قەیرانی سیاسی کوردستان و ئایندەی ناوچەکە
قەیرانی سیاسی کوردستان و ئایندەی ناوچەکە
غریب چاوەش
وەک ئاشکرایە، کۆرۆنا ڤایرەس وەک پەتایەکی کوشندە بەربۆتە ڕەزی تەمەنی مرۆڤەکان و لەناوی دەبات. تەواوی وڵاتانی دنیا توشی شکستی مادی و ئابوری و دارایی و تەندروستی بونەوە. هەرێمی کوردستانیش وەک باقی وڵاتانی ناوچەکە بێبەش نەبوو لەم پەتایە، لەکاتێکدا ڤایرەسی کۆرۆنا لەوڵاتانی ئەوروپا کێرڤی بەرەو خوار دەچێ، بەڵام ئەمێستا لەهەرێمی کوردستان ڤایرەسی کۆرونا زیاتر بەربڵاوتر خۆی وێنادەکات، لەکاتێکدا دەبوو سەرانی حوکمەتی هەرێم لەئێستادا، بەتەنگ هاوڵاتیەکانی خۆیانەوە بچونایە، بەڵام سەرانی ئەم حوکمەتە نەک گیانی هاوڵاتیانیان لاگرنگ نییە، بەڵکو لەپای سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی، پارەکانیان زیاتر سیخناخ دەکەن لەبانکەکانی جیهاندا، هاوڵاتیەکانیشی برسی، بەچەشنێک زەمینەیان بۆ قات و قڕی خۆشکردووە، کەچەندین خێزان لە سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان خۆیان دەکوژن، خێزان هەبووە سەرەک خێزانەکە بەنزینی بەخۆی و مناڵەکانی کردوە لەتاو بێ بژێوی، هەر لەمانگی شەشی دووهەزارو بیست دا کەسێکی تر لەبەرچاوی خەڵکی لەباغی گشتی سلێمانی خۆی سووتاند، لەبەرئەوە خەڵکی ڕووبەڕووی دوو مەرگ بۆتەوە مەرگی کۆرۆنا و مەرگی برسێتی، کە بەپێی پێوەری ئابوری جیهانی برسێتی و نەبوونی سەرچاوەی بژێوی تاک و خێزان دەبێتە مەترسیترین هەڕەشە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان وەک ئەوەی ئێستا لەهەرێمی کوردستان هاوڵاتیەکانی ڕووبەڕووی بونەتەوە .ئەمەو هۆکارەکانی تری نەبوونی ئازادی بیروڕا، ئازادی مەدەنی و نەبوونی کەشێکی تەندروست و نەبوونی ئاسایشی خۆراک وای کردوە خەڵکی نەچێتە ژێرباری کەرەنتینە. لەم دۆخەدا، حوکمەت دەبوو لەسەرەک وەزیرانیەوە دەستی لەکار بکێشایەتەوە، نەک درێژە بە دەسەڵاتی قۆرغکردن و ڕاووڕووت بدات، کە بەهەموو چەشنێک متمانەی لەلای خەڵکی ستەمدیدە و زەحمەتکێش نەماوە .
ئەم حوکمەتە، بەهەموو پێوەرێکی سیاسی و ئابوری، لەکەڵک کەوتووە، قەیرانی ئابوری لەم هەرێمە دا بوونی نییە، کەبەناوی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت ئەمساڵ تەنها موچەیەکیان دابەشکردووە. خۆی لەڕاستیدا پارەو داهاتی ئەم هەرێمە بۆ پارتی و یەکێتی دەڕوات خۆیان هەرچی تەسروفاتێک بێ بەویست و ئارەزووی خۆیان بەکاری دەهێنن، ئەم حوکمەتەوەک مانگا ئەدۆشن بەبێ ئەوەی حزبەکانی تر بتوانن کاردانەوەیەکی جدیان هەبێت، بەڵکو ئەمانیش شینی هەریسە کە دەکەن. ئەوەی جێگای ئومێدە خەڵکی کوردستان، هەر لە زەحمەتکێش و کرێکارو کاسبکارو توێژی ڕۆشنبیران خۆیان یەکبخەن، تاوەکو لەسەر بەرنامەو بنەمایەکی تەندروست ڕاپەرینی سەرتاسەری ئەنجام بدەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم دوو تاقم و بنەماڵە نەگریسە بهێنرێ، کەساڵەهای ساڵە بۆنەتە شێرپەنجە لەجەستەی کوردستاندا.
هاتنی مستەفا کازمی سەڕەک وەزیرانی تازەی عێراق و ئەجێندای کارکردنی، تائێستا دژی هەر گروپێکی چەکداری سەر بە ئێرانە و دەیەوێ تەواوی هێزەکان لەژێر کۆنترۆڵی حوکمەتی عێراقی و سەرۆکی هێزە چەکدارەکاندا بێت، بەم هەنگاوەش فوزی ئێران لەعێراقدا کەمدەکاتەوە بەجورێک کەچی تر ئێران نەتوانی ڕۆڵ و نەقشی هەبێت لەداڕشتنی سیاسەتی عێراقدا، دوورخستنەوەی ئێران بەمانای لاوازکردن و بێ پشت و پەناکردنی یەکێتی لە کوردستاندا پاشان حوکمەتی عێراقی دەتوانێت هەیمەنەی خۆی بەسەر کوردستانیشدا بکات لەڕێگای دەروازەی گومرگی نێودەوڵەتی و فرۆکەخانەکان… پاشان کازمی دەیەوێ لەئایندەیەکی نزیکدا هێزی پێشمەرگە بخاتە ناو وەزارەتی بەرگری عێراق، بەم هەنگاوەش حوکمەتی هەرێم، تابێت دەسەڵاتەکانی بەرەو لاوازی دەچێت. دەستێوەردانە سەربازیەکانی تورکیا بە قوڵایی پەنجا کێلۆمەتر بۆناو هەرێم بەناوی لێدانی بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، تادێت زەنگی دۆخێکی نەخوازراو لێدەدرێ لەناوچەکەی ئێمە کە هەرێمی کوردستانە. بۆیە زروفی زاتی و مەوزعی زۆر باش لەبارە، بۆ کۆتاییپێهێنان بە یەکێتی و پارتی و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی گەلی کەلەخەڵکی کوردستان و کەسانی دڵسۆزو ڕادیکاڵ و چەپ بڕوات بەڕێوە.