تاهیر حاجی حەسەن: ئەگەر لەوڵاتانی چواردەور یان لەوڵاتانی زلهێزی خاوەن پیشەسازی گەورەدا، چینی کرێکار دەستیان برد بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ئەوکات کاریگەریەکانیشی زوو دەگاتە نێو چینی چەوساوەی کوردستانیش ..

0

تاهیر حاجی حەسەن: ئەگەر لەوڵاتانی چواردەور یان لەوڵاتانی زلهێزی خاوەن پیشەسازی گەورەدا، چینی کرێکار دەستیان برد بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ئەوکات کاریگەریەکانیشی زوو دەگاتە نێو چینی چەوساوەی کوردستانیش ..

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز تاهیر حاجی حەسەن؛ نووسەر و چالاکوانی سیاسی لەسەر هەلومەرجی کوردستان و پرسی ڕاماڵینی دەسەڵات.

بۆپێشەوە: لایەنێکی هەرە بەهێزی هەر بزووتنەوەیەکی شۆرشگێڕانە، یەکگرتوو بوون و رێکخراوبوونی جەماوەری کرێکارو خەڵکی بێبەشە، هۆکاری نارێکخراوبوونی چینی کرێکار و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی خۆیاندا، بۆچی دەگەرێتەوە؟

