موحسین کەریم: ئەوەی کە زیان لێکەوتووی سەرەکی و ئەوەڵ و ئەخیری دەسەڵاتی کوردایەتی و بۆرژوازی کوردە چینی کرێکاری کوردستانە…

0

موحسین کەریم: ئەوەی کە زیان لێکەوتووی سەرەکی و ئەوەڵ و ئەخیری دەسەڵاتی کوردایەتی و بۆرژوازی کوردە چینی کرێکاری کوردستانە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز موحسین کەریم جێگری سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە هەلومەرجی کوردستان و پرسی ڕاماڵینی دەسەڵات…

بۆپێشەوە: هەلومەرجی سیاسی کوردستان ڕوو لە ئاڵوگۆرە، خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات تادێت بەرین دەبێتەوە، چۆن دەکرێت خواستی ڕاماڵین بگۆردرێت بە بزووتنەوەی ڕاماڵین؟

موحسین کەریم: بەبڕوای من گرنگترین مەسەلە لەوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کورد بەڕێببکەوێ ئەوەیە کە جەماوەر بە کردەوە دەستبەرێت بۆ کردەی سیاسی بۆ ڕامالێنی ئەم دەسەڵاتە.. کردەی سیاسی جەماوەرییش پێویستی بە جۆرێك لە خۆڕێکخستنی جەماوەریە و بەبێ رێکخستن ئیمکانی ئەو کارە سەختە یان هەر نییە.. هەنگاوی یەکەمیش لەم نێوەدا ئەوەیە کە هێزێك یان هێزگەلێك هەبن کە هەم خواستی ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتەیان هەبێت و هەم هەنگاوی بەکردەوە بنێن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرك و وەزیفەیە و بتوانن لانی کەم بەشێك لە جەماوەر لەدەوری خۆیان و بۆ ئەم ئامانجە کۆبکەنەوە و سیاسەت و بەرنامەی سیاسی ئەو هێزە یان هێزانە بگۆڕدرێن بۆ پراتیکی ڕۆژانەی جەماوەر… واتە ئەوەی ئەو هێزانە دەیڵێن و دەیکەن، ببێتە بەشێك لە جموجوڵی سیاسی جەماوەری و لەخوارەوەو لە سەرجەم مەیدانەکانی ژیانی سیاسی- ئیداری- خزمەتگوازری دا جەماوەری ناڕازی و شۆڕشگێرو  رێکخراو هەنگاو بەهەنگاو ژێرپێی دەسەڵات خاڵی بکاتەوەو دەسەڵاتدارێتی خۆی لەڕێگای ئەنجومەنە شۆرشگێرو شوراکانەوە دابمەزرێنێ.

بۆپێشەوە: ئەو دەسەڵاتەی پێویستە جێگای دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بگرێتەوە، چ جۆرە دەسەڵاتێکە؟

موحسین کەریم: بە بڕوای من ئەو دەسەڵاتە تەنها دەبێ دەسەڵاتێك بێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەوخۆ دامەزرابێت. دەسەڵاتێك کە نەخشی جەماوەر لە ژیانی سیاسی- کۆمەڵایەتیدا مسۆگەر بکات. ئەویش لە چوارچێوەی سیستەمی پەرلەمانی و دیموکراسی- نوێنەرایەتیدا مومکین نییە. هەڵبەتە سیستەمی سیاسی ئێستای کوردستان سیستەمێکی نوێنەرایەتی- پەرلەمانی نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها کاریکاتۆرێکە لە پەرلەمان و نوێنەرایەتی بۆرژوازی. لەڕاستیدا ئەوەی لە کوردستان هەیە دەسەڵات و حکومەتی حزبی چەکدارە و میکانیزمی چەك و هێزی میلیشیا حوکم دەکات بەسەر هەموو جومگەکانی سیاسەت و دەسەڵات و یاساو ئابوری و دادگاو و ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە گشتی! دەسەڵاتی شورایی، یان حکومەتی شوراکانی خەڵك تەنها ئەڵتەرناتیڤێکی حکومەتیە کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکەوە دەکرێ جێگای دەسەڵاتی ئێستا بگرێتەوە. دەسەڵاتێك کە ژیان و سەلامەتی و خۆشگوزەرانی و ئایندەیەکی ڕووناك و شادمان بۆ خەڵكی کوردستان فەراهەم و مسۆگەر بکات تەنها دەسەڵاتی شوراکانی خەڵکی کوردستانە.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە هەلومەرجی ئێستادا چییە؟ چۆن دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی بگێرن و ڕێگە نەدەن لە سبەینێی هەر ئاڵوگۆڕێکدا هێزی سیاسی بۆرژوازی تر دەستکەوتی ڕاپەڕینی جەماوەری بە قازانجی خۆیان بدزن؟

موحسین کەریم: من پێموایە بۆئەوەی کۆمۆنیزم بتوانێ ڕۆڵی پێشڕەوانەی خۆی بگێڕێ، دەبێ ببێتە ئەو هێزو لایەنە سیاسی و حزبیەی کە ڕابەری ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسیە بۆ جەماوەر مەیسەر دەکات. هەر کەسێك و گروپێك خۆی بە چەپ و کۆمۆنیست ناوزەد دەکات، دەبێ کاری سەرەکی و یەکەمی ئەوە بێت کە چۆن ئەم ڕابەریە سیاسیە دابین دەکات. ئەم پرسەش مەسەلەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو سیاسی- عەمەلیە. پرسی سەرەکی کۆمەڵگەی کوردستان کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی ئێستا. هەر هێزێك بتوانێ بە کردەوە وەڵام بەم پرسە بداتەوە دەتوانێ جەماوەر لەگەڵ خۆیدا بەرێت.. بێگومان ئەم کارە ئاسان نییە، بەڵام ئەرکی هەر هێزو حزبێکی کۆمۆنیستە کە خۆی بۆ بەجێگەیاندنی ئامادەبکات، دەنا لە پەراویزی ڕووداوەکان و کۆمەڵگەدا دەمێنێتە و جەماوەریش بە ناچاری پاڵ دەدەنە پاڵ هێزێکی بۆرژوازی کە پێیانوایە لە نەبوونی هێزكی کۆمۆنیستی لەوجۆرە، دەتوانێ هەنگاوێك لە ئومیدەکانیان نزیکیان بکاتەوە..

