هەنگاوە کردارە پێویستەکەی خەڵکی ناڕازی

0
کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر..
هەنگاوە کردارە پێویستەکەی خەڵکی ناڕازی
نووسینی: عبدالرحمن رسول
بەشی شەشەم
 
سەرکەوتنی هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لەمێژوودا بەندبووە بەجۆری ڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی کۆمەڵگەوە، بۆ دژایەتیکردن وتێکۆشانیان بۆڕووخانی سیستەمی چەوسێنەرو کۆنەخوازبووە. زۆرجار سیستەمی کۆنەخواز ڕووخاوە لەدەسەڵات نەماوە، بەڵام نەتواندراوە بەشی چەوسێنەر بڕووخێنێت یاساو سیستەمە چەوسێنەرەکە بگۆڕدرێت، هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لەدوایی نەمانی سیستەمی کۆنەپارێز کەپارێزەری لە سیستەم و یاساکانی کۆنەخوازی وچەوسانەوە کردووە، پاش زەمەنێکی لەدەسەڵاتی تازەی کۆمەڵگە خەڵک بەگشتی ڕاپێچی چەوسانەوەو نایەکسانی و هەژاری و بێکاری کراونەتەوە. ئەگەرچی سەرکەوتنی ڕاپەرین و شۆڕشەکانیش بە پشتیوانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژار بووە، زۆرترین قوربانی گیانی و مادددی هەر خەڵکە هەژارەکە داوێتی، بەڵام کە شۆڕش و ڕاپەڕین سەرکەوتوو بووە سیستەمی کۆنی چەوسێنەر و نابەرار و سەرکوتگەر گۆڕاوە هەژاران بەهەمان جۆری سیستەمی کۆنی چەوسێنەر، بەڵکو زۆر جار خراپتریش چەوساونەتەوە و هەژارتر کراون و ئازار و ئەشکەنجە دراون و بوونە قوربانی و سەرکوت کراون و خراونەتە زیندانەکان و لە سێدارە دراون و کوژراون و تیرۆرکراون تەنها لەبەرئەوەی داوای ماف و ئازادی خۆیان کردووە و تێکۆشانیان بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشترو ئازاد کردووە. هۆکار ئەوەبووە کە ئەوانەی شۆڕش و ڕاپەرینیان ئەنجامداوە تەنها دژی کۆنەخوازی ودواکەوتوانە بوون، نەک دژی یاساکان وسیستەمی چەوسانەوە نایەکسانی ونابەرابەری، نموونەی دیاریش ئەوەیە کە زۆرێک لەدەوڵەتان دەبیندرێت لەشێوازی ئیدارەدان وبەڕێوەبردندا زۆر مۆدێرن وسیکۆلارو شارستانین، بەڵام چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان زۆر بەگڕوتینە لەژێر سایەی ئەو دەوڵەتە سیکۆلارو شارستانی وپێشکەوتووەدا لەگەڵ هەبوونی سەرمایەدار و باڵەخانە و بینا وئەپارتمانی گران بەهاو میوانخانە وچێشتخانە وئۆتۆمبیل و کەرەستە وبەرهەمی تەکنۆلۆجیا گران بەها و پێشکەوتوو و شەقامی ڕازاوە، بەڵام خەڵکێکی زۆر لەسەر شەقامەکان و لەناو کەلاوە ڕووخاو وکۆن و لەناو گۆڕستانەکاندا دەخەون و پشوو دەدەن، یان بەهۆی هەژاری و بێکاری وبرسێتییەوە سەرگەردان ونەخۆشن بەبێ چارەسەری گیرۆدەی هەبوونی ئازاری زۆرن. هەروەها زۆرجاریش شۆڕش و ڕاپەرین لەژێر ناوی دژایەتی چەوسانەوەو هێنانەدی ئازادی ئەنجامدراوە، بەڵام لەبەرئەوەی دژایەتی کۆنەپارێزی وفکری کۆنەخوازی نەکراوە لەدوایی گۆڕانی دەسەڵات زۆر بەگوڕو بەهێزتر چەوسانەوەو سەرکوت و نابەرابەری و بێکاری و هەژاری دەستی پێکردۆتەوەو زۆر لەڕژێمی کۆن بەشیدەتر خەڵک گیرۆدەی چەوسانەوەیە. هۆکارەکەی تەنها ئەوەبووە خەڵک ڕوکەشانە ڕاپەرین وشۆڕشیان کردووە کە تەنها هەست و سۆزیان کاریگەری هەبووە، نەک بیرکردنەوە وعەقڵیان بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری باشتر. دەرئەنجامەکەشی دیارە، نموونەی بەرچاو ڕوون زۆرە کە زۆرجار لە دوایی ڕاپەرین و گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەری کۆن، لە سیستەمی تازەدا کە بەجۆری پەرلەمانی بووە و بە ناوی دیموکراسییەوە دەسەڵات و دەوڵەتداری و حکومەتدارییان کردووە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەروەک سیستەمی کۆن کەسانی تاوانبار و مرۆڤکوژ لەناو حکومەت و دەوڵەت و حیزبیان پۆست و پلەی پێ بەخشراوە و مووچەی زۆر باش و ڕێزلێنانی جۆراوجۆری لێگیراوە. بانموونەیەکی ڕوونتر باس بکەین…
