چینی کرێکار چاونەترسانە لە سەنگەری پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان

0
چینی کرێکار چاونەترسانە لە سەنگەری پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان
نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
 
ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە کە تەژیە لە کانگا ژێر زەویەکان و لە بواری وزە یەکێک لە وڵاتە تایبەتەکانە. وڵاتێک کە سەرەرای ئەو گشتە وزە و سەروەتە خەڵکەکەی لەوپەری بێ دەرەتانی و هەژاری و بی ئیمکاناتی دا دەژین. دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و روخانی ڕژیمی پاشایەتی خومەینی دیکتاتۆر و دەسەلاتە درۆیینەکەی لە یەکەم ڕۆژەکانەوە رایانگەیاند، سەروەت و سامانی خەڵک لە لایەن بنەمالەی پەهلەوەیەوە داگیر کراوە و ئێمە ئەو سەروەت و پارەی نەوتە دێنینە سەر سفرەی خەڵک و ناهێلین هەژاری و ماڵوێرانی لە ژیانی تاکەکاندا بێ. دەسەلاتی دیکتاتۆر و خوێڕێژی خومەینی زۆر زوو ڕواڵەتی دزێوی خۆی دەرخست و لەباتی رزگاری خەڵک لە هەژاری و هێنانی پارەی نەوت بۆ سەر سفرەی خەڵک، ڕەشبگیری و ئێعدامە بەکۆمەلەکانی دەست پێکرد و هەڵیکوتایە سەر دژبەران و نەیارانی دەسەلاتەکەی و ماشێنی سەرکوت و کوشتاری وەگەڕ خست. زیندان و سیاچاڵەکانی تەژی کرد لە ئازادیخوازان و بۆ مانەوەی دەسەلاتە درۆیینەکەی و سەپاندنی هێژمۆنی حکومەتەکەی لە هیچ تاوانێک سڵی نەکردەوە. دوای ڕوخای دەسەلاتی پاشایەتی خومەینی خەڵکی بە پیلانەوە سەرقاڵی شەڕی نێوان ئێران و عێراق کرد و خەڵکی چارە رەشی ئێران لە ژێر ناوی بەرگری لە خاک و کیان و ئەو دەستەواژە درۆیینانە بوونە قوربانی و سوتەمەنی ئەو شەڕە. دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و خواردنەوەی جامی ژەهر لە لایەن خومەینی و قبوڵکردنی کۆتاییهێنان بە شەڕ دیسان جەلادەکەی جەماران پیلانی تری بە دەستەوە بوو بۆ سەرقاڵ کردنی خەڵک و خۆ بواردن لە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتەکەی لە بەرامبەر بێ دەرەتانی خەڵکی ئێران. خومەینی نیزیک بە حەوت ساڵی تر کارتی گەرانتی مانەوەی دەسەلاتەکەی لەژێر ناوی ئاوەدانی وڵات دوای شەڕی عێراق و ئێران بەکارهێنا. دوای مردنی خومەینیش ئەو دەسەلاتە نەتەنیا هیچ هەوڵێکی بۆ گۆڕینی ژیانی خەڵک نەکرد بەڵکوو رۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی خەڵک ئێران ڕوو لە خراپی زیاتر و بێ دەرەتانی زیاتر بوو. ساڵەهای سالە پارەی نەوت و کانگا ژێر زەویەکان لە لایەن کۆمەڵێک دەسەڵاتدارەوە دەدزری و دەچیتە گیرفانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە. ڕێژەی بێکاری و هەژاڕی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە و گرانی و بی ئیمکاناتی بێداد دەکا. بەهۆی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەست راگەیشتن بە چەکی ناوکی و گوێنەدان بە بڕیاراتی بڕیارنامە نیونەتەوەییەکان هەروەها سەپاندنی گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکان بە سەر ئێراندا ژیان و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی بێ دەرەتانی و ماڵوێرانی دایە. گرانی، فەحشا، مادەی سڕکەر، خۆکوژی، توندوتیژی و هەموو دیاردە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە و ریشەی لە بێ کاری و هەژاری و جیاوازی چینایەتی دایە و هۆکاری سەرەکی ئەو دیاردانە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە. ساڵەهای سالەی پارەی خەڵک دەچێتە گیرفانی مناڵە مەسئول و گەندەڵەکانی ڕژیم و سەرفی عەیش و نوش و سەیران و سیاحەتیان و هەروەها کڕین و فرۆشی کارگە و وێلا و دەلالان دەکرێ، هەموو سەروەتی ئەو وڵاتە لە لایەن تاقمێک دەسەڵاتدارەوە بە تاڵان برا و سەرفی هێزە تێرۆریستەکانی وەک حیزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستین و فاتمیونی عێراق بۆ سەرەڕۆیی و گەیشتن بە خەونی دامەزرانی هیلالی شیعە لە ناوچە دەکرێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی لە هەژاری و جیاوازی چینایەتی لە ئێران هەیە. لە