بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد

0
بەشێکی تر لە قەسیدەی
ئاهێکی سەرد
 
 
كە گەڕایتەوە
شتێك دەنوسینەوە
بارانێك لەسەرقەراغی پەنجەرەكەمان
دادەگیرسێنین
باوەشێكی سپی سادە دەخەینە
گۆزەیەكی شینەوە
 
شەوێك بەدیار خۆمانەوە دادەنیشین
تنۆك بە تنۆكی ئەم دوریە
بە سینەمانا شۆڕ دەكەینە وەو
پێكەوە پیاسەیەك دەكەین
كە گەشتینە بەر دەرگای ماڵی مۆنامۆ
سەرێك دادەنەوێنین
ماچێكی
پیرۆزەیی و
زەردەخەنەیەكی
هەناری لای سەریەوە دادەنێن
 
كە گەڕایتەوە
شتێك دەڵێین بەسەرهاتی خەمێك
دەنوسینەوە
گوێیەك بۆ چیرۆكی
ئەم دیار نەمانە هەڵدەخەین
ئەوانەی درۆیان لەگەڵ كردین
گوڵێكیان دەدەینێ
لە جیاتی نامەیەكی گلەیی
فێری بەرائەت و
تێكەڵ بونێكی بێ خیانەتیان دەكەین
چۆن ڕاوچی پێستی گورگێكی پیر دادەماڵێت
ئاوا درۆیان لێ جیادەكەینەوە
 
كە گەڕایتەوە
شتێك دەڵێین چیرۆكی یەكەم بەیانی
بێ تۆیی خۆمت بۆدەگێڕمەوە
پەردەی ژورە بێنازەكەمت بۆ لادەدەم
بەسەرهاتی توڕەبونی
باران و چەترێكی ڕوتت بۆدەنوسمەوە
 
كەگەڕایتەوە
پێكەوە خەمی كۆپێك قاوەی سادە
دەخۆینەوە
چیرۆكی كڵۆیەك شەكری تاڵت بۆ دەنوسمەوە
توڕەبونی
ئەو كەوچكەت بۆ باس دەكەم
كە لەسەر مێزەكەم كەوتە خوارە وە و
پەنجەیەكی شكا
 
كە گەڕایتەوە
شتێكت پێدەڵێم
بیرێك لەفڕین دەكەینەوە
لەم زەمەنە ڤایرۆساوییە جیادەبینە وە
دنیای مەعدەن و
مادە بەجێ دەهێڵین
بەگەڕەكی درۆدا ناڕۆین
كەگەڕایتەوە
بەسەرهاتی ئاهێكی سەردت
بۆ دەنوسمەوە
خیانەت و درۆ و مەعدەن و
دوو ڕویت بۆ دەخەمە ڕستەوە
مساوی دەبێت بە ئاوێنەی
ماڵی پیاوێكی فاڵچی
حەکیم میرزا
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.