تاهیر حاجی حەسەن: مێژووی بزووتنەوە کرێکاریەکان لەنێو ناڕەزایەتیەکانیان دژ بەخاوەنکار یان دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداریدا، هێندەی مێژووی سەرمایەداریە. چونکە خودی سیستەمی سەرمایەداری بەرهەمهێنەری خودی چینی کرێکاری داماڵراو لەهەر ئامرازێکی بەرهەمهێنانە کەلەڕێیەوە بتوانێت بژێوی خۆی پێ پەیدا بکات، بۆیە تەنها ئامرازێک هەیبێت فرۆشتنی هێزی کارەکەیەتی بەخاوەنکارو دەوڵەتی چینی سەرمایەداری چەوسێنەری وێڵ بو بەدوای قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی زیاتردا. بێگومان چینی سەرمایەدار قازانج و کەڵەکەی بەشی زۆری سەرمایەکەی لەڕێی دزینی بەشەرعی کراوی هێزی کاری کرێکارانەوەیە، یانی هەر لەساتەوەختی بونی سەرمایە و پارەو دەوڵەت و بانک و هێزو دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی، کرێکاریش وەستاوە و بوون دەدات بەچینی سەرمایەداری، لەڕێگەی بەناچاربوونی بۆ فرۆشتنی هێزی کارەکە، تا خۆی و ماڵ و منداڵی پێ بژێنێت. ناڕێکخراوبوونی چینی کرێکار، لەلایەک پەیوەستە بەو هەلومەرجە ماتەریاڵیانەوە کەپێگەی خودی چینەکەی تێدایە و ئاستی گەشە و شێوازێکی بەرهەمهێنان کەلەهەر کۆمەڵگەیەکدا پێی گەیشتوە، لەلایەکیترەوە، ڕۆژانە چینی کرێکار لەلایەن زیاد لەمیدیایەک و زیاد لەسەدان دامودەزگای سەرخانیەوەی تایبەت بەدەوڵەتی سەرمایەداریەوە، هەڵدەخەڵەتێنرێت و بەرەو ئاراستەیەک دەبرێت کەدوریان دەخاتەوە لەپێگەی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیان. ئەو ئەرکە مێژووییە بۆ هۆشیار کردنەوەی چینی کرێکار، و ڕێکخراوبوونیان تادەگات بەخاڵی پڕ مەبەست و ئامانجدار، پێدانی ئاسۆی سیاسیە بەو چینەی خۆی لەواقعدا هەڵسوڕێنەری ژیانە، ئەویش بوونی حزبی پێشڕەوی خودی چینی کرێکارە. بەڵام لەوەی بپرسین، بۆچی حزبی سەربە چینی کرێکار، نەیتوانیوە ئەو دەورە مێژووییە بگێڕێت و زۆرجار لەژێر ئەوناوەدا، حزب هێندەی خزمەتی بەپێگە سیاسیەکە و مەرامی تایبەتی خۆی کردوە، بەوئەندازەیە خزمەتی بەهۆشیار کردنەوەو ڕێکخراوبوونی خودی چینی کرێکار نەکردوە. ئاوا حاڵەتێکیش لەمێژووی خەباتی سیاسی چینی کرێکاردا، بەپێی قۆناغ و ساتە مێژووییەکان، لەهەر وڵاتێکدا جیاوازە. لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا، چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و جوتیاران، هەمیشە لەلایەن ئەحزابی چینی بۆرژواو توێژی سیاسی وردە بۆرژواوە، وەک پارویەکی ئاسان وابوەو درێغیان نەکردوە لەهەڵخەڵەتاندنی ئەو چینەدا، بێگومان، ئەوەیش ڕەنگدانەوەی ئاستی ئەو شێوازە لەبەرهەمهێنانە کەلەوڵاتێکی وەک عێراق و کوردستاندا بوونی هەبووە. حزبی شیوعی عێراق، ئەگەر بەپێی ئەرکێکی مێژوویی کەلەسەر شانیەتی، دەبوایە، ئێستا پێشڕەوێکی گەورە بوایە لەنێو چینی کرێکاری عێراق و کوردستاندا، کەچی تاهاتووە، لەپاشەکشێدا بووە و بووەتە بارێکی قورس بەسەر خۆی و بەسەر چینی کرێکاریشەوە، ئێ لەبەرانبەردا، بەرەی ناسیۆنالیزم و مەزهەبی و دینی توانیویانە پێگەی ناهۆشیارانەی چینی کرێکار بەکاربهێنن و لەپێناو خۆیاندا بەکاریان بهێنن. دواتر حزب وڕێکخراو گەلی چەپ و کۆمۆنیستی کەزیاتر لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ وە زیاتر دەرکەوتن لەنێو کۆمەڵگەدا، ئەوانیش گەرچی بۆ قۆناغێک توانیان تائەندازەیەک جێ دەستیان لەنێو چینی زەحمەتکێشی کوردستاندا دابنێن، بەڵام بۆ دواجار، جیابونەوە و لێکترازانی گروپی و دابڕان و دەرچونی کادرەکانی سەر بەو بەرە کۆمۆنیستیە ڕووە و وڵاتانی ئەوروپا، هێندەیتر، کارئاسانی کرد بۆ ئەحزابی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی تابەئاسانی چینی چەوساوەی هەرێم و عێراقیش لەبەریەک هەڵبوەشێننەوەو دەرگیریان بکەن، لەنێو بەرژەوەندیەکانیاندا. لەبیرمان نەچێت، جەنگی دڕندانەی ڕژێمی بەعس لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ دەوڵەتی ئاخوندەکان (جمهوری ئیسلامی ئێران) و هیلاک کردنی چینەچەوساوەکان و داڕمانی ژێرخانی ئابوری، و دواجار جەنگی دەوڵەت دژبە دەوڵەتی کوێت لەساڵی ١٩٩٠ تا دەرئەنجامە وێرانکاریە گەورەکەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیان لەجەنگێکی وێرانکارەدا کردیانە سەر گەلی عێراق، هێندەیتر ئەو چینەچەوساوەیەی نامۆ کرد بەژیان و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی کە هەیبوو. ئەو جەنگە تائێستایش تەواو نەبووەو ڕۆژانە لەلایەن شەریکات و هێزە تاڵانچیەکانیانەوە، سامانی گشتی کۆمەڵگە دەدزن و ژیان و گوزەرانی زۆرینەی داماڵراو لەپێگەی بەرهەمهێنان و کردنیان بەچینی زیادە و بەرخۆر، کارێکی وا دڕندانەیان دژی ئەو چینەبەرهەمهێنەرە کردوە، کەهەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی چینەکەی بەشوێن خۆیدا هێناوە. جائێستایش هەرداوا دەکرێت کەئەو چینە بەئەرکی مێژوویی خۆی هەستێت و شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی بەرپا بکات لەدژی کۆی دەوڵەتی چینەچەوسێنەرەکەی سەرمایەداریە ناوخۆی و دەرەکیەکان. بەڵام ئاخۆ، گەر حزبێکی پێشڕەوی تەواو خاوەن ئاسۆی سیاسی سۆسیالیستی لەئاست ئەرکێکی واقورس و پڕ لەخۆڕاگری بوونی نەبێت، چۆن چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش دەتوانێت خۆی ڕێکخراو بکات و دەست ببات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی؟

                بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ئەو بۆچوونەی کە بۆ ڕزگار بوون لەدەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی، چاویان بڕیوەتە دەسەڵاتی ناوەندی و بەغدا؟ ئایا ئومێد و پشت بەستن و چاوبڕینە دەسەڵاتی بەغدا، ڕێگا چارەیە؟

              تاهیر حاجی حەسەن: ئەحزابی بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ ئەو ئەحزابە ناسیۆنالیستی و مەزهەبی و دینیانەی دەوڵەتی عێراقی دوای ڕژێمی سەدامیان دامەزراندوە، تەواوکەری یەکترن و ئەوان؛ بەپێی بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیە چینایەتیەکانیان، لەیەکگرتنیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی یان جیابونەوەیان، ئەوا قازانج و بەرژەوەندیەکی بۆ زۆرینە چەوساوەکەی نێو کۆمەڵگەی عێراقی و کوردستان نابێت. ئەوان، خۆیان یانی هەردولایان هەڵسوڕێنەری چەتەگەری و تاڵانچێتی بەرژەوەندی شەریکاتە گەورە ناوچەیی و دەوڵەتانی ئیمپریالیزمی جیهانین. ئەو ژیانەی چینی چەوساوەی عێراق هەیانە، باشتر نییە لەو ژیانەی چینی چەوساوەی کوردستان هەیانە. بۆیە ئومێد و خواستی چینەچەوساوەکان لەوێدا نییە، کەچینە دەسەڵاتدارە بۆرژواکان بەشوێنیەوەن. دوو دنیابینی جیاواز لەم نێوەدا بونیان هەیە، ئەویش جیاوازی چینایەتیە.

                بۆپێشەوە: بۆچوونێک هەیە بۆ دەربازبوون لە دۆخی نەخوازراوی کوردستان، پرسی لامەرکەزی و گەڕانەوە بۆ بەغدا دەهێننە گۆڕێ، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

 

              تاهیر حاجی حەسەن: لەو بەشەی سەرەوە ئاماژەم بەو جیاوازیەی بەرژەوەندیەکانی ئەو حکومەت و دەوڵەتە تاڵانچیانەی کوردستان و عێراق داوە، لامەرکەزی یان پێکەوە کارکردنیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند، بۆ چرکەیەکیش هەنگاوەکانیان لەپێناو باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی چینەچەوساوەکاندا نییە، بەڵکو ڕێک لەوپێناوەدایە، کەچۆن ژیانی چینەچەوساوەکان وێڕانتر بکەن. ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەعێراق و کوردستاندا، هەروەک ئەو عەمودی کارەبای ناو گەڕەکەکان وایە، چۆن هەزاران وایەر بەشێوەیەکی ناشیرین و ناڕێکخراو چوون بەناو یەکدا، یانی گێژاوێکی قورس و قووڵ، کەخاوەن دەوڵەت و خاوەن حکومەت، لەوێدا باش دەرفەتیان هەیە بۆ دزین و تاڵان کردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە.

