شکۆی کەم ئەندامان بەرز رابگرن…
شکۆی کەم ئەندامان بەرز رابگرن…
کەم ئەندامان یان ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن… ژمارەیەکی یەکجار زۆرن لە کوردستاندا. ئەم ئینسانانە یان زگماک و لەگەڵ لەدایک بوونیان، یان بە هۆکاری روداوی سەیارەو کەوتن، یان بەهۆی برینداربوون و بەشداریان لە بەرەکانی جەنگدا، کەم ئەندام بوون. ئەو ئینسانانە بەهەموو پێوەرێک پێویستیان بە ڕیزو هاوکاری تایبەت هەیە. پێویستیان بە ئیمکاناتی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانی خۆیان راپەرێنن، پێویستان بەچاودێری بەردەوامی پزیشک و دەرمان هەیە، پێویستیان بە کەرەستەو ئامرازی تایبەتی هاتوچۆو شوێنی تایبەتی بۆ سەرگەرمی و حەوانەوەو شوێن و خانووی شیاو بۆ ژیان کردن هەیە، کە هەلومەج و دۆخی تایبەتی کەم ئەندامان لەبەرچاو بگرێت… وە بۆ زۆریان پێویستە کار دابین بکرێت کە لەگەڵ جەستەو توانایی ئەوان بگونجێت.
گرتنە ئەستۆی هەموو پێداویستیەکانی کەم ئەندامان یان خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، ئەرکی دەسەڵاتە. هاوکات پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەوە بە چاوی رێزەوە لێیان بروانرێت.
ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، شانی خۆی خاڵی کردۆتەوە لەبەرامبەر بەو ئینسانانەو لەوەش واوەتر جەرائەتی ئەوەیان بەخۆیان داوە، موچەی ئەم توێژە بەرینە ببرن و بیکەنە نیوە، تاوانیکە و لێخۆشبوونی نییە. لەهەموو وڵاتێکی سەر ئەم گۆی زەویەدا، ئەگەر کەمترین رێز بۆ ئینسان هەبێت، ئەوا بە چاوی رێزەوە دەوڵەت و دام دەزگا حکومیەکان، مامەڵە لەگەڵ ئەم توێژە دەکەن و پێدوایستیە ژیاری و تەندروستیەکانیان بۆدابین دەکرێت و کۆمەڵگەش بە چاوی ڕیزەوە لێیان دەروانێت.
سپاردنی ژیان و گوزەرانی ئەم ئینسانانە بە کۆمەکی سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکان، کارێکی قێزەون و سوکایەتیەکی ئاشکرایە بە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان. ئەو ئینسانانە وەکو هەموو تاکیکی تری کۆمەڵگە، خاوەنی رێزو شکۆ و کەسایەتی تایبەت بەخۆیانن و نابێ رێگە بدرێت وەکو سواڵکەر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و ناچار بەوە بکرێن دەست لەچەند سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیایەک پان بکەنەوە بۆ بەڕێوەچوونی ژیان و گوزەرانیان.
شەرمە لەکۆمەڵگەیەکدا، لرفەی نەوت بێت و رۆژانە بەرمیلێک نەوت بفرۆشرێت، خاوەنی سامانێکی سروشتی زۆر بێت، بەڵام ئینسان نەبوو هەژار بێت و لەناو ئەوانەشدا، خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان هەژارو موحتاجی سەرەتاییترین پێداویستی تەندروستی و شوێنی ژیان و پێداویستیە تایبەتیەکانیان بن.