بۆپێشەوە: ڕوخاندن و هەڵپێچانی دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی، زۆر جیاوازە لە ڕوخاندنی دەسەڵاتێکی حکومی… میکانیزمەکانی وەلانانی دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی چییە؟

موحسین کەریم: وەکو خۆشتان دەڵێن پاکردنەوەو ڕاماڵینە… ڕوخاندنی حکومەت و دەوڵەتێکی ئاسایی بۆرژوازی جیاوازە لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەحزابی چەکدار و میلیشیایی بۆرژوازی.. ڕاماڵین واتە ئەوەی کە دەبێ رۆژێك لە ڕۆژان جەماوەر بەو بڕوایە بگات کە لە شوێنێکەوە دەست پێبکات و هەنگاو بە هەنگاو  دەسەڵاتی ئەوان پاك بکاتەوە و دەسەڵاتی جەماوەری خۆی دابمەزرێنێ.. ڕەنگە ئەمە پرۆسەیەکی خێرا نەبێ، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسی- سەربازی تاڕادەیەك درێژەماوە بێت کە ڕەنگە چەند مانگ بخایەنێ و ڕەنگە سەرەتا لە ناوچەیەکەوە دەست پێبکات و بەرەبەرە بگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.. مەبەستی من ئەوە نییە کە پرۆسەکە شەڕێکی چەکدارییە لەگەڵ ئەو حزبە چەکدارانەدا… بەڵکو داماڵینی ئەوانە لەدەسەڵات لەهەر شوێنێکەوە مومکین بوو، لەڕێگای سازدانی ئۆرگانەکانی خەڵکەوە لە خوارەوە و ڕاکێشانی هێزەکانی ئەو حزبانەیە بۆناو جەماوەر و وەستان لەپاڵ کەسوکاری خۆیاندا و پاراستنی دەسەڵاتی خەڵکە لە هێرش و پەلاماری چەکداری ئەو حزبانە کاتێك ویستیان پەلاماری خەڵک و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری کە پێکهاتوون بدەن..

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چینی کریکار لەبزووتنەوەی هەڵپێچانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا چییە؟ چۆن دەکرێت ڕۆڵی رابەری شایستەی خۆیان بگێرن؟

موحسین کەریم: ئەوەی کە زیانلێکەوتووی سەرەکی و ئەوەڵ و ئەخیری دەسەڵاتی کوردایەتی و بۆرژوازی کوردە چینی کرێکاری کوردستانە. ناڕەزایەتی و نەفرەتێك کە لەم دەسەڵاتە هەیە، لەلایەن چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێشەوەیە، دەنا بۆرژوازی و تاڕادەیەك وردەبۆرژوازی کورد، ئەوەندە ناڕەحەت نییە لەم دەسەڵاتە بەقەدەر ئەوەی کە پێیانوایە خیانەتی لە پەیامەکەی خۆی کردوە؛ واتە خیانەتی لەبەهاو بنەماکانی کوردایەتی کردوە. بۆیە خواستی کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی بۆرژوا- میلیشایی کورد خواستی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەت و برسیکراوە و هەر ئەوانیش دەتوانن ئەم خواستە بکەن بە بزووتنەوەیەکی سیاسی- جەماوەری بەکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە مشەخۆرو چەوسێنەرە… تەنانەت زۆربەی ناڕەایەتی و خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام خاڵی لاوازی چینی کرێکارو بزوتنەوەکەی لەوەدایە کە تا ئێستا بەشێوەی رێکخراو و وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی- چینایەتی سەربەخۆ نەهاتۆتە مەیدان و نەخشی نەگێڕاوە. چینی کرێکارو بزووتنەوەی کرێکاریی لە کوردستان بۆئەوەی کۆتایی بە نایەکسانی و ستەمی ئابوری و  بێمافی سیاسی و یاسایی بەرامبەر بە چینی کرێکارو جەماوەری بێبەش و زەحمەتکێش و سەرجەم توێژە هەژارو ستەملێکراوەکانی کوردستان بهێنن، دەبێ یەکەم مەرجی بەئاکام گەیشتنی ئەم نەخشەیان جێبەجێ بکەن، ئەویش سەرکەوتنە بەسەر لاوازی رێکخراوەیی و سیاسی چینی کرێکار.. بەبێ رێکخراوبوونی سیاسی و جەماوەری، چینی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاری ناتوانێ نەك کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنێ، بەڵکو ناتوانێ هەنگاوێك بە ئاراستەی باشبوونی ژیان و گوزەران و بەدەستهێنانی مافە یاساییەکانی بنێت! حزبی سیاسی و رێکخراوەی جەماوەری دوو ئەداتی کارسازی شۆڕش و هەرجۆرە جموجوڵێکی سیاسی و جەماوەری چینی کرێکارن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.