لوبنان: دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت، بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵات!!
لوبنان: دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت، بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵات!!
مێژوویەکی درێژە، دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی لەهەر گۆشەو کەنارێکی ئەم دنیایەدا دەکەوێتە بەردەم سێلاو تورەیی جەماوەری، یان توشی ئەزمەو بنبەست دەبێت، پیشنیاری دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت، هەڵبژاردنی پێش وەختە، حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی!! دەکەنە ڕێگایەک بۆ خاوکردنەوەی تورەیی جەماوەری و هاوکاتیش بۆ دووبارە سازدانەوەی حکومەت و دەسەڵاتێکی تری پاریزەری هەمان نیزامی سەرمایەداری پێشوو.
تەقینەوەکەی ئەم دوایەی بەندەری لوبنان، دوبارە جەماوەری توڕە و ناڕازی هێنایەوە مەیدان. ئەگەر کۆرۆنا فایرۆس بۆ ماوەیەک خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردووی جەماوەری کرێکار و بێبەشی لوبنانی توشی هەڵپەساردن و راگرتن کردبوو، ئەم تەقینەوەیەی کە بەسەدان ئینسانی کردە قوربانی و بەهەزاران ئینسانی بریندار و کەم ئەندام کردو زەرەرو زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە لوبنان گەیاند، دوبارە جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازی هێنایەوە سەر شەقامەکان. دیارە ئەم ڕوداوە خوێناوییە کەم وێنەیە کە رویدا و بەرئەنجامی بێدەربەستی دەسەڵاتی گەندەڵی سیاسی لوبنان و هێزە ڕەشەکانی بوو. فرمیسکی درۆینەی دەسەڵات و دەیان هێز و لایەنی سیاسی و دەوڵەتەکان بۆ قوربانیان و کارەساتی لوبنان، کە بارتەقای دوکەڵ و قوربانییەکانی پێش چاو دەخرێت… دەرخەری ریاکارییەکی مێژووی ناو کارەساتێکی مێژووی هاوچەرخی لوبنانە. فەرەنسای ئەندازیاری کۆلۆنیالیزەکردنی لوبنان و داگیرکاری، سوریای هاوخوێن و هاورەگەزی برا عەرەبەکان!!، کە هێرشی سەد رۆژەی بۆسەر لوبنان کرد، تا دەگاتە دەوڵەتی ئیسرائیل کە بەسەدان تەن بۆمب و باروتی بەسەر لوبناندا داباراندووە، هاوخەمی دەردەبڕن. ئەو حزب و اللەیەی نوینەرایەتی ئاخوندەکانی تاران دەکات و بۆتە خۆرەی کۆمەڵگەی مۆدێرنی لوبنان، تا دەگاتە ئەو لایەنانەی بەشەری دەسەڵاتی ١٥ ساڵەی ناوخۆیی و لایەنەکان، کۆمەڵگەی لوبنانیان دابەش دابەش کردو هارێ… فوارەی فرمێسکیان ناوەستێ… ترەمپ نیگەرانەو وڵاتانی گەندەڵ و تاڵانچێ و کۆنەپەرستی عەرەبی بەرگی ڕەشیان پۆشی. دەسەڵاتی تاڵانچی هەرێم کە هاوڵاتیانی لەژێر سایەیەدا بەبەچاوی دنیاوە بەهۆی کەمی ئۆکسجین و خزمەتگوازری تەندروسیییەوە دەمرن، بەڵێنی هاوکاری تەندروستی بە لوبنان دەدات. چ ریاریکاری و دوو ڕوویەکە دنیای گەندەڵ و نەخۆش و ئەزمەگرتووی سەرمایەداری. هەموو ئەم ساختەچێتی و درۆیە لەکاتیکدا دەکەن کە دنیا شارستانی و ئینسانی ئازادی ئەم سەردەمە تۆزقاڵیک باوەریان بەو هەموو درۆو ریاکاری و فرمیسک رشتن و بانگەوازی هاوکارییە مرۆییە نییە.
