حەوت تەپە پارامێتری خەبات، خۆڕاگری، ڕێکخستن و مانگرتن بۆ بزوتنەوەکانی تر
حەوت تەپە پارامێتری خەبات، خۆڕاگری، ڕێکخستن و مانگرتن بۆ بزوتنەوەکانی تر
نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بزوتنەوە ڕەواکانی خەڵکی لەهەر دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە بۆ هاتنە مەیدان و ناو وتن بە دەسەڵاتی زۆردار و دیکتاتۆری ئێران. هەموو بزوتنەوەکان و هەموو ئەو تاکە ئازادیخوازانەی نا یان بە حکومەتی دیکتاتۆری وت هەردەم و لەهەر بارودۆخێک دا ملکەچ نەبوون و بێزاری خۆیان لەڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران دەربڕیوە و نا یان وتووە بەو هەمووزوڵم و زۆر و نادادپەروەریەی کە ساڵەهایە دەسەڵات بە سەریدا سەپاندوون. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆیدا نەتەنیا هیچ ئاوەدانی و ژیانێکی بۆ خەڵک پێ نەبوو، بەڵکوو هەمیشە دوژمنی سەرەکی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئەو ناوچە بووە و لە هیچ پیلانێک بۆ دژایەتی تاکەکانی ئێران سڵی نەکردووە. هەر لە دانانی یاساگەلی جۆراوجۆر بەدژی ژنان و سەپاندنی یاسا سەدە ناوەڕەستیەکان بە دژی مرۆڤەکان کە لە ئەحکامی ئایینی قیزەونی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، تا دزین و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی ئەو ولاتە کە مافی خەڵکە. ساڵەهای سالە سەروەتی ئێران سەرفی گروپە توندئاژۆ ئایینیەکان بۆ دانانی هیلالی شیعە لەناوچە دەکرێ. خەڵک بەهۆی سەرەڕۆیی و ملهوڕیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی و بەهۆی گەماڕۆ یەک لە دوای یەکەکان لە ئەوپەڕی بێدەرەتانی و هەژاریدا دەژین. داهاتی مانگانەی کرێکارێک لە ئێران یەک لەسەر سێی تێچووی ژیانی نییە، خەڵکی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەهۆی سەربزێوی و خۆڕاگریان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و بەهۆی تەریک خستنەوەی ئابووریان ڕوویان کردوە لە کۆڵبەڕی و بۆ بژیوی ژیانیان و پەیداکردنی پارووە نانێک ژیانی کۆڵەمەرگی و سەخت و تاقەت پڕوکێنی کۆڵبەریان بەسەردا سەپاوە و ڕۆژانە بۆ پەیداکردنی نانێک مەرگ ئەزمون دەکەن. ژنانی ئێران کە وەک هاوڵاتی پلە دوو لەو ولاتە حیسابیان بۆ دەکرێ زیاتر لەو سیستمە دا بوونە قوربانی و بە هۆی نەبوونی و بێ دەرەتانی بە سەعاتی کاری زۆر وتاقەت پڕوکێن و حەقدەستی کەم کار دەکەن و ڕۆژانە لەو وڵاتە کە بەرهەمی سیستمی ئیسلامی و پیاوسالارە سوکایەتیان پێ دەکرێ و توشی قەیرانی شوناس و خەمۆکی دەبن. مناڵان کە نەوەی داهاتو و هیوای هەر وڵاتێکن بەبێ هیچ ئیمکاناتێکی مادی و مەعنەوی لە لایەن دەوڵەتەوە سەختی و ناخۆشی ئەزمون دەکەن و شەقامەکانی ئێران تەژیە لە منالانی کار و ئەوپەڕی نابەپرسیارێتی کۆماری دژە مرۆڤ نیشان دەدات. لاوانی ئێران بەهۆی بێ هیوایی و نەبوونی ئەمنیەتی کاری و گیانی تووشی خەمۆکی بوون و ڕویان لە مادەی سڕکەر کردووە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە دەیان لاو و ژن و مناڵی ئەو ولاتە بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە کۆماری ئیسلامی بە سەری دا سەپاندوون دەستیان داوەتە کردەوەی خۆکوژی و جەستەی خۆیان سڕیوەتەوە. توندوتیژی، هەژاری لە ڕادەبەدەر،خۆکوژی، مادەی سڕکەر، زوو بە شودانی کچانی مناڵ، کوشتن و دەیان دیاردەی لەوجۆرە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێ و بەدبەختی کۆمەڵگەی ئێرانی تەنیوە. ئەو گشتە قەیرانە و ئەو هەموو نەهامەتی و بەدبەختیە ڕوالەتی دزێوی دەسەلاتی ئیسلامی ئێرانی بە خەڵک نیشان دا و ئێستا دژە خۆکەی واتە بزوتنەوە جۆراوجۆرەکان لە بەرامبەریدا ڕاوەستان و پایەکانی کۆماری سێدارەیان لەرزۆک کردووە. لەسەر بنەمای بیرۆکە و دروشمی کرێکارانی جیهان یەک بگرن ئێوە هیچ شتێک بێجگە لە کۆت و بەندەکانتان لە دەست نادەن لە نارەزایەتی و مانگرتنێکی بێ وێنە و بوێرانەدا دوای ئەوەی رێبەرانی کرێکاری کە هەڵگری ویست و داخوازیی هاوچینەکانیان بوون لە لایەن دەسەڵاتەوە دەست بەسەر کران و حوکمی ناڕەوایان بەسەردا سەپا، بەڵام خۆڕاگریان بوو بە رینێسانسێک لە خەباتی مەدەنی و چینایەتی، کرێکارانی شەریکە و کارگەکان کە دەیان ساڵە هێز و باهۆزیان بە تالان دەبردرێ ڕژانە سەر شەقامەکان و شەپۆلێکی نوێی لە خەبات و خۆڕاگری هێنایە ئاراوە.
