چەتەییەکی نوێ لە سنورەکانەوە!
چەتەییەکی نوێ لە سنورەکانەوە!
هەر هاوڵاتیەک کە لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، لەگەڵ گەیشتنی بەسنور، بەپاساوی فەحس و تێستی کۆرۆنا فایرۆس ١٠٠ هەزار دیناری چاپی عێراقی لێدەستێنن. تەنها پارەی چاپی عێراقیش وەردەگرن، ئەمەش بۆ ئەوەیەو ئەو بانق و کۆمپانیایانەی گۆڕینەوەی پارە، کە هی دەسەڵاتی دزی بزوتنەوەی کوردایەتین، لە گۆڕینەوەی پارەش چەند هەزار دینارێک سود بکەن کە لە نرخی گۆڕینەوەی بازاریش چەند بەرابەر گرانترە.
خۆ ئەگەر خێزانێک چەند نەفەر بن، ئەوا هەر یەک لەو نەفەرانە دەبێ ئەو بڕە پارەیە بدەن، تەنانەت ئەگەر کەسەکە مناڵێکی چەند مانگەش بێت.
ئەم دزییە ئاشکرایە، ئەم فۆرمە لە تاڵانی، کە لەسنورە دەست پێدەکات، لەهیچ جێگاو شوێنیکی ئەم دنیایە نییە و نابینرێ. بەتایبەتی لەسەردەمی کۆرۆنا ڤایرۆسدا هەر وڵات و دەوڵەتێک هەوڵدەدەن کاریگەرییەکانی ئەم بەڵایە تاڕادەیەک لەسەر شانی هاوڵاتیانیان کەم بکەنەوە، کەچی دەسەڵاتی دز و تاڵانچی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، وەکو بەڵای و فایرۆسێکی ترسناک، بەڵام و موسیبەتەکانی هاوڵاتیانی کردۆتە کێوێک و بەردەوامیشە.
دیارە دوای بڕینی سنورو رۆشتن بەرەو ناو شارو شارۆچکەکان، ئەم بەڵای دزی و تاڵانییە لە هەموو زەمینەیەکدا درێژەی هەیە، هەر کەرت و بەشێک کە هاوڵاتیان دەیبینین و دێتە بەردەم دیدی و سەرنجیان، لە تەلارە بڵندەکانەوە، بۆ ڕێگاو بانە وێرانەکان، لە ئاوو کارەباوە بۆ خەستەخانەکان، لەخوێندن و پەروەردەوە بۆ خزمەتگوزارییەکان… دەستی دزانی گەورەی دەسەڵات دەبین کە چنگیان لەهەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە گیرکردووە و دەدزن و دەدزن و دەدزن… بێگومان ئەم دزییە بی سنور و بێ ئامانە، لە جێگایەک و لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا، بەش و سەرچاوەیەکی ئەو ڕاپەرینە پیشبینی کراوە دەبێت، کە ئەم دەسەڵاتە دەکاتە تەیرێکی عەنتیکەی ناو ئەرشیف و زبڵدانی مێژوو. دەبێ جەماوەر بۆ ئەم رۆژە خۆیان ئامادە بکەن.