ڕاپەڕینی دوبارەی جەماوەی بێبەشی لوبنانی بریندار کراو، بەر لەهەموو شتێک “نا” وتنە، بەو هەموو ریاکاری و ساختەچێتیەی دنیای دوو روو بەرژەوەندی خوازی بۆرژوازی کە بۆ کارەساتی لوبنان، دەری دەبڕن. وە وەڵام و “نا” وتنە، بەدەسەڵاتی خۆ بە زوڵملێکراوی نیشاندانی لوبنان، کە ئاه و ناڵەی بۆ هاوکاری نەجات دان دەگاتە عەرشی عەزیم!!.
دوبارە ڕاپەرین و خرۆشانی جەماوەری لوبنانی تەنیەوە، ئەم دوبارە هاتنەوە مەیدانی جەماوەری بەدوای کارەساتێکی خوێناویدا، سەرەتا چەند وەزیر و سەرئەنجامیش حکومەتی ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد، تا ئێرە ئەوە پێشڕەویەکی گەورەی جەماوەری و دەستکەوتێکی پڕبایەخە، بەلام ئەمە تەنها ئەوکاتە دەتوانێت ئومێد بەخش و جێگا ئومێد بێت، کە درێژەی هەبێت تا کۆتایی بەدەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی سیاسی بۆرژاوزی ئەو وڵاتە دەهێنێت و سیستەمێکی تری دەسەڵاتی پشت بەستووی لەخوارەوەی جەماوەری جێگای دەگرێتەوە. دەست لەکێشانەوەی حکومەت، بی کۆتاییهێنان بەدەسەڵات، بەشوینێک ناگات.
ئەوە بۆتە نۆرم و رێگایەکی دەستی دەسەڵاتی بۆرژوازی کە لەهەر جێگاو شوینێک جەماوەر دەستیان دایە ڕاپەرین و شۆرش، بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی و دوبارە سازدانەوەی دەسەڵاتێکی تر بەکەمێک ئاڵوگۆری روکەشەوە، ڕیگای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت دەگرنە بەر، هەڵبژاردنی پیشوەختە دەهێنە گۆڕ، حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی دەکەنە بەدیل…تاد.
دەست لەکارکیشانەوەی حکومەت، لەگەڵ هەڵپێچان و تەفروتوناکردنی دەسەڵات جیاوازیان زۆرە. دەسەڵاتی بۆرژوازی هەمیشە چەندین فۆرم و ڕیگای جیاوازی هەیە، بۆ گۆرینی حکومەت، بەمەبەستی پاراستنی پایەکانی دەسەڵاتی. ئەوەی لەئاراستەی ئێستای لوبناندا دەبینرێت، دەست لەکارکیشانەوەی حکومەتە، بۆ دوبارە سازدانەوەی حکومەتێکی تر بۆ پاراستنی هەمان بەرژەوەندی دەسەڵاتی پێشوو بە نۆرم و فۆرمێکی نوییەوە.
ئەوەی کە وای کردووە هەمیشە ڕاپەڕین و شۆڕشی برسییەکان بە فۆرمی جیاواز خاوبکرێنەوە، ئیحتیوا بکرێن و بەرهەمی رەنج و خەباتیان بدزرێت، و بە مەنزڵ نەگات… نەبوونی حزب و رێکخراوەی سیاسی بەهێزە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی چینە چەوساوەو بێبەشەکان بکات. نەبوونی حزبی کۆمۆنیست و نائامادەیی پەرچەمی مارکسە لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی و کاری بەکرێدا. لەغیابی حزبی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگەدا، حزب گەلی تری بۆرژوازی لەژێر دەیان پەرچەمی فریوکاری دیموکراسی و ریفۆرمستی و..تاد وەبەرهێنان لە خواستە رەواکانی جەماوەری بێبەش دەکەن و دەیدزن.
بزوتنەوەی فراوانی نارەزایەتی لەزۆر جێگاو گۆشەی دنیای ئەم سەردەمەدا و هاوکات لوبنانی ئێستا، بەبێ ئەوەی کە مارکسیزم حزبی مارکسیستی لەلایەن رابەرانی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگەوە بەدەستەوە بگیرێت، بەمەنزڵی خۆی لە ئازادی و بەرابەری و حکومەتێک ناگات، کە نوێنەرایەتی واقعی شۆرش و خواستە رەواکانی بکات..
عەبدوڵا مەحمود