 بۆپێشەوە: ڕۆڵی چینی کریکار لەبزووتنەوەی هەڵپێچانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا چییە؟ چۆن دەکرێت ڕۆڵی رابەری شایستەی خۆیان بگێرن؟

تاهیر حاجی حەسەن: ئەو ئەرکە و ئەو داواکاریە قورس و مێژووییە هەمیشە خراوەتە سەرچینی کرێکار، جا لەکوردستاندا بێت یان لەهەر وڵاتێکیتردا، بەڵام ئاخۆ چینی کرێکار بەبێ بوونی حزبێکی پێشڕەوی خۆی دەتوانێت دەست بۆ ئاوا شۆڕشێک ببات؟ ئاخۆ چینی کرێکاری کوردستان خاوەن ئاسۆیەکی وا ڕۆشنە کەخۆی بەئەڵتەرناتیڤی ئەحزابی بۆرژوازی کوردی بزانێت؟ بێگومان، من جۆرێک لەڕەشبینیم تێدایە بۆ داواکردنی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕاماڵینی ئەحزابی تاڵانچی ناسیۆنالیزمی کورد لەلایەن چینی کرێکارەوە کەتائێستا لەڕووی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیەوە لەئاستی ئاوا ئەرکێکی مێژووییدا نییە و لەهەمان کاتیشدا خاوەن حزبێکی شۆڕشگێڕی پێشڕەوی سۆسیالیستی خۆی نییە. ئەوە بێجگە لەوەی کە دەوڵەتانی ناوچەکە و ژیان و گوزەرانێک چینی کرێکار هەیانە لەوڵاتانەدا هیچی لەژیان و گوزەرانی چینی کرێکاری کوردستان باشتر نین و دەوڵەتەکانیشیان لەوانەی کوردستان دڕندەتر و تاڵانچی ترن. بۆیە من وایدەبینمەوە، ئەگەر لەوڵاتانی چواردەور یان لەوڵاتانی زلهێزی خاوەن پیشەسازی گەورەدا، چینی کرێکار دەستیان برد بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ئەوکات کاریگەریەکانیشی زوو دەگاتە نێو چینی چەوساوەی کوردستانیش.

                بۆپێشەوە: حزبەکانی دەسەڵات چۆن ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی جەماوەری دەبنەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان؟

              تاهیر حاجی حەسەن: بێگومان بەسەرکوتکردن و خوێن ڕشتن، نەک هەر لەکوردستاندا، بەڵکو لەپێشکەوتوترین وڵاتانی جیهانیشدا، کاتێک چینی کرێکار دەستی بردبێت بۆ خۆپیشاندان، بەپێی ئاستی ڕێکخراوبوون و خاوەن ئاسۆیەک کەلەو ساتانەدا ئەو چینە ناڕازیە هەیبوە، هێزە سەرکوتکارەکانی پارێزەری دەوڵەت پەلاماری چینی ناڕازیان داوە. لەکوردستان و عێراق و ئێران و تورکیا و دەیان وڵاتی تر شاهیدی سەدان جۆری هاتنەمەیدانی ناڕەزایەتیەکانی چینی کرێکارین و بینیویشمانە لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی دەوڵەتەکانەوە چۆن خوێنی چینی کرێکاریان ڕشتووە. دیسان لەنائامادەیی لەلایەک وحزبی پێشڕەوی چینی کرێکار و نائامادەی هۆشیاری سیاسی چینایەتیدا، هەردەم ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکار، لەلایەک بێدەست کەوت نەبووە، و لەلایەکیتریشەوە لەلایەن حزبە بۆرژواو وردەبۆرژواکانەوە بەلاڕێدا براون. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێمە لەسەدەیەکدا دەژین، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەکاتە پێویستی ڕۆژ، ئەوەی لەکام وڵات و لەکام کونجەوە ئەو شۆڕشە مەزنەی چینی کرێکار خۆی بەیان دەکات هێشتا نادیارە..

Leave A Reply

Your email address will not be published.