەبێ و کرێچێتی نابینین..؟

  ئەم چیرۆکە  واقیعییە، ڕوویداو نەک خەیاڵی نووسەر بوبێ .

بەکر علی، یادی ١ ی ئایاری ١٩٩٤

لەبەردەمی چایخانەی شەعب دا بەکر عەلیم بینی کاسکێتیکی لەسەردا بوو، زۆر مەشغوڵ بوو، عەلاگەیەکی  گەورەی  بەدەستەوە بوو ..

وتم بەکر بۆ ئەوەندە سەرقاڵ دیاری وتی: چیان لەدەستدێ با بیکەن، ئەوا بەیاننامەی خۆمم دەرکردوە بهناوی ماڵەکانی ناو حامیە و منیان کردوە بە نوێنەری خۆیان، چوینە ناو چایخانەی شەعب و بەیاننامەیەکم لێ سەند و وتی ئاخ بۆ پارە، وانەبوایە دەبوو هەموو ماڵێکی خوا پێداوەکان بەیاننامەیەکم بۆ بخستایەتە ماڵەکانیانەوە ، مەبەستی ئەوە بوو گەر پارەیەکی باشی پێی بوایە بەهەزاران نوسخەی لێ ڕادەکێشا لەو بەیاننامەیە.

١ی ئایارو مەلعەبی سلێمانی

دواجار لەبەر چوست و چالاکی بەکر خۆی و وریایی و قسەزانی، چەپەکانی کوردستان وەک یەکێتی بێکاران و حزبی کۆمۆنییستی کرێکاریی بەکر عەلیان وەک هەڵسوڕاوێکی چەپ و ئازادیخوازو حەقبێژ  ناساندبوو لەناو ڕێکخراوە کرێکاریی و سەندیکاییەکان.

ئەوەبوو یەکی ئایاری ١٩٩٤ لەمەلعەبەکە یادی ئایار ڕۆژی هاوپشتی چینی کرێکار کرایەوە و ناو ساحەی چیمەنەکە بەهەزاران خەڵکی چەپ و زەحمەتکێش و ئازادیخوازو کۆمۆنیستی لێ بوو، پارێزگاری سلێمانی بۆیه ئەم یادەی خستە ناو مەلعەبەکە تاوەکو دەنگ و سەدای نەبێ و ناو بازاڕو شەقامی گشتی شار نەشڵەژێ و وەزعەکە لەدەستیاندا دەرنەچی.

بەکر عەلی وتارێکی حەماسەت خولقێنی  خوێندەوەو بەشێوەیەک ژیربێژی  بەدەسەڵاتدارانی حوکمەتی هەرێم و حزبەکانی بەرەی کوردستانی وت، ئێمەش حەزمان دەکرد دایک و خوشک و باوکانمان و خێزانەکانمان لەناو ماڵێکی شایستە بژیاینایە، نەک لەناو خانووی بەتەنکە و قوڕ و نایلۆن چینکۆ شەو ڕۆژ بکەینەوەو بەگەرماو سەرما  بەرەو مەرگ نزیک ببینەوە.

بەکر بەردەوام بوو، وتی دەی با پێتان بلێم ئێمە ناحەقی قبوڵ ناکەین، ماڵی کەسمان نەبڕیوە خانوی حوکمەتمان داگیر نەکردوە وەک ئێوەی حزبەکانی بەرەی کوردستانی یەکێکتان بینایەی کولێژی کشتوکاڵی زانکۆ و یەکێکی ترتان بینایەی کولێژی پەروەردە و یەکێکی تر کە خۆی بە کۆمۆنیست دەزانێ خەستەخانەیەکی لەناو گەڕەکی عەقاریدا داگیرکردوە و کردویەتی بە بینای شەبیبەی عێراق، لەخوار سەهۆڵەکەش بینای حەتینی بەس  کراوە بە مەڵبەندو بینایەی دەبۆکە کراوە بە تی ڤی لق و.. هتد

بەکر لە کۆتا وتارەکەیدا وتی کەی ئێوە ئەو شوێنانەتان چۆڵکرد ئەوا بێ قەیدو مەرج ئێمەش مانعمان نییە وەرن ئەو ڤێلایانەی دروستمان کردوە بیروخێنن؟

١ ی ئەیلولی ١٩٩٤ و بەردەم بینایەی پارێزگای سلێمانی..

بەکرو ماڵەکانی ناو حامیەی سلێمانی ڕێپێوانێکیان دروستکرد بۆ بەردەمی پارێزگاری ئەو کاتی سلێمانی کە سالار عزیز پارێزگار بوو، بەکر و خۆپیشاندەران دەیانویست سکاڵای خۆیان بدەنە دەست بەرپرسی یەکەمی وەحدەی ئیدار و ئەمنی شار، بەڵام ئەفسوس خوێنی بەکر لای باخی گشتی سلێمانی بەفیشەکی پاسەوانەکانی پارێزگار دەڕێژرێ و دۆسیەکەی بەکرو ڕووخاندنی ماڵەکانی ناو حامیەش بەیەکجاری دادەخرێت .

Leave A Reply

Your email address will not be published.