لەئێڕان لەگەڵ هاتنەسەر کاری ئیسلامییەکان کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانیان بەرەو دواوە گەڕاندەوە، لەڕوویی دەست ڕاگەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کرێکار و هەژار و زەحمەتکێش. هەرچی داهاتی ژێر زەوی و سەر زەوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە بەرپرسانی مەلاکانی ئیسلامیی ئاخوندی بۆ خۆیان دزی و تەخشان پەخشانی پێ دەکەن، خانەوادەو بنەماڵەکانیان لەناو خۆشگوزەرانی و گەشت و خۆشی و سامان و پوڵ و پارەی زۆری بێ سنووردا دەگوزەرێن، کچان و کوڕانیان بە ئارەزوویی خۆیان لە وڵاتی پێشکەوتوویی جیهان و لەکام بەشی خوێندن ئارەزوودەکەن لە زانکۆکان بەشەکانی خوێندن تەواو دەکەن و دواتر دەچنەوە ئێران دەیان کەنە بەرپرس لە دەوڵەت و حکومەتی ئیسلامیدا. ئەگەر خەڵک ناڕەزایەتی نیشان بدات و ڕەخنەیان لێ بگرێت زیندانی دەکرێت پێیان دەگوترێت هەژاری ودەوڵەمەندی هەر هەبووە ودەوڵەمەندان خواپێداون و نەجیب زادەن، خودی خەڵک وشیارە و دەزانێت کە مەلاکانی ئیسلامی لەناودەسەڵاتدا بەپارەی دزی وگەندەڵی حکومەتی ئیسلامی دەوڵەمەند دەبن و دەبنە سەرمایەدارو بازرگان، قسەی دروستر ئەمەیە کە خەڵکی ئێران و کوردستان لەبەرامبەر دەسەڵات وسیستەمی کۆنەپارێزو چەوسێنەری ڕەزا شا ڕاپەرین وشۆڕشی کرد بۆئەمەبوو کە مەلاکان بەوجۆرە بلەوەڕن لەسەر داهاتی گشتی ئێران وکۆمەڵگەی ئێران وکوردستان بەرەو وێرانتر بەرن، بێگومان خەڵک هەرگیز ئامانجی ئەمەنەبووە، بەڵام ئەوە بەدرێژایی چەندەها ساڵە ڕۆژانە باج بەخوێنی گەنجان ولاوانی کوڕوکچ دەدات ئەم باج دان وقوربانیدانەش هەربەردەوام دەبێت هەتاوەکو شۆڕش و ڕاپەرین لەدژی کۆنەخوازی وچەوسانەوە بەیەکەوە سەرکەوتوو دەبێت. لە عێراق دا چەندین جار دەوڵەت لەڕوویی دەسەڵاتدارێتییەوە گۆڕانی بەسەرداهاتووە ،لەجۆری مەلیکی بۆ کۆماری، بەڵام خەڵکی عێراق و کوردستان بەتایبەت ژیان وگوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەرەو هەژاری و برسێتی خراپتر چووە، بەردەوام خزمەتگوزاری گشتی وتەندروستی وپەروەردەیی لەپاشەکەشەی بەردەوام دابووە، لەعێراق وێڕای هەبوونی سەرچاوەی زۆری ئابووری وبەرهەمی نەوتی زۆر، بەڵام خەڵکی عێراق لەبەر هەژاری وبێکاری و برسێتی یان ئاوارەی وڵاتانە، یان بەهۆی شەڕەکانەوە گیان لەدەستدەدات یاخود بەهۆی تیرۆر وتەقینەوەکان دەبێتە قوربانی نەئەمنیەت و هەیە نەتوانای دابینکردنی ژیانیان هەیە ئەمەش بەهۆی هەبوونی سیستەم ودەسەڵاتێکی کۆنەپارێزو چەوسێنەرەوەیە کە سەرجەم ئاساکانی دینی وقەومی یە، ئەم مۆدیلە دەسەڵاتدارتییە لەکوردستان زۆر و خراپترو بەشیدەترە کە بەدرێژایی چەندین ساڵە وێڕای هەبوونی سەرچاوەی ئابووری وبەرهەمی نەوتی زۆرو هەبوونی زەوی زاری زۆری کشتوکاڵی، بەڵام بەردەوام سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازی وناسیۆنالیستی و خێڵایەتی وچەوسێنەر ژینگەی کوردستان وێرانتر دەکات و لەناودەبات مرۆڤەکانی ڕاپێچی چەوسانەوەو ئاوارەیی و هەژاری و بێکاری و لەناوبردن دەکاتەوە وسەرجەم کەرتەگشتییە خزمەتگوزارییە سوود بەخشەکانی سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی بەعسی فاشی