ژنان ئەو توێژەی کە هەردەم لە لایەن دەسەڵاتەوە هەوڵی دوورخستنەوەیان دراوە و لە هەموو ماف و ئازادیەک بێ بەش بوون وەک هەمیشە هاوتەریب لەگەڵ هاوچینەکانیان و هاوشانی بزوتنەوەی کرێکاری کە ماف و ئازادی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی هەردەم دروشمی سەرەکی بووە لە یەکەم ساتەکانی مانگرتن لەریزی پێشەوەی سەنگەری خۆڕاگری دا بوون و هاواری لە گەرو دا کپکراوی خەڵکەکەیان بەرز کردەوە و جارێکی تر دژایەتی خۆیان لەگەل کۆماری دژە ژن دەربڕی. ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ کرێکارانی کارگەو شەریکە و کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئێران زیاتر بەو نارەزایەتیانە زیاد دەبن و بوێرانە هەموو حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی دەخەنە ژێر پرسیار و داوای روخانی ڕژیم دەکەن. ناڕەزایەتی و بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە کە هەڵگری ویست و داخوازی هەموو تاکەکانی ئێران بە هەموو رەنگ و زمان و نەتەوەیەکە و داوای یەکسانی و مافی ڕەوای مرۆڤەکان دەکات بزوتنەوەیەک کە زەرورەتی هەر کۆمەڵگەیەکە و تاکە شۆڕش و خەباتێکە کە خەلک دەتوانن متمانەی پێ بکەن. شەپۆلێک لە قولایی هەموو زامەکانی خەڵک لە ئێران هەموو شارەکانی تەنیوە. لە ولاتێک کە تەژیە لە کانگای ژێرزەوینی ونەوت وزە زۆرینەی هێزی برسی و وەزالە هاتوو کۆت و بەندی یەخسیریان پچڕاندووە ودەنگی زنجیرەکانیان گویی سەرانی کۆماری ئیسلامی کەڕ کردووە. ئەمە سەرەتای بزوتنەوەیە و بێگومان چینی کرێکار ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر خۆی لەگەڵ مانگرتنەکە رێک دەخا و تا ڕوخانی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامی دەست لە خەبات هەڵناگرێ. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە حیزبێکی کۆمۆنیستی و چەپ و ڕادیکاڵ بتوانێ ئەو مانگرتنانە بە رێکخستن بکات. پێویستە بزوتنەوە چەپەکانی دەرەوەی وڵات بە شێوەی خۆڕسک لانی کەمی کارێک کە دەتوانن بیکەن سندوقی مالی بۆ ئەو کرێکارە ناڕازیانەی کە لەناوخۆن و بەهۆی دەنگ هەڵبڕینیان حەقدەستیان لێ بڕاوە دابین بکەن، پیویستە هەولی رێکخستنی زیاتری مانگرتنەکە بدەن تا جارێکی تر کۆماری ئیسلامی نەتوانێ لەباری بەرێ. پیویستە حیزبە چەپەکان سەرەڕای پشتگیری ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکار ناوەندێکی ماڵی بۆ دابینکردنی تێچووی محامی بۆ ئازاد کردنی رێبەرانی کرێکاری و دەست بە سەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان دامەزرێنێ هەروەها پیویستە چالاکانی چەپ و ئازادیخواز بە دلسۆزی زیاترەوە تێچووی بژیوی ژیانی ئەو بنەمالانەی کە هاوژینەکانیان لە لایەن دەوڵەتەوە دەست بەسەر دەکرێ دابین بکەن، بێگومان ئەگەر کاری بە پراکتیک بکەن دەتوانن و دەکرێ. لە کۆتاییدا دەبێ بڵیین پێوستە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگاکان بەو ڕاستیە بگەن کە تاکە ڕیگای ڕزگاری مرۆڤەکان نەمانی سیستمی سەرمایەداری و دامەزرانی سیستمێکی سۆشیالیستیە…