حاڵێک دا چینی کرێکار و هەژارانیی وڵات بۆ ژەمە نانێک مەحتەلە و ڕۆژانە بە بێ بوونی ئیمکانات و ئەمنیەتی گیانی و ماڵی هێزی شان و بازوی خۆی هەرزان فڕۆش دەکا. منالانی دەسەڵات بەدەستان لە ژێر ناوی شەریکە و کارخانە خەریکی دەلاڵی و فرۆشتنی سەرمایەی خەڵک بە سەرمایەدارانی دەرەوەن. جیاوازی چینایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بونەو دوکەڵی هەموو سەرەرۆیی و مڵهوڕیەکانی کۆماری ئیسلامی و سەپاندنی گەمارۆکان دەچێتە چاوی خەڵکی هەژار و چینی کرێکارەوە. ڕژیم هەمو کات لە قەیرانەکان بە کەڵکی خۆی قازانج وەردەگرێ و هەنوکەش کۆڕۆنا بۆتە کارتێکی تر بۆ مانەوەی دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی و خزاندنی خەڵک بۆ کونجی ماڵەوە. لەو بارودۆخە نالەبارە پرسێک کە زۆر زەق و بەرچاوە هاتنە خوارێی ئەرزشی تمەنی ئێران و چوونە سەری دۆلار و گرانی لە ڕادەبەدەری کەل و پەلی ژیانە. کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە نەخۆشی کۆڕۆنا و گەمارۆکانی بە هۆکاری زیادبوونی نرخی دۆلار و هاتنە خوارەوەی ئەرزشی تمەن لە قەڵەم دا و جارێکی تر زۆر فریوکارانە لە بەرپرسیارەتی ماڵوێرانی و قەیرانەکان خۆی بوارد. لەناو ئەو گشتە قەیران و هەژاری و ماڵوێرانیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێرانی خوڵقاندووە دەسەلاتدارانی رژیم دەست لە جینایەت و کوشتن و سێدارە هەڵناگرن و هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام وەلام دەدەنەوە. لە بەرامبەر سەرەرۆیی و نابەرپرسیارێتی رژیمیش خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لەهەر دەرفەتێک بۆ دەربڕینی دەنگی مافخوازانەیان کەڵک وەردەگرن و سەرەرای سەرکوت و کوشتن و بڕین و زیندان و ئەشکەنجە ڕۆژ بە ڕۆژ یەکگرتووتر دێنە مەیدانی خەباتەوە و ناڕەزایەتی وەڕێ دەخەن. ماوەی جەند سالێکە بزوتنەوەی کرێکاری توانیوێتی هەڵگری ویست و داخوازیە ڕەواکانی خەڵک بە تایبەت چینی کرێکار لە ئێران بێ و ڕێبەریی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنیەکان وەئەستۆ بگرێ. بزوتنەوەی کرێکاری زۆر بە باشی خۆی لەگەڵ روداوەکانی ڕۆژ ئابدێت و بەڕۆژ دەکاتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بە پێداگری زیاترەوە و بە ڕێکخستنی باشەوە دێتە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان بە جۆڕیک کە دەتوانین بلێن ئەم بزوتنەوە نە تەنیا دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بە گشتی و چینی کرێکارە، بەڵکوو ڕێبەریی بزوتنەوەکانی بە دەستەوە گرتووە. بزوتنەوەیەک کە هەڵگری پەیامی ئازادی و نا بە دیکتاتۆریە و دەنگی هەر تاکێکی نارازیە و هەموو چین و توێژەکان لەگەڵی هاوڕان و پشتی دەگرن. بزوتنەوەیەک کە سەرەڕای بونی زەخت و گوشاری لە ڕادەبەدەر و گرتن و دەست بە سەرکردنی ڕیبەرانی لە لایەن دەسەلاتدارانەوە نەترسانە پێداگری زیاتری لەسەر داوا رەواکانی دەکاتەوە و هەنووکە نیزیک بە دوو مانگە ڕۆژ بە ڕۆژ بە مانگرتن و ڕێکخرابوونی باشترەوە دەنگی هەڵدەبڕێ وبۆتە تریبوونی چینی کرێکار و پایەکانی دەسەڵاتی لەرزۆک کردووە. لەو بارودۆخە دا دەبێ بزوتنەوەی چەپ و ئازادیخواز بە یەکگرتوویی باشتر پشتگیری مانگرتنەکانی کرێکارانی نیشێکەری حەوت تەپە بکات و ڕٶڵی ئەرێنی لە یەکگرتویی و رێکخراوبوونی بزوتنەوەکە بۆ ڕوبەرووبوونەوە لەگەڵ دەسەلاتی خۆسەپێن دا بگێڕێ. خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێرانیش دەبێ بەو راستیە بگەن کە ڕیشەی هەموو چارەڕەشی و بی مافیان لە جیاوازی چینایەتی دایەو سۆسیالیزم تاکە ڕێگای ڕزگاریان لەو بارودۆخەیە. سۆسیالیزم ئاسۆیەکی ڕوونە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان و گەیشتن بە ژیانێکی مرۆڤی و دەبێ یەکگرتوو بۆ ئەو ئامانجە تێبکۆشن و هاوتەریب بن لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان و ئەوانیش بێنە ڕیزی ناڕەزایەتیەکان و هەڵگری ویست و داخوازی ڕەوای خەڵک تا نەمانی یەکجارەکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.