لەکوردستان دای مەزراند بوو ئەم دەسەڵاتی کوردییە لەناویان دەبات وهەڵیان دەوەشێنیت لەجێگەیدا بەکەرتی تایبەت جێگیریان دەکات، ئەمەش بەهۆی جێبەجێکردنی سیاسەتی نیولیبڕالیزمەوە لەکوردستان کەدیسان بازرگان وسەرمایەدارەکانی حیزبەکانی پارتی ویەکێتی وحیزبەکانی ناودەسەڵات پێی سوودمەند بوون و سوودمەندی زیاتریش دەبن هەتا ئەم جۆرە سیاسەتە ئابووری جێبەجێبکرێت لەکوردستان. ڕەخنەی بەناوحیزبەکانی تریشی وەک نەوەی نوێ وئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆران هەر بۆئەوە بووە کەخۆیان زۆرتریان لەدەسەڵاتیان هەبێت، نەک گۆڕانکاری لەسیستەمی کۆنەخوازی وچەوسێنەردا بکەن. ئەبێت تێکۆشانی خەڵکی هەژار و چەوساوە و کرێکار ئەمە پێچەوانەوە بکاتەوە، هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی دەستیان ڕابگات بە بوارەکانی چارەسەری تەندروستی وپەروەردەیی وفێرکردن و ڕەفاهێت و خۆشگوزەرانی وئازادییەکان، ئەمەش سەرەتا بەخۆڕێکخراوکردنی خەڵکی ناڕازی دەبێت، کەدەست لەناودەست بەتێکۆشان وخەباتی ئازایانە ودڵسۆزانە سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەپارێزو چەوسێنەری خێڵایەتی لەکوردستان بڕوخێنن دواتر خەڵک خۆی لەڕێگای هەڵبژاردنی شوراکانی گەرەک وشوێنی کارکردن وشوێنی ژیانیانەوە شوراکانی خۆیان لەکەسانی ڕاستگۆو دڵسۆز وچالاک هەڵبژێرن و ئیدارەی حکومەتداری دابمەزرێنن دواتر خودی خەڵکیش چاودێربن بەسەر کاروچالاکییەکانی سەرجەم بەشەکانی ئیداری وکارگێری و ئابووری وسیاسی و دیبلۆماسی دەوڵەتداری دا لەبەشەکانی داهاتوو وردتر باسی ئیدارەدانی شورایی دەکەم. ئیتر بەسە پێویستە دەست بەرین بۆ هەنگاوە زۆر پێویست و گرینگەکە ئەویش هێنانە کایەوەی بزووتنەوەیەکی جەماوەری سەرتاسەری لەکوردستان کەئامانجی کرداری ڕووخان وگۆڕانی ئەوسیستەم دەسەڵاتە بۆگەن وچەوسێنەرو گەندەڵە بێت، ئەرکێکی مرۆڤایەتی پێویستە کەهەموو مرۆڤە ناڕازییەکان هاوکارو هاوپشتی بنوێن بۆ داخستنی سەری ئەو زێرابە کەناوی دەسەڵات وحکومەتی هەرێمی کوردستانە، دەبێت ئەو ڕژێمە بڕوات هەتا بمێنێت بۆگەنی زیاتر دەبێت و زیانی زیاتر دەبێت، لەجێگەی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتکەرە پێویستە دەسەڵات وحکومەتی خەڵکی کوردستان جێگیر بکرێت لەڕێگای هەڵبژاردنی شوراکانیانەوە حکومەتی شورایی لەکوردستان دابمەزرێنن. شۆڕشی هەموو گەلان هەژاران هەڵی ئەگیرسێنن، لەسەر جادەکان لەدایک ئەبن و هەروا لەوێش ئەمرن، ناترسن چونکە هیچیان نییە لەدەستی بدەن، گەورەترین کێشەیان خەمی نانە و ئازادی یە. کەواتە تاکە ڕێگا هاتنە کایەوەی نەخشە ڕێگایەکی یەکگرتووانەی خەبات و تێکۆشانی هاوبەشی خەڵکی چەوساوە و بەشمەینەتە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان و چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵاتی و یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان. نەخشە ڕێگاک کە کەمترین قوربانی بدات، بەڵام زۆرترین دەسکەوتی ماددی و مەعنەوی بەدەست بهێنێت. هەنگاو بەهەنگاو بەرەو پێشەوە نوێ بوونەوە بچێ و بە ڕەخنەگرتن لە خۆیی بە جۆرێکی سەردەم کە لە بەرژەوەندی و ئامانجە مرۆڤایەتییەکان ئارایشتبداتەوە. ئەو نەخشە ڕێگایەش هەر لەهەناو و ناخی چینی ستەمدیدە وهەژار و کرێکار و کۆڵبەر و دەستفرۆشان لە دایک دەبێ و هەرخۆشیان دەتوانن ڕابەر و سەرکردەی ئێستای تێکۆشان و داهاتوویی خۆیان بن لە بنیادنانی سیستەمێکی شورایی و ئازاد و بەرابەر و دوور لە هەرچەشنە چەوسانەوەیەک.
