بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد
بەشێکی تر لە قەسیدەی
ئاهێکی سەرد
كە گەڕایتەوە
خەمی چرایەك دەنوسینەوە
لەبەر ئاوێنەی ئەم هەموو بەیانیە
تەمەڵەدا
پەڕەسێلكەیەكی
تۆراوی سەر قەراغ دیوارەكەمان
ئاشت دەكەینەوە
چاوی چۆلەكە بێنازەكان دەڕێژین
تەوقەیەكی قاوەیی دەدەین
لەپرچی كوكوختیە دڵشكاوەكان
كە گەڕایتەوە
خەمی هەناسەیەكی تێكشكاو دەنوسینە وە
بەسەرهاتی ئاهێكی سەردی خۆمان
بۆ پیاوێكی فاڵچی پۆست دەكەین
تۆهیچ مەڵێ
من پێی دەڵێم
ئەگەر شاعیر نەبومایە
چۆن دەمهێشت
لەو دیوو پەنجەرەی ئەم دڵە داگیرساوەمەوە
سەیری سوراوی
سەر لێوی شیعرەكانم بكەیت
چۆن دەمهێشت
لەژێر سێبەری درەختی پەخشانە
بێكراسەكانما دانیشیت
چۆن دەمهێشت
لەشەوی خەنە بەندانی شیعرەكانما
ئامادەبیت
ئاخ خودایە
ئەگەر شاعیر نەدەبوم
دەمزانی چۆن موو لەماست دەربێنم
دەمزانی چ سەمایەكم لەسەر نوكی شمشێری
ئەم زەمەنە ژەنگاویە دەكرد
دەمزانی چۆن خۆتم لەخۆتا دەشكان
خۆتم لەخۆتا پارچە پاچە دەكرد
ئەگەر شاعیر نەبومایە
كەگەڕایتەوە
بەسەرهاتی پەردە و پەنجەرەیەكت
بۆ دەنوسمەوە
خەمی ئاسكێكی عاشق دەخەینە ڕستەوە
بزانین یەكسان دەبێت بەفیشەكی ناو تفەنگی
ڕاوچیەكی دووڕوو
كە گەڕایتەوە
باسی بێتۆیی و
چرا كوژراوەكەی ناو قەفەسەی سنگمت بۆدەكەم
ڕوتبونەوەی
مۆمێكی سەر مێزەكەمت
بۆ دەخەمە ڕستە وە
تۆ بڵێیت یەكسان نەبێت
بەفوی پیاوێكی جادوو گەرە وە؟
كەگەڕایتەوە
خەمی ئەستێرەیەک و
گورگێكی پیرت بۆ دەنوسمە وە
ئاهی چەمە زستانەیەكت
بۆ دەخەمە ڕستە وە
بزانین یەكسان دەبێت
بەهەڵپڕوكان؟
كە گەڕایتەوە
وەك خۆت دەتنوسمەوە
وەك مەحمود دەروێش
بەخۆم و كوپێك قاوەی زەیتونیەوە
سەر مێزەكەت پڕدەكەم
لە هەناسەی مووبارەك و
لە چرپە چرپی وەریو و
لەبۆنی نانی تەنورەكەی دایكم
تۆ دەنوسمەوە
با خۆم بوەرێم
با بەیانیەك ڕەشەبا وەك قورئانەكەی
ناودەستی باوكم
خەتمم نەكات
تۆم نوسیەوە
بەڵام خۆم بووم بەحەرفە كوژراوەكانی
ناو قەسیدەكانی مناڵیم
بووم بەو زەردە خەنانەی دەوەرێن
نەكەسێك
سەرپۆشێك دەدات بە سەر یاناو
نە بارانێكیش
هەڵیان دەگرێتەوەو
نەبایەكیش
دەیان پێچێتەوە
تۆم نوسیەوە
خۆم كوژامەوە
تۆم داگیرسان
خۆم بووم بەو قەسیدە یەی كە باوكم
زوو زوو پێی دە گوتم
كوڕم مەیان خوێنەرە وە
دارو دیوار گوێی هەیە
دەنا قەلەباچكە بێ ویژدانەكان
هەراسانمان دەكەن
تۆم نوسیەوە
كەچی باڵندە ئەفسانەییەكان
لەسەر قەراغی ڕۆحم ئاوازی
تەفروتونابوونی منیان دەخوێند
ئای خودایە چ گێژاوێكی پڕ گێژاوە
ئەم هەناسە سەردانەی من
چ بەسەر هاتێكی
سەیرە شكاندنی
شووشەی پەنجەرە بێپەردەكەی من
دواتر وەك خۆت دەتنوسمەوە
وەك خۆت
دەتخەمە چوارچێوەی
قەسیدەیەكی خۆمەوە
بەڵام لای پەخشانێكی كەڵەگەتمەوە
جێتناهێڵم
ناشت كەمە دراوسێی
دیوانێكی
چاوو ڕەشم
************
حەکیم میرزا