ئەگەر خەڵک بییەوێ سیستەمی کۆنەپارێزو چەوسێنەر وسەرکوتگەر بگۆڕێ زۆر سەخت و دژوارە لە ماوەیەکی کەمدا ناگۆڕێ، چونکە کێشە تەنها لە ڕوویی سیاسی و دەسەڵاتداریەوە نییە، پێویستە لەڕوویی فەرهەنگی و سیاسی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیش هاوتابێت بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی. ئەم نەخشە ڕێگایە زۆر جیاوازە لە کاری حیزبی، بەڵکو پێچەوانەیە بە هەیکەل وبواری ئیداری و کارگێڕی حیزب و سیستەمی خێڵایەتی.
ئەویش ئەوەیە لەڕێگایی بزووتنەوەی شورایی خەڵکەوە دەبێ کە بوارەکانی سیاسی و سەربازی و پەروەردە و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بگرێتەوە. ئەوەی بەو نەخشە ڕێگایە ڕازی دەبێت ناکرێت و ناگونجێت هیچ سوودبەخش بێت لە ڕوویی ماددییەوە. ناشکرێ بڵێ دەبێ خۆم ئەو دەسەڵات و سیستەمە ببینم، دەبێ تێکۆشانی بۆ چەندین ساڵی داهاتووبێت بەبێ پەلەکردن، بەڵام هەنگاوەکان بۆ پێشەوە بنێت.
دروست شۆڕشێکە، بەڵام پێچەوانەیە بە کاری سیاسی هەڵسوڕانی حیزبی و دامەزراوەیی پەرلەمانی و بە سیستەمی خێڵایەتی و حیزبایەتی. واتە خەڵک خۆی ڕابەر و سەروەربێت، خۆیی یاسا و سیستەم دابمەزرێنێت، بەشێوازو جۆری شورایی. ئەمەش تێکۆشانی فەرهەنگی و پەروەردەیی و سیاسی دەبێ لەگەڵ بێت. نابێت پەلە لەهەنگاوەکانی داهاتوویی بکرێت، ئەبێت هەنگاوەکان زۆر هێواش و لەسەرخۆبن، بۆ لابردنی لەمپەر و ڕێگریەکان، ناکرێ کات و ژمارەی ساڵ دیاری بکرێ بۆ سەرکەوتنی تا سیستەمی چەوسێنەر نەهێڵێت.
بەڵام بەچوونە پێشی هەر هەنگاوێک ڕەگ و ڕیشە لە کۆمەڵگە دادەکوتێ و ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، بەرەوسەرکەوتن ملدەنێ .
خەڵکی هەژارو برسی و کرێکارو بێکارو دەستفرۆش و کارمەندان ئەمانە کەزۆرینەی کۆمەڵگەی کوردستان پێکدەهێنن لەژێر باری قورسی ئەم ڕژێمەدا هەر ڕۆژە بەدەست بێکاری وهەژاری وبرسێتی وگیروگرفتی تەندروستی بێ گوزەرانیەوە ئەناڵێنن و دەزگاکانی سەرکوتی مهوری سیخوڕی و میلیشیایی “دەسەڵاتی چەوسێنەری ناسیونالیستی کوردی” ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیان سەرکوت ئەکات، بەدوای ڕێگەی دەرچوونیکی چالاکانەو ڕادیکاڵەوەن لە کارەسات و کۆت و بەندەکانی ئەم ڕژێمە ڕزگاریان بێت. ئەم جەماوەرە فراوانە بەوشیاری سیاسی و ئەزمونی خۆیان بۆیان دەرکەوتوە کە ئەم ڕژێمە پێویستە بڕوات ونەمێنێت وبڕووخێت، چونکە بەهیچ جۆرێک چاکسازی ناکات و ناتوانێت چاکسازی بکات لەبەرئەوەی لەسەرەوە هەتا خوارەوە بۆگەنی کردووە وگەنیوە. ئەبێت لەڕەگەوە هەڵتەکێندرێت لەبناغەوە بگۆڕدرێت بەسیستەم ودەسەڵاتێکی باشتر، ئەویش بە سیستەم ودەسەڵاتی